Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

کچان و کوڕانى ئێمە لە زانکۆکاندا چى دەکەن؟

Be First!
by October 6, 2008 گشتی

 کچان و کوڕانى ئێمە لە زانکۆکاندا چى دەکەن؟
  کۆشان عەلى *

 
  باس کردنى زانکۆ و ڕۆڵى لە چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان، بەو مانایەى پێشخستنى بزاڤە کۆمەڵایەتیەکان بەسەرجەم بوارەکانیەوە، یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان، بەتایبەت لەکۆمەڵگەى ئێمەداو لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، کە لەئێستادا زانکۆکانى لەئاستى خوازراو و پێویستدا نین. لەکوێوە دەست پێبکرێت بۆئەوەى چارەسەرى ڕیشەیى گرفتە زانکۆییەکان بکرێت، لەکوێدا دەتوانین دەست بخەینە سەر خاڵە لاوازەکانى زانکۆکانى ئێمە، دەبێت ئەرکى سەرەکى فێرخواز، مامۆستا، و لایەنە بەرپرسەکانى ئێستاى زانکۆکانى ئێمەبێت. ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەستەمە ئەوەى دەخوازرآ و ئەوەى چاوەڕآ دەکرێت لە زانکۆکانى ئێمە بێتەدى.هەربۆیەشە نوسەرى ئەم بابەتە تەنها مەبەستى ئاماژەدانە بەو خاڵە لاوازانەى کە لەزانکۆکانى ئێمەدا هەیە، وەکو ڕەخنەگرێک.
 یەک دوو جار لەلایەن پەیمانگاى نێودەوڵەتى و ئەکادیمىیەوە لێکۆڵینەوە کراوە دەربارەى ئاستى زانستى ئەو زانکۆیانەى کە لێرە هەن، خوێنەران لەوە دڵنیا دەکەمەوە، ئەوەندە ڕێژەیەکى کەمیان بەرکەوتووە، جێگەى ئەوەنیە لێرەدا هەر ئاماژەشیان پێبدرێت.
  
 
 چوونە زانکۆ و دابڕان لەئامادەیى
  بەرلەوەى ئاماژە بەچەند ئیشکالیەتێکى ناوەکى زانکۆکانى خۆمان بدەم، حەز ئەکەم لەسەرەتاوە پێشنیازێک بۆ چۆنیەتى وەرگرتنى قوتابیان و فێرخوازان لەزانکۆدا بکەم.
  دەبێت بەرلەوەى خوێندنى بەکالۆرى پۆلى شەشەکان تەواو ببێت، دامودەزگاکانى حکومەت زانکۆکانى ئێمە ئاگادار بکەنەوە کە بۆ (چوار، پێنج، شەش) ساڵى ئایندە چەند فەرمانبەریان پێویستە؟! پێدەچێت ئەمە شتێکى خەیاڵى بێتەبەرچاو. بەڵام لەڕاستیدا ئەرکى دەسەڵاتى کوردى ئەوەیە لەئێستادا بەشێوەیەکى زۆر تۆکمەو پلان بۆداڕێژراو کاربکات. بەڵام لێرە زانکۆکان خۆیان داواى (ژمارەى دیاریکراو خوێندکاران) دەکەن بۆ ساڵى نوآ، بۆئەوەى لە زانکۆکەیاندا بخوێنن، ئەم شێوازە هەمیشە ئەوەى لێدەکەوێتەوە کە لەهەندآ جۆرى (پسپۆڕ)ى ڕێژەیەکى زۆرمان هەبێت و، لەهەندێکى تریش هیچمان دەست نەکەوێت! بۆنمونە: مامۆستاى زمانى ئینگلیزى، بەڕاددەیەکى زۆر کەم هەمانە، بەڵام چەندین پارێزەرمان هەیە! لێرەدا لایەنى دەسەڵات تاوانى نیە کە سەرجەم ئەوانەى لەزانکۆدا بڕوانامە وەردەگرن لە دامودەزگاکان وەرنەگیرێن، چونکە لەسەرەتاوە بە هەڵە ژمارەیەکى زۆر وەرگیراوە. خۆ ئەگەر لەپێشوودا ئەوە هەڵە بووبێت، ئەوا دەکرێت لەئێستادا بەو شێوازە چارەسەربکرێت کە لەوەوپێش ئاماژەى بۆکرا.
 لە وڵاتى ئێمەدا، بەداخەوە ئێستاشى لەگەڵدابێت (یەک پۆینت) لە (کۆلیژێک) بۆ یەکێکى تر ئەتگوازێتەوە، یاخود بۆ (پەیمانگایەک). بەڵام ئێستاشى لەگەڵدابێت من لەوە تێنەگەیشتووم بۆچى (95.4) دەچێتە (پزیشکى گشتى) و (95.3) دەچێتە (پزیشکى ددان)! خۆئەگەر ئەم وڵاتەى ئێمە هەموو شتەکانى ئا بەم شێوەیە بە (پۆینت)بێت، ئێستا حاڵمان بەوشێوەیە نەدەبوو!
 بۆیە لەڕاستیدا یەکەم گورزێک کە لەقوتابیان و فێرخوازان و سەرجەم سیستمى خوێندنى زانکۆیى ئێمە دەدرێت، وەرگرتنى فێرخوازانە لە زانکۆکاندا بەبآ هیچ ڕەچاوکردنێک، تەنها ڕەچاوکردنى (نمرە). ئەگەر گریمانى ئەوە بکرێت گوایە ئەو وانانەى لەشەشەمى ئامادەییدا دەخوێنرێت، ڕاستەوخۆ هەڵسەنگێنەرێکى تەواوە بۆئەوەى ئەو فێرخوازە پێى بچێتە یەکێک لە کۆلیژەکان، بەڕاستى ئەوە یەکێکە لەو نائاگاییانەى کە لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵاو پەروەردەدا هەیە.
 ئیشکالیەتێکى گەورەى خوێندن لە ئامادەییەوە بۆ زانکۆ لەوێوە دەست پێدەکات کە دابڕانێکى گەورە هەست پێدەکرێت، لەنێوان زانکۆو ئامادەییدا. ئەو کاتەى قوتابیەک بە کەرەسەیەکى عیلمى (زۆر کەمەوە) دەچێت بۆ زانکۆ، وەکو ئەوەیە لە دونیایەکەوە بچێتە دونیایەکىتر! ئەم گەشتە سەرسوڕهێنەرەى قوتابیانى ئێمە بەهۆى ئەوەوە نیە کە زانکۆکانى ئێمە بەڕاددەیەک لایەنى علیمیان بەرزبێت کە فێرخواز لەئاست (بآ توانایى خۆیدا) بآئومێدبێت، بەڵکو ئەو جیاوازیە قوڵەى نێوان خوێندنى زانکۆو ئامادەییە، کە لە چەند پەیوەستێکى زۆر کەمدا نەبێت یەکترى ناگرنەوە. لەو کاتەدا فێرخواز ماوەى ساڵێک یا زیاترى پێویستە بۆئەوەى لەو واقیعەى پێشووى بێتەدەرەوە، بۆئەوەى قبوڵى بکات کە ئەوەى لەڕابردوودا خوێندوویەتى تەنها وەکو پەیژەیەک وابووە بۆئەوەى بگاتە (ئێرە)، نەوەکو هۆکارو پاڵپشتێکى سەرەکى.
