Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کێشەى کەرکوک ، ئەگەرێکى کراوە …. شوان جەلال

کێشەى کەرکوک ، ئەگەرێکى کراوە …. شوان جەلال

Closed
by March 4, 2008 گشتی

ئەو پێشنیارەى کە نوێنەرى سکرتێرى نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کردى بۆ درێژ کردنەوەى وادەى جێبەجێکردنى ماددەى (140)ى دەستورى هەمیشەیی عێراق بۆ ماوەى شەش مانگ، بوو بەئەمرى واقع و رازایبونى لایەنە پەیوەندیدارەکان .
بە راى من ئەم کێشەیە ، واتە کێشەى کەرکوک و جێبەجێکردنى ماددەى (140)، پەیوەندى  نیە بەوەى کە ئێمە رەشبین بین یاخود گەشبین بەرامبەر ئەو وادەیەى (UN) دیارى کردووە بۆ جێبەجێکردنى تەواوى بڕگەکانى ماددەکە. بەڵکو ئەمە مەسەلەیەکە بەپلەى یەکەم سیاسى ، دواتر دەستوریە . ئەوەش ئاشکرایە لە سیاسەتدا شتى جێگیر بوونى نیە ، واتا هەموو شتێک لە سیاسەتدا مومکینى گۆڕانى هەیە . کێشەى کەرکوک کێشەکى ئالۆزە ، تاوەکو پرۆسەى جێبەجێکردنى ئەو ماددەیە کە بۆ چارەسەرکردنى دۆخى شێوێنراوى کەرکوک هاتۆتە گۆڕێ ، دوابکەوێت یان درێژ بکرێتەوە ئەوا زیاتر و زۆرتر ئالۆزتر دەبێ .
 گەڕانەوەى کەرکوک بۆسەر هەرێمى کوردستان زیاتر پێویستى بەکارکردنە نەک گوتار و قسە کردن. سەرکردایەتى سیاسی کوردستان ئەمڕۆ لە عێراقدا هێزیکى سیاسی نیمچە سەنتراڵی لە چنگدایە بۆ فشار و بەکارهێنان ، فشار ، بەو مانایەى کاتێک تۆ هێزێکى گرنگى سیاسیت لەبەر دەستدایە دەکرێ بەکارى بهێنیت وەکو فشاریک بۆ هێنانە دى ئامانجێکى سیاسی و … . بەکارهێنانیش، بەو مانایەى کاتێک تۆ داخوازیەکى سیاسیت هەیە بۆ جێبەجێکردن ، و "خۆتیش" بەشێک بیت لە پێکهاتەى هێزى داخوازی لێکراو ، دەکرێ هێز و قورسایی خۆت بەکار بهێنى بۆ بەدیهێنانى ئەو داخوازیە ، رونتر ئەمەوێ بڵێم هاوپەیمانى کوردستان لە بەغدا هێزیکى سیاسی گرنگى بەدەستەوەیە ، پێویستە لەلایەک فشارى پێ بەرێ بەرامبەر ئەوانیتر ، لەلایەکى دیکەوە هێزە سیاسیەکەى خۆى بەکاربهێنێت ، بۆ جێبەجێکردنى ماددەى (140).
 بەدیوێکى تریشدا ، کۆمەڵێکى زۆر لە هێزى سیاسی عێراقی ، بە شیعەکان و سونەکانەوە بەهەموو ئیرادەیان دژى جێبەجێکردنى  ماددەى (140)ی دەستورن و هەروەها کار بۆ جێبەجێنەکردن و دواخستنى دەکەن. ووڵاتە هەرێمایەتیەکانی وەکو ئێران و تورکیاش هەڵویستى زۆر نگەتیڤیان هەیە بەرامبەر ئاسایی کردنەوەى دۆخى کەرکوک و راپرسی . بۆیە بەباوەڕی من کێشەکەى کەرکوک کراوەیە بۆ زیاد لە ئەگەرێک . ئەگەرى بوون بە هەرێمێکى سەربەخۆ کە هێزێکى وەک بەرەى تورکمانى بەهاوکارى و پشتیوانى دەوڵەتى تورکیا داخوازى دەکات . ئەگەرى مانەوەى کەرکوک لەسەر مەرکەز کەبەشێکى زۆرى هێزە سیاسیەکانى سونە و بەشَیکیش لە هێزەسیاسیەکانى شیعە وەک رەوتى سەدر و حزبی دەعوە باڵی ئیبراهیم جەعفەرى و چەند لایەنێکى تر داخوازى دەکەن . ئەگەرێکى تر ، کە ئەویش جێبەجێکردنى ماددەى (140) بە تەواوى بڕگەکانیەوە . سەرکردایەتى سیاسی کوردستان بۆ ئەوەى ئاکامى ئەم کێشە مێژووییە بەقازانجى خۆی و گەلی کوردستاندا بگەڕنێتەوە ، دەبێ بە زیاد لە ئاراستە و کارتێک ئیش بکات . من لەپێشدا باسی کارتەکانى کوردم کرد لە بەغدا ، پێشم خۆشە شتێک سەبارەت بە ئەمەریکاو مەسەلەى کەکوک لێرەدا بورژێنم ، مافم بەسەر ئەوەوە نیە ئایا کورد هاوپەیمانێکى ستراتیژى ئەمەریکایە یاخود نا ، ئەوەى بوونى هەیە و هەستى پێدەکرێت ئەمەریکا لە عێراقدا پێویستى بە کورد و هێزى سیاسی کورد هەیە ، پێویستى بە پەیوەندى باشى هەیە لەگەڵ حکومەت و هێزە سیاسیەکانى کوردستان ، دیارە ئەمەش خزمەت بە ستراتیژى ئەمەریکا دەکات لە عێراقدا ، بۆ پێویستە سەرکردایەتى سیاسی کورد سود لەو پەیوەندى و پێداویستیانەى ئەمەریکا وەربگرێت لە عێراقدا ، بۆ جێبەجێکردنى ماددەى (140) . ئێمە دەبێ مامەڵەیەکى تاسەر ئیسقان واقعى بکەین لە گەڵ کێشەى کەرکوکدا ، ئاخر سیاسەت لە هەموو شتێک زیاتر پێویستى بەدونیا بینین و مۆڤى واقعیی هەیە .  
Shwanjalal2005@yahoo.com     

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.