Skip to Content

Wednesday, June 23rd, 2021

گئۆرگ لۆكاچ ئەدەبیات-و- دەستێوەردانى ئیدئۆلۆژی

Be First!
by May 29, 2012 ئەدەب

 

لەوانەیە ئەمرۆكانە بە هەندێك تێرامانەوە بتواندرێ ئەو بە ماركسیستێكى ئازادى خواز ناودێر بكرێ. ئەو دواى بەدەسەڵات گەیشتنى نازیەكان لە بەشێك لە ئوروپا، پەناى بردە شۆڕەوى و لەوێ بووبە سەرنووسەرى گۆڤارى ئەدەبیاتى نێونەتەوەیى، ئەگەر چی بەدرێژایى ساڵەكانى نێوان هەر دوو شەڕى جیهانى ناوى لۆكاچ لە وڵاتانى بلۆكى خۆرهەڵاتى پێشوو، نیشاندەرى تۆمەتى رۆیزیۆنیستى بوون بوو، بە لێك دانەوەیەكى هاكەزایى نا زانستیانە، بەڵام لێكۆلینەوەیى دەكرێ بوترێ، دامەزرێنەرى ماركسیستى ئەدەبیات، لە دایك بووى مەجارستان، دەبێ نزیك بە یەك ملیۆن پەڕە بابەتى ئەدەبی، فەلسەفی، مێژوویی و سیاسی بە درێژای تەمەنى خۆی خوێندبێتەوە، چون ئەو سەبارەت بە ئاسارى بەشێكى زۆر لە نووسەران، فیلسوفەكان و خەباتكارانى كۆمەڵایەتى سێ سەدەى ڕابردووى ئوروپا بۆچوونەكانى باس دەكا. لۆكاچ نەتەنیا ڕۆمانە قەبەكانى : باڵزاك، داستایۆسكى، تۆلستۆى، تۆماس مان، زۆڵا، گوتە و هیتری داوەتە بەر ڕەخنە، بەڵكو لە ئاسارى ماركس، ئنگێلس، لێنین و ماكس وێبر نمونە دێنێتەوە. ئەو لە زەمینەى ئەستتیك و زانستى جوانى ناسی دا دەتواندرێ وەك ماركس بێتە هەژمار. بە پشت بەستن بە ئاسارەكانى لۆكاچ دەتواندرێ ئەو بە ئەخڵاقگەرا دابندرێ. بە پێی وتەكەى خۆی، چوونى بۆ  نێو حیزبی كۆمۆنیست یش هەنگاو و بڕیارێكى ئەخڵاقی بوو. پەندێكى پێشینیان هەیە كە دەڵێ، مرۆڤی زیرەك هەمیشە لە رێگای ڕاست دەچێتە دەرێ و لۆكاچ نووسی كە هیچ ئیدئۆلۆژیەكى بێ تاوان بوونى نیە و بانگەشەی بێڵایەنى لە جیهانى ئیدئۆلۆژیەكان نامومكینە. تەنیائیمكانى یەك سەنگەر بەندى بۆ مرۆڤێكى بە ویژدان بوونى هەیە، ئەویش لەگەڵ بوون یا بەدژ بوونى ئەو ئیدئۆلۆژیەیە. هەندێك كەس دژ بوون و خەباتكارى لۆكاچ لەگەڵ باقی بیرمەندانى تر بە تەكلیف یەكڵا كردنەوەیەكى تایبەتى ئەو لەگەڵ خۆی دەزانن، چون لۆكاچ پێشتر بۆماوەیەك شاگردى هەریەكێك لەوان بووە. جولە دفرێت دەنووسێ: یەكێك لە تراژیدیەكانى ئیدۆلۆژیە دوگماتیكەكان ئەوەیە كە باشترین تئوریسیەنەكانیان لە داهاتوودا دەبنە ڕەخنەگرانێك كە هیچكات لەگەڵیان ئاشت نابنەوە. لۆكاچ لە تەمەنى خەباتكارى خۆی دا، چەندین جار كەوتۆتە زیندانى وڵاتانى جۆراوجۆرەوە. لەوانەیە ئەمرۆكانە بە هەندێك تێرامانەوە بتواندرێ ئەو بە ماركسیستێكى ئازادى خواز ناودێر بكرێ. ئەو دواى بەدەسەڵات گەیشتنى نازیەكان لە بەشێك لە ئوروپا، پەناى بردە شۆڕەوى و لەوێ بووبە سەرنووسەرى گۆڤارى ئەدەبیاتى نێونەتەوەیى، ئەگەر چی بەدرێژایى ساڵەكانى نێوان هەر دوو شەڕى جیهانى ناوى لۆكاچ لە وڵاتانى بلۆكى خۆرهەڵاتى پێشوودا، نیشاندەرى تۆمەتى رۆیزیۆنیستى بوون بوو.
ناو زڕانى لۆكاچ لە كاتى مردنى دا، لەو وڵاتانەى سەرەوەدا كە باس كرا بە ڕادەیەك بوو كە رۆژنامەى “پراودا” لە ساڵى 1971 تەنیا لە هەواڵێكى 4 دێری دا مردنى ئەوەى باس كردبوو، لەگەڵ ئەوەى كە رۆژنامەى “لۆمۆند” لە فەرانسە زیاتر لە یەك ڵاپەڕەى تایبەت دابوو بەو.
لۆكاچ فەرهەنگى باستانى بە سێ قۆناغ: حەماسی، تراژێدى و فەلسەفی دابەش كردوە و دەڵی كە لە سەردەمى ئێستادا، حەماسە بێژى نامومكینە و لە جیاتى ئەو، ژانری ڕۆمان هاتە ناو ئەدەبیاتەوە. فۆرمى ڕۆمان بەیانى شێوەیەك ئاوارە بوون و بێ نیشتمانى هەستى و بیری مرۆڤى مۆدێرنە. ژانرى ڕۆمان ئەمرۆكانێ پاڵەوانى تایبەتى خۆی هەیە، واتە تاكێك كە هەمیشە سەرگەرمى گەڕان و دۆزینەوەى رێگا و ئامانجە. پاڵەوانى حەماسەش خەریكى دۆزینەوەى ئامانج و رێگا بوو، بەڵام ئەو دڵنیا بوو كە بە ئامانجەكەى دەگا یان لە رێگاى ئامانجە دیاری كراوەكەى خۆی دا، دەدۆرێ و لەناو دەچێ و وەكو پاڵەوان لە ناو ئوستورەكاندا درێژە بە ژیانى فەرهەنگى خۆی دەدا. بەڵام لە ژانری ڕۆمانى ئێستا دا، نە ڕێگا و نە ئامانجى پاڵەوان و مرۆڤ بە شێوەیەكى ڕاستەوخۆ دیارى كراو و ڕوونە. حەزى زۆرى لۆكاچ بۆ بابەتگەلى كۆمەڵایەتى و مێژووى ژیانى مرۆڤى ڕەنجبەر بووە هۆی ئەوەى كە ئەو گرنگیەكى تایبەتى بە ڕۆمانى مێژوویی بدا. لۆكاچ دەڵێ، تەنیا ڕۆمانى مێژووییە كە دەتوانێ تۆتالیتر بونى مێژوو نیشان بدا. بە پشت بەستن بە لە دایك بوونى ڕۆمانى مێژوویی لە سەرەتاكانى سەدەى نۆزدەیەم دا لەڵایەن واڵتر ئێسكاتى ئینگلیزیەوە، لۆكاچ نووسی كە لە شۆڕشی فەرانسە بەوڵاوە مرۆڤ بۆ یەكەم جار توانى بزوتنەوەى جەماوەرى لە ئەدەبیات دا ببینێ. بە برواى ئەو بە ئاساری باڵزاك و تولستۆی، ڕۆمانى مێژووی گەیشتە قۆناغى ڕۆمانى واقیعگەرایی كۆمەڵایەتى و دواى ئەوانیش ئەتوانین مرۆڤ گەرایی ئازادى خوازانەى ئەدەبی لە ڕۆمانەكانى: ڕۆمان ڕۆڵان، ئاناتۆل فرانس، ئیستیفان تسوایگ و هاینریش مان ببیندرێ. دژایەتى لۆكاچ لەگەڵ زۆڵا بە هۆی دلهێشاوى لە ناتۆڕالیسم و ڕەخنەى ئەو لە ناتۆرالیسم و فۆتۆریسم، ڕیشەى لە ڕەخنەكانى مامۆستاكەى، هێگل، لە سێمبۆلیسم و ڕۆمانتیك دایە. لۆكاچ بە پەیرەوى لە لێنین بە نووسەرانى چەپی دەوت كە لە ئاساری بەنرخی كڵاسیكى فەرهەنگى ڕابردووى بۆرژوازى كەڵك وەرگرن و بیخەنە خزمەت خۆتانەوە. نووسەرانى كڵاسیكى ڕئالیست وەكو: شكسپیر، سروانتس، گوتە و باڵزاك بە برواى ئەو دەتوانن مامۆستایەكى دیار بۆ نووسەرانى پێشكەوتنخواز بن. ئینگێلس، لە تاریفی ڕئالیسم دا وتویەتى كە توانایى باڵزاك لە باس كردن و لێكدانەوەى كۆمەڵگاى فەرانسە و مێژووەكەى دەستكەوتێكى ئەو مەكتەبەیە و لۆكاچ بە پشت بەستن بەم بۆچوونەى ئینگێلس، بە پێچەوانەى دوكترینى حاكمى ئەو سەردەمەى حیزبی كۆمۆنیست، بەرگرى لە نووسەرانى وەك: پوشكین، گوگول، داستایۆسكى، ئێستاندال و فلۆبر دەكا و داواى گەرانەوەى ئیعتباریان دەكا. لۆكاچ دەیوت: قوڵایى و مانا و بەرینى ڕئالیسمى ڕاستەقینە ئەوەندە بەربڵاوە كە ئاسارى شكسپیر، باڵزاك، گوتە، ئێستانداڵ، دیكنز و تۆلستۆى دەكرێ بەشێك لەوبن، لە درێژە دا  دەڵێ كە ئێمە ئەدەبیاتى باش و خراپمان هەیە، ناتوانین شكسپیر و گوتە بە بەهانەى ئەوەى كە سۆسیالیست نین ڕەت كەینەوە. جیاوازى بنەرەتى لە نێوان ئەدەبیاتى باشی سۆسیالیستى و یا بۆرژوازى بوونى نیە و لە ساڵى 1956 ئازادى تەواوى بۆ ئەدەبیات داوا كرد. ئەو لە قەولی گوتەوە، بوو بە بانگەشەكەرى ئەدەبیاتى جیهانى، تەنانەت كاتێك كە سەبارەت بە، واڵتر ئێسكات، تۆلستۆی و یا باڵزاك بۆچوونى خۆی باس دەكا. لۆكاچ ى ئەخڵاقگەرا بە ڕەخنە لە جوانى گەرایی لە هونەر دا دەڵێ كە بانگەشەى ئیستتیكى چەق بەستو دەبێتە هۆی ئەوەى كە سنور و پێوانەى ناسینى باش و خراپ لەكەدار بێ. بە برواى ئەو بنەماى ئەدەبیاتى ڕاستەقینە دەبێ ڕئالیزم بێ. هونەرى ڕاستەقینە بۆ لۆكاچ هەمیشە دەنگ هەڵبرین بەرامبەر بە بێ عەداڵەتى و بوون لەم جیهانەدا و نەك خۆ خەریك كردن بە دنیایی خەیاڵەوەیە. ئەو دەیوت، ناوەندى ترین ئەركى ڕئالیزمى سۆسیالیستى خەریك بوونى ڕەخنەیە بە سەردەمى ئستالینى ترسێنەر. بە برواى ئەو لە سەردەمى ئستالین دا ناتۆڕالیسمێكى دەوڵەتى، ڕئالیزمى ڕاستەقینەى خستبووە ڵاوە.
لۆكاچ بە ڕەخنە لە ئەدەبیاتى كرێكارى بزوتنەوەى كۆمۆنیستى دەنوسێ: زۆربەیان بەهاى ئەستاتیك و هونەرى پێویستیان نى یە ئیدئۆلۆژى ماركسیستى هیچ زەمانەتێكى بۆ ئەدەبیات و فەرهەنگى پێشكەوتوو خواز نیە. ئەگەر چی ماركسیزم- لێنێنیزم هیمالیای دنیا بینیەكانە، بەڵام ئەگەر وەك كەروێشكێكى داچڵەكیوى ترساو لەسەر لوتكەكەى هاتووچۆ بكا، هیچكات لە فیلێك گەورەتر نابێ كە لە ناو دەشتێكى وشك و بەرەهوتى دامێنى كێو دایە. بە بڕواى ئەو زۆربەى دەست بە قەڵەمانى سەردەمى ئستالین، قسە گێڕەوانێكى بێكەڵك بوون، چون بۆ باس كردنى هەر بابەتێك تەنیا پێویست بوو كە نوسەر، بە گردوو كۆ كردنى قسەكانى ئستالیەنەوە خەریك بێ و هونەرمەندانە بیانهۆنێتەوە. بە پێی قسەكانى خودى لۆكاچ، دواى شۆڕشی ئۆكتۆبرى شۆڕەوى، ئەدەبیاتێكى شۆرشگێری- ڕۆمانتیك و ئەدەبیاتێكى ئاوانگارد بە سەرۆكایەتى مایاكۆفسكى پێك هات. بانگەوازى رئالیزمى سۆسیالیستى مەیدانى بە پەرەستنى كەسایەتى دروستكراوى درۆینەى ئستالینیستى دا. بە بڕواى لۆكاچ، رئالیزمى سۆسیالیستى سەردەمى ئستالین وەكو ساڵانى دەسەڵاتى هەر دیكتاتۆرێكى دیكە، دژى هونەر و ئەدەب بوو. ئەو دژى پێناسەى: هونەر بە ماناى بانگەشەى ڕاستەقینە بوو. لۆكاچ دەڵێ: تەواوى ئاسارى نەمرى ئەدەبیات نشان دەدا كە مێژوو و ئیستاتیك لە پێوەندى نەپساوە و نزیك دان. لە بابەتەكەى ئەویش دا، چەمكى ئیستاتیك و مێژوو لەگەڵ یەك دا یەكگرتوون و لە پێوەند لەگەڵ هونەر و ڕاستیە كۆمەڵایەتیەكاندا دا بەرەو ڕوو دەبن. بە وتەى خاوەن بیران، ماركس و ئینگێلس، زانستى ئیستاتیكى سیستماتیكیان لە خۆیان بە جێ نەهێشتووە. بۆچوونەكانى ماركس سەبارەت بە هونەر و فەرهەنگى یۆنانى باستان و كارە ئەدەبیەكانى ئینگێلس سەبارەت بە باڵزاك و رئالیزم لە ڕۆمان دا، دەتواندرێ سەرەتایەك بێ بۆ باسى ئیستاتیك و جوانى ناسی لە ماركسیزم دا. ئەوەى كە سەبارەت بە بیۆگرافی لۆكاچ بە شێوەیەكى كورت دەتواندرێ بوترێ، ئەوەیە كە ئەو لە نێوان ساڵانى 1885-1971 لە مەجارستان بە شێوەى پچڕ پچڕ ژیاوە. باوكى بەرێوەبەرى بانك و دایكى لە ئەشرافزادەكان بوو. دایك و باوكى هەردووكیان ریشەى یەهودى- ئاڵمانیان بووە. لۆكاچ دەڵێ، كۆمەڵگا ناسی ئەو بێجگە لە ماركس، لە ژێر كاریگەرى دوو كتێب: فەلسەفەى پارە، نوسینى زمێل و نوسراوەكانى پرۆتستانى ماكس وێبر دایە. ئەو هاینە بە یەكەمین شاعیر و بیرمەندى شۆڕشگێری ئۆروپا و تۆماس مان بە ئاخرین نوێنەرى ڕۆمانى رئالیزمى- ڕەخنەى دەزانێ. بە بڕواى ئەو دامەزرێنەرى ڕۆمانى مێژوویی، واڵتر ئێسكاتە. ڕۆمانى كۆمەڵایەتى رئالیزمى سەدەى 19 درێژەى ڕۆمانى مێژوویی كۆتایى سەدەى 18 بوو. لۆكاچ واڵتر ئێسكات بە گەورەترین نوسەرى مێژوو دەزانێ. ئەو پوشكین، گوگول و ئێستاندال بە درێژە دەری رێگاى ئێسكات دێنێتە هەژمار. بەبڕواى لۆكاچ گەورەترین نەمایشنامە نووسى سەدەى ڕابردوو برێشتە. ئەو نیچە بە دامەزرێنەرى دژە عەقڵانیەت “خردگریزى” سەردەمى ئەمپریالیست دەزانێ، چون بە بڕواى ئەو نیچە لە سەرەتاوە دژى دیموكراسی، و سۆسیالیزم و مافى ژنان بوو.
