Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

کورتیلە چیرۆک … نوسینی ئەنتۆن چیخۆف

Be First!
by May 21, 2012 چیرۆک

 


 كامیلیۆن

(ئۆچیومیلۆڤ)  کە سەرپەرشتیاری پۆلیسە بە نێوەندی بازاڕەکەدا ڕەتدبێت ، پاڵتۆیەکی نوێی لەبەردایە و پۆستەیەکی پێچراوەش لەبن هەنگڵیدا دەبینرێت. لەپشتتیشیەوە  پۆلیسێکی مووسوور کە سوزگییەک ئاڵوباڵووی  دەستبەسەردا گیراوی  بەدەستەوەیە هەنگاوە خێراکانی دەهاوێژێت . بێدەنگییەک باڵی بەسەر دەفەرەکەدا کێشاوە . دوکانە بەربەرەڵا و باڕە کراوەکان بە نائومێدیەوە چاوەڕوانی میهرەبانی خودا دەکەن ، وەک جۆن دەوری بێ نەوایان چۆڵ و هٶڵە ئاوەها  لە نزیک دوکان و باڕەکانیشەوە  تەنانەت سوڵکەرێکیش نابینرێت .
” کەواتە تۆ قەپآڵ دەگریت ، هەی دڕندەی ناشرین؟”  (ئۆچیومیلۆڤ) گوێی لە دەنگێک دەبێت کە دەڵێت ” کوڕگەل ، ڕێگای مەدەن بڕوات چونکە ئێستا قەپاڵ گرتن قەدەغەیە! بیگرە ، ئاه ، ئاه.”
دەنگی سەگێک دێت دەقوروسکێتەوە ، (ئۆچیۆمیلۆڤ) بە ئاڕاستەی دەنگەکەدا دەڕوانێت و دەبینێت سەگێک لەسەر سێ پایان بۆ پێشەوە باز دەدات  دەڕوانێت کەسەگەکە  لە خانی دارفرۆشی ( پیتچوگنەوە) ڕادەکاتە دەرەوە. پێاوێک کە کراسێکی خامی ڕەقهەڵاتوو و ‌هێلەکێکی قۆپچەنەدراوی لەبەردایە ، بەدوای دەڵە توتکەکەدا ڕادەکات. خۆی بۆ پێشەوە هەڵدەدات و دەکەوێت و قاچی دواوەی دەڵە سەگ دەگرێت. جارێکی دیش دەنگی قورەسکەقوروسک بەرگوێیان دەکەوێتەوە و  هاوار هاواری بەرەڵای نەکەیت بەرزدەبێتەوە و دوکاندارە خەواڵووەکان   بۆ دەرەوە مل دەنێن.  وەک ئەوەی بڵێیت لە ژێر خاکەوە  هەڵقوڵیبێت، کوتوپڕ قەرەباڵغییەک لای خانی دار و تەختەکەوە  گەڵاڵە دەبێت .
“گەورەم دەڵێی پشێویەک ڕویداوە” پۆلیسەکە دەڵێت .
(ئۆچیومیلۆڤ) نیوە پێچێک بەلای چەپدا دەسوڕێتەوە و بۆ لای قەرەباڵغیەکە مل دەنێت .
 ئەو پیاوەی پێشتر بە هێلەکە دوگمەنەدراوەکەوە بینرا ، وا  لەنزیک دەروازەی خانی دارو تەختەکەوە وەستاوە . دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بڵندکردۆتەوە و پەنجەی خوێن لێبەربووی خۆی نمایش دەکات.  بەڕوونی ئەوە لە سەر ڕووخساری  نیوە خوماری دەخوێندرێتەوە : ” دەبێت پێتی پیشان بدەم ، ئەی نامەرد”  لەڕاستیدا ئەو پەنجە هەڵبڕدراوە نمایشی ئاڵای سەرکەوتنی دەکرد . ئۆچیومیلۆڤ کابرای زێرنگەر (خریوکن) دەناسێتەوە . تاوانباریش کە ئەم هەرایەی ناوەتەوە سەگێکی سپی  لمۆز  درێژە  کە پەڵەیەکی زەرد بەسەر پشتیەتیەوەیەتی ، چنگەکانی پێشەوەی  لەبەردەم حەشاماتەکەدا درێژکردووە ، دانیشتووە و هەرهەموو گیانی دەلەرزێت . چاوە پڕ لە فرمێسکەکانی  فەراهەمی ترس و تۆقاویان بەدەستەوە دەدا.
