Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و پرۆسەی یەکخستنی زمانی کوردی

Be First!
by August 23, 2013 زمان

 

 

 

 

 

هەنگاوەکان بەرەو کۆنگرەی نەتەوەیی لە کوردستان بەرێوەیەو ژمارەیەکی بەرچاویش لەو حیزب و کەسایەتیانەی کاریگەریان لەسەر شانۆی سیاسی کوردی هەیە بەشدارن تیایدا. ئومێد دەکەم دواجار یەكێك لەو باباتەنەی لەو کۆنگرەیە قسەی لەسەر بکرێت بریتی بێت لە یەکخستنی زمانی کوردی. من لێرەدا دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم نووسینە کۆمەلێك زانیاری زانستی لەسەر پرۆسەی یەكخستنی زمانی کوردی بخەمە بەردەم بەشداربوانی کۆنگرە.

ئەوەی لێرەدا دەیخەمەڕوو درێژکراوی ئەم باسە زانستییە کە ساڵی پار لە زانکۆکانی کۆیە، سۆران، جیهان، زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی و کوردیش ئاکادیمی لە هەولێر پێشکەشم کرد. کورتەی قسەوباسەکە دەکرێ لەسەر مالپەری تایبەتی خۆم لەسەر سێرڤەری زانکۆی کارلتۆن بخوێنریتەوە . 

من ووتارەکەم بە سەر چوار تەوەری جیاواز دابەشکردووەو هەرتەوەرەیەکیشم تەنها بۆ چەند پەرەگرافێك کورتکردۆتەوە. تەوەرەکان بریتین لە : ١. یەکخستنی ووشەکانی پەرتووکی قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندن، ٢. بانکی ووشەی کوردی ، ٣. ڕاستکرنەوەی نووسینی (spelling) کوردی و زسۆرای (thesauri) کوردی، ٤. ڕێخستنی ڕێنمایەکانی نووسین. تێکرایی ئەم باسە هەنگاوێکە لە ڕاستایی دروستکردنی دامەزراوەی نەتەوەیی لە ڕێگەی گرینگیدان بە زمان بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمایانە. هەرەوەها، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، هەنگاوێکیشە بۆ پێگەیاندنی سەرماییەی مرۆیی  (human resources)لە کوردستان و یەکخستنی زمانی کوردی. 

١. یەکخستنی ووشەکانی پەرتووکی قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندن 

لە ماتماتیك کۆنسێپتێك هەیە پێ‌ی دەلێن “کۆلکەی هاوبەش” کە بەمانای ئەوە دێت ئەگەر کۆمەلیەك ژمارەت هەبێت ئەو ژمارە هاوبەشانە چین کە لە نێوان هەموو ژمارەکاندا هەن. بۆ نموونە، لە نێوان ( ٦، ١٢، ١٨، ٣٦) کۆلکە هاوبەشەکان بریتیە لە (٢، ٣، ٦). چونکی هەریەکە لە ( ٦، ١٢، ١٨، ٣٦) بەسەر ٢، ٣ و ٦ دابەش دەبن بە بێ ماوە. بە واتایەکی تر هەر یەك لە ژمارەکانی ( ٦، ١٢، ١٨، ٣٦) چەندجارەی کۆلکەکانن؛ ٦ یەکسانە بە ٢ *٣، ٣*٢ و ١*٦؛ ١٢ یەکسانە بە ٢*٦، ٣*٤، ٦*٢ ، هەرەها ١٨، ٣٦ یش چەندجارەی ٢، ٣ و ٦ نن. لەم نموونەی باسیشم کرد گەورەترین کۆلکەی هاوبەش ٦ و بچووکترین کۆلکەی هاوبەشیش ٢ (ژمارەی ١ کۆلکەی هاوبەشە لەگەڵ هەموو ژمارەکان بۆیە لە دیارکردنی کۆلکەکان ناوی ناهێنرێت). 

لە ئێستادا میسۆدی دیارکردنی بچووکترین کۆمەلی هاوبەشی ووشەکان لە زۆربەی ووڵاتە گەشەکردووەکان بەکاردێت بۆ کێشەیەکی لێکچوو لە کێشەی ئێمە. ئەوان بەکاری دێنن بۆ دیارکردنی بچووکترین کۆمەلی هاوبەشی نێوان ئەو ووشانەی بەکاردیت بۆ پێناسەکردنی ئەو سەرچاوانەی (فایل، ئیمج، زانیاری و دۆکیمەنت) دەخرینە سەر مالپەرەکان تاکو ئامێرەکانی گەڕان (search engines) بە سانایی بیاندۆزنەوە و زانیاریش ئالوگۆری پێبکرێت لە نێوان سەرچاوەی جیاوازەکان. چونکی ئەوروپا لە ژمارەیەکی زۆر نەتەوە ، کەلتوور و زمانی جۆراوجۆر پێکهاتووە، هەر بۆیە سیستەمە تەکنۆلۆجیەکانیان دەبێت ئەم جیاوازیانه لەبەر چاو بگرێت و چارەی بکات. ئەم کێشەیە ئێستا لە ناوەندە زانستەیەکان کاری لەسەر دەکەن و ناسراوە بە کێشەی interoperability (ئینتەر- ۆ- پەرە- بلتی) و یەکێك لە ناسراوترین پرۆژە لەم بارەیەوە پرۆژەی دبلەنە. 

