گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌ركوك بنیادنانی زه‌رده‌خه‌نه، چیمه‌نی پێكه‌نین
كه له ده‌وام ته‌واو بووم، له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌مدا به‌ره‌و كه‌ركوك به‌رێ كه‌وتین، پێنج شه‌ممانم رۆژی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زێد، هه‌ر له سه‌ره‌تای هه‌فته‌وه خۆم بۆ كه‌شێكی خه‌مئامێزی كۆتایی هه‌فته ئاماده ده‌كه‌م، ده‌زانم ده‌بێت له‌و پشوه‌دا سه‌ردانی گۆڕستان و نه‌خۆشخانه و چه‌ندان جێگای دیكه بكه‌م، به پێچه‌وانه‌ی یه‌كه‌م جاری گه‌ڕانه‌وه ناترسم، ئه‌م جۆره گه‌رانه‌وه‌یه ده‌لاله‌تی تاونباری نییه، بگره گه‌وریشه، به‌ڵام خه‌م سه‌راپام ده‌ته‌نێت، هه‌ر له‌و جێگایه‌وه یه‌كه‌م هه‌نگاوی ناو ئه‌و شاره ده‌نێم جاڕس و بێواز بیر له گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌مه‌وه، بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و شه‌و و رۆژه چۆن تێپه‌ڕێنم، نزا ده‌كه‌م پێشهاتێكی ناقۆڵا به‌رۆكم نه‌گرێت و ناچار نه‌بم زیاتر بمێنمه‌وه.
خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌م، ره‌چه‌ڵكم ده‌چێته‌وه بنه‌ماڵیه‌ك كه خۆیان به فیداكه‌ر و خاوه‌نی ئه‌م شاره ده‌زانن، باوكم ته‌واوی ناوچه‌كان و ناوداره‌كان ده‌ناسێت، پێویستم به‌وه نییه له هیچ جێگه‌یه‌ك ناوی خۆم بڵێم، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه (من كوڕی حاجی نه‌جمه‌دین خه‌یاتم) كێ سواره ده‌ناسێت! مه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بێت ئالوده‌ی مۆرفینی نووسینبن، زۆربه‌ی كات بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه كه‌ی بوو دواینجار ئه‌م شاره‌م جێهێشت؟ هه‌موو كونجه‌كانی زه‌ینم بۆ یاده‌وه‌ریه‌كی ئه‌و شاره ده‌گه‌ڕێم و هیچم وه چنگ ناكه‌وێت، ناچارم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی بۆ یه‌كه‌م جار گه‌ڕامه‌وه بۆ ئه‌و شاره، ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ی من دروست بۆ چیرۆكه‌كانی بۆرخیس ده‌شێت (پیاوێك له بیره‌وه‌ریدا كه‌ی له شاره‌كه‌ی هاتۆته‌ده‌ره‌وه، یاده‌وه‌ری له‌گه‌ڵ شوێنی له‌دایكبوونیدا له حه‌ڤده ساڵیه‌وه ده‌ست پێده‌كات) زۆر جار له خۆم ده‌پرسم تۆبڵێی منیش پاڵه‌وانی چیرۆكێك نه‌بم و له نووسه‌ره‌كه‌م یاخیبووبێتم! ئاخر ئه‌و واقعه‌ی من زیاتر له فانتازیاوه نزیكه وه‌ك له ژیانێكی به‌رجه‌سته‌كراو.
كاتێك به‌عس له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه رووخێنرا، بۆ من ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بوو له ده‌ست داگیركه‌رێكی خوێنڕێژه‌وه كه‌وتمه ده‌ست داگیركه‌رێكی بازرگان، گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ جێگه‌یه‌ك كه به‌جێهێشتنی له بیره‌وه‌ریمدا نه‌بوو، بۆیه ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ من رزگاركردن نه‌بوو به‌ڵكو دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شاره وه‌همیه بوو كه بۆ حه‌ڤده ساڵ ته‌نها گوێم له ناوی ده‌بوو.
