Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

گلێنتۆن- سەربازە هەڵاتووەکەی بەریتانیا بۆ دەنگەکان دەدوێت

Be First!
by November 12, 2010 دیمانە

 

بەرواری04.11.2010 ،ئەو رۆژەی کە بەریتانیا خۆی ئامادە کرد بۆ مارشی “شەرف” ی سەربازان ، ژۆ گلێنتۆن، ئەو سەربازەی هێزەکانی بەریتانیا کە گەرانەوەی بۆ جەنگی ئەفگانیستان رەت کردەوە و بەهۆیەوە نزیکەی ساڵێک بەند کرا، لە شاری لیدس لە بەریتانیا لە کۆبونەوەیەکی گشتیدا رایگەیاند ” بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان،  جەنگ لە ئەفگانیستان نایاساییە ” . هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیشدا لەگەڵ دەنگەکان هۆکارەکانی ئەم پێگە سیاسییەی خۆی روونتر کردەوە.

ژۆ گلێنتۆن ، سەربازی دوێنێیە و  ئەـرۆ چالاکوان و کەسایەتیەکی ناوداری بزووتنەوەی دژی جەنگە ، سێ ساڵ لە ئەفگانیستان خزمەتی سەربازی کردوە و دوای هاتنەوەی بۆ پشوو، بریاریدا کە نەگەرێتەوە بۆ ئەفگانیستان و دوای دوو ساڵ لە ئامادەنەبوونی بە بێ هۆ لە خزمەتی سەربازی، خۆی دایە دەستی پۆلیس.
کەیسەکەی گلێنتۆن چووە دادگای سەربازییەوە و یەکەمجار بە تاوانی “خیانەت” بە 25 ساڵ زیندانی سزا درا، دواتر پاش خستنە رووی چەندین بەڵگەی بەرجەستە، دادگا سزاکەی گۆری بۆ 9 مانگ بەو مەرجەی دوو بەشی سزاکەی  لە کەمپی تەنیایی چاکردنەوەی سەربازان بەسەر ببات. بەڵام لە بری “چاکبوونەوە” ، گلێنتۆن بووە چالاکوانێکی دیار و کەسایەتیەکی فرە ناوداری ناو بزووتنەوەی دژە جەنگ و هەتاوەکو ئێستا سەدان کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی نیشتمانی لە سەرانسەری بەریتانیا بەڕێوە بردوون.
پەیوەند بەو ساتانەی کە لە بەندیخانەدا بەسەری بردوون، گلێنتون ووتی: ” دەبێت بڵێم کە بەبێ هاوکاری خەڵک و بەبێ پشتیوانی ئەوان من نەمدەتوانی رۆژ و مانگ بژمێرم، رۆژانە سەد بۆ دوو سەد نامەم لە خەڵکەوە بۆ دەهاتنە بەندیخانە، بەڕاستی پاڵپشتییەکەی گەورە بوون بۆ من و هانیان دام بۆ بەردەوامبوونم لەو بریارەی کە دابووم دژی ئەم جەنگە ”
میدیا ڕاسترەوەکانی بەریتانیا بە گشتی گڵێنتۆن بە  “خیانەتکار” وێنا دەکەن بۆ رای گشتی و لەم دواییانەشدا هێرشی ئەوەیان کردە سەر کە بزووتنەوەی دژی جەنگی بەکارهێناوە بۆ کەیسەکەی لە دادگا ، بەڵام سەرباری ئەوەی گلێنتۆن چەندین  بەڵگەی لەسەر تاوانی جەنگ رادەستی دادگا کردبوون کە هەندێکیان لە ناو بەڵگەنامەکانی سایتی ویکیلیکیشدا بڵاوبوونەوە، دکتۆر و پسپۆرانی دەروونیش گەواهییان دابوو  کە ئەم سەربازە لە دوای دەورەی 6 مانگی یەکەمی لە ئەفگانیستان، سەردانی چەند دکتۆرێکی کردووە و شەوانە خەونی ناخۆش دەبینێت و جەنگ کارلێکی تەواوی لەسەر دەروونی داناوە، چون هەمیشە بیر لەو کارەساتانە دەکاتەوە کە لە جەنگدا  ئەزموونی کردوون.

 

 

