Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

ڤه‌له‌نتاینی شاری سلێمانی …. نوسینی: قادر عبدالصمد

Be First!
by February 9, 2011 گشتی

له‌ چه‌ند ڕۆژێکی داهاتوودا ئه‌ڤینداران له‌ جه‌ژنی خۆشه‌ویستیدا(ڤه‌له‌نتاین) له‌ جڤینێکی ئه‌رخه‌وانی عه‌شق و ئه‌ویندا به‌ دیداری یه‌کتر شاد ده‌بنه‌وه‌ و جوانترین گۆرانی شه‌یدایی ئه‌ڤینداری بۆ ژیان ده‌ڵێنه‌وه‌، ته‌نها ڕۆژێکی ساڵه‌ که‌ شه‌قامه‌کانی شار بۆنی ئه‌فسوونه‌ جوانه‌که‌‌ی عه‌شقی لێ دێت و ئاسمانی شینی ئه‌م شاره‌مان گوڵبارانی باڵای به‌رزی ئه‌و کچ و کوڕانه‌ ده‌کات و ڕاز و نیازی په‌نهانی دڵیان له‌ چرکه‌ ساتێکدا ده‌بێته‌ جوانترین په‌یامی ژیان، مه‌خابن ڤه‌له‌نتاینی ئه‌م ساڵی شاری سلێمانی که‌وته‌ ژێر ترس و سامی ئه‌و بار و دۆخه‌ سیاسیه‌ی که‌ ئێستا باڵی به‌سه‌ر شاری سلێمانی و هه‌رێمی کوردستاندا کێشاوه‌، به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان و هه‌ڵچوون و ناڕه‌زایه‌که‌ی حوکمه‌ت و حیزب و ‌هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانیان خرانه‌ حاڵه‌تی ئاماده‌ باشیه‌وه‌ له‌ نزیک شاردا دانران، ڕاگه‌یانده‌کانیشیان که‌وتنه‌ گیانی یه‌کتر و یه‌ک خۆی ده‌کات به‌ فریشته‌ و فریادره‌س به‌رامبه‌ره‌که‌شی  به‌ئه‌هریمه‌ن و تێکده‌ر و خیانه‌تکار که‌ هێنده‌ی تر بارودۆخه‌که‌ی‌ شڵه‌ژاند و کاریگه‌ری ترس و تۆقانی له‌سه‌ر ژیانی دانیشتووانی شار داناوه‌. زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ ئه‌م جاره‌ش سیاسه‌ت ئه‌م بۆنه‌ جوان و ناسکه‌ی به‌ عاشقانی شار ڕه‌وا نه‌بینی که‌ له‌ که‌رنه‌ڤالێکی ئه‌وینداری قه‌شه‌نگدا گوڵی سوور و کارتی خۆشه‌ویستی به‌شاردا بڵاو بکه‌نه‌وه‌، هاوڕێیان ئه‌ی کوڕه‌ گه‌نج و دڵته‌ره‌کانی شار، ئه‌ی کچه‌ شه‌یدا و نازداره‌کانی شاری عاشقان، ئه‌ی ئه‌ویندارانی دونیا جوان و ڕازاوه‌که‌ی مه‌مله‌که‌تی مه‌م و زین ئێوه‌ ده‌بێ له‌ ڕۆژی عاشقاندا جلوبه‌رگی ڕازاوه‌ بپۆشن په‌یامی خۆشه‌ویستی به‌ شاردا بڵاوبکه‌نه‌وه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئێوه‌ی عه‌شق سیاسیه‌ که‌له‌ڕه‌ق و کینه‌ له‌ دڵه‌کان فێری خۆشه‌ویستی ژیان بکه‌ن وانه‌یه‌کی ئه‌ڤینداریان پێ بووترێته‌وه‌ که‌ سه‌رجه‌م هزر و بیر و بۆچوونه‌کانیان بگۆڕێ هه‌موویان ته‌نیا بۆ ڕه‌‌هه‌ندی خۆشه‌ویستی بڕوانن ئه‌م سیاسیانه‌ی ئێمه‌ له‌م سه‌رچه‌په‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ری ڕاستی ته‌نها و ته‌نها زمانی خوێن و شه‌ڕ و سوک و زه‌لیل کردنی تاکی کورد ده‌زانن مێژووش باشترین