لۆكاچ دژى نوسەرانى ئاوانگاردى وەك: دوبلین، جویس، دوس پاسوس بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوە دا ئەو نوسەرانێكى وەك: گۆركى، رۆمان ڕۆڵان، تۆماس مان ى بۆ بارهێنانى ڵاوانى دەست بە قەڵەم تەوسیە دەكرد. ئەو ئاسارى: فلوبر، دیكنز، تۆرگنیف، تۆلستۆى بە بەشێك لە هۆمانیسمى كڵاسیك دەزانى.
لە ئاسارەكانى لۆكاچ: تئۆری ڕۆمان، مێژوو و وشیارى چینایەتى، رئالیزمى روس لە ئەدەبیاتى جیهانى دا، گوتە و سەردەمەكەى، بابەتگەلێك سەبارەت بە رئالیزم، باڵزاك و رئالیزمى فەرانسەى، هێگڵی ڵاو، شێوەیەكى تایبەت لە جوانى ناسی، ئەسەرى هونەرى و هەڵسوكەوتى جوانى ناسانە، هونەر وەكو پێكهاتەیەكى كۆمەڵایەتى مێژوویی و نیچە پێشڕەوى ئیستتیكى فاشیزم.
نوسراوەكانى لۆكاچ زیاتر سەبارەت بە ئەدەبیاتى سەدەى 19 و 20 و مێژوویی بەرەو پێش چوونى ئەندێشە لە ئاڵمانە. دوو كتێبی ئەو، مێژوو و وشیاری چینایەتى و تئۆری ڕۆمان لە گرنگترین نووسراوەكانى سەدەى بیستەمن. كتێبی تئۆری ڕۆمانەكەى: تۆماس مان، ئێرنێست بلۆخ، واڵتر بێنیامین، لوسین گۆڵدمەن و ئادێرنۆى لە ڕوانگەى ئەدەبی و كۆمەڵناسیەوە خستە ژێر كاریگەرى. بابەتێك لە لۆكاچ بە نێوى: سەبارەت بە بابەتى پارلمانتاریزم، ئەو كات بوە هۆی توڕەى لێنین. لە بابەتە گرنگەكانى ترى لۆكاچ: هەڵكشان و داكشان لە ئەدەبیاتى ئاڵمان و ئەدەبیاتى ئاڵمان لە سەردەمى ئیمپریالیزم دا.
لە سەردەمى ژیانى دا لەقەبی جۆراوجۆریان پێداوە و گەلێك تاوانیان خستۆتە پاڵى، لەوانە: رۆشنبیرى ئەخڵاقگەرا- ماركسیزمى زانكۆی- رۆیزیۆنیست- بۆلشویك- جوانى ناس- مامۆستاى ئیستالینیزم- واقیعگەراى سۆسیالیست، و هتد. لە هەندێك لە وڵاتانى بلۆكى خۆرهەڵاتى پێشوو ڕەخنەیان لە لۆكاچ دەگرت كە ئەو شێوەى مۆدێرنى خێرید گوریزى، واتە ئایین لەبەر چاو ناگرێ و تەنیا خەریكى خەباتە لەگەڵ دژە خێرەدى ئاتەئیستیە.


ن:عەلیشاد لۆربەچە
و: هیوا ئەمانى

Previous
Next

Leave a Reply