لەبارەی پەیوەستبوونی بە بزووتنەوەی دژی جەنگەوە،  بە راشكاوی ئاماژەی کرد ئەوە جەنگ و سیستەمی سەربازی بوون هۆشیاریان کردۆتەوە و بریارەکانی دژی جەنگ لەوێوە دەستییان پێکردوون.
“من رادیکاڵ نەبووم ئەوان بەزۆر ڕادیکاڵیان کردم، ئەمە بەوەنا کە من نەمدەویست رادیکاڵ نەبم، بەڵکو توانستی بەرزکردنەوەی ئەو هۆشیارییەم نەبوو ، بەڵام کە چەوساندنەوەم بە چاوی خۆم بینی هەمووشتێک جیاواز خۆیان دەنواند، من خۆشحاڵم بەشداری کردنم لەم بزووتنەوەیە، چونکە لە %70 ی رای گشتی بەریتانیا کۆتای ئەم جەنگە دەخوازن و منیش ئەمرۆ لێرەم تا دەنگی خۆم بخەمە پاڵ دەنگی ئەوان و داوای هاتنەوەی هێزەکانمان دەکەین. من دەمەوێت ئەمەش زوو بچێتە بریاردانەوە چونکە بڕوام بەو پلانە پێنج ساڵییەی حکومەت نییە  و خەڵکی بەریتانیاش لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان چونکە ئێمە لە ئەفگانیستانین”
گلێنتۆن ئێستا لە زانکۆی لیدس مێترۆپۆلیتان خوێندکاری خوێندنی ئاشتییە و ئەم بەشەی هەڵبژاردووە  بۆ ئەوەی زێدەتر پەرە بە بواری چالاکوانی سیاسی و دژە جەنگ بدات و لە هەوڵداندایە بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ کارە مەیدانیەکانیدا ئەکادیمیانە لە بابەتەکە نزیکتر ببێتەوە.
لە  رۆژی مارشی “شەرەف”ی سەربازانەوە خەڵکی بەریتانیا تێکڕا گوڵاڵە سوورە دەکڕن و لە یەخەی پۆشاکەکانیان دەدەن بۆ یارمەتی ئەو سەربازانەی لە جەنگدا بوون و بەرگریان لەم وڵاتەکردووە و یادیان دەکەنەوە، بەڵام گلێنتۆن جیاواز لە هەموان گوڵاڵەیەکی سپی لە یەخەی دابوو و روونی کردەوە لەبری سوور ئەم سپی لەبەر دەکات چونکە ” ئەم گوڵاڵە سپییە  سیمبوڵی  کۆتای تەواوەتی جەنگە”
لە مەر سیستەمی سەربازی لە ناو جەنگ و مامەڵەی ئەفسەر و سەربازان لە تەک یەکدا ، لە ئەزموونی خۆیەوە باسی لە هەبوونی  نایەکسانی و نەژادپەرستی کرد لە ناو هێزە سەربازییە داگیرکەرەکان لە ئەفگانیستان.
 ”  نەژاد پەرستی و هیستریا لە موسوڵمانان داینەمۆی ئەم جەنگەیە و ئەوەی کە من بینیومە لەوانەیە هیچ نەبێت لە چاو زۆری هێزەکان و بەربڵاویان لە ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا. نەژاد پەرستی دەورێکی گرنگی هەیە و لەلایەن سەربازانەوە بە کردەوە  بەردەوام دژی دێهاتنشێن و دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان بەکاردەهێنرێن، هەر لە وتە ناشرینە قبوڵنەکراوەکانەوە بۆ چەوساندنەوەی سایکۆلۆژی و جەستەیی خەڵکی ناوچەکان ، بەڵام دەبێت بڵێم کە ئەم دیاردانە لە ناو هێزەکانی ئەمریکادا زۆر بەرفراوانترن لەوەی لە ناو هێزەکانی بەریتانیادا هەن”

لەسەر جیاکاری لە ناو هێزەکانی سەربازیش ووتی : ”  سیستەمی بەرێوەبردنی هێزە سەربازییەکان هەر هەمان ئەو سیستەمەیە کە ئەم کۆمەڵگەیە گیرۆدەیەتی، جیاکاریەکان بە ئاشکرا بە دیار دەکەون لە ناو مەیدانی جەنگدا و بەتایبەتی لەو کاتانەی کە تۆ لە ریزی پێشەوەیت و ئەفسەرەکانیش لە دواوە بە ئارەزووی خۆیان بڕیارت بەسەردا دەدەن، دواتریش لە سەر خوێنی قوربانیەکانی هەردوولا خەڵات و مەدالیای بە ناو شەرەف وەردەگرن و شانازی پێوە دەکەن. پەیوەندی سەربازان و ئەفسەرەکان باش نییە و تا ئەو کاتەی من لەوێ بوم مەحاڵ بوو ئەفسەرێک بە تەنیا بێتە ناو  سەربازانەوە و بەبێ هێز بڕیار بدات، چونکە یەکسەر دەبووە شەر و پێکدادان لەگەڵیاندا

لە دوا وتەشیدا بۆ دەنگەکان گلێنتۆن بانگەوازی کرد  کرد کە  خوازیارە لە بەرواری 20.11.2010 کە خۆپیشاندانی نیشتمانییە لە لەندە دژی جەنگ ”  خەڵکی بە هەموو نەژاد و رەگەز و ئاینەکانەوە بەشدار بن تا  مارش بکەین بەرەو ماڵی سەرۆک وەزیران داوای گەڕانەوەی هێزە سەربازییەکانمانیان لێ بکەن لەم جەنگە نایاساییەدا و  پێکەوە بە یەک دەنگ  پێیان بڵێین ئەفگانیستان –  کاتی جێهێشتنەیەتی” 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply