Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هۆڵەندا بۆ بەرزڕاگرتنی ٥ی ئایار وەکو ڕۆژی بەرگری لە ئازادی لە کوردستان

Be First!


گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هۆڵەندا بۆ بەرزڕاگرتنی ٥ی ئایار وەکو ڕۆژی بەرگری لە ئازادی لە کوردستان و ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان


دوو ساڵ لەمەوبەر خوێندکاری دواین قۆناغی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، ڕۆژنامەنووسی لاو سەردەشت عوسمان لە لایەن چەند چەکدارێکەوە لەبەردەم کۆلێژی ئاداب دڕندانە پەلامارئەدرێت و لێیدەدرێت، پاشان دەڕفێنرێت بۆ شوێنێکی نادیارو ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لەشاری موسڵ ئەدۆزرێتەوە، کە چەند گوللەیەک نراوە بە دەمیەوە وەک هێمایەک بۆدەمکوتکردنی کەسانی ئازادیخواز و ڕۆژانەمەنووسانی ئازاد. ئەم کردەوە تیرۆریستی وترسنۆکانەیە لە درێژەی هەمان ئەو هێرشە بەردەوام و ناڕەوایانەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بووە کە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو کراونەتە سەرڕۆژنامەنوسان و کەسانی ئازادیخواز.
بە درێژایی ئەم دووساڵە لیژنە حزبیەکانی بەناو لێکۆڵینەوە کە خۆیان جێگای گومانن، خەریکی هۆنینەوەی چەند سیناریۆی قێزەون‌و ناشرین بوون بۆ هێرش کردنە سەر کەسایەتی ڕۆژنامەنووسی ئازادیخواز سەردەشت عوسمان و شاردنەوەی تاوانبارانی راستەقینە تا بەرفراوانتر بە هەمان کەلتوری بەعس هێرش و پەلاماردانەکانیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و خەڵکانی ئازادیخواز لە کوردستان توندتر بکەنەوە و هەمان بارودۆخی سەرکوتی سەردەمی بەعسییەکان لە کوردستاندا بژێننەوە.
ئێمە کۆمەڵێک هەڵسوڕاو و کەسانی ئازادیخواز لە هۆلەندا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش و پەلاماردانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆسەر ڕۆژنامەنووسان و بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت عوسمان و ڕادەستکردنیان بە دادگای نێودەوڵەتی و هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکانی بەناو لیکۆڵینەوەو بەرزراگرتنی ساڵیادی سەردەشت و گیانبەختکردووانی قەڵەم بانگەوازی کوردانی دانیشتووی هۆڵەندا ئەکەین پێکەوە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەبەر دەم پارلەمانی هۆلەندا بەڕێ بخەین.
داواکارین کە سەرجەم ڕەوەندی کوردی‌و ئازادیخوازان‌و ڕێکخراوەکانی تر لە هۆڵەندا بەشداری جدی بکەن لەبەرزراگرتنی ٥ ی ئایار وەکو رۆژی بەرگریی لە ئازادی لە کوردستان. بەم هەنگاوەش تیرۆریستان ڕیسوا و مەحکوم ئەکەین. لەو کۆبوونەوەماندا داوای ئاشکراکردنی بکوژرانی سەردەشت عوسمان‌و دادگایی کردنیان ئەکەین‌ لە دادگایایەکی عادلانەدا.
بەشداریتان لە گردبوونەوەیە بەرپەرچدانەوەی هێرشە ناڕەواکانی دەسەڵاتی مافیایی‌یە بۆ سەر ماف‌و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان.
وەرن با پیکەوە ئەم یادە بەرزو بەڕێز ڕابگرین!
خانەی ئازادی لە هۆڵەندا
٩ ی ئاپڕڵی ٢٠١٢
تێبینی: بەشداری کەسایەتی و رێکخراوەکانی تر تا پێکەوە ئەم ساڵیادە بەرزوشکۆ ڕابگرین گرنگی وئەهمیەتی خۆی هەیە ، دەرگای پەیوەندیکردن و هاوئاهەنگی کارکردنمان هەمیشە کراوەیە و ئەتوانن لەم ڕێگایانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بگرن.
ڕۆژی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هۆڵەندا : ٥ ی مەی ٢٠١٢ کە هاوئاهەنگە لەگەڵ ڕۆژی ئازادی لە هۆڵەندا.
کاتژمێر : ١ – ٤ ی پاش نیوەڕۆ
شوێن : دەنهاخ – بەردەمی پەرلەمان
ئیمەیڵی خانەی ئازادی
xanyazady@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply