Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

گوێ لە نێچیرڤان بارزانی بگرن بزانن داوای چیمان لێ دەكات…..بڵند مستەفا

Comment
by January 10, 2009 گشتی

 گوێ لە نێچیرڤان بارزانی بگرن بزانن داوای چیمان لێ دەكات
  بڵند مستەفا 
 Blnd.mustafa@yahoo.com
  
 هەر وڵاتێكی تازە گەشەسەندووی وەكو كوردستان، كە بەرەو دیموكراسیەت و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی هەنگاو بنێت، ڕاگەیاندن ڕۆڵی هەرە گرینگ دەبینێت لە یەكلایی كردنەوەی چارەنووسی ئەو كۆمەڵگەیە، كە دەسەڵاتێكی بیرۆكراسی و تاكڕەوانە بێتە بەرهەم یان دەسەڵاتێكی دیموكراسی و فرەیی و كراوەی مەدەنییانە، هەڵبەتە سەرەڕای هەبوونی هەوڵی جدیش لە كوردستاندا ڕاگەیاندن نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە گرینگە ببینێت و ئاراستەی سیاسی  وجڤاكی و كلتوری كۆمەڵگە دیاری بكات، بێگومان ڕێگرییەكانیش بە تەنیا سانسۆر و بیرۆكراسیەتی دەسەڵاتی سیاسی و نەبوونی سەروەری یاسا نییە بەقەد ئەوەندەی پیشەیی بوون و بێ لایەنی خودی ڕاگەیاندنەكان خۆیان هۆكاری كێشەكەن، ئەوەیە كڕۆكی مەسەلەكە، كە هەروەكو نێچیرڤان بارزانی گوتی "لە هەرێمی كوردستاندا ئێمە كێشەیەكمان هەیە ئەویش كێشەی نەبوونی ڕۆژنامەوانیەكی پیشەیی و بێلایەنە" مانای هەرە گرینگى قسەكانى نێچیرڤان ئەوەیە، كە لە كوردستاندا زەمینە لەبارە بەڵام كاركردن كز و لاوازە، ئەم نووسینە لێكدانەوەیەكە بۆ قسەكانی بەڕێزیان و پرسیارێكە لە خۆمان، كە نێچیرڤان ئۆباڵەكەی خستۆتە ئەستۆی ئێمەی ڕۆژنامەنووسان و حكومەتی لێ ڕوو سپی كرد.
 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا لە مەراسیمی یەكەمین ڕۆژی دەستپێكردنی ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس ئاماژەی بۆ چەند خاڵێكی گرینگ كرد، لە بارەی ڕاگەیاندنی كوردستان، كە مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە و بۆچوونەكانی سەرەڕای پڕ بایەخیان هەڵوێست و بەرنامەی حكومەتی كوردستان لە هەمبەر كاری ڕۆژنامەنووسی دەخاتەڕوو، كە حكومەت بە خەمخۆرترین لایەن و پارێزگاری دروستبوونی ڕاگەیاندنێكی ئازاد و بێلایەن دەبینێت. بەشێك لە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی ئاراستەی ڕاگەیاندنی غەیرە كوردی و بەتایبەتی عەرەبی بوو، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵدەدەن هەواڵ و ڕوداوەكانی كوردستان بە شێوێنراوی بڵاوبكەنەوە، لەوێدا ئەم بۆچوونە دێتەوە بەردەم ڕاگەیاندنی كوردی، كە هەندێك ڕاگەیاندنی كوردی بە هەمان نەفەسی ڕاگەیاندنی عەرەبی یان (ڕاگەیاندنی ناحەز) كاردەكەن، یاخود ئەو جۆرە ڕاگەیاندنانە دەكەنە سەرچاوەی كاركردنی خۆیان، لە كاتێكدا خۆیان لەناو واقیعەكەن نەك ئەو جۆرە ڕاگەیاندنانە.
 ئایا نەبوونی ئازادی ڕا دەربڕین.. سەربەخۆیی نووسین.. هاوكاری ماددی و توانای ئابووری… هتد ئەوانە كێشەی ئەمڕۆی ڕاگەیاندنی كوردستانن یان وەكو نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ كرد بێلایەنی و ڕاستگۆیی.
 سەرەڕای هاوكاری حكومەتی هەرێم بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و حكومی بە جیاوازی ڕێژەیان و فەراهەمكردنی ئازادی و سەربەخۆیی و پارێزگاری یاسایی، لە كوردستان دیمەنێكی نا تەندروست لەنێو ڕاگەیاندنی كوردیدا زۆر زەقە و ئەویش ئەوەیە كە تەواوی ڕاگەیاندن دابەشبۆتە سەر دوو چین:
 یەكەمیان: ئەو دەزگایانەی كە تەواو دەنگ و ڕەنگی حزبن و خەڵكی كوردستان ئومێدێكی ئەو تۆیان پێ نییە و بێلایەنی بوونیان تێدا ڕەچاوناكرێت.
 دووەمیان: ئەو دەزگایانەن كە تەنیا ئیشیان بۆتە تانە و تەشەر و جنێودان بە دەسەڵات و ئۆرگان و ئیشەكانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەخڵاقی ڕۆژنامەنووسی و بنەمای پیشەیی ڕۆژنامەگەری، ئەمە ئەو نەخۆشییەیە ئەو جۆرە ڕاگەیاندنانە توشی بووینە كە لاپەڕەی یەكەمی میدیاكانیان دەڕازێننەوە بە  مانشێتی گەورە گەورە لە بەجاشدانانی خەڵك و بە دز لەقەڵەمدانی زۆرێك لە بەرپرسە ئیداری و حكومییەكان، ئەمەش لە ژێر دروشم و ناوی ئازادی ڕادەربڕین پەردەپۆش دەكرێت و شەرعییەتی پێ دەدرێت. بۆیە ئەگەر ڕاگەیاندنی ڕاستەقینە بریتی بێت لە خۆ داڕنین لە گشت پێشینەبۆچوونێك و گیڕانەوەی هەموو واقیع و گۆڕانكاری و ڕووداوەكان وەك خۆی، ئەوا هیچ كام لەم دوو بەشەی ڕاگەیاندن لە كوردستاندا ناچنە قاڵبی ڕاگەیاندنێكی پیشەیی و بێلایەن، هەر ئەمەشە نێچیرڤان بارزانی نیگەران و نائومێد دەكات تاكو بڵێت "لە هەرێمی كوردستاندا ئێمە كێشەیەكمان هەیە ئەویش كێشەی نەبوونی ڕۆژنامەوانیەكی پیشەیی و بێ لایەنە.. لەلایەن هەندێ لە ڕۆژنامەنوسانەوە هەوڵى جدى هەیە و كارەكانیان جێی دەست خۆشیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە" ئەوەی لەم خاڵەدا و لە كۆی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سەرنجێكی تر بێت، ئەو وەكو سەرۆكی حكومەت، كە ئێستا  پاڵێوراوی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان) و (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)ە ئەو هەموو ڕاگەیاندن و ئۆرگانە حزبی و رەسمیانەی خۆیانی بەدڵ نییە و پێیوایە ئەوانیش بێلایەن و پیشەیی نین و نەیانتوانیوە ڕای گشتی درووست بكەن و چاودێری كارەكانی حكومەت بن، كە بێگومان ئەمە دانپێدانانێكی زۆر ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانەیە و هەرئەمەش لەسەرۆكێكی دڵسۆز و تێگەیشتووی وەكو نێچیرڤان چاوەڕوان دەكرێت. بەڵام لەوێدا كە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ هەندێك هەوڵی جدی ڕۆژنامەنوسان دەدات و دەشڵێت "ئێمە وەكو حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هەوڵمانداوە كە پشتیوانیان بكەین و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین" بەداخەوە من پێموایە ئەو پشتیوانیانەى بەڕێزى باسیاندەكات هێشتا بۆ خەڵكانێكە كە ئەهلی ئەم پیشەیە نین، یاخود كەسانێكن لەوەتەی هەن و دەیانەوێت هەتا دەشمێنن جڵەوی گشت بوار و ڕەهەندەكانی راگەیاندن هەر لەدەست ئەوانەوە بێت، كە ئەم حاڵەتەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی سەرەكی كزبوون و تەنانەت مردنی داهێنان لە بواری ڕاگەیاندندا. لە كاتێكدا كە خەڵكانێكی داهێنەر هەن لە بوارەكەدا، كە دەرفەتیان بۆ نەڕەخسێندراوە بەتایبەت نەوەی گەنجی ئەمڕۆ، كە دەتوانن بە توانا و عەقڵیەتێكی گەنجانەی نوێوە تەكانێك بەم گۆمە وەستاوە بدەن.
 لایەنێكى ترى قسەكانى سەرۆكى حكومەت لەبارەى راگەیاندنەوە ئەوەیە كە دەڵێت "ئێمە لە كوردستان راگەیاندنمان ئازاد كردووە، بە رۆژنامەنووسانمان گوتووە چ دەنووسن بنووسن، هیچ سانسۆرو لێپێچینەوەیەك نییە لەسەر بیروبۆچوون، نەكەسمان سزاداوەو نەكەسیش سزا دەدەین.." لە كاتێكدا سەرۆكى حكومەت ئەو قسانە دەكات، لە راگەیاندنەكاندا باسى پیلانى كوشتنى رۆژنامەنووسان و سزادان و لێپێچینەوە و سانسۆرى جۆراوجۆر دەكرێت، كە ئەمانە پێچەوانەى یەكە، ئایا نێچیرڤان بارزانى راست دەكات و هەندێك رۆژنامەنووس بانگەشەى بىَ بنەما دەكەن یان بە پێچەوانەوە، من پێموایە لە كاتێكدا كە نێیرڤان بارزانى بەشێوەیەكى گشتى لە بارودۆخى رۆژنامەنووسى نیگەرانە بەڵام لەبارەى ئازادى رۆژنامەنووسییەوە نێچیرڤان بارزانى بەوپەڕى راشكاوى و كراوەییەوە ئەم قسانە دەكات و عەقلانییەت و حەقیقەتێك لە پشت قسەكانى ئەوەوە هەیە كە هێز بە بۆچوونەكانى دەبەخشێت، ئەگەر هەموو رۆژنامەنووسانیش ئەم قسانە رەت بكەنەوە و دژى بن، ئەوا دژایەتییەكە پشت ئەستور نییە بە بەڵگەى بڕواهێنەر. رەنگە لە هەندىَ حاڵەتیش سزادانى رۆژنامەنووسان كارى هەندىَ گروپ و لایەنى دەرەوەى حكومەت بووبێت، كە بێگومان لێرەشدا پارێزگارى كردنى رۆژنامەنووسان ئەركى حكومەتە و سەرۆكى حكومەتى كوردستانیش لەم حاڵەتەدا خۆى بە دڵسۆز دەزانێت.
 ئەوەى لە وتارەكەى نێیرڤان بارزانى بۆ رۆژنامەنووسان زۆر گرینگە ئەو داواكاریەیەتى كە دەڵێت "تەنها یەك داوامان هەیە ئەویش گواستنەوەی هەواڵە بەراستگۆیی، ئەمە تەنها داوای حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەواڵەكان بەراستگۆیی و وەك خۆی بڵاوبكرێتەوە، بێگومان ئامادەش نین لەم داوایە دەست هەڵگرین.." كەواتە ئەگەر رۆژنامەنووسان گوىَ لە نێچیرڤان بارزانى بگرن دەزانن، نێچیرڤان دەیەوێت بەدیلێكى باشى ئەو رۆژنامەوانی و كارە راگەیاندنەمان نیشان بدات، كە ئەو پێیوایە لەسەر بنەمایەكى ناتەندروست و نا پیشەییە و خەریكە دەبێتە نەریتێكى باو لە نێو پانتایى دنیاى راگەیاندنى كوردیدا و نێچیرڤان نایەوێت ئەزموونەكەمان لەسەر ئەم بنەما و بەم پەروەردە ناپیشەییە بنیادبنێین.
 ئەوەى نێچیرڤان بارزانى لە رۆژنامەنووسانى دەوێت تەنیا بێلایەنى و راستگۆییە، كە بنەماى سەرەكى كارى راگەیاندنن، بۆ ئەمەش ئامادەیە خودى خۆى ببێتە بنیادنەر و پشتیوانى ئەم هەوڵە. تەنانەت نێچیرڤان بارزانى بە ئەندازەیەك خەمخۆرى راگەیاندنێكى پرۆفیشناڵە، كە دەڵێت "باوەڕتان هەبێت كەس ئەوەندەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە راگەیاندنێكی راستگۆ نییە".
 جارێكى تر لەوێدا پەرۆشى نێچیرڤان بارزانى بۆ راگەیاندنێكى كارا و كاریگەر و راستگۆ دێتەوە بەرچاو، كە نێچیرڤان پەرۆشى ئەزموونێكى دیموكراسیشە كە راگەیاندنى ئازاد بنەماى بێت چونكە دەڵێت " ئێمەی خەڵكی كوردستان لەو ناوچە ئاڵۆزەدا ناتوانین ببین بەخاوەنی هیچ پێناسەیەك پێش وەرگرتنی پێناسەی دیموكراسی، بۆیە لە پرس راگەیاندنی ئازاددا هیچ لارییەكمان نییە".
 لە كۆتاییدا جەخت لەوە دەكەمەوە، كە پێویستە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس ببێتە دەستپێشخەرییەك لە پڕۆسەى داهێناندا و كارێكى بێلایەن و پیشەیى و راستگۆیانە بكات، بە تایبەت كە پانتایى كاركردنى لەوانیتر فراوانترە، بە ئومێدى ئەوەى هەوڵێكى جدى بخولقێنێت بۆ ئەوەى رۆژنامەوانى پرۆفیشناڵ و لێهاتوو پێبگەیەنرێت.
 
 Blnd.mustafa@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply