کێ بۆ که‌کوك بدوێت؟
ئه‌وه هه‌ر من نیم که زۆر جار زمانم بۆ ئێستای شاری که‌رکوك له‌گۆ ئه‌که‌وێت، پێنووسه‌که‌شم که یاخی ئه‌بێت وله‌سه‌ر ئه‌م عه‌رشی خوایه به‌خه‌یاڵیش ووشه نادۆزێته‌وه بۆ کپکردنی ئه‌و ناخه په‌نگخواردووه‌ی و شێوازێکی نیه بۆ به‌یه‌كگه‌یاندنی ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌ری ئه‌م ڕێسایه‌ی ئێستای که‌رکوك.
له کوێوه ده‌ست پێبکه‌م له تراژیدیای مه‌لعه‌به‌که‌یه‌وه یا له ماتی و بێده‌نگی گۆڕستانه‌که‌یه‌وه، له هه‌رکامیانه‌وه بێت وه‌ك یه‌که، ته‌نها جیاوازی نێوانیان ئه‌وه‌یه ئه‌میان له‌سه‌ر زه‌وی چاوه‌ڕوانه و ئه‌ویان له ژێر خۆڵه و به هیوای سبه‌ینێیه‌کی جیاوازتر له ئه‌مڕۆ ماڵئاوایی کرد.
ئه‌م ڕووداو و کێشه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان که زۆربه‌ی ناوچه‌کانی گرتووه‌ته‌وه و ئاراسته‌ی کامێرا‌و دیده‌ی ڕۆژنامه‌نووس وکه‌ناڵه جیاوازه‌کان و نوکی قه‌ڵه‌می زۆربه‌ی نوسه‌ران و سه‌راپا جه‌ماوه‌ری سه‌رقاڵ کردووه، کارێکه، داوایه‌که بۆ یه‌کسانی و عه‌داله‌ت و دابینکردنی زه‌مینه‌یه‌کی شیاو بۆ ژیان بۆ هه‌ر که‌سێك به بێ جیاوازی، داوایه‌کی ڕه‌وایه و گوێ ڕاگرتن لێی ڕه‌واتره‌و جێبه‌جێکردنیشی ئه‌رکی ده‌وڵه‌ته، زۆر تێروته‌سه‌ل له هه‌موولایه‌که‌وه بۆی ده‌نوسرێ و شایانی به خه‌مه‌وه‌چوونیه‌تی و لاری تیادا نابینرێت.
به‌ڵام ئه‌و که‌رکوکه‌ی هه‌میشه له حاڵه‌تی له‌ده‌ستچوون و هه‌میشه نه‌یاره‌کان له بۆسه‌دان بۆی و له بگره‌وبه‌رده‌ی به‌رده‌وام دان و هه‌له له‌ده‌ستچووه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر باری قورس‌تر ده‌که‌ن و خه‌ڵکه خۆڕاگر و به‌رزه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر و زۆر له جاران زیاتر وابه‌سته‌ی مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تیه‌که‌ن و به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌یی و مێژووییه‌ی خۆیان پێشتر و ئێستاش هه‌ر له‌خۆبووردوو و به‌ئه‌مه‌ك بوونه و له‌و ناوه‌نده پڕ له گه‌ره‌لاوژه‌و هه‌مه‌لایه‌ن و نائارامه پێشتر‌و ئێستاش هه‌ر خۆڕاگر و خۆڕاگر بوونه. ڕووداو‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ش که پلانی شۆفینیه‌کان بوو بۆ دزه‌کردن به نێو ئه‌و شوێن و ناوچانه‌ی ده‌وروپشتی که‌رکوك و که‌رکوك خۆی بابه‌تێکی چاره‌نووسی بوو و خه‌ته‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌شێکی کوردستان هه‌بوو، کوردێکی زۆری ئه‌و ناوچانه و به تایبه‌ت ناو شاری که‌رکوك ئه‌گه‌ری زۆری هه‌بوو بکه‌ونه به‌ر لێشاوی ڕاماڵینی شۆفینیه‌کان، لێره‌دا بۆشاییه‌ك له ئه‌رکی ڕاگه‌یاندندا به‌دی ده‌کرێت که زۆربه‌ی سایته‌کان ته‌نانه‌ت وه‌کو کورته هه‌واڵیش ئاماژه‌ی به‌و ڕووداوه نه‌دا، له‌کاتێکدا خه‌ڵکی که‌رکوك به‌ووردی دوای یه‌ك به یه‌کی هه‌واڵ وڕووداوه‌کانی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ندێ له ناوچه‌کان ده‌که‌وێت و هه‌میشه خوازیاره ئه‌و ئازادیه بپارێزرێت به‌ڵکو ڕۆژێك بێت پریشکه‌که‌ی ئه‌وانیش بگرێته‌وه.
لێره‌دا هه‌ندێك پرسیار ده‌کرێت:
1. ئه‌گه‌ر ئێستا ڕاپرسیه‌ك له کوردستان بکرێت له سه‌دا چه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانن مادده‌ی 140 چیه‌و چی له خۆی ده‌گرێت؟
2. له سه‌دا چه‌ندی ده‌زانن ئه‌م مادده‌یه له کوێوه و بۆ سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
3. گریمان ئێستا که‌رکوك و ناوچه‌کانی تر به‌ته‌واوی و ڕوون و ئاشکرا بێ هیوا بێت و ده‌ستی لێ هه‌ڵگیرێت و نه مادده بمێنێت و نه شه‌ڕه هۆڵی دانیشتن و نه هیچ، ئایا چه‌ند له سه‌دای خه‌ڵکی کوردستان به‌م ده‌رئه‌نجامه ڕاده‌چڵه‌کێت و پرسه داده‌نێت و به‌شداری خه‌مێ ده‌بێت که له سه‌دا سه‌د خه‌می هه‌موو کوردستانه؟
لێره‌دا لاری له په‌روه‌رده‌کردنی ڕوحی نه‌ته‌وه‌یی و لاری ڕاگه‌یاندن زۆر ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێت، کارکردن بۆ په‌یڕه‌وکردنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ چاندن و پاراستنی ڕوحی نه‌ته‌وه‌یی له نێو جه‌ماوه‌ر بۆ ئێستای کوردستان ئه‌رکه وکه کوردستان لایه‌کی هێشتا برینه ده‌بێت ئازاره‌که‌ی لایه‌کانی تریش بگرێته‌وه، ده‌بێت خه‌لکی کوردستان هه‌موو له ئازار‌و مه‌ینه‌تی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر هاوبه‌ش بن وئاگادار بن، ده‌بێت وابه‌سته‌ییه‌ك هه‌بێت له نێوان شاره ئازاده‌کان و که‌رکوك به‌تایبه‌ت له نێو گه‌نجه‌کانیان، ڕه‌گ داکوتانی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی ئه‌بێت ئه‌وه‌نده به‌هێز بێت گۆڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ر نرخێك نه‌شیاو بێت و په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌و ئینتیمایه شیاوی فه‌رامۆشکردن نه بێت.
مه‌دیحه سۆفی \ ئه‌ڵمانیا