Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

کوشتنى کتێبفرۆشەکان

Comments
by February 5, 2009 گشتی

کوشتنى کتێبفرۆشەکان
ئاسۆ جەبار

 "لەهەڵمەتێکى بە جەرگانەى هێزەکانى ناوخۆو بەئامادەبوونى سەرۆکى حکومەتو بەرپرسو سەرجەم پیاوە بەرزەکانى حیزبو نزیکەى 101 ئەندام پەرلەمانى خەوتوو 42 وەزیرى بێئیش، رۆژى پێنج شەممە توانرا بە هێزێکى زۆرەوە کە پێکهاتبوو لە 100 دەبابەو زریپۆشو چوار فەیلەقى ئامادەباشو بەهاوپشتى هێزى تۆبخانەى شۆڕش سەرجەم کتێبفرۆشو رۆژنامەفرۆشەکان دەستگیرکران کە ژمارەیان پێکهاتبوو لە 23 کتێبفرۆش لەبەردەم بەردەرکى سەرادا خۆشبەختانە گولەباران کرانو بێئیش کران، سەرجەم کتێبو رۆژنامەکانیش فڕێدرانە حاویەکانەوە."
لەڕاستىدا ئەمە یەکەمجار نییە هێزەکانى ناوخۆو عەسابەکانى شارەوانى کتێبو تەماتەى رزیو لێکجیا ناکەنەوە، دیوانى مەحوىو کاڵەکى تەپیو لەیەکتر جیاناکانە هەر کامێکیان بەردەست بکەوێت هەڵیدەدەنەوە حاوییەو تەنەکەخۆڵەوە، ساڵى پار کۆمەڵێک رامبۆى شارەوانى هەستان بەدەرکردنى کتێبفرۆشەکانو شەقهەڵدان لەکتێبو لێدانو تێهەڵدانى کتێبفرۆشێکى هەژارو بە ئەدەب ویستیان بەشقو زلە بیکوژن تەنها لەبەرئەوەى دەیەوێت کتێب بفرۆشیت، تەنها دەیویست لەگەڵ هاوڕێکانیدا وەک ئینسان ئیش بکەنو ئەو کتێبو رۆژنامەو گۆڤارە سەربەخۆیانە بفرۆشن کە هەزاران خوێنەریان هەیە، بەداخەوە ئێمە ئەوکاتە دەرهەق بەم کارە ناشارستانىو جاهیلانەیە سەرلەبەرى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤو رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانى (یونامى) لەعێراق ئاگادار کردەوە بەڵام کەس نەیتوانى ئەو عەسابانە راپێچى دادگا بکات. 
حکومەتێک نەتوانێت لەماوەى 18 ساڵدا چەند کۆشکێکى بچوک دروستبکات بۆ کتێبفرۆشانو رۆژنامەفرۆشان، دەبێت چ حکومەتێک بێت، لەکاتێکدا بە ملوێنەها دۆلار سەرفکرا بۆ شەڕى ناوخۆو پیاوکوشتن، لەکاتێکدا ملوێنەها دۆلارى ئەم وڵاتە لەڕێى گەندەڵىو راوڕوتى حیزبىو بەرپرسسەکانە دیار نامێنێت هیچ بەرپرسێکى پایەبەز هیچ وەزێرێکى بە جەرگ هیچ پارێزگارو قایمقامێکى ئازا نەیانتوانى بڵێن ئیتر بەسەو لەداواکارى گشتى شکات بکەنو ئەو تەجاوزو پێشێلکاریانە ریسوا بکەن. بەڵام بەرامبەر رۆژنامەنوسانو کتێبفرۆشانو دەستگێرو رۆژنامەفرۆشەکان دەبن بە هێزى موداهەمەو پیاوى یاساو مولازم موحسین.
دەمێکە حکومەتو بەرپرسو حیزبەکانى دەسەڵاتو جوێنفرۆشەکانى حیزب پێانوایە خەڵک تەجاوزى کردووە، بۆ نمونە دەمێکە سەرقاڵى دۆزینەوەى یاسایەکى رۆژنامەگەرى بوون بۆ دەمکوتکردنو بێدەنگکردنو سەرکوتکردنى رەخنەگرانو رۆژنامەنوسان، ئەمەش لەو ستراتیژە خەتەرناکەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیانوایە هەموو رەخنەیەک لەگەندەڵى تەجاوزەو دەبێت کۆتوبەنبکرێتو هەموو کەشفکردنێکى بابەتیانەى راوڕوتى بەرپرسو ناعەدالەتییەکانو پێشێلکارییەکان کۆمەڵێک تەجاوزنو دەبێت سنورێکى یاساى بەعسی بۆ دابنرێت. هاوکات دەمێکە بەرپرسو