بە پشت بەستن بەم تیۆری و پرۆژانەی ئیستا هەن، من پێشنیار دەکەم ئەو پەرتووکانەی بۆ فێرکردنی خوێندن و نووسین لە قۆناغە جیاکانی قوتانخانە بەکار دێن پێویستە لەسەر بنچینەی بچوکترین کۆلکەی هاوبەشی نێوان هەموو زاراوەکانی کوردی بنووسرێن. واتە ئێمە پێویستمان بە دیارکردنی چەند هەزار ووشەیەکی کوردی هەیە کە لە هەموو زارەوەکاندا هەبن و هامان ماناش بدەن. ئینجا تەنها ئەم ووشانە بەکاربهێنرین بۆ نووسینی ئەو پەرتووکانەی بەکاردەهێنرێن بۆ فیرکردنی نووسین و خوێندن لە قۆناغە سەرەتایەکانی خوێندن. 

 بۆ روونکردنەوەی ئەم بابەتە و باشتری لێێتگەیشتنی سەیری ئەم نموونەیە بکە: 

 گریمان هەموو ئەو ووشانەی زاراوەی سۆرانی پێكدێنن بریتی بێت لە (ا، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ) و ناوی بنێن کۆمەلەی س، واتە س = { ا، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ } ،

 بە هەمان شێوە گریمان هەموو ئەو ووشانەی زاراوەی کرمانجی پێکدێنن بریتی بیت لە (ا، ت، ج، ح، خ، هـ، د، و، ر) ناو بنێین کۆمەلەی ك، واتە ك = { ا، ، ج ، چ، ح، خ، هـ، ر، ل، م، ن }، هەروەها 

هەموو ئەو ووشانەی زاراوەکانی تری کوردی پێكدێنن بریتی بێت لە (ا، ، ج ، چ، ح، خ، هـ، ر، ل، م، ن) ناوی بنێیین کۆمەلی ز، واتە 

ز={ ا، ، ج ، چ، ح، خ، هـ، ر، ل، م، ن } . 

وەك دەبیین بچووکترین کۆلکەی هاوبەشی نیوان ئەم سێ زاراوەیە بریتییە لە (ا،ج، ح، خ ) با ناوی بنێن کۆمەلەی هـ ، واتە 

هـ ={ ا،ج، ح، خ } . لەم دایەگرامەی خوارەوە وێنەی ئەم سێ کۆمەلە ووشە کێشراوەو ، کۆمەلەی هـ  بریتیە لەو ناوچە هاوبەشەی نیوان زاراوەکان. 

 

komalaiK_806165747.jpg

ئەم گریمانانەی سەرەوە تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی کۆنسیپتەکان بەکارهاتووە. ئەگەر نا هەر یەك لەم کۆمەلانە لەوانەیە لە دەیان هەزار ووشە پێك بێت و زیاتر لە سێ کۆمەلە ووشەشمان هەبێت. ژمارەی زاراواکان و گەورەو بچووکایان ه هیچ کاریگەریەکی سەرەکی لەسەر چارەسەری پێشنیارکراو نابێت. 

بە هۆی چۆنیەتی دروستکردنی کۆمەلەی ‌هـ ، تایبەتمەندیەك ئەم کۆمەلەیە هەبێت بریتییە لەوەی هەموو ئەو ووشانەی سەر بەم کۆمەلەن لە نێوان هەموو زاراوەکان بەکاردێت و بە هەمان ماناش. ئەم تایبەتمەندیە زۆر گرنگە. لە ڕاستیدا گوێکوێرەی یەکخستنی زمانی کوردی دەکاتەوە.

دەرئەنجامی دۆزینەوە و دروستکردنی کۆمەلەی هـ  ئەوە دەبێت کە هەر پەرتووکێك بە بەکارهێنانی ووشەکانی کۆمەلەی هـ نووسرابێت قووتابیان لە هەولێر، ئامەد، قامشلۆ و مهاباد، دیاربەکر، واتە لە هەمووو پارچەکانی کوردستان، وەك یەك تێی دەگەن. چونکی کۆمەلەی هـ بریتییە لە بچووکترین بەشە کۆمەلەی نێوان هەموو زاراوەکان. 

ئەو بابەتە مانای بچووکردنەوی زمانی کوردیش ناگەێنێت بۆ ووشە هاوبەشەکانی نێوان زاراوەکان. لێرەدا قسەکردن لەسەر یەکخستنی ئەو پەرتووکانیە کە بۆ فیرکردنی نووسین و خوێندنی زمانی کوردی بەکاردەهێنرێن لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا وەك هەنگاوێك بەرەو یەکخستنی زمان و لێکتێگەیشتن. من لە بەشێکی تری ئەم لێکۆلینەوەش دێمە سەر باسی ووشە جیاوازەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان. 

