Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

ڤایکینگ …… ئازاد ئه‌حمه‌د

Be First!

 

وتی: ‘من له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دا چه‌ته‌یه‌کی ڤایکینگ بووم،
له‌ که‌وێڵێکی بازنه‌یی نێو جه‌نگه‌ڵه‌ چڕه‌کانی سکه‌نده‌ناڤیادا ئه‌ژیام’.
قۆڵ و بازووی، تا مه‌چه‌کی، به‌ تاتووی ئه‌ژدیهاو دووپشک و سیمبۆڵی سه‌مه‌ره‌ شین ئه‌ینواند..
سه‌گه‌که‌ی لمۆزی له‌ پانتۆڵه‌که‌م ئه‌ژه‌نی و، خۆی بۆ ناو لینگم به‌رز ئه‌کرده‌وه
ئه‌چوو   I AM LEGEND له‌ سه‌گه‌کانی فیلمی
دارێکی بۆ دوور هه‌ڵدا، سه‌گه‌که‌ی به‌دوای دا غاری دا..
تاکه‌ گواره‌ بچووکه‌که‌ی، له‌ دراوێکی کۆن ئه‌چوو، له‌ژێر گژوگیای خۆڵاوی ده‌رهێنرابێ
شوختی لاملی، جێ ڕمێکی دێرینه، له‌ هێرشێک دا، له‌ قوله‌ی قه‌ڵایه‌کی سکۆتله‌ندی یه‌وه‌
         به‌ وژه‌ووژ به‌ره‌و ڕووی هات..
وتی: ‘هه‌ر ئه‌م سه‌گه‌م هه‌بوو، نه‌مگۆڕیوه’..
زمانه‌ شه‌قه‌که‌ی مه‌ترێک درێژ کردو مارمێلکه‌یه‌کی قووت دا؛ که‌ له‌قه‌د دره‌ختێک دا ڕێ ی ئه‌کرد..
له‌ ئاسۆی ده‌ریادا که‌شتیگه‌لێکی چارۆکه‌دار ده‌رکه‌وتن،
دوربینێکی ده‌رهێناو، لاچاوی گرژ کرده‌وه‌
وتی: ‘من به‌بێ ته‌ورو کڵاوزرێ ی شاخدارو شمشێری کورت هه‌ڵناکه‌م
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست’..
سه‌گه‌که‌ی پێشی که‌وت، تووله‌ڕێ یه‌کی به‌ردڕێژی هه‌ورازو ته‌ماوی یان گرته‌ به‌رو
له‌به‌رچاو ون بوون..

 

لمۆز

من هه‌ندێ گریگۆر سامسام؛
له‌ڕێگه‌دا به‌ره‌و گۆڕ (ماڵه‌ نوێکه‌م)، شوێن چڕنووکی پێم له‌سه‌ر به‌فرا جێ ئه‌هێڵم
پێ یه‌کم به‌ کلکی تیمساحێکی نوستوودا به‌ستراوه‌
ده‌ماره‌کانی ده‌ستم؛ ڕه‌گی ده‌رپه‌ڕیوی دره‌ختێکی پێش مێژووه‌
له‌شی ته‌لبه‌ندکراوم؛ کیسه‌ڵی قوڕاویی پیا هه‌ڵئه‌گه‌ڕێ و به‌ پشتا ئه‌که‌ونه‌ ناو خه‌ره‌ندێکی بێ بنه‌وه‌
له‌سه‌ر گاشه‌به‌ردێک هه‌ڵئه‌کورمێم؛ ئه‌نه‌ڕێنێ و هه‌ڵم ئه‌داته‌ سه‌ر زه‌وی
هه‌ڵدێم؛ کۆبرایه‌ک به‌رامبه‌رم به‌رز ئه‌بێته‌وه‌
خۆم به‌ شه‌قامی ناو تابلۆیه‌ک دا ئه‌که‌م؛ ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری بریقه‌ی ئه‌ڵماسه‌
بۆنی داری سه‌رئاو که‌وتووی ڕۆخی رووبار ئه‌مباته‌ ناو قۆزاخه‌یه‌کی داخراو
له‌ناکاو؛ جیڕه‌ی ده‌رگا دێ
له‌ناکاو؛ قنکه جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساو فڕێ ئه‌درێته‌ به‌ر پێم
له‌ناکاو؛ ده‌ستێکی به‌هێز پشتی ملم ئه‌گرێ.

هه‌ندێکیش مسته‌ر هایدم؛
شه‌وان لمۆز ئه‌پێچمه‌ ده‌موچاوم و به‌ سۆزانی یه‌ به‌نگکێشه‌کان ئه‌لوورێنم،
باڵنده‌یه‌کی مردووی مێرووله‌ تێوه‌ردراو ئه‌خه‌مه توێ ی که‌ڵبه‌کانمه‌وه‌و
له‌ گۆڕه‌پانێکی فوتبۆڵ دا ئه‌ینێژم
لمۆز ئه‌ژه‌نمه‌ زامی بن باڵی سه‌رخۆشێک؛ له‌ناو چڵپاوی لاڕێ یه‌کی ته‌ریک دا
به‌ ناڕێکی ڕاکشاوه..
به‌یانی زوو، لمۆزم له‌ پشت ده‌رگا هه‌ڵئه‌واسم
 چه‌تره‌ ته‌ڕه‌که‌م ڕائه‌وه‌شێنم؛ سه‌گێک دائه‌چڵه‌کێ و به‌ نووزه‌نووز هه‌ڵدێ
له‌ لاپتۆپه‌که‌مه‌وه‌ نۆته‌ی مۆسیقا به‌دوای یه‌ک دا دێنه‌ ده‌رێ و
ژووره‌که‌م پڕ ئه‌که‌ن له خاچی چه‌ماوه‌
دایناسۆرێک سه‌ر به‌ ژووره‌که‌م دا ئه‌کات، تێ ی ئه‌خوڕم
کچێکی باڵدار له‌ په‌نجه‌ره‌که‌م ئه‌نیشێته‌وه.. لێ ی نزیک ئه‌بمه‌وه، ئه‌فڕێ
له‌ ده‌ره‌وه؛ مناڵان هۆڕن له‌ ئۆتۆمۆبیلێک هه‌ڵئه‌سێنن و هه‌ڵدێن
خۆپیشانده‌ران پێڵاوه‌کانیان به‌ ئاڵای نیشتمانی ئه‌سڕنه‌وه..

هه‌ندێکیش نه‌رسیسم؛ وێنه‌ی خۆم له‌ ئاودا به‌ لمۆزه‌وه‌ ئه‌بینم..‌‌ 

 

ئازاد ئه‌حمه‌د
مانچسته‌ر

Previous
Next

Leave a Reply