سەرۆکو جێنتڵمانەکان نیگەرانن بەرامبەر ئەو چەند کتێبفرۆش رۆژنامەفرۆشانەى کە داهاتى خۆیانو ماڵومنداڵیان لەسەر فرۆشتنى ئەو کتێبو رۆژنامە جیدیانەیە کە رۆژانە بە سەرماو بە گەرما لەژێر بارانو بەفردا دانیشتون بەدیار بڕێک قازانجى کەمەوە کە بەشى کرێ خانوو و ژیانى رۆژانەیان ناکات. بەداخێکى زۆرەوە بەرپرسو پیاوەکانى حکومەت پێیانوایە ئەو کتێبفرۆش رۆژنامەفرۆشانە تەجاوزیان کردووە لەشوێنێکى گشتیدا شت ئەفرۆشن، ئەى خۆ ناچنە سەحراوە. بەڵام ئەو بەرپرسو جێنتڵمانانە ئەو هەموو راوڕوتو گەندەڵییە بە تەجاوز حساب ناکەن، ئەى بۆ بەرزکردنەوەى ئەو هەموو کۆشکو تەلارەى کە لەسەر حیسابى گیرفانى خەڵک دروستکراون بۆ تەجاوز نییە، ئەى دیارە چاویان کوێر بووە بەرامبەر ئەو هەموو خانوو تەلارانەى کە مەسئولو ئەندامە بەرزو نزمەکانى حیزب داگیریان کردوونو وەک هارونەرەشید بوون بەخاوەنى بێشومار عەرزەو تەلارو گردو ناوچەى گەشتیارىو کۆمپانیاو بەنزینخانەو قومارخانەو تیاترۆخانەو معاشى زۆروزەوەندە، دیارە جەنابى قایقمام ئەوانە تەجاوز نین.
سەرۆکى حکوت دڵى ناسک بۆتەوەو بەرگەى ئەو هەموو رەخنەیە ناگرێت، بەڵام من حساب بۆ دڵى تۆ ناکەم، دڵى تۆ پڕە لەگەندەڵى حەشاردراو پڕە لەتیجارەتى لابەلاو پارە پەیداکردن پڕە لەمعاشى زۆرو بێئاگایى لەکۆمەڵگە، جەنابى سەرۆک بەخۆتو حکومەتو حیزبەکەت نەتانتوانى 25 کۆشکى زۆر بچوک بۆ کتێبو رۆژنامە فرۆشتنو دروستبکەن لەشارێکدا کە بۆ پۆز پێى دەڵێن پایتەختى رۆشنبیرى، سلێمانى پایتەختى رۆشنبیرى نییە بە وەهم، سلێمانى بووە بە پایتەختى ناعەدالەتییە گەورەکان، بووە بە پایتەختى نیزاعى هیچى حیزبایەتى، بووە بە شانشینى گەندەڵىو پۆزو فیزى بەرپرسسەکان، بووە بەلادێیەکى بچوک.
جەنابى سەرۆک دەستەکەو کەشفە بەڕێز ئەو شەڕى ناوخۆییەى کە جاران شەهیدەکانتان بۆ زۆر دەکردن، ئێستا تەلارەکانى بۆ بەرز دەکەنەوە سەرمایەى بۆ کەڵەکە دەکەن، من پێموایە ئەورۆکە شەڕى ناوخۆ گۆڕاوەو بەجۆرێکى دیکە دەکرێت، ئێستا لەبرى شەڕى دەستەویەخەو پیاوکوشتن شەڕێکى دیکە لەئارادایە شەڕێکى ئابورى گەورە لەئارادایە، شەڕى کردنى شارێک بە دوبەیىو شارێکى دیکە بەلادێ، شەڕى داگیرکردنى سەرلەبەرى سەرچاوە ئابورییەکانو داگیرکردنى وەزارەتو دەزگا رۆشنبیرىو فەرهەنگییەکان، شەڕى خۆکردن بە خاوەنى هەموو شتێک لەئارادایە. بەداخەوە ئێوەى مورتاح لەدیکتاتۆرەکان مەترسیدارترن، ئێستاکە هێزەکانتان یەکخستووە بۆ سەرکوتکردنى ئازادى رادەربڕینو رۆژنامەو دەنگە سەربەخۆکانو تیرۆرکردنى فەرهەنگو رۆشنبیریى سەربەخۆ.
هەندێک کەس هەر لەسەرۆکى حکومەتەوە تا بینەقاقاى مەسئولەکان تا قۆڕقوڕاگەى هەندێک نوسەرحیزبو رۆشنحیزبو رۆژنامەحیزب پێیانوایە دەبێت رەخنە بە زمانى گوڵ بێتو بنیاتنەرو ئامۆژگارى بێت، لەراستىدا ئەوەى ئێوە دەیخوازن رەخنە نییە، بەڵکە موجامەلەو پیاهەڵدانو ختوکەى حیزبییەو هیچى تر، لەراستىدا دەبێت رەخنە هەڵتەکێنەرو هەڵوەشێنەرى ئەو بونیادە کۆنکرێتىو ژەنگگرتووە بێت کە بێئەندازە تواناى ئەوەى هەبێت خەو و کیفو سەفاى ئەو بەرپرسو سەرۆکانە هەراسان بکاتو بێئەندازە بیان شڵەژێنێت، رەخنە یان کارى رۆژنامەگەرى دەبێت بێئەندازە هێزێک بێت بۆ قڵپکردنەوەى گەندەڵىو راوڕوتو کەشفکردنى دزىو ناعەدالەتى.  