(ئۆچیومیلۆڤ)   لە گەڵ بەرەوۆێشەوە چووندا  پاڵی بە حەشاماتەکەوە نا ،  دەستی کردە پرسیارکردن ”  ئەم هەرایە لەبارەی چییەوەیە؟ تۆ لێرە چیت دەوێت؟ لە پێناو چیدا پەنجەت ڕادەوەشێنیت؟ ئەو کێ بوو دەینەڕاند؟”
“گەورەم ، من بێرەدا ڕێم دەکرد ، کارم بەسەر کەسەوە نەبوو .” (خریوکن) دەستی کردە وەڵام دانەوە و بە نێو لەپی دەستی خۆیدا کەوتە کۆکین  .” من لەگەڵ میتری میتریتیچ دەربارەی کۆتەرە داری زۆپا  قسەم دەکرد ، کاتێک ئەم گیاندارە دڕندەیە بەبێ هیچ هۆیەک گازی لە پەنجەم گرت. بمبەخشە کە ناچارم بڵێم من کابرایەکی پیشەگەرم و ئیشیەکەی من کارێکی هونەرییە ، دەبێت قەرەبووی زەرەمەندبوون بکرێمەوە چونکە من ناتوانم تا هەفتەیەک ئەم پەنجەیەم بەکاربێنم . گەورەم ڕەنگە شتێکی وا  لە یاساشدا بوونی نەبێت کە یەکێک بۆی هەبێت لەپای  جانەوەرێکی دڕندەدا بە دوی مافی خۆی بکەوێت. ئاخر ئەگەر هەموو کەسێک دوچاری گازلێگرتن ببێتەوە ، ئیتر ژیان بەهایەکی ئەرتۆی نامێنێت تا بۆی بژیت.”
 (ئۆچیومیلۆڤ)  بە حەماسێکەوە کە گیانی دەستەڵاتدارێتی لێ دەتکا کەوتە دواندن گوتی “ئێی زۆرباشە” . ئەوجا لەگەڵ بەرزکردنەوەی برۆکانیدا و بەدەم کۆکینەوە بەردەوامی بە دواندنی خۆی دا ” زۆرباشە. ئەمە سەگی کێیە؟ من ڕێگا نادەم ئەم کارە هەروا تێ پەڕێت . دەبێت فێری ئەوەیان بکەم چۆن ڕێگای سەگەکانیان بدەن بەم ناوەدا لە فڕکانفڕکاندا بن . کاتی ئەوە هاتووە پاراستنی باری  ئارام و خامۆشی خەڵکانی  بەڕێز و شەرەفمەندی ئێرە لە ئەستۆ بگیرێت. ئەوەی  ملکەچی رێساکان نابێت  سزای کارە قێزەونەکەیوەردەگرێت، ئەوسا ئەو وانەیەی فێر دەکەم کە مانای چییە ئەگەر سەگەکان بەرەڵای ئەم شوێنانە بکات . بزانە چ وانەیەکی فێردەکەم.”  (یەلدرن)  سەرپەرشتیاری  پۆلیس (ئۆچیومیلۆڤ)  و ڕووی دەمی لە پۆلیسەکە کرد و هاواری کرد. ” بزانە ئەم سەگە هی کێیە و لە بارەیەوە  ڕاپۆرتێک بەرز بکەرەوە!  ئەم سەگەش بە بێ دواخستن دەبێت لەناوببرێت . گومانی تێدا نییە کە شێت بووە ، کوڕە دەپرسم ئەوە سەگی کێیە؟”
” پێم وا بێت هی ژەنەرال ژیگالۆڤە ” یەکێک لە نێو قەرەباڵغیەکەوە دەنگێکی لێوە هات.