من بە پێویستی دەزانم، یەکێك لە پێشنهادەکانی کۆنگرە لەمەر یەکخستنی زمانی کوردی ئەوە بێت کە کۆمیسیۆنێك پێك بێنێت بۆ بەدواچون و دیارکردنی بچووکترین کۆمەلەی هاوبەشی ووشەکان لە نیوان زاراوەکانی کوردی، دواتریش بەکارهێنانی ئەم ووشانە لە نووسینی پەرتووکەکانی قۆناغەکانی خوێندی سەرەتایی لە هەموو بەشەکانی کوردستان. لەمرۆدا ئەم کارە لە ڕیگەی کۆمپیتەر بە سانایی دەکرێت و چەندین خوێندن و دیسپلنی تایبەتیش هەن کە تایبەتن بە بەکارهێنانی کۆمپیەتەر و زمان لەوانە:  Computational Linguistic, Natural language processing, Ontology, etc. 

سەبارەت بە گۆرینیش لە نووسین بە ئەلفوبێ‌‌ی عەرەبی بۆ ئەلفوبێ‌ی لاتینی (تا ئەو کاتەی چارەسەرێکیش بۆ ئەم کێشەیە بەیەکجاری دەدۆزرێتەوە) ئەمە بە چرکەیەکی کۆمپیتەر دەکرێت. خۆشبەختانەش ڤیرژنی یەکەمی ئەو بەرنامەیەش ئێستا لەبەردەستدایە کە ئەم کارە بکات. 

٢. بانکی ووشەی کوردی (Kurdish word bank)

لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆلینەوەی قسەمان لە سەر ئەوە کرد کە پەرتووکەکانی فێربوونی خوێندن و نووسینی کوردی پێویستە بە کۆمەلە ووشەیەك بنووسرێت کە لە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردیدا هەبن و بەهەمان ماناش بەکاربێن. بۆ سەرخستنی ئەم کارەو کاری تریش کە دواتر دێێنە باسکردنی پێویستمان بە بانکی ووشەی کوردی هەیە. من لەم بەشەی ئەو لێکۆلینەوەیەدا باسی لە بانکی ووشەی کوردی و چۆنیەتی دروستبوونی و گرنگیەکەی دەکەم. 

بانکی ووشەی کوردی ( یان عەمباری ووشەی کوردی) شوێنێکە کە هەموو یان زۆرترین ووشەی بەکارهاتووی کوردی تیادا هەلدەگیرێت. جگە لە ووشەکانی زمانی کوردی، دەکرێ ناو هەروەها ووشەی بیانیش کە لە کوردیدا بەکار دەهێنرێت بەشێك لەم بانکی ووشەیە پێك بێنێت. یەکێکیش لە تایبتەمەندیەکانی ئەم بانکەش دایانامیکی بوونە. داینامێكی بوون بەو مانایەی کە بەبەردەوام لە گەشەکردن دایە پێ بە پێی گەشەکرندی زمانی کوردی. 

بۆ چۆنیەتی دروستکردنی ئەم بانکە پێویستە کۆمەلێك پەرتووك و نووسراو لە هەموو زاراوەکان و هەموو بوارەکان (ئایننی، ڕۆژنامەوانی، پەرتووکەکانی قۆناغە جیاکانی خوێندن، ڕۆمان، چیرۆك، هۆنراوە، پەرتوکی خواردن، وەرزش، مۆسیقا، چیرۆکی مناڵان … تاد ) وەك سەرچاوە دیاریبکرێن. ئینجا لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمپیتەر هەموو ئەو ووشانەی ئەم پەرتووکانەی پێنووسراوە دەربهێنرێن و دوای لابردنی ووشە دووبارەکان ووشەکان بەپێی ڕێزبەندی ئەلفوبێ کوردی ڕێز بکرێن. 

مەبەستی لە بانکی ووشەی کوردیی هەر ڕزگارکردنی ووشەی کوردی نییە لە فەوتان، دیارە ئەم کارەش دەکات، بەلکۆ بۆ گەلێك مەبەستی ترە. بۆ نموونە:

١. هەر ووشەیەكی ناو بانکەکە، دەکرێ لەلایەن زمانەوانان پێناسە بکرێ، ڕێنوسەکەی بڕیاری لێبدرێ ، فۆرمەکانی ( لێکدانی لەگەڵ پێشگرو پشگرەکانی) دەستنیشان بکرێ … تاد، بەجۆرێك ئەم بانکە ببیتە تاکە سەرچاوەی تێگەیشتن لە: ١. مانا، ٢. ڕێنوس و ٣. فۆرمەکانی هەر ووشەیەکی کوردی. 

٢. لەکاتی دروستکردنی بانکەی ووشەی کوردی ئێمە دەتوانین ئەو ووشانەش دیاری بکەین کە زۆر بەبڵاوی لە زمانی کوردی بەکاردێن. واتە، ئێمە دەتوانین، یەکەمی، دووەمی ، سەدەمی، هەزارەمی … تاد ووشەی کوردی لە بەکارهێنان دیاری بکەین.