ئه‌و رۆژه‌ی له به‌غداد په‌یكه‌ره گه‌وره‌كه‌ی دیكتاتۆریان رووخاند هێشتا كه‌ركوك تامی ئازادی نه‌كردبوو، به‌یانی رۆژی دواتر من و سێ برا به نیسانێكی ده‌بڵی مۆدێل هه‌شتا و نۆ به‌ڕێكه‌وتین، تا له چه‌مچه‌ماڵیش ده‌رچووین هیچ هه‌ستێكی جیاواز داینه‌گرتم، به‌ڵام له‌و جێگایه‌وه كه براگه‌وره‌كه‌م ئیشاره‌تی بۆ كرد”ئه‌وه سه‌یته‌ره‌كه‌ی مه‌قان بوو” له‌و جێگایه‌وه چاوم له جامی ته‌نیشت خۆم نه‌ده‌تروكان، گه‌رچی هه‌ر چۆڵه‌وانی بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاری پێش وه‌ختم دابوو، چێژێكی دیكه‌ی پێده‌به‌خشیم، له‌وكاته‌یه گه‌رامه‌وه بۆ چه‌ند ساڵێ پێشتر، ئه‌و كاته‌ی له كۆڵان یاریمان ده‌كرد، من وه‌ك هه‌میشه كوڕی ماڵاه كه‌ركوكیه‌كه بووم، ئه‌وان منیان به پله دوو ده‌زانی، خۆشم هه‌ر وا، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی غه‌ریبه بووم، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئه‌و خوله‌كه‌ی له سه‌یته‌ره‌كه‌ی مه‌قان تێپه‌ڕین كه‌ركوك لای من جگه له (ناو) هیچی تر نه‌بوو، هه‌موو جارێكیش كه مناڵان زۆریان بۆ ئه‌هێنام، له ماڵه‌وه به باوكم ئه‌وت (بۆناچینه‌وه بۆ شاره‌كه‌ی خۆمان!) وه‌ڵامی باوكم(ئه‌رۆین كورم، با صه‌دام نه‌مێنێ) پرسیاری صه‌دام كه‌ی نامێ بۆ ئه‌وكاته نه‌ك هه‌ر لای منی مناڵ بگره لای به ساڵاچووه‌كانیش خه‌یاڵ بوو، هه‌ر له‌م جۆره‌شتانه‌شه‌وه بوو، تێگه‌یشتم مه‌حاڵ شتێك نییه تا سه‌ر بێت.
من له جامی سه‌یاره‌كه‌وه هه‌ر سه‌یری ده‌شت و زه‌وی رووته‌نم ده‌كرد، له هه‌ندێ جێگا ئاگر به‌رزببووه و له هه‌ندێ شوێنا وه‌ك گریس زه‌ویه‌كه‌ی پێ ره‌ش كرابوو، گوێم لێ‌بوو برایان له نێو خۆیانا باسی ئه‌و نه‌وته‌یان ده‌كرد، كه من وه‌ك ئاگر و گریس ده‌مبینی، ئه‌وه‌نده‌م زانی گه‌شتینه ریزه خانوو، كه پرسیارم كرد، وامزانی وه‌ك چۆن پێشتر وتی ئه‌وه قه‌ره‌هه‌نجیره، ناوی ناوچه‌یه‌كی دیكه ده‌ڵێت، وامده‌زانی چۆن كه دێیته سلێمانییه‌وه پێشتر ئاماده‌سازی بۆ ده‌كرێت و ده‌روازه‌ی هه‌یه، ئێره‌ش هه‌ر وایه، به‌ڵام وه‌ك گۆم راسته‌وخۆ كه‌وتینه شاره‌وه. هه‌موو ماڵێك، خانوویه‌ك، گه‌راجێك، كارگه‌یه‌ك، پاركێك، باخچه‌یه‌ك، ته‌نانه‌ت خێمه‌یه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی لێوه‌ی بچیته ژووره‌وه، سنورێكی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌به‌زێندرێت، ده‌روازه و سنور مانای خاوه‌ندارێتییه، كه‌چی ئه‌م شاره‌ی ئێمه راسته‌وخۆ ده‌چیته ژووره‌وه.