” جەنەرال ژیگالۆڤ، هم… (یەلدرین) هاوکاریم بکە تا پاڵتۆکەم دابکەنم ، ئەم گەرما پڕوکێنەرە دەبێت نیشانەی باران بێت … دەزانیت شتێک هەیە ناتوانم سەری لێ دەربکەم ، داخۆ چۆن  قەپاڵی لێ گرتوویت؟” (ئۆچیومیلۆڤ)  ڕووی دەمی دەکاتە (خریوکن) دەڵێت ” بەدڵنیاییەوە ئەو ناتوانێت بگاتە پەنجەی تۆ . ئەوە تەنها توتکەیەکە و تۆش کابرایەکی چوارشانە و هەڵکەوتوویت . دەبێت پەنجەی خۆتت بە بزمارێێک ڕوشاندبێت ، پاشان ئەو بیرۆکەی قەرەبووکردنەویەت بە مێشکدا هاتووە. هەموو توخماتی تۆ دەزانین، دەزانم تۆ چەندە شەیتان ڕەفتاریت.”
” گەورەم ئەم بۆ گاڵتەبازی جگەرەیەکی بە ڕووی تووتکەکەدا ڕاگرت ، توتکەکەش قەپاڵێکی لێ گرت… ئەمە هاوڵاتییەکی ناقٶڵایە گەورەم.”
” سکوینتێیە ، ئەوە درۆیەکی رووتە . تۆ هیچت نەدیوە  ئیتر بۆچی  درۆی دەربارە  دەکەیت؟ ئەو کەسێکی  شکۆمەندە و پیاوماقوڵێکی زیرەکە و دەتوانێت ئەوە بزانێت کێ درۆ دەهۆنێتەوە و کێش ڕاستی دەڵێت . یەزدان ئاگادارە…… وە ئەگەر من هیچ درۆیەکم کردووە با دادگا بڕیار وەربگرێت… هەروەک چۆن لەیاسادا نوسراوە ، ئێستا هەموان یەکسانین…. با ئەوەشتان پێ بڵێم کە براکەم سەر بە جەندرمەیە.”
” نەخێر ئەو سەگە هی ژەنەراڵ نییە.” پۆلیسەکە بە باوەڕێکی بەتینەوە گووتی ” ژەنەراڵ دانەیەکی وەهای نییە ، ئەوی ئەو سەگێکە لە جۆری سێتەر.”
” تۆ ئەوە وەک ڕاستییەک دەزانێت؟”
“بەڵی گەورەم.”
” منیش هەرەها  دەزانم ، سەگەکانی ژەنەراڵ بەهادارن . لە ڕەگەزی زۆر چاکەوە  وەبەرهاتوون . ئا ئەمە مەگەر بەس خودا بزانێت چیە ، بزانە نە شێوەیەکی ماقوڵ و  نە توکدارتێكی جوانیشە … ئەمە گیاندارێکی بێ نرخە . ڕاگرتنی سەگێکی وەها هیچ مانایەکی نییە . سەگێکی وا ئەگەر بکەوێتە شارێکی وەک پیتەرسبۆرگ یان مۆسکۆوە  دەزانیت چی ڕوو دەدات؟ ڕاستەوراست بێ ئەوەی هیچ دەربارەی یاسا دەربەست بێن لە چاوتروکاندنێکدا لە ناوی دەبەن. (خریوکن) تۆ بریندار بوویت ، ناتوانین ئەم ڕووداوە پشتگوێ بخەین . دەبێت وانەیەکیان فێر بکەین . ئێستا تەواو کاتی خۆیەتی.”
” لێ ڕەنگە هی ژەنەراڵ بێت” پۆلیسەکە بە دەنگێکی بڵند گوتی ” خۆ لەسەر دەموچاوی نەنوسراوە … ئەو ڕۆژە دانەیەکی وەهام لە حەوشەکەیدا  بینی.”
” بەدڵنیاییەوە ئەمە هی ژەنەراڵە.” دەنگێک لە نێو حەشاماتەکەوە بڵند بۆوە.
” همم.. (یەڵدرین) کوڕەکەم هاوکاریم بکە تا پاڵتۆکەم لەبەر بکەمەوە ، هەوا هەڵیکردووەتەوە و هەست بە سەرما دەکەم … بڕۆ بیبە بۆ لای ژەنەراڵ و لەوێ زانیاری بەدەستبهێنە. بڵی کە من دۆزیومەتەوە و بۆم ناردووەتەوە ، پێیان بڵی با بەرەڵای سەر شەقامی نەکەن ،،، ڕەنگە سەگێکی پڕ بە بەها بێت ، وە ئەگەر هەر نەفامێک هەستێت و جگەرە بکات بەدەمیەوە ڕەنگە بەدخوی بکەن . سەگ گیاندارێکی نەرم و نیانە . تۆش ئەی گەمژە دەستی خۆتت زیان پێ گەیاندووە ، چ واتایەکی نییە کەا بێ مێشکی خۆت لە ڕێگای ئەو پەنجەیەتەوە  دەردەخەیت . ئەوە هەڵەی خۆتە.”