زانینی ئەوەی کە هەر ووشەیەك چەندە بەبەربڵاوی بەکاردیت دەیان بەکارهێنانی هەیە.  بۆ نموونە لە کاتی نووسینی پەرتووك بۆ مناڵان، هەرزەکاران پێویستە ئەو ووشانە بەکاربێن کە زۆر بەبەربڵاوی بەکاردێن نەك ئەو ووشانەی لەبەشی خوارەوەی ڕێزبەندی ووشەکانن لە بەکارهێنان. 

من سەرەتای کارەکانی دروستکردنی بانکێکی ووشەی کوردیشم دەستپێکردووە. تاکو ئیستا، بە پشتبەستن بەو بڵاوکراوەنەی لەسەر ئەنتەرنێت بڵاودەکرێتەوە، دەیان هەزار ووشەی کوردیم لە یەکەم عەمباری ووشەی کوردی کۆکردۆتەوە. لەسەر داوای تایبەتی لێکۆلەرەوان و بەمەبستی درێژەدان بەم کارە من دەتوانم ئەم بانکەی ووشەی کوردی بخەمە خزمەتیان.

هەروەها، من ئەم کۆمپیتەر پرۆگرامەشم نووسیوە کە بە هۆیەوە دەتوانین ڕیزبەندی بەکارهاتنی ووشەکان لە نوسراوێکی کوردی (پەرتووك، ڕۆژنامە، ماڵپەر، تاد) کە بە تێکست نووسرابێ دیاری بکات. بۆ نموونە لەم گرافەی خوارە ڕیزبەندی ١٥ یەکەمین ووشەی کوردی کە لە پەرتووکی ئەلفوبێ‌ی کوردی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بەکارهاتووە نیشان دراوە. واتە، زۆرترین ووشە لەو پەرتووکە کە بۆ ساڵی خوێندنی ساڵی ٢٠١٣ بەکارهاتووە بریتیە لە ( وا ) کە ٤٨ جار بەکارهاتووە، دووەم بریتییە لە ( وەرە) کە ٣٧ جار بەکار هاتووە، سێیەم بریتییە لە ( بۆ) کە ٣٦ جار بەکارهاتووە، هتد. بۆ زیانیاری زیاتر لەسەر ئەم باباتە تکایە سەیری ئەم لێنکە بکەن . 

٣. بوونی بانکێکی ووشەی کوردی پێداویستیەکی هەرە سەرەکی چاکردنەوەی ڕێنووسی کوردی لە ڕیگەی کۆمپیتەر و دیارکردنی ئەو ووشە کوردیە جیاوازانەشە کە هەمان مانایان هەیە. من لە بەشی داهاتوو لەسەر ئەو بابەتە دەنووسم. 

ئەمانە و دەیان سوودی تر کە لێرەدا جیگای باسکردنی نییە پێویستە هاندەر بیت بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی زمانی کوردی لە کۆنگرەی نەتەوەی پرۆژەی دروستکردنی بانکی ووشەی کوردی بە هەند وەربگرێت. 

 

 

alfube_667740690.jpg

 

٣. ڕاستکردنەوەی ڕێنووس و زسۆرای (thesauri) کوردی

لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆلینەوەی قسەمان لە سەر ئەوە کرد کە ناوەرۆکی پەرتووکەکانی فێربوونی خوێندن و نووسینی کوردی پێویستە بە کۆمەلە ووشەیەك بنووسرێت کە لە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردیدا هەبن و بەهەمان ماناش بەکاربێن. لە بەشی دووەمیشدا باسمان لە چۆنیەتی دروستکردنی بانکی ووشەی کوردی و گرنگی ئەم بانکە کرد بۆ زمانی کوردی. ئەم بەشەش تایبەتە بە ڕاستکردنەوەی ڕێنووس و زسۆرای کوردی. 

یەکەم – ڕاستکردنەوەی ڕێنووسی کوردی

لە کوردستان نووسین بە بەکار‌‌هێنانی کۆمپیتەر لە گەشەکردنێكی خێرا دایە. لە ئێستادا، وزارەت و بەرێوبەرایەتیەکانی حکوومەتی هەرێم، زانکۆکان، دادگاکان، کۆمپانیەکانی بەشی تایبەت، میدیا … هتد هەموو کۆمپیتەر بەکاردێنن بۆ نووسین؛ بۆ نموونە، تێکست ئیدتەری(text editor) وەك مایکرۆسۆفت ۆرد (ms word) بەکاردێنن بۆ نووسین. چاوەروان دەکرێت ئەم گەشەکردنەش درێژەی هەبێت بە هۆی چوونەسەری بەکارهێنانی کۆمپیتەر و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە کوردستان.