ئێستا ناتوانم باس له ورده‌كاری ئه‌و رۆژه بكه‌م، ناتوانم ده‌ریببڕم بۆ یه‌كه‌مین جار چۆن شاره راسته‌قینه‌كه‌ی خۆمم بینی، له سیمای براكانما له یه‌ك كاتدا به‌خته‌وه‌ری و تاسانم ده‌بینی، چاویان پڕبوو له یاده‌وه‌ری، رابردوو زۆری بۆ هێنابوون، كه بێده‌ده‌نگبوون ده‌مزانی ئه‌وكیان به گریان گیراوه، منیش ده‌تگوت له ئاسمانه‌وه فرێدراوم، وه‌ك ئه‌وه‌ی به حه‌ڤده ساڵی له دایك بووبێتم، ئه‌و رۆژه چووینه ماڵه كۆنه‌كه‌مان و چه‌ند ماڵه خزمێكی دیكه، ئه‌وكابرایه‌ی كه له خانووه‌كه‌ماندا بوو، ده‌سبه‌جێ وتی هه‌فته‌ی داهاتوو بۆتان چۆڵ ده‌كه‌م، وێنه‌یه‌ك كه بیرم ناچێته‌وه، ئه‌و دیمه‌نه بوو كه چووینه نهۆمی سه‌ره‌وه بۆ ژووره‌كه‌ی كاكم(موعته‌صه‌م نه‌جمه‌دین) جگه له پارچه مه‌كته‌به‌یه‌كی شكاو و قنه‌فه‌رده‌یه كتێبی زه‌رده‌وه بوو و دڕا‌و هیچی دیكه‌ی لێ نه‌بوو، كه بینی دڵی پربوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی وت (كه رامانكرد حه‌وت فه‌رده‌ی پڕبوو.)، پێشتر باوكم و خوشكانم باسی كتێبخانه گه‌وره‌كه‌ی كاكمیان بۆ كردبووم، باسی كتێبخانه‌ی ناو دیوار و شاردنه‌وه‌ی كتێبی قه‌ده‌غه‌كرا و نووسنه‌وه‌ی كتێبی ده‌گمه‌ن، كه نه‌ده‌كرا ببرێته چاپخانه و به ئاشكرا كۆپی بكرێت، هه‌موو ئه‌مانه به‌ر له چه‌ند رۆژێك له ره‌شبگیریه‌كانی به‌عس ده‌كرێنه فه‌رده‌وه و ده‌رگای ژووره‌كه مه‌حكه‌م كڵۆم ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به خاتری دوو هۆ، ئه‌و كتێبانه له فه‌وتان بپارێزرێت و له كاتی هه‌ڵكوتانه‌سه‌رماڵمان هیچ شتێك نه‌دۆزنه‌وه ئاسه‌واری ئه‌وه‌ی پێوه بێت كه ئه‌م ماڵه كوڕیان هه‌یه و خه‌ریكی ئه‌و كتێبانه‌یه. تا ئێستاش كه ئێواران ده‌گه‌ڕێمه ماڵه‌وه كتێبم به ده‌سته‌وه بێت، پێم ده‌ڵێن: چی كۆ ئه‌كه‌یته‌وه تۆش رۆژێ وه‌ك معتصم جێی ئه‌هێلێت.
تاكو دوای عه‌سر ئه‌و جێگایانه‌ی ویستمان رۆشتین، ئه‌وكه‌سانه‌ی ویستمان بینیمانن، له گه‌ڕانه‌وه‌دا رێگا قه‌ره‌باڵغبوو، سه‌یاره هه‌مووی به باره‌وه، پیاده به كۆڵه‌وه، وه‌ك ماڵ به‌شكردن هه‌ركه‌سه و كۆڵی خۆی توند كردبوو، كه‌س نه‌بوو بڵێ بۆ كوێی ده‌به‌ن، كه له شار ده‌رچووین نزیك سه‌یتره كۆنه‌كه، سه‌یاره‌كان هه‌مووی قوفڵ بوو، له‌و ماوه‌یه‌ی وه‌ستا بووین، هه‌ر فریای ئه‌وه ئه‌كه‌وتین نه‌یه‌ڵین كه‌س باره‌كه‌ی بكاته پشتی سه‌یاره‌كه‌مانه‌وه، هه‌ندێ كه‌س كه ئێمه‌ی ده‌بینی ده‌بڵێكمان پێیه و هیچمان نه‌هێناوه، ته‌ریق ده‌بووه‌وه هه‌ندێكیش گاڵته‌ی پێ ده‌كردین، كابرایه‌ك كه تاك شه‌ڕواڵێك و قه‌مسه‌ڵه‌یه‌كی له به‌رابوو، گه‌ر به شێوه بڕیارم له سه‌ر بدایه، هه‌ر به شڕه خۆر ده‌چوو، كه‌چی ده‌رگای سه‌یاره‌كه‌ی كردبووه‌وه، هاواری ده‌كرد (دزییه دزی بۆ كوێی ئه‌به‌ن!) ئه‌و هه‌ر هه‌واری ئه‌كرد و كه‌س نه‌یده‌بیست، به‌داخه‌وه له گه‌ڕانه‌وه‌یا ئه‌وجۆره كه‌سه‌نه نه‌یان ده‌هێشت وه‌ك هاتن سه‌یری دیمه‌نی رێگاكه بكه‌م، نه‌یانهێشت جوانیه‌كانی شاره‌كه‌م ببینم، هه‌ر له بیری ئه‌وه‌دابووم، كه هه‌موو كات باوكم ئه‌یوت عه‌ره‌ب ماڵی ئێمه‌ی تاڵان كردووه، كه‌چی من كوردم ده‌بینی ماڵی به كۆڵه‌وه بوو.
ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بم گه‌ر بڵێم كه‌ركوك غه‌درلێكراوترین شارێكه كه من تاكو ئێستا دیبێتم، راسته بازنه‌ی بینینی من ته‌سكه و سنوری هه‌رێمم تێنه‌په‌ڕاندووه، رێگه بده‌ن بڵێم كه‌ركوك بێ به‌شترین شارێكیشه كه من بیستبێتم، نامه‌وێت نووسینه‌كه‌م به رسته و ده‌ربڕینی دووباره درێژبكه‌مه‌وه، چونكه ده‌رباره‌ی زه‌لیلی و كه‌م بایه‌خی ئه‌م شاره فره وتراوه، هاوكات و بێ بایه‌خی و دورشمبازی هه‌ندێك سه‌ركرده ئه‌وه‌نده‌ی ئازارم ده‌دات نیو هێنده جێگای ئومێد نییه.
ئێواره‌ی ئه‌و پێنج شه‌ممه‌یه، نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌مین گه‌ڕانه‌وه‌مدا تێپه‌ڕیبوو، ئێستا باوكم نه‌خۆشه و ده‌بێت سه‌ری لێبده‌م، خوشكه‌كه‌م نه‌شته‌ری چاوی بۆ كراوه و ده‌بێت بچمه لای، براكه‌م له ژێر خۆڵه‌كه‌وه چاوه‌ڕی فاتیحای ئێمه‌یه، دایكی برازاكه‌م ئێستا چاوه‌ڕێی ئێمه‌یه، چاوی برسیه‌تی بۆ دیقه‌تی سیمای مێرده‌كه‌ی، نازانم ئه‌م هه‌ینییه كام ناسیاو پرسه‌ی هه‌بووه و فریا نه‌كه‌وتووین، با سه‌رێك له ماڵیان بده‌ین، ته‌قینه‌وه چه‌ند برینداری له نه‌خۆشخانه خستووه و كامیان ده‌ناسین، هه‌ر فریای ئه‌وه ده‌كه‌وین سه‌ردانی نزیكه‌كه‌یان بكه‌ین، له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه‌وه هاوڕێیه‌كی ئازیز په‌یوه‌ندیم پێوه ده‌كات و پێی خۆشه سه‌ردانێكیان بكه‌م، مه‌حمود (مه‌حمود نه‌جمه‌دین)ی برام ده‌ڵێ چ كاتێ ده‌رفه‌ت ده‌بێت بچینه یه‌كێتی نووسه‌ران، ئه‌و ئازیزانه پێیان خۆشه بمان بینن… . له ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌دا چه‌ندان جار گه‌ڕاومه‌ته‌وه، هه‌میشه وێنه‌كان دووباره بوونه‌ته‌وه، مردن، پرسه، خوێن، بریندار، نه‌خۆشخانه، ماته‌م، دۆشدامان،… وێنه‌گه‌لێك كه وه‌ك پارچه‌ی میكانۆیه‌ك نه‌خشی شارێكی خه‌مبارم بۆ ده‌كێشن، كه ده‌یان وڵات له‌سه‌ری دڵخۆشن.
چوونه‌وه‌ی ئه‌م جاره وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی زیاد كردبوو، وێنه‌ی هه‌ڵكۆڵینی شه‌قامه‌كان و بنیاتنانه‌وه، من نازانم ئه‌وه‌ی ده‌كرێت به راستی ده‌گاته كوێ، به‌ڵام له‌وه دڵنیام كه هه‌رچه‌ند پرۆژه‌یه‌كی زیندوو بێت و به هه‌ر ئه‌نجامێكی باڵا بگات، گه‌ر شان له شانی هه‌موو شاره جوانه‌كانی دونیا بدات، هێشتا پرۆژه‌یه‌كی كاڵ نییه و خاڵه جه‌وهه‌ریه‌كه له بیركراوه، كه ده‌ڵێم خاڵه جه‌وهه‌ریه‌كه مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌م شاره پێویستی به گرانه‌وه‌ی زه‌رده‌خه‌نده‌یه، پێویستی به بنیاتنانه‌وه‌ی پێكه‌نین هه‌یه، چیمه‌نی دڵنیایی و تۆوی خۆشبه‌ختی، به‌ڵێ ئه‌م شاره به‌ر له‌وه‌ی پێویستی به باڵه‌خانه هه‌بێت پێویستی بنیاتنانه‌وه‌ی بزه هه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی قیری شه‌قامه‌كان ره‌ش بكرێته‌وه ده‌بێت دره‌خته‌كان سه‌وز ببنه‌وه، ببورن ده‌بێت په‌یكه‌ری شه‌هیده‌كان ببه‌ین بۆ مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت و له شوێنیان گۆرانی شاد دابنێین، له بری ئه‌وه‌ی ناوی ناوچه‌كان به یاده‌وه‌ری جه‌نگه‌وه بێت، باشتره شیعر بیری هاوڵاتیان بخرێته‌وه، له بری ناوی شه‌هیده‌كان بووترێت ست فاتیمه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م قسانه‌م هیچ له پیرۆزی شه‌هید و سه‌ركه‌وتنه‌كان كه‌م ناكاته‌وه، به‌ڵكو رێزگرتنیانه، ناڵێم وه‌لایان نێن، ده‌ڵێم بیان پارێزن ئه‌وانه مێژووی ئێمه‌ن، نه‌ك ئێستامان، چونكه به‌عس به‌ر له‌وه‌ی خوێنمانی بردبێت پێكه‌نینه‌كانمانی برد، با دوای هه‌شت ساڵ رۆیشتن هه‌ر حوكممان نه‌كات، ئیدی سه‌ره‌ی ژیانه.
سواره نه‌جمه‌دین