” ئەوەتا ئەوە چێشتلێنەرەکەی ژەنەراڵە دێت . لێی بپرسە..( پرۆخۆر) سڵاوت لێ بێت ئەی مەردوومی ئازئزم ئا تا ئێرە وەرە . تەماشای ئەم سەگە بکە ، ئایا ئەمە یەکێکە لەوانەی ئێوە؟”
” ئەمە چ بیرۆکەیەکە ، ئێمە هەرگیز سەگی ئاوەهامان نەبووە.”
“پێویست ناکات کات بەفیڕۆ بدەین و بپرسین.”  ئۆچیومیلۆڤ  گووتی ” ئەمە سەگێکی وونبوو و بەرەڵایە . پێویست نکات کات بەفیڕۆ بدەین و دەربارەی بدوێین. مادام ئەو دەڵێیت ئەوە سەگێکی بەرەڵایە . ئەوا بەرەڵایەو بڕایەوە . پێویستە لەناو ببرێت و ئەوەش هەموو مەسەلەکەیە.”
” ئەوە سەگی ئێمە نییە.” پرۆهۆر بەردەوام دەبێت لە ئاخافتن. ” براکەی ژەنەراڵ کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا گەشتە ئێرە خاوەنیەتی . گەورەمان گرنگی بە سەگی ڕاو نادات ، لێ بەڵێ خۆشی دەوێن.”
” تۆ نەتگووت کە برای فەخامەتیان لێرەیە؟ ڤلادیمیر ئیڤانتیچ ” (ئۆچیومیلۆڤ)  لەگەڵ پرسیندا زەدەخەنەیەکی گەشاوە لە دەموچاویەوە تیشکی دایەوە.” ڕاستیەکەی هەرگیز نەمزانیوە کە ئەو هاتووەتە ئێرە . ئایا ئەو بە  سەردان هاتووە؟”
” بەڵێ.” ( پرۆهۆر) وەڵامی دایەوە. 
” بە ڕاستی هەرگیز…..ئەو ناتوانێت دوور بێت لە براکەیەوە . ئینجا منیش نەمزانیوە ! کەواتە ئەم سەگە هی  ئەوی شکۆدارە؟ زۆر خۆشحاڵم کە گوێم لەوە دەبێت. بیبە … تووتکەیەکی خراپ نییە.. گیاندارێکی چوست و چالاکە … قەپی لە پەنجەی ئەو هاونیشتیمانیە بە حەسرەتە گرتووە! ها ها..ها…. وەرە بۆچی وا دەلەرزیت؟ ڕڕڕ…. ڕڕڕڕ. دیارە  کە توڕەیە…. های تووتکەی جوانکەلە.”
(پرۆهۆر) بانگی تووتکەکە دەکات و لەگەڵیدا لە خانی دارفۆرشەکە دوور دەکەوێتەوە. خەڵکەکەش بە (خریوکین) پێ دەکەنن
” دەبێت فێری هۆشمەندیت بکەم  ”  (ئۆچیومیلۆڤ) چاوی لێ سوورکردەوە  و خۆی لە پاڵتۆیەکەیەوە پێچایەوە و لە مەیدانەکە دووە کەوتەوە.


وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە هاوڕێ مستەفا

سەرچاوە :
Anton Chikhov, Complete works by DELPHI CLASSICS.
تێبینی:
– ئەم چیرۆکە لە لایەن (کۆنستانس گارنێت ) ەوە کراوەتە ئینگلیزی .
– کامیلیۆن جۆرە حەربایەکە کە توانای گۆڕینی ڕەنگی خۆی هەیە ، هەروەها بە خەسڵەتێکی دوو ڕوویی ئەو کەسانەشە کە توانای گۆڕینی ڕاستەوخۆی بیروباوەڕەی خۆیان هەیە بەو پێیەی کە بەرژەوەندی خۆیان دەخوازێت. 

Previous
Next

Leave a Reply