حونجەکردن ( بە ئینگلیزی، سپێلینگ) بەشێکی گرنگی نووسینە. هەڵە لە نووسینی ووشە و یاساکانی نووسین دەبێتە هۆی لەیەك نەگەیشتن لە نێوان نووسەر و خوێنەر. هەر بۆیە، زۆرینەی هەرە زۆری تیکست ئیدەتەرەکان (بۆ نموونە، ms word, open office, notepad ++) توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەو ووشانە دەستنیشان بکەن کە هەلە لە ڕێنووسەکانیاندا هەیە؛ هێلێك بە ژێر ئەو ووشانە دادێنن کەوا ڕینووسەکانیان دروست نییە. دەست نیشانکردنی هەلەکان لە ڕێگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوەوە دەبێت بە ئێنگلیزی پێدەلێن سپێلچەکەر(spell checker)  کە بەشێكە لە تیکست ئێدەتەرەکان.  بەڵام، بەداخەوە تێکست ئێدەتەرەکان سپێلچەکەریان بۆ هەموو زمانەکانی جیهان تێدا نییە. نەتەوە و میللەتان دەتوانن سپێلچێکەری خۆیان دروستکەن و لەگەڵ تێکست ئیدەتەرەکان بەکاری بێنن.

 زۆرینەی میللەتانی جیهان سپێلچێکەرێك یان زیاتریان بۆ زمانی خۆیان دروست کردووە لە نیوانیشیاندا ووڵاتانی دراوسێ‌ی کوردستان. لە ئێستادا، سپێلچەکەری زمانی عەرەبی، تورکی، فارسی، پشتوویی، بەنگالی، ئۆردویی هەیە، لێ مەخابن سپێلچەکەری کوردی نییە. 

ڕەنگە کورد تەنها میللەت بێت کە زمانەکەی بەم بەرڵاویەی ئێستا بەکار بێتو کەچی سەرەتایترین سپێلچەکەری زمانی نەبێت. واتە سەرچاوەیەکی نەبێت کە بەهۆیەوە دروست و نادروستی ڕێنوسی هەر ووشەیەكی کوردی دیاریبکرێت و بشتوانرێ لە کاتی نووسین بە کۆمپیتەر ئۆتەماتیکی ئەو ووشانەی هەڵەیان لە ڕینووسەکاندا هەیە دەستنیشان بکریت. هەر بۆیە، گرفتی نەبوونی سپێلچەکەری کوردی پێویستە کۆتایی پێبێت. بوونی سپێلچەکەری کوردی زمانی کوردی پێشدەخات و دەبیتە هۆی ستانداردکرنی ڕێنووسی کوردی. 

 دووەم – دروستکردنی زسۆرای کوردی 

مەبەست لە زسۆرای کوردی بریتیە لە دۆزینەوە و ڕێکخستنی ووشە هاوواتاکانی زمانی کوردی و بەکارهێنانیان لەگەل تێکست ئیدتەرکان. ئەم بەکارهێنانە پێویستە بەجۆرێك بێت هەرکاتێك نووسەر ویستی هاوواتای هەر ووشەیەك بدۆزێتەوە ئەوا پێویستە ئەو تەنها ووشەکە هەلبژیرێ و کرتەیەك لە لای ڕاستی ماوسی کۆپیتەرەکەی بکات بۆ ئەوەی هەموو ئەو ووشانەی دەست کەوێت کە هاوواتای ووشە هەلبژێردراوەکەن. 

 زسۆرای کوردی دەتوانی بە چەندین شیوە خزمەت بە زمانی کوردی بکات. زسۆرای کورد خزمەتێکی گەوەرە بە بەرزکردنەوەی کوالیتی نووسینی کوردی دەکات.  یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی نووسینی سەرکەوتوو ئەوەیە کە پشت نەبەستیت بە چەپكێك یان ژمارەیکی دیاریکراو لە ووشە. هەربۆیە لە جیاتی دووبارەکردنەوە ووشە لە نووسین، دەکرێ ووشەی زاراوەیەکی تر یان هەمان زاراوە بەکاربێت کە هەمان واتای هەبێت. ئەمەش تەنها لە کاتێکدا بەبەرفرەوانی دەکرێت ئەگەر بیتو زسۆرای کوردی هەبیت. ئەو کات لە ڕێگەی یەك کرتی کۆمپیتەر هاوواتاکانی هەر ووشەیەك دەخریتەروو.

بۆ نموونە ئەگەر پێویست بوو نووسەر لە پەرەگرافێکدا یان چەند پەرەگرافێکدا سێ جار ووشەی ” پوور” بەکار بێنێت، ئەوا ئەو دەتوانێ جارێکیان بنووسێ “پوور” و جارێکی تریش لە ڕێگەی کرتەیەکی کۆمپیتەر هەموو ووشە هاوواتاکانی پوور بدۆزێتەوەو ئەم جارەیان بۆ نموونە “پلك” لەبری پوور بەکار بێنێت و جارێکی تریش “میمك” لە جیاتی پوور و پلك بەکاربێنێت. هەمان ئەو کارەی، بۆ نموونە، مامۆستا هەژار موکریانی لە وەرگێرانی قورئاندا بۆ سەر زمانی کوردی کردویەتی. بەڵام لەمەبەدوا، پێویست ناکات هەریەك لە ئێمە توانای مامۆستا هەژاری هەبێت لە زمانی کوردی بۆ ئەوەی هەژار کردویەتی ئێمەش بیکەین. بەلکۆ یەك جار زسۆرای کوردی دروست دەکرێت دوای ئەمەش تەنانەت خوێندکارێکی سەرتایش دەتوانی کەلکی لێ وەربگرێت بۆ دۆزینەوەی ووشەی هاوواتای نێوان زاراوەکان یان ووشەی هاوواتا لە هەمان زاراوە . 

زسۆرای دەتوانێ ڕۆلی فەرهەنگ لە نێوان زاراوەکانیش بگێرێ. هەر کاتیك خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی تێکستێکدا ووشەیەکی نائاشنای بەرچاوکەوت، ئەوا ئەو بە کرتەیەك دەتوانێ هەموو ئەو ووشانە بدۆزیتەوە کە هەمان مانایان هەیە و بەم شێوەیە لە مانای ووشە نائاشناکە تێبگات. واتە، زسۆرای کوردی دەکرێ بۆ یارەمەتیدانی خۆێنەریش بەکار بیت بۆ باشتر تیگەیشتن لەو تێکستەی دەیخوێنیتەوە. 

بەکارهێنانی ووشە هاوواتاکان بەشیوەیەکی گونجاو و بەبەردەوامی لە نووسین و خوێندنەوە دەکرێ خزمەتێکی گەورە بکات بە خوێنەری بەشە جیاکانی کوردستان لە ڕێگەی ئاشناکردنیان بەهەرچی زیاتری ووشەکانی زمانی کوردی. ئەم کارە لە درێژ ماوەش ڕەنگە ببێتە لەیەك تێگەیشتنی تەواوی نێوان هەموو بەشەکانی کوردستان . 

ئەمانەی باسم کردن و گەلێك سوودی تر کە لێرەدا بواری نووسینیان نییە ئەو ڕوون دەکەنەوە کە چەند گرنگە کورد زسۆرای زمانی خۆی هەبێت.

شتێكیش کە ڕەنگە پێویست بێت سەرنجی خۆێنەری بۆ ڕابکێشین ئەویش ئەوەیە کە باسی زسۆرای کوردی باسی ووشە جیاوازاکانی نێوان زاراوەکانی زمانی کوردیە. واتە لێرەدا، جیاواز لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆلێنەوەیە کە باسی ووشە هاوبەشەکانی نێوان زاراوەکانی زمانی کوردی دەکرد، لێرەدا قسەمان لەسەر ووشە جیاوازاکان کرد.

هەروەها، لێرەدا جێگای خۆیەتی بەبیر خۆینەر بێنینەوە کە بانکی ووشەی کوردی کە لە بەشی دوومەدا باسمان کرد خزمەت بە دروستکردنی سپێلچێکەری کوردی و زسۆرای کوردی دەکات کە لەم بەشەدا باسمان کرد. بانکی ووشەی کوردی دەتوانرێ وەك سەرچاوە بۆ بریاردان لەسەر دروست و نادروستی ڕێنوسی هەر ووشەی کوردی بەکار بێت. هەرەوەها، لە پرۆسەی دروستکردنی بانکی ووشەی کوردی ئیمکانی دروستکردنی زسۆرای کوردیش هەیە.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا پێوستە ئەوەش بلێم من لە ئەنجامی ئەم لێکۆلینەوەیە بەو دەرئەمجامە گەیشتم کە باسکردن لە یەکخستنی زمانی کوردی باسکردنە لە تێگەیشتن و دیارکردنی سێ کۆمەلەی ووشەی زمانی کوردی: 

١.  کۆمەلەی ووشە هاوبەشەکان. لێرەدا خوێنەر و بیسەری هەموو بەشەکانی کوردستان لەو ووشانە دەگەن و پێویستی بە سەرفکردنی هیچ توانایەکی زیاتر ناکات بۆ لێك تێگەیشتن. 

٢. کۆمەلەی ووشە جیاوازە هاوواتاکان. بۆ ئەم کۆمەلەیەش بوونی زسۆرایەکی کوردی تێروتەسەڵ کە بەفرەوانی بەکار بێت لای هەموان پشتیوانی لێ بکرێت بە تێپەربوونی کات کێشەی تێگەیشتنی لە ووشەکانی ئەم کۆمەلەیە ناهێلێت. 

٣. کۆمەلەی ئەو ووشانەی تایبەتن بە هەر زاراوەیەك. تیگەیشتن لە ووشەکانی ئەم کۆمەلەیە پێویستی بە پرۆسەیەکی تایبەتی خوێندن هەیە بۆ ئەوەی هەمووان ووشەی نوێ فێربین. ئەم پرۆسەیە خوی پێویستی بە لێکۆلینەوەیەکی تایبەت هەیە کە جێ مەبەستی ئەم لێکۆلینەوەیە نییە. 

لە بەشی داهاتوو، کە دوا بەشی ئەم لێکۆلینەوەیە، من دێمە سەر باسی ڕێخستنی ڕێنمایەکانی نووسین و ئەرك و کارێك کە کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە پێی هەلستێ لە ڕاستایی سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنی زمانی کوردی. 

٤. رێخستنی ڕێنمایەکانی نووسین

باسکردن لە رێنمایەکانی نووسینی کوردی باسێکی زۆر فرەوانە و پێویستە بەبەردەوامی بابەتی لێکۆلینەوەی پسپۆرانی زمانی کوردی بێت. من لە خوارەوەدا چەند نموونەیەك دەخەمەروو بۆ تیگەیشتنی بابەتەکە. دواتریش دوو خالی گرنگ دەست نیشان دەکەم سەبارەت بە دۆزینەوە و کاریگەری ئەم کێشانە لەسەر ژێرخانی تەکنۆلۆجی کوردستان.

ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکی کێشەی ڕێنوسی کوردین. 

١. ووشە لێکچووەکان، ژماریەکی زۆر ووشەی کوردی هەن، کە لە ژمارەی پیتەکان یەکسانن و بە هەمان پیتیش دەنووسرێن بەڵام پیتەکانیان پاش و پێش دەکرێ لە نووسین. بۆ نموونە، تەزرە و تەرزە، پیت و تیپ، لەکن و لەنك ، پشقل و قشپل …هتد. 

٢. بەکارهێنانی دوو واو، ژمارەیەکی زۆری ووشە لە نووسینی کوردی هەندیك جار بە یەك واو هەندێ جاریش بە دوو واو دەنووسرێ. بۆ نموونە ، دوو و دو ، نووستن و نوستن .. هتد. 

٣. لکاندن، کاتێك پیتی ی لە کۆتایی ووشە لە دوای پیتی ێ دێت ، هەندێك جار بەبێ لکاندن و هەندێ جاریش بەلکاوی دەنووسرێ. بۆ نموونە،  نوێ‌‌ی و نوێی ، دێ‌ی و دێی … هتد. 

٤. بەکارهێنانی پیتی واو بۆ رێزکردن، لە نووسینی کوردیدا کاتیك ژمارەیەك شت رێز بکرێت ئەوا لە نیوان هەر دوو شتدا واو یك هەیە. بۆ نموونە، بۆ چەژن سێو و مۆز و تەماتە و پەتاتە و باینجان و بامیە و گۆشت و ….. هتد کڕی. 

٥. جیاوازی لە سپێلینگ، هەندێك ووشە هەن لەیەك زاراوەدا بە شیوەی جیاواز دەنووسرێن لە ناوچەیەکە و بۆ ناوچەیەك. بۆ نموونە، ووشەی نیڤرو و نیورو ، ئێوارە و هێوارە …هتد. 

٦.بۆشایی، بۆشایی نێوان دوو ووشە و بۆشایی نێوان ووشە و فاریزە پەیرەوی هیج یاسایەك ناکات. بۆ نموونە ئەگەر سەیری پەرتوکی ئەلفوبێی کوردی قۆناغی یەکەمی سەرەتایی ساڵی 2013 بکەی دەبینی زۆر بەهەرەمەکی بۆشایی نێوان ووشە و فاریزە بەکار دیت. بەم شێوە زۆر بەخراپی مناڵان هەر لەسەرتای خوێندن فێری بێ رێسایی دەکرێن. 

لیستی کێشەکان زۆر زیاترە لەوەی لێرەدا باسکراون. ژمارەیەك لەو کێشانەش لە ژمارەکانی گۆڤاری کوڕی زانیاری کورد ساڵانی ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٨ باسکراوە. ئەوەی من مەبەستمە لە کێشەی ڕێنووسی کوردی بیخەمە ڕوو دوو شتە: 

١. لە ئێستادا دۆزینەوەی ئەو کێشانە بۆ هۆی بەکارهێنانی کۆمپیتەر زۆر ئاسانترە لە جاران. بۆ نموونە، لە کاتی بوونی بانکی ووشەی کوردی زۆر بە سانایی دەتوانین هەموو ئەو ووشانە بدۆزینەوە کە لە ژمارەی پیتەکان یەکسانن و بەهامان پیتیش دەنووسرێن. ئەوسا بریار دەدریت ووشە جیاوازەکان دەهێلینەوە یان یەکێکیان هەلدەبژیردریت و لە سپیلچێکەر بەکار دێت. 

٢. بەبێ چارەسەری کێشەی ڕێنووسی کوردی ناتوانین زمانی کوردی بەشێوەیەکی بڕوا پێکراو بەکار بێننین بۆ دروستکردنی ژێرخانی تەکنۆلۆجی کوردستان. بۆ نموونە، ئەو داتەبەیسەی (data base) کێشەی دوو واوی تێدا بێت یان کێشەی لکاندنی تێدا بیت ناتوانێ بەشێوەیەکی بڕوا پێکراو وەڵامی هیچ پرسیار (بەئینگلیزی کوێری) بداتەوە. ئەمە لە کاتیێکدایە، بۆ نموونە، بەکارهێنانی داتەبەیس لە سیستەمی بانکی پیویستی بە دڵنیایی لە %١٠٠ ە. بە هەمان شیوەش مرۆ ناتوانێ لە ئەنجامی هیچ ئامێری گەڕانێك (search engine) دلنیا بێت. هەندێك کیشەی تریش وەك ئەو کێشەیەی ئێستا لە نێوان وزارەتی تەندروستی و کۆمیسۆنی هەلبژاردن لە کوردستان هەیە کە لە رووی تەکنیکیەوە کیشەی دوو سیستەمە کە بەدوو شێوەی جیاواز نووسراوان ، لە کاتی بەکارهێنانی کۆمپیتەر کێشەی ڕینوسیشی بۆ زیاد دەبێت. 