ئەوانەى بە دەڕاسەى حیزب بەختەوەرى دروێنە ئەکەن، ئەوانەى پێنوایە عاقڵترینو ژیرترین پیاوى دنیایانو هیچ پلانو پڕۆژەیەکى زیندویان نییە بۆ سازکردنى ناوەندێکى گفتوگۆو لێکحاڵیبوون، دەبێت دواجار لەوە تێبگەن کە کوشتنو خامۆشکردنى هەر گفتوگۆو دیالۆگێکى شارستانى، دەرەنجام دەکاتەوە کوشتنى روانینو دنیابینییە جیاوازەکانو زیندوکردنەوەى ئەو بەشە تاریکو پەنهانەى ستەمکارىو دیکتاتۆریىو تاکپەرستىو رەهاگەرایى، پێکڕا هەموو ئەمانە دەبنە هەوڵگەلێکى ترادسیۆنى بۆ خاڵیکردنەوەى کۆمەڵگە لەهەر ئەکتیڤیتىو بزاوتێکى پراکتیکىو بەتاڵکردنەوەى کولتور لەهەر خەمێکى مەعریفىو شارستانى.        
ئازادى رادەربڕین پەیوەندییەکى قوڵو کاریگەرى هەیە بە کۆمەمڵێک تێزو چەمکى گرینگەوە، بۆنمونە بەبێ سەروەرى یاساو سەربەخۆیى دادگاو دەسەڵاتى دادوەرى گشتىو پەرلەمانێکى ئەکتیڤو گوێگر ئازادى رادەربڕین بوونى نابێت. وەکچۆن ئازادییە مرۆڤەکان پەیوەستە بە جۆرى بیرکردنەوەى تاکەکانو کۆمەڵگەو جەبەروتى ئەخلاقو داخرانو کرانەوەى فەرهەنگى، ئاوەهاش ئازادى بیروڕاو رادەربڕین بێئەندازە پەیوەندییەکى فەرهەنگىو شارستانىو هەمەڕنگى هەیە بە سەرلەبەرى کایەو پێکهاتە ژیارىو گشتىو تایبەتەکانەوە.
بەڵام لێرەدا پێویستە ئەو دەرگا داخراوانە بخەینە سەرپشت کە تائەوڕۆکە کۆمەڵگەو کولتورە داخراوەکان بەداخراوى هێشتویانەتەوەو جێى بایەخو گرینگىو قسەکردن نیین، زۆرێک لەو رەهەندە گرنگانە بوونەتە سەرزەمینى حەرامو قەدەغەکراوو گوناهبار. بەرلەهەرشتێک ئازادى رادەربڕین بێئەندازە پەیوەندییەکى هەمەلایەنى هەیە بە ئازادییە سروشتییەکانى تاکەکەسەوە، کە بریتین لەئازادى کارکردنو هەڵسوکەوتو بیرکردنەوەو روانینو دنیابینىو ئازادى ئاینو بیروڕوانینو کۆڕوکۆبونەوە، ئازادى سەفەرکردنو ئازادى فەرهەنگىو رۆشنبیرىو کۆمەڵایەتىو سیاسىو ئابورىو ئازادى چاپو بڵاوکردنەوەو نوسینو ئازادى قەڵەمەکان.
دەستگیرکردنو هەڕەشەکردنو لێدانى کتێبفرۆشەکان بیێجگە لەئەخلاقێکى بەعسیانە هیچى تر نییە، بێجگە لەعەنتەریاتێکى کوێرانە هیچى دیکە نییە، دەرکردنى کتێبفرۆشو رۆژنامە فرۆشەکان واتە دەرکردنى نوسەرو رۆژنامەنوسەکان، واتە ئیهانەکردنى هەموومان، ئەم فیعلە ناشرینە تەنها لەئێوە دەوەشێتەوە. 
  لەراستىدا هیچ جیاوازییەکى ئەوتۆ نییە لەنێوان گولەبارانکردنو بێئیشکردنى کۆمەڵێک گەنج، بەعسییەکان دەهاتن کۆمەڵێک گەنجیان دەگرتو لەشوێنێکى گشتىدا بەبەرچاوى خەڵکەوە گولەبارانیان دەکردن، ئێستاش عەسابەکانى حکومەتى هەرێم کۆمەڵێک گەنجى بێتاوان دەگرنو بە بەرچاوى خەڵکەوە بێئیشیان دەکەنو سەرجەم کتێبو رۆژنامەکانیان فڕێدەدەنە حاویەکانەوەو هەڕەشەى ئەوەیان لێدەکەن کە ئیتر نابێت کتێب بفرۆشن. 

Previous
Next

Leave a Reply