گه‌واهیه‌ بۆ ڕابردوویان و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، ئه‌مێستاکه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ ئه‌ڤیندارانی وڵاته‌که‌م به‌نه‌ریت و ئاکاری خۆشه‌ویستی دژی سیاسیه‌کان بوه‌ستنه‌وه‌ پێیان بڵێن که‌ ته‌نها خۆشه‌ویستی ژیانمان له‌ ئێوه‌ ده‌وێت فه‌رموون بۆ ته‌نها ڕۆژێک له‌سه‌ر کورسیه‌کانتان وه‌رنه‌ خواره‌ تێکه‌ڵی که‌ڕنه‌ڤاڵی ڤه‌له‌نتاین بن بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌یه‌کی گه‌لێک قه‌شنگ و ناسکی دنیای ئه‌وین فێربن به‌ زمانی دڵداران و گوڵه‌ سووره‌که‌ی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری قسه‌بکه‌ن و ئاسمانی شارمان بۆبکه‌نه‌ دنیا ڕه‌نگاڵه‌یه‌که‌ی خۆشه‌ویستی تا بزانن زمانی خۆشه‌ویستی چه‌نده‌ شیرین و ناسکه‌ و ئاسمانه‌ ڕێگایه‌ک دوورتره‌ له‌و زمانه‌ سیاسیه‌ دڕکاویه‌ تیژه‌ی که‌ ئێوه‌ پێ ده‌دوێن.
میلله‌تانی دنیا هه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ ئاماده‌کاری بۆ ده‌که‌ن له‌ میدیاکانه‌وه‌ ملیوه‌نه‌ها په‌یامی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌م ڕۆژ و شه‌وه‌ی عاشقانه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌نێرن گه‌نجه‌کانیان سه‌رگه‌رم و سه‌رمه‌ستی خه‌یاڵه‌ ئه‌فسووناویه‌که‌ی ئه‌ڤینن لای ئێمه‌ش له‌ هه‌فته‌یه‌کی پێش ڤه‌له‌نتاین بۆ ئاپۆره‌ و که‌رنه‌ڤاڵی ئه‌ڤینداران میدیاکان چ جۆره‌ په‌یامی ئاگرین و وێرانکاریمان پێ ده‌ڵێن، ئای له‌م دنیا سه‌یره‌ی لای ئێمه‌و له‌م ژیانه‌ی هه‌مانه‌ ناحه‌قمان نیه‌ که‌ به‌زه‌ییمان به‌ خۆماندا بێته‌وه‌ نه‌زانین تامی ژیان چۆنه‌ و چێژی خۆسه‌ویستی چیه‌! وڵاتی ئێمه‌ بێبه‌ریه‌ له‌ بۆن و ئه‌فسوونی ئه‌ڤینداری بۆیه‌ هه‌موو ڕامان کردووه‌ و هه‌ر ڕاده‌که‌ین و به‌جێ ده‌هێڵین، ئه‌گه‌ر سیاستمه‌داره‌کانمان و ڕاگه‌یه‌نکاره‌کانیان که‌مێک ته‌نازوول بکه‌ن بچن له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی عاشقان خۆیان ناونوس به‌که‌ن فێری (دارا دوو داری دی) ئه‌وینداری بن ئه‌و کاته‌ ده‌زان چۆن له‌گه‌ڵ یه‌کدا بدوێن و هه‌روه‌ها ده‌شزانن چۆن و به‌ چ چاوێک سه‌یری په‌ڕه‌ گوڵی ناسکی دڵی میلله‌تی کورد بکه‌ن ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ش له‌ ناخی دڵی شه‌یدامانه‌وه‌ هه‌موومان به‌یه‌ک ڕیز ده‌وستین له‌م سه‌ری کوردستانه‌وه‌ تا ئه‌و سه‌ری پڕ به‌ده‌نگمان سرووده‌که‌ی بێکه‌سی نه‌مر ده‌ڵینه‌وه‌(خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه‌).

Previous
Next

Leave a Reply