چارەسەرەی هەموو ئەم کێشانە چۆن دەکرێت

نەبوونی بانکی ووشەی کوردی، سپێلچێکەری کوردی، زسۆرای کوردی ، ڕینمایی ڕێخستنی کوردی و بەکارهێننای پەرتووك بە زاراوەی جیا لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندن نیشان دەدات کە زمانی کوردی لەبەردەم دژواریەکی سەخت دایە (in crisis). چارەسەری ئەم کێشانەش بەشێکە لە پرۆسەی نەتەوە دروستکردن.

 چارەسەری ئەم کێشەیە بە شێوەیە: 

بۆ هەریەك لەو کێشانەی باسکرا پێویستە گروپێك لە ٣ بۆ ٥ کەس لە دەرچوانی بەشی زانستی کۆمپیتەر ، زمانەوانێکی زمانی کوردی و کەسێکی سەرپەرشتیار دروست بیت. واتە، بۆ تێکرایی کێشەکان پێویست بە ٥ گرۆپ و سەرپەرشتیارێکی گشتی گرۆپەکان هەیە.  

ماوەی پێویست پەیوەندی بە توانایی کادیرەکان هەیە و لە پرۆژەیەکیش بۆ پرۆژیەکی تر جیاوازە. هەر پرۆژەیەك لە نیوان ٢ بۆ ٣ ساڵی دەویت. پرۆژەکانیش بە قۆناغی جۆراوجۆر تەواو دەبن.

بەدەربرێنێکی تر، ئەگەر بێتو نزیك بە چڵ لە پسپۆرانی زمان، کۆمپیتەر و بەرێوەبردن بە ئیمکاناتی تەواوە خەریکی ئەم کارە بن لە ماوەی ٢ ساڵدا دەکرێ بەرهەمە سەرتایەکان بەرچاو کەوی. 

لەکاتی نەبوونی ئیمکاناتی مادی/مرۆیی دەکرێ لەسەرەتادا تەنها یەك گرۆپ پێك بێتو یەك پرۆژە ئەنجام بدات دواتر ئەوانی تری بەدوا بێت. بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی دواکەوتنی کارەکان. 

ئەم کارە دەبیتە پێکهێنانی یەکێكك لە گرنگترین دامەزراوەی نەتەوە دروستکردن لە ڕێگەی گرینگی دان بە زمان لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمپیتەر. هەروەها دەبێتە سەرچاوەی پێگەیاندنی سەرماییەی مرۆیی بۆ کوردستان. دەیان قووتابی زانکۆکان دەتوانن لەم دامەزراوە نوێیە ڕاهێنانان بکەن و پسپۆری بەدەست بێنن، دەیان ماستەر نامەو دکتۆراش دەتوانرێ لەسەر بابەتەکانی بنووسرێت. تێکرایی کاراکانیش خزمەت بە یەکخستنی زمانی کوردی دەکات لە رێگەی پرۆسەیەکی پلان بۆ دارێژراوی زانستیدا. 

ئەرکی کۆنگرەی نەتەوەیی چییە؟ 

کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە لە ڕێگەی کۆمسیۆنی زمان هەلسەنگاندێکی تێروتەسەلی ئەم لێکۆلینەوەیە (پرۆژەیە) بکات. لە پاشاندا، سەرەرای هەر تێبینیەکیش هەیان بێت کە دیارە پێویستە بەهەند وەردەگیرێت ، ئەگەر بڕوایان بە ناوەرۆکی کێشەکە هێنا ئەوا پێوییستە پشتگیری مادی و مەعنەوی ئەم کارە بکەن، هەوڵ بدەن پشتیوانی مادی و مرۆیی بۆ بەدەست بێنن بۆ ئەوەی بکەوێتە کاری جێبەجێکردن لە نزیکترین ماوەدا. هەروەها بەهەر شێوەیەك بۆیان دەکرێ هەوڵبدەن هانی زانکۆکانی کوردستان بدەن بۆ تۆژینەوەی زانستی لەسەر زمان  لە رێگەی کۆمپیتەر. 

 

 

دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود

 

———————————–

  http://www.scs.carleton.ca/ ~armyunis/projects/KAPI/KAPI.pdf

  http://dublincore.org/

  بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە سەیری ئەم مالپەرە بکە:

http://www.scs.carleton.ca/~armyunis/ projects/KAPI/KurdishApiProject.html

Previous
Next

Leave a Reply