 بێگومان لەو دێڕەى پێشوومدا دڵى هەندآ لە بەرپرسانى (پەروەردە) ئازار دەدەم، بەڵام لەچەندین لاوە دەتوانرێت ڕاستى ئەو بابەتە بسەلمێنرێت. بۆنمونە/ کام فێرخوازى ئامادەییمان هەیە بتوانێت لە دواهەمین تاقیکردنەوەى بەکالۆریدا، داڕشتنێکى عەرەبى بە پاڵپشتى خۆى بنووسێت، چونکە بەڕێزیان ماوەى (9)ساڵ دەبێت (زمانى عەرەبى) دەخوێنن! تەنانەت ئەگەر کەسێک هەبێت ئەو توانایەى هەبێت (بێگومان) بەکەسێکى دەگمەن سەیر دەکرێت، هەر ئەو دەگمەن سەیرکردنە لەلایەن مامۆستایانەوە بەڵگەى ئەوەیە ئەم فێرکردنەى لەوئاستەدا نیە دواى (9)ساڵ فێرخوازێک فێرى نوسینى (90) ووشەى زمانێکى بێگانە بکات! ئێستاش لەبیرمە، لەپۆلى چوارى ئامادەییدابووم، لەتاقیکردنەوەى نیوەى ساڵى زمانى عەرەبیدا، داڕشتنێکم بۆ مامۆستا نوسى، دواى ئەوەى نمرەکانى بۆ هێناینەوە مامۆستاکە نمرەیەکى بەرزى پێدام، تەنانەت بۆخۆى سەرسام بوو بەوەى فێرخوازێکى فێربووە داڕشتن بنووسآ!!
 
 لەنێوان مامۆستا و فێرخوازاندا
  مامۆستا، لەهەر ئاستێکدابێت، دەبێت ئەوە بزانێت، ئەرکى ئەو زۆر جیاوازە لە هەر فەرمانبەرێکىترى ئاسایى. مامۆستاى زانکۆ، دەبێت ڕۆڵێکى کارا ببینێت لەو سنوورەى کە پێى سپێرراوە، دەتوانێت ئەو پڕۆسەیە چالاک بکات، وە بێگومان دەتوانێت پەکى بخات. چونکە هەریەک لە پڕۆگرامى خوێندن و فێرخوازانیش لەژێر دەستى ئەودان. وا پێویست دەکات، مامۆستاى زانکۆ وەکو کارەکتەرێکى سەربەخۆ مامەڵە بکات و خاوەن داهێنان و بیرى نوآ بێت. نەوەک تەنها ئەرکى وتنەوەى مەنهەجێک بێت و بەس، بەڵکو گڕوتین بداتە پڕۆسەکەو بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.
  فێرخوازو پڕۆگرامى خوێندن، بەبۆچوونى من ڕۆڵى دووەم دەبینن. هەرچەند پڕۆگرام و شێوازەکەى گرنگە، بەڵام دەوەستێتەوە سەر مامۆستاکە، ئایا چەند ئامادەیى تێدایە لەئاستى پێویست و داخوازیدا بێت. بەڵام لەهەمان کاتدا، فێرخوازانى ئێمە دەبێت بەشێوەیەکىتر بێنە پێشەوەو چیتر وەکو تەنها کارەکتەرێکى تەقلینى ناو گۆڕەپان و کاریگەرى زانکۆ بەسەر کۆمەڵگاوە ڕۆڵى خۆیان نەبینن. چونکە ئەگەر مامۆستاى زانکۆ وەکو بەخشەرێک وابێت بۆ خوێندکارو قوتابیەکانى بەردەستى ئەوا فێرخوازان ئەتوانن ئەوەى زانکۆ ببەنە دەرەوە، وەکو چۆن لەئایندەشدا هەر ئەوە ڕوودەدات، بەڵام پێویست ئەکات لەکاتى خوێندنى زانکۆشدا هەر بەوشێوەیەبن.
 ئەرکى سەرەکى خوێندکارانى زانکۆیە، بەدەر لەهەر زۆر لێکردنێک لەلایەن (مامۆستا) و (سیستمى خوێندن)ەوە، خۆیان ئەو بەرپرسیاریەتیە بدەنە بەرخۆیان کە ئەوانن ئایندەى ئەم نەوەیەیان لەبەردەستدا دەبێت، دووبارە ڕۆحى بەرپرسیارى لەخۆیاندا نوآ بکەنەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، خۆیان خۆیان دروست بکەن، مەرج نیە هەمیشە هێزى دووەم ئەوان دروست بکات.
 
 پڕۆگرامى خوێندن و تەکنەلۆژیاى زانیارى
  زۆربەى کات، ئەوەى ئەمڕۆ دەخوێنرێت لەزانکۆکانى ئێمە، هەمان ئەو بابەتانەیە کە چەند ساڵ لەمەوپێش خوێنراوە. زانکۆ ئەگەر بڕیاربێت نەوەیەکى نوآ بەرهەم بهێنێت کە خاوەن تواناى تەکنۆکرات بێت، بێگومان هەرگیز ئەو ئامانجە ناهێنێتەدى مەگەر بەوەى بەشێوەیەکى بەردەوام دیراسەى ئەو پڕۆگرام و سیستمە نەکرێت کە ئەو زانکۆیەى لەسەر دامەزراوە.
  لەئێستادا، ئێمە لەسەردەمى تەکنەلۆژیاو ئینتەرنێتدا دەژین، واپێوست دەکات کە لایەنى پەروەردەو خوێندنیشمان کاریگەربێت بەو سەردەمە. خوێندنى زانکۆ بەر لەهەر قۆناغێکىتر ئەبێت وەڵامگۆى ئەو داخوازیانەى سەردەم بێت. ئەوەى جێگەى لەسەر وەستانە ئەو لێدوانە بەردەوامەى هەندآ لە بەرپرسانى خوێندنى باڵایە، کە هیواى ئەوە دەخوازن لەمەودا کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت لەناو زانکۆکاندا بەکاربێت و کافتریاى زیاتر بکرێتەوە بۆ مەبەستى سوود مەند بوونى قوتابیان لەو بوارە. لەڕاستیدا ئەم ئومێدە لەئاستێکى ئەوتۆدانیە کە هەر قسەیشى لەبارەوە لێ بکرێت، چونکە لەئێستادا هەر تاکێکى ئەم کۆمەڵگایە گەر مەبەستى بێت ئەتوانێت بەشێوازێک لەشێوازەکان ئینتەرنێت و ئەم بوارانەى ترى تەکنەلۆژیا بەکاربهێنێت. بەڵام ئەوەى دەبێت جێگەى ئومێدى بەرپرسانى خوێندنى باڵابێت سوود لێوەرگرتن بێت لەو بوارە. ئەویش بە بەکارهێنانى بۆ گواستنەوەى خێراى زانیاریە نوێکان بۆسەرجەم زانکۆکان. پێویست دەکات لێرەدا بەو بەرپرسانە بڵێم: بەڕێزان، دابین کردنى ئینتەرنێت بۆ (چات) و (ئیمەیل)، ناچێتە خانەى پێشخستنى بوارى خوێندنى زانکۆیى!
  لەڕاستیدا، بە دابین کردنى ئینتەرنێت و بەکارهێنانى کۆمپیوتەرێک لەلایەن کچ و کوڕێکى زانکۆوە ماناى بنبڕکردنى دواکەوتوویىیە مەعریفىیەکانى خوێندنى زانکۆیى ئێمە نیە. بۆئەوەى بمانەوێت دەربازمان بێت لەو ئاستە زانستىیە نزمە، دەبێت لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین: بۆچى کەیسێک بە (مەزەربۆرد و ڕام و هارد)ێکەوە دێە ناو زانکۆ؟! ئەو (ماوس)ە بۆچى دەستى لێدەدرێت؟! (مۆنیتەر)ەکە چى پیشان دەدات؟! تاچەند ئەو ئینتەرنێت و کۆمپیوتەرانە کاریگەریان لەسەر قوتابى و خوێندکارە زانکۆییەکانمان داناوە؟! چۆن؟!
  بەڕاستى من ئێستاش سەرم سوڕماوە، ئەگەر ئەو مامۆستایانەى زانکۆکانى ئێمە (گوایە) دواى دەرچوون لە توانستى زمانى ئینگلیزى و کۆمپیوتەر لەماستەرو دکتۆرا وەرگیراون و لەزانکۆدا بوونەتە مامۆستا، ئەرآ بۆ جارێک نەمان بینى بە خوێندکارەکان بڵێت: ئاگاتان لێرەبێت، ئەم ڕاپۆرتەم لە (واشنتۆن پۆست)ەوە بۆ وەرگرتوون!! ئەم لێکۆڵینەوەیەم لە هاوڕآیەکمەوە بە ئیمەیل بۆهاتووە کە بەڕێزیان لە (فەرەنسا) دادەنیشێت و ماوەیەکە بەهۆى (چات)ەوە بووینەتە هاوڕآ!! من بێگومانم ئەوە تائێستا نەبینراوە! گرفتى (زمان) و (تەکنەلۆژیا) لەزانکۆکانى ئێمە پێویستە قسەى زۆرى لەبارەوە بکرێت، چونکە دەکرێت یەکێک بێت لەو هۆکارە سەرەکیانەى کە دەتوانرێت خوێندنى ئێمە بەهۆیەوە پێشبخرێت. ئەمەش پلانى تۆکمەو بەهێزى گەرەکە.
 
 زانکۆ و توێژینەوە
  یەکێک لەو خەسڵەتە زۆر بەهێزانەى هەر زانکۆیەکى جیددى پآدەناسرێتەوە، ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستىیەو ئاستى ئەو توێژینەوانەیە. یەکێک لەو خەسڵەتە زۆر لاوازانەى زانکۆکانى ئێمەشى پآدەناسرێتەوە، ئەنجام نەدانى توێژینەوەى جیدىیە لەلایەن فێرخوازەکانیەوەو کۆپى کردنیەتى!
  واپێویست دەکات زانکۆ، بەسەرجەم پێکهێنەرەکانیەوە، دەست بخاتەسەر ئیشکالیەتە بەردەوامەکانى کۆمەڵگا. یەکێک لەو ڕێگایانەش کە ئەو ئامانجەى دەهێنێتەدى، ئەنجامدانى توێژینەوەیە. توێژینەوە لەدەرەوەى زانکۆدا زۆر گرنگترە لە توێژینەوەیەکى تیۆرى. لەئێستادا چەندین گرفت و نەهامەتى لەکۆمەڵگەى ئێمەدا دەبینرێت، ئەرکى یەکەمى قوتابیانى زانکۆیە قۆڵى لێهەڵماڵن و بەووردى بۆ سەرەتاى کێشەکان و چارەسەرەکانیان بچن. بۆنمونە: لەدەڤەرى ڕانیەو قەڵادزآ، دوو کۆلیژ هەیە، خوا نەیبرشێت چەندین خوێندکارى لێیە، بەڕاستى جێگەى ئەسەفە تائێستا تەنانەت بە بەیاننامەیەکیش، چەندین ئافرەت کوژراو خۆى کوشت ئەوان بێدەنگ بوون! ئەرکى یەکەمى ئەو دوو کۆلیژە قسەکردنە لەسەر ئەو کێشانەى لەو دەڤەرەدا هەیە.
  زانکۆ دەبێت لەکاتى توێژینەوەدا، وە لەسەرجەم کاتەکاندا، سەربەخۆیى خۆى لەبڕیار و بیرکردنەوەدا، بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا وەکو هێزێکى زۆر کاراى نێو کۆمەڵگا کاربکات. ئەو کەسەى خۆى وەکو قوتابی زانکۆ دەناسێنێت، زۆر جێگەى ئەسەفە ئەگەر بەڕێزیان هیچ ڕۆڵێکى کۆمەڵایەتى و چاکسازى نەبێت لەناو کۆمەڵگاکەیدا، هەروەکو هەر تاکێکى ترى ناو کۆمەڵگاکەى بێدەنگ بێت. بۆیە ئێمە ئەوەندەى گرفتى چۆنیەتیمان هەیە لەگەڵ خوێندکارو قوتابیانى زانکۆدا، ئەوەندە گرفتى چەندێتیمان نیە.
 
 زانکۆ وەکو پردى سیراتە
  دەقە ئاینىیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەموو بەشەریەت ئەبێت بەسەر پرى (سیرات)دا بڕوات و نەجاحەت بهێنێت ئەگینا ناتوانێت بچێتە بەهەشتەوە، خۆئەگەر لەسەر ئەو پردە بکەوێت جەهەننەم هەتاهەتایە نسیبى دەبێت مەگەر خوا ڕەحمێکى پآبکات. منیش چەند سەیرى ئەو زانکۆیانەى خۆمانم کردووە هەر ئەو ڕووداوەم بیر دەکەوێتەوە! بەڕاددەیەکى زۆر زانکۆ لاى ئێمە وەکو (پرد)ێک وابووە بۆ پەڕینەوە بەسەریدا، نەوەکو بۆ پێگەیشتن، بەڵکو بۆ گەیشتن بەهەندآ مەرامى ئابوورى و کۆمەڵایەتى.
  بەداخەوە ئێستاشى لەگەڵدابێت، زۆربەى ئەوەى دەچێتە زانکۆ، هەمیشە ئومێدى بەوەیە کە (خێرا) خوێندنەکەى تەواو بکات، بەڵکو (مەعاش)ێک دابین بکات، دواتریش، ماڵێک پێکەوە بنێت. ئەم ئاواتە شتێکى ئاسایىیە، بەڵام…..
  زانکۆ بەرلەوەى (پرد)ى (پەڕینەوە)بێت بۆ گەیشتن بەئاواتە کۆمەڵایەتى و ئابوورىیەکان، دەبێت شوێنى مەعریفەو تێگەیشتن بێت.
  خوێندکارو قوتابیانى ئێمە بەرلەوەى ئومێدیا ئەوەبێت لەیەکێک لە کۆلیژە بەرزەکاندا وەربگیرێن، دەبێت هەمیشە ئەوەیان لەیادبێت ئەرآ بەتەمان چى بۆ ئەم کۆمەڵگایەى خۆمان زیاد بکەن؟
  ئەگەر خوێندکارانى ئێمە خۆیان پێنەگەیەنن و تێنەگەن لەئەرکیان بەرامبەر ئەم کۆمەڵگایەى ئێمە، ئەرآ کەى بەهەشتێکى ڕەحمەتى دەبێتە چارەنووسى ئەم وڵاتە؟!
  دەبێت تەواو دڵنیابیت، ئەو دۆزەخە مەعریفى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەى کۆمەڵگەى ئێمە تێى کەوتووە، هۆکارەکەى نەزانینى چۆنیەتى پەڕینەوەیە بەسەر ئەو پردەدا. ئیستغلال کردنى ئەو پردو دەرفەتە کاتیەیە بۆ مەرامە کاتیەکان. بەکارهێنانى دواى سەرکەوتن لەپەڕینەوەیە بەسەر ئەو پردەدایە بۆ مەرامە شەخسى و تایبەتیەکان.
  لێرەوە ئێمە کۆمەڵگاو تاکێکمان دەوێت کە خەمى ئێستاو ئایندەى بێت. لەیەک کاتدا خەمى خۆى و وڵاتەکەى لەباوەش بگرێت، چونکە لەئێستادا مرۆڤى ئێمە زۆر خۆویستە.
 
  کچان و کوڕانى ئێمە لەزانکۆکاندا چى دەکەن؟
  ئەو ڕۆژە یەکێک لە هاوڕێکانم بۆى گێڕامەوە کە: چەند خوێندکارێک لە پۆلەکەماندا هەیە، هەمیشە لە دواى دواوە دادەنیشن و خەریکى چاک کردنەوەى مۆبایلن!
  یان هاوڕێیەکى ترم، ئەوەى بۆ گێڕامەوە: مامۆستایەکمان پاش ئەوەى لە موحازەرەکەى بووەوە ووتى: هیچ سوودتان وەرگرت؟ کەسێک وەڵامى نەبوو. ناچار خۆى ووتى: تەنها (…..) سوودى وەرگرت، چونکە خەوى لێکەوتبوو!
  یان هاوڕێیەکى ترم، پێى وتم:……….
  بەهەر حاڵ من چیرۆک و ڕۆمان نانووسمەوە بۆتان، بەڵام ئەوانەى ئاگادارى خوێندنى زانکۆکانى ئێمەن ئەزانن چەند گرفتارن! هۆکارەکەیشى دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار کە لەم وتارەدا زۆر بەکورتى و بەخێرایى ئاماژەم پێدا. وەکو چۆن لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، پێویست دەکات زۆر بەجیددى بەدەم ئەم کێشانەوە بچین.. چارەسەرکردنیشى لە قوتابیانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بەڕێز جەنابى وەیزى خوێندنى باڵا. هەریەکەو بەشێک لە بەرپرسیاریەتیەکە وەردەگرێت و پێویستە بەدەمیەوە بێت.
  ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە بۆ ئەم گرفتانە، ئەوا فێرخوازى ئێمە بەرلەوەى بەئومێدى خوێندنەوە سەربکات بە هۆڵ و حەرەمى زانکۆکەیدا، دەبآ هەمیشە چاوەڕوانى ئەوەبین کە چەندان ڕووداوى سەیرو سەمەرە ببیستین و ببینین. ئەوکاتەش کچان و کوڕانى ئێمە لەشوێنى ئەوەى بەمەبەستى زانست و مەعریفە ڕوو لەزانکۆکان بکەن، تەنها دەبێتە ژوانگەیەک بۆیان کە هەندآ لەکاتەکانى تێدا بەسەربەرن و دواتریش وەکو هەر کەسێکىترى ئەم وڵاتە لەیەکێک لە دامەزراوەکان ببێتە فەرمانبەرو تەنها ئیشى ئیمزایەک و مۆرێک و چەندین ڕۆتینیاتى لەم شێوەیەبێت!
  گرفتى زانکۆکانى ئێمە ئەوەیە، تا ئێستا کچ و کوڕەکانى نەبوونەتە داهێنەرێک، نووسەرو ئەدبێک، دروستکەرى (کاتژمێر)ێک، یا هیچ نەبێت (سەماعەیەک)ى کۆمپیوتەرێک! ئیتر لێرەوە زانکۆ جگە لە هۆکارێک بۆ بەهەدەردانى (کات) و (ئابوورى) ئەم وڵاتە هیچى تر نابێت!
 
 ئەو زانکۆیانەى جێگەى ئومێدن
  ڕاستە کۆمەڵگەى ئێمە لەسەرەتاى بوونیادنانەوەى خۆیدایە، بۆیە بوونى هەموو ئەم گرفتانەى سەرەوە، شتێکە بەو پاساوە (بڕێک) ئاسایىیە! بەڵام گوتنى (ئاسایىیە) ماناى دەست لێبەردانەوە نیە. لەگەڵ ئەوەشدا باس کردنى هەموو ئەو ئیشکالیەتانە مەرج نیە لەسەرجەم زانکۆکاندا وجودى هەبێت. بەخۆشحاڵیەوە دەبینین لەم چەند ساڵەى دواییدا چەند زانکۆیەکى جیاواز لەهەریەک لە (سلێمانى) و (هەولێر) کراوەتەوە. کە بەشێکیان هى کەرتى تایبەتین یاخود حکومى و شوێنە فەرمىیەکانى ترن (بۆنمونە دەوڵەتێکىتر).
  هەریەکە لە (زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى، و زانکۆى کوردستان-هەولێر، زانکۆى ئیشق….هتد) دەکرێت جێگەى ئومێدبن. چونکە هەریەکەیان سیستمێکى جیاوازیان هەیە لەوەى کە تائێستا لەکۆمەڵگەى ئێمەدا هەبووە. بەتایبەت زانکۆى (کودستان) کە ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنى وەزیرانەو خوێنکارانیش لەگەڵ ئەوەدا خوێندندیان بەشێوەیەکى زۆر پێشکەوتوو و بەزمانى ئینگلیزىیە بآبەرامبەر تێیدا دەخوێنن، کە ئەمە بۆخۆى دەستکەوتێکە بۆ پڕۆسەى خوێندنى زانکۆیى. لەولاشەوە (زانکۆى ئەمریکى) بەهەمان شێوەیە هۆکارێک دەبێت بۆ کرانەوەى خوێندنى ئێمە بەڕووى یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانى ئێستادا.
  ئێمە چەندین هەوڵى جیددى لەم شێوەیەمان پێویستە لەلایەن دەزگا حکومى و فەرمىیەکان و کەرتى تایبەتەوە بۆئەوەى خوێندنى زانکۆیى ئێمە لەو تەنگژە بەردەوامانەى ڕزگار بکەین.
 
 *www.koshan.ueuo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply