گۆزه‌یێ شه‌راب گۆبه‌ند ده‌نێته‌وه
یاده‌وه‌ری
به‌فر باری، باری، هه‌ر باری، ره‌نگه ئێستاش ببارێ! له هیچ زستانێ، له هیچ به‌فرانبارێ ئاسمانی جاسووسان به سه‌ر گۆڕه‌شێردا هێنده به‌فره‌ی لێنه‌هاتۆته خوارێ، به‌فر سه‌رده‌رگای گه‌یانده گوێسانه، گه‌یشته لك و پۆپه‌ی دارێ، دنیا تهختاییهكی سپییه، تا چاو بڕده‌كات چاو بدێ، له‌و چیاوچۆله له‌و پێده‌شت و دۆڵه چاڵاییهك نابینییهو، كه‌س بارهگاوبارهگا ناكات، كه‌س ماڵه‌وماڵ ناكات، قوڕ به سه‌ر ئه‌وانه‌ی داریان لێبڕاوه، كوڕم ده‌وێ بچێته داران، داربهڕووێك به سه‌ر دنیاوه ماوه؟! چی ما به‌فر داینهپۆشێ! بۆ دڵدانه‌وه‌ی خۆم گۆرانییه‌كه‌ی دایكمم ده‌گوته‌وه، كه هه‌ر كاتێ گوێی له لاوكی( به‌فر باری) ده‌بوو، ئه‌و سترانهكهی خۆی ده‌گوته‌وه:
له ئادارێ
به‌فر بگاته گوێی دارێ
نامێنێ تا ئێوارێ
به‌ڵام ئێستا ئادار نیه و به‌فرانباره، ئێره‌ش هه‌ولێر نیه، گۆڕه شێری بن تیچاوی جاسووانه، ئه‌گه‌ر به‌فر نه‌بێ له‌و ته‌نیشته‌وه بنهگوێنیی به‌رزایی قه‌ندیل دیاره، ئه‌و به‌فره وا ببارێ، بههارێش ناتوێته‌وه، هاوینێش دنیا ره‌شنابێته‌وه، به‌ری خۆ دێ، له‌و دنیایه شتێك ره‌ش ناچێته‌وه، سپی سپی، ره‌شایی چاو به لای سپیهتیدا ده‌بات، كه‌سی به‌فر نه‌ناس مجرۆ ده‌كات، ئه‌دی نه‌تانبیست پێشمه‌رگه بهسراییهكه چی به سه‌رهات، من نه‌مدیت، گێڕایانه‌وه: له ته‌مه‌نی خۆی به‌فری نه‌دیتبوو، باوه‌ڕی به ته‌له‌فزیۆنیش نه‌كردبوو، پێیوابوو درۆیه كه له ئاسمانه‌وه شتی سپی ده‌بارێ و زه‌وی دیشداشه‌ی سپی له‌به‌رده‌كات، ئێ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه شه‌و كه ده‌خه‌وێت، زه‌وی هه‌ر كراسه كۆنه زستانیهكهی له‌به‌ره ئه‌و كراسه‌ی كوڕه بهسراییهكه پێی ئاشنایه، سپێده كاتێ له خه‌و راده‌بێ، دنیا سپی سپی، شه‌ش قات سپی‌تر له دیشداشه سپییه‌كه‌ی كه له به‌سرا له‌به‌ری بوو، به‌فرێكی ئه‌ستوور كه‌وتبوو، له بن تیشكی رۆژێ تیشكی ده‌دایه‌وه، كوڕی به‌سرایی له به‌فر تێر نابێ، وه‌ك به‌چكه ورچ گه‌مه‌ی له ناو ده‌كات، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی ده‌ڵێته پێشمه‌رگه بهسراییهكه:
+ به‌فر په‌رجووێكی ئاسمانییه، ئاگادار به له پڕ و بزرده‌بێ، ده‌فڕێ ..
– كه وابێ، پێویسته تێر لێیبڕوانم، با لێی تێربم، نابێ چاوم داخه‌م
ئیدی كوڕه به‌سرایی هێند ته‌ماشای به‌فر، ته‌ماشای دنیای سپی ده‌كات، تا هه‌ستده‌كات، هیچ نابینێ، هاواردهكاته كوڕه خۆشناوهكه:
+ من وا تێگه‌یشتم به گاڵته ده‌لێی په‌ڕجووه، به‌ڵام بووه راست، كوا به‌فره‌كه؟ بۆ كوێ فڕی
– به‌فره‌كه په‌رجوو نه‌بوو،ماوه، چاوت فڕی..
ئیدی كوڕه بهسراییهكه چاوی له سه‌ر دانا، هیچی نه‌ده‌دیت، هه‌زار جوێنی عه‌ره‌بیی به كوڕه خۆشناو دا، باش بوو كوڕه قهندیلییهك فریا كه‌وت، كوڕه به‌سرایی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ژوورێكی تاریك تاریك هێشته‌وه، باش بوو له تاریكی بینایی بۆ چاوه‌كانی گه‌ڕایه‌وه.
باشه كه‌سی بهفرنهناسمان له‌گه‌ڵ نیه، ئێستا پێشمه‌رگه بهسراییهكان، له خۆشناوه‌كان پتر و هێنده‌ی قهندیلییهكان شاره‌زای به‌فر و نهێنییه‌كانی به‌فرن، بۆیه ترسی مجرۆبوون له به‌فرمان نیه، ئه‌و سه‌رهاته، سه‌رهاتی بینایی له به‌فر له ده‌ستدان و به ده‌ستهێنانه‌وه‌ی بینایی له كونجی تاریكی یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ناویان نابوو سه‌رهاتی كوڕه به‌سرایی و خۆشناوه‌تی ،كوڕێك بۆی گێڕامه‌وه، ئێستا، ئێستای به‌فرانبار و رێبه‌ندانی گۆڕه شێر وا له ته‌نیشتمه و فێره شه‌راب خواردنه‌وه‌ی ده‌كه‌م و فێر نابێ، ده‌ڵێ:
تاڵه، ناخورێته‌وه
ده‌لێم:
بیخۆوه ئه‌و تاڵییه شیرینییه‌كی له دوایه، له ته‌مه‌نت تامت نه‌كردووه
ده‌ڵێ:
ئه‌وه چیت گوت! له ژنیش به تامتره؟
ده‌ڵێم:
نا، گووی ئه‌وهام نه‌خواردووه، له دنیایێ چ له ژن به تامتر نیه؟ تۆ تامی ژنت كردووه؟
ده‌ڵێ:
نا، جارێك ویستم تامی پیرێژنێك بكه‌م، لێیانتێكدام..
ده‌ڵێم:
هه‌ر بۆیه گوتم تا ئێستا تامت نه‌كردووه، ده‌ی وه‌ك من قومی لێده..
ده‌ڵێ:
تاڵه، زۆر تاڵه، لێمگه‌ڕێ با به قه‌ند بیخۆمه‌وه
ده‌ڵێم: گووی تێمهكه، دیشله‌مه‌ی شه‌راب دامه‌هێنه..
گووی تێكرد، دایهێنا، به‌ختیار كلۆته شه‌كرێكی خسته زارییه‌وه و چایه‌ی شه‌رابی ده‌خواته‌وه، به‌ختیار به دیشله‌مه‌ی شه‌راب مه‌سته، به‌و دره‌نگی شه‌وه مه‌سته و كتێبێكی كردۆته دمك و به‌ندی ( مهشكێ) ده‌ڵێ، منیش به شمشاڵ بۆی ده‌گێڕمه‌وه، خه‌ریكه مه‌ست ده‌بم و هه‌ستده‌كه‌م جگه‌ره‌م جوان بۆ ناپێچرێتهوه، ده‌ڵێی خه‌و ده‌مباته‌وه، به‌وه‌ی باشه ئێشكگرییهكهم كه‌وتبووه سه‌ر له ئێواره و له كۆڵم بۆته‌وه، به‌ختیار وه‌ك سۆبه داره‌كه گهرمداهاتووه و ساردنابێته‌وه، ده‌ڕوانمه كاتژمێره‌كه‌م ودهڵێمه به‌ختیار:
كاتی ئێشكگریت نزیكبۆته‌وه، وه‌ره‌وه سه‌ره‌خۆ، ئه‌گه‌ر نا من له جیاتیت..
به‌ختیار ده‌ڵێ:
خه‌مت نه‌بێ، ئه‌و شه‌و زۆر باشم، ئاماده‌م ئێشكگری له هه‌موو دنیا بگرم
ده‌ڵێمه به‌ختیار:
كه‌واته بانه‌كه بماڵه، به‌فر زۆر كه‌وتووه، با به سه‌رماندا نه‌رووخێ
به‌ختیار ده‌ڵێ:
تۆ خه‌وی خۆت بكه، خه‌ونی خۆش ببینه، هه‌موو بانه‌كان هی باره‌گا و گوند به ماڵی پووره(…)یشه‌وه ده‌ماڵم
ده‌ڵێمه به‌ختیار:
نا، نا، نه‌كه‌ی له گوند نزیكبكهویتهوه، دوایی وه‌ك سه‌گ دهتتۆپێنن و ده‌تخه‌نه بن به‌فره‌وه تا به‌هارێ ته‌رمه‌كه‌ت نابیننه‌وه
به‌ختیار ده‌ڵێ:
له‌وه خۆشتر! شه‌هید ده‌بم
ده‌ڵێمه به‌ختیار:
پێشه‌وه‌ی ئێشكگره‌كه بێته ده‌رگا تۆ بڕۆ ده‌رێ نه‌وه‌ك بۆن بكات
به‌ختیار ده‌ڵێ:
بۆنی چی ده‌كات؟ دیشله‌مه! خۆ من دیشلهمهم خواردۆته‌وه
ئێشكگره‌كه بانگیكرد و به‌ختیار چووه ناو به‌فری رێبه‌ندانی باره‌گای گۆڕهشێرهوه، منیش له ژووره گچكه گهرماوییهكه له بن به‌تانی مامه‌وه، ژووره‌كه گچكه بوو، هه‌ر جێی پیاوێك و نیوی لێده‌بۆوه، له كه‌لاوه‌یه‌ك كه بێراییهكی گه‌وره بوو، دوو لا دیواری مابوو، له‌و لایهوهش سێ چوار ئه‌ستوونی ئه‌ستوور بانهكهیان راگرتبوو، من حه‌زم له ته‌نیایی بوو له‌و كه‌لاوه‌یه ژوورێكی گچكه‌م به به‌رد و نایلۆن قیتكردبۆوه، به‌ختیار له ژووره گه‌وره‌كه‌ی سه‌ره‌وه، ژووری سه‌رڕێژ له پێشمه‌رگه ده‌خه‌وت، به‌ڵام زوو زوو ده‌هاته لای من، ئه‌و شه‌و به سه‌ر شه‌رابدا هات، هێنده‌ی نه‌خوارده‌وه، بهڵاَم هێند مه‌ستبووه هێنده مه‌ست، وا له شه‌وی به‌فراوی له كاتژمێری ئێشكگری به‌ندان ده‌ڵێ و نایبڕێته‌وه، بۆ میز چوومه ده‌رێ، دیتم له ناو به‌فرێ باوه‌شی بۆ به‌فر گرتۆته‌وه، پێیه‌كانی تا سه‌ر چۆكی له به‌فر رۆچوونه، گوتم:
+وه‌ره بن هه‌یوانێ، ده‌نا ده‌بیته كرێمستی.
– قه‌یناكه، زۆرم گه‌رمایه، حه‌ز له كرێمستی ده‌كه‌م
+ وه‌ره خۆته كه‌ر مه‌كه ده‌نا له تڕێ سه‌ی ده‌چی
– ئه‌دی خۆت نه‌تده‌گوت كه‌ربوون پله‌یه‌كی به‌رزه كێ ده‌یگاتێ؟ ده‌ی شمشماڵهكهت بێنه..
+ ئه‌گه‌ر بێیه بن هه‌یوانێ شمشاڵ دێنم
– هاتم
به‌ختیار زۆر حه‌زی له شمشاڵ بوو، هه‌ر كاتێ بمگوتبا شمشاڵت بۆ ده‌ژه‌نم هه‌رچیم بویستا بۆی ده‌كردم، هات و به‌و شه‌وه به دیار به‌فره‌وه ئه‌و به به‌ند و من به شمشاڵ كردمانه به‌زمی خۆمان، هێسترهكهش كه له بن بێراییهكه به‌سترابۆوه تێكه‌ڵ به به‌زمی ئێمه بوو، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم- ئه‌گه‌ر چاوم سه‌مای نه‌كردبێ- هێستر به هه‌ر چوار پێیان سه‌مای ده‌كرد، ببینن له بن بێرایی به‌فره‌وه دوو پیاو و هێسترێك به هه‌شت پێوه چ سه‌مایه‌كی مه‌ستانه ده‌كه‌ن، ئێشكگرییه‌كه‌ی به‌ختیارمان به سه‌مای هێسترانه به سه‌ر برد، دواتر ناومان له سه‌مای ئه‌و شه‌وه نا سه‌مای هێسترانه، شه‌وی دواتر به‌ختیار پرسی:
+ ئه‌و عاره‌قه‌ت له كوێ هێنا؟
– شه‌رابه‌كه هی رێبوار عه‌ره‌ب بوو
+ هیچ نه‌ماوه؟
– به داخه‌وه هه‌ر ئه‌و مه‌تاره‌یه بوو
+ بزانه مهتارهیهكیدی..
– زۆرم لێیوهرگتووه، رووم نایه داوابكه‌م، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م بۆ خۆم شه‌راب درووستبكه‌م
+ ده‌زانی؟
زۆر ته‌ماشای ده‌ستی رێبوارم كردبوو، ئه‌گه‌ر خۆم لێده‌م ره‌نگه سه‌ركه‌وتووبم، هێنده زه‌حمه‌ت نیه، چی ده‌وێ، جلیكانهیهك و هه‌ندێك كشمیش و .. ناوی خوام لێیهێنا، ناوم له جلیكانهكهش نا گۆزه، ئه‌و رۆژه‌ی شه‌رابم گرته‌وه و گۆزه‌م خسته چاڵه‌وه، ساڵ گه‌یشتبووه ره‌شه‌مێ ، به‌فر به باره‌گاوه نه‌مابوو، هه‌مان رۆژ كوڕێك گه‌یشته باره‌گا، گوتیان له شاره‌وه هاتووه، زوو بووینه برادههر، له ژووره‌كه‌ی خۆم جێم بۆی كرده‌وه، ئه‌و كوڕه ده‌نگی خۆش نه‌بوو به‌ڵام حه‌مه سالح دیلانی جوان ده‌گوته‌وه، له كاتی گۆرانی گوتن بنێشتی ده‌خسته جێگه‌ی ددانه شكاوه‌كه‌ی، وای نه‌كردبا هه‌ندێ ده‌نگی به شێوه‌یه‌ك گۆدهكرد له گوێ خۆشنهدهات، ددانی پێشه‌وه‌ی هی سه‌رێ شكابوو، بۆ شكابوو! من ده‌مویست تووڕه‌ی بكه‌م، تووڕه نه‌ده‌بوو:
+ باشه بۆچی چوویه گژ هێستری چه‌مووش؟
– سه‌یدا، ئێ، چیبكه‌م هێستری ده‌سته‌مۆ ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت
كوڕه ددان شكاوه‌كه كه منی به سه‌یدا بانگده‌كرد ناوی (ئاوات) بوو، له هۆنینه‌وه‌ی درۆی سپی ده‌ستره‌نگین بوو، درۆیه‌كانی شاری بوون، تاموبۆی شاریان پێوه بوو، من چێژم لێیان وه‌رده‌گرت، ئاوات شیعریشی ده‌نووسی، چه‌ند شه‌وێكی پڕ شیعر و گۆرانی و شمشاڵ و درۆی ناسكمان به یه‌كه‌وه به‌سه‌ربرد، شه‌وێكیش خواردمانه‌وه، عهرهقمان خوارده‌وه، (شۆرش)ێك چاكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ كردین، نیو بوتڵ عه‌ره‌قی به دیاری داینێ، مهزهمان برنجه سۆره‌ی ئێوارێ و سه‌لكه پیازێك بوو، ئاوات له سه‌رخۆشیدا جوانتر گۆرانیی ده‌گوت، درۆی جوانتریشی ده‌هۆنییه‌وه.. ده‌مگوته ئاوات:
– با شه‌رابی خۆمان پێبگات، هه‌ینێ وه‌ك به‌هار مه‌ست ده‌بین
+ دیاره به‌هاری ئێره زۆر به گوڵه!
-هه‌رچی گوڵ هه‌یه له دنیایێ، لێره ده‌یبینی
+ سه‌یدا، گۆزه‌كه زۆری ماوه؟
– چه‌ند رۆژێك..
حه‌یف، شه‌ڕێ هاته پێشێ، قه‌ندیل بانگیكردین، رۆیشتم و گۆزه‌م به ئاوات سپارد، گوتم:
– جوان ئاگات له گۆزه بێ ، له كاتی خۆی سه‌ری شڵ و توند بكه‌وه، زۆر وریابه ئاشكرا نه‌بێ
+ بێ خه‌م به سه‌یدا، دایك له كاتی شیردان به كۆرپه‌كه چه‌ند به ئاگایه منیش ئه‌وها ده‌بم بۆ گۆزه
– ئه‌گه‌ر نههاتمهوهش وه‌ك شیری دایكت حه‌ڵاڵت بێ
+ سه‌یدا وامه‌كه له‌گه‌ڵت بێم..
له سه‌ری چه‌كوچ و سادرێ، له بن تۆپبارانێ هزرم هه‌ر لای گۆزه‌ی شه‌راب بوو، كه‌ی شه‌ڕ ته‌واو ده‌بێ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه ژووری شه‌رابی، ژووری گۆزه‌یی، ژووری ئاواتی، ژووری شمشاڵ و سترانی و درۆی سپی، ئه‌و شه‌ڕه چ پێناچێ دوایی بێ، له شه‌ڕی هه‌میشه‌یی ده‌چێ، هه‌ر شه‌و و رۆژێكی ساڵێكه، هه‌ر گولله تۆپێكی مردنێكهكه له نزیك سه‌نگه‌ره‌كانمان به عه‌رد ده‌كه‌وێ و دنیایه‌ك ساچمه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، نهكوژرێم و مهتارهكهم پڕ له شه‌رابی گۆزه‌كه بكردایه، به برینداریش لێی ده‌رچم باشه، شه‌ڕ كۆتایی نه‌هات به‌ڵام ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه هاتن و جێی ئێمه‌یان گرته‌وه، گه‌ڕاینه‌وه، ئه‌وجاره به بازگه‌ی پاسداران‌دا و به تروبێل و به‌و دیودا به‌ره‌و باره‌گای گۆزه‌یی سووڕاینه‌وه، ئێستا شه‌راب جوان پێگه‌ییوه، ئه‌و شه‌و هێند ده‌خۆمه‌وه هه‌رچی ماندوێتییه ده‌یهێنمه‌وه، هێشتا نه‌گه‌یشتبوومه نۆكان، بیستم باره‌گای گۆڕه‌شێر باریكردووه و هاتوونه‌ته نۆكان، به‌و هه‌واڵه راچه‌نیم و له چاره‌نووسی گۆزه كه‌وتمه گومانه‌وه، ده‌بێ ئاوات دهریچواندبێ و ئاشكرا نه‌بووبێ، نیوه‌رۆیه، زه‌وی وشكه، هه‌وا خۆشه، چاوه‌رێی هاتنه‌وه‌ی ئاوات ده‌كه‌م، بیبینم و هه‌واڵی گۆزه‌م بداتێ، ئاوات چووبووه باره‌گاكه‌ی سه‌رێ، هاته‌وه، تیمكردهوه:
+ گۆزه‌كه؟
– سه‌یدا، دوایی، دوایی…
+ بۆ دوایی؟
– دوایی، داربهڕووێك حه‌زی له شه‌راب بوو،دامێ
+ كه‌واته له وه‌رزی به‌ڕوو ده‌چینه بن داربه‌ڕووه‌كه و به‌ڕووی شه‌رابی ده‌خۆین..
نانمان خوارد، له بن دواره‌كه له سه‌ر به‌ردێ روو له رووبار و رێیه گشتیه‌كه‌ی سه‌ر رووباره‌كه، چایه‌م له پێشه و خه‌ریكی پێچانه‌وه‌ی جگه‌ره‌م، دیتم له نزیك گه‌رماوه‌كه ئاوات و كادیرێك به ده‌م چایه خواردنهوهوهخهریكی راوێچكهن، هێشتا جگه‌ره‌كه‌م دانه‌گیرساندبوو لێیان بووه قڕه‌قڕ، دوو مژم لێینهدابوو، مستهكۆڵهیهك به ده‌وی ئاوات كه‌وت، ئیدی بووه شه‌ڕ، لێكیان كردنه‌وه، ئه‌و كادیره له باره‌گاكه‌ی گۆڕه شێر بوو، من ده‌مێك بوو قسه‌م له‌گه‌ڵی نه‌بوو، دوای نیوه‌ڕۆیه‌ك هه‌ر له باره‌گا بهفرییهكهی گۆڕه‌شێر هێشتا ئاوات نه‌هاتبوو، خراپ تێكگیران ئه‌و نازانم چی له ده‌ست بوو، به‌ڵام چه‌كی ده‌ستی من شیشێكی سه‌ر ئاگردانه‌كه كه درێژییه‌كه‌ی لا باڵێك ده‌بوو، زوو كه‌وتنه نێوانمانه‌وه ده‌نا پیس له یه‌كترمان ده‌دا، شه‌وه‌كه‌ی جه‌لال ده‌باخ هه‌ردووكمانی بانگكرده ژووره‌كه‌ی خۆی و له‌گه‌ڵ یه‌كتر ته‌وقه‌ی پێكردین، به‌ڵام پێكنههاتینهوه، شه‌ڕه‌كه‌ی من له بیرم نیه له‌سه‌ر چی بوو، ده‌نا دهمگێڕایهوه، به‌ڵام شتێكم له هی ئاوات له بیرماوه، ئاوات ئه‌وهای گێڕایه‌وه:
+ هێشتا تۆ نهڕۆیشتبووی كێشه‌یه‌ك كه‌وتبووه نێوانمان، دواتر له سه‌روه‌ختی باركردن، نازانم چۆن بۆنی كرد و به گۆزه‌كه‌ی زانی، ده‌یویست دنیا تێبگه‌یه‌نێ كه ئاوات بۆ شهرابگرتنهوه هاتۆته چیا، ئیدی گۆزه بووه خاڵی لاوازی من، ئه‌وه‌بوو گۆزه‌كه‌م رژانده بن داربه‌ڕووه‌كه‌ی سه‌ر سیله‌ی خانووه‌كه..
– كه‌واته ئه‌و مسته‌ی خواردت به هۆی گۆزه‌كه‌ی منه‌وه بوو
+ نا، كێشه‌كه له گۆزه‌كه گه‌وره‌تر بوو
ئێستا تووڕه‌م، پتم لێده‌ن ده‌ته‌قم خواخوامه كادیره‌كه قسه‌یه‌ك بكات، مۆڕهیهكم لێبكات، زۆر جار به دزییه‌وه شیشهیهكم ده‌خسته بن ساقۆیهكهم وئه‌گه‌ر كه‌س دیار نه‌با چاوی تووڕه‌یی و شهڕاویم تێده‌بڕی، بۆ ئه‌وه‌ی بێته وه‌ڵام و شیشه‌یه‌كی بخهوێنمێ، به‌ڵام ئه‌و به كه‌رایه‌تی منی نه‌ده‌كرد و خۆی تێكنهدهدا، زۆری نه‌برد كادیره‌كه‌یان نارده رووسیا، پێشمه‌رگه‌یه‌كی تووڕه وه‌ك بڵێی فشه به حزب و باره‌گا بكات، به ده‌نگی به‌رز ده‌یگوت:
((هه‌ر كادیرێك حه‌زی له رووسیایه با مستێك راوه‌شێنێ، مستهكه چه‌ندی توندتر بێ، زووتر ده‌گه‌یتێ))
دواتر، ته‌واوێك دواتر ئاواتیش چووه ئێران وماوه‌یه‌ك له‌وێ مایه‌وه و له‌وێشه‌وه بۆ رووسیا، پێشمه‌رگه تووڕه‌كه كه ئه‌وه‌ی زانی ده‌یگوت:
((هه‌ر كادیرێك ده‌یه‌وێ مست بوه‌شێنێ، من ئاماده‌م و ده‌ستیش ناكه‌مه‌وه))
ئیدی شهرابگرتنهوهم لێنه‌هات و چیدی نهمگرتهوه، دیاره له باره‌گاكاندا مه‌ی قه‌ده‌غه بوو، به ئاشكرا نه‌ده‌خورایه‌وه، به‌ڵام زۆری وه‌ك منیش هه‌بوون ئه‌گه‌ر بهدهستیانبكهوتبا له په‌نایه‌ك یان له دره‌نگانی شه‌و و خۆیان مهستدهكرد، ئه‌وه‌ی له ناو باره‌گاو له بن جێیه‌كه‌ی خۆشی ده‌یگرته‌وه ده‌بوو زۆر به نهێنی بێ ته‌نها كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی ده‌یانزانی، ئاخر زۆر جار مه‌ی گۆبه‌ندی ناوه‌ته‌وه، گۆزه گۆبه‌ندی ناوه‌ته‌وه، گۆبهندهكهی باره‌گای دۆڵه‌كۆگه له هه‌موو قه‌ندیل ده‌نگی دایه‌وه، له زاری پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌وه بیستم، وای گێڕایه‌وه:
(( ئێمه سێ براده‌ر له بازاڕه‌كه‌ی سونێوه دوو بوتل عهرهقمان بۆ هاتبوو له بن به‌ردی ده‌و چه‌مه‌كه شاردبوومانه‌وه، ئێواره‌یه‌ك داماننا كه شه‌و دره‌نگ بخۆینه‌وه، ئێ، هێشتا مهزهمان دانه‌نابوو، هێشتا بوتڵمان ده‌رنه‌هێنابوو، دیتمان به‌رپرس دوو بوتڵ عه‌ره‌قی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه، خۆی چه‌ند سووربوو سوورترببۆوه، تووڕه تووڕه، ئاگری له چاو ده‌باری، به‌ردی له زاری ده‌ڕژا، پرسی:
+ ئه‌و دوو شووشه‌یه هی كێیه؟
-…..
+ ده‌ڵێم ئه‌و دوو شووشه گووه هی كێیه؟
-……
له دڵی خۆم گوتم، ئه‌دی بۆچی به ده‌ستته‌وه گرتووه!!
+ باشه ئه‌و دوو شووشه‌یه له كێ بڕم؟
-….
هێنده‌ی نه‌مابوو بڵێم، با فیڕۆنهچن له‌و دوو براده‌رم!!
به‌رد به ده‌نگ هات كه‌س ورته‌یه‌كی لێوه نه‌هات، هه‌ر كه‌سێك قسه‌یه‌كی بكردایه به ملی ئه‌ودا ده‌هات..
+ باشه هی كه‌س نیه، هی خۆمه، ئه‌وه میزی خۆم بوو تێمكرد گوتم بزانم كێ ده‌یخواته‌وه، كه‌س ده‌یخواته‌وه؟
-…..
ده‌مویست بڵێم، ئه‌گه‌ر میزی تۆ ئه‌وهایه، رۆژی شووشه‌یه‌ك بۆ من!!
هه‌رچی پرسی كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه هه‌رچی گۆت كه‌س به قسه نه‌هات، دیتم سه‌ری شووشه‌ی كرده‌وه و به به‌ر چاومانه‌وه چۆڕ چۆڕ رژاندییه زه‌وییه‌وه، پێشمه‌رگه‌كه‌ی ته‌نیشتم سهریهێنایه بن گوێم:
+ چۆنه بڵێم به سه‌ر مندا بیڕژێنه
– نه‌كه‌ی، ئاشكرا ده‌بین
ئیدی به به‌ر چاومانه‌وه ئه‌و عه‌ره‌قه نازداره رژایه زه‌وی و وه‌ك ته‌مه‌نی چوو به فیڕۆ چوو))
گۆزه شه‌رابه‌كه‌ی منیش به فیڕۆ چوو، دوای ساڵانێكی زۆر ئاواتم دیته‌وه، گوتی:
ئێستاش جێی مستهكهم دێشێ..
گوتم:
له خۆم نابوورم، گۆزه‌كه‌م گۆبه‌ندی نایه‌وه
گوتی:
رژانی شه‌راب له رژانی خوێن ناچێ؟!
گوتم:
ئه‌و داربه‌ڕووه‌ی شه‌رابی خواردبێته‌وه، به‌ڕووی شه‌رابی ناگرێ؟!
گوتی:
ئه‌و چۆله‌كانه‌ی له سه‌ریشی ده‌نیشنه‌وه مه‌ست ده‌بن
گوتم:
ئه‌و گۆزه‌یه‌ی گۆبه‌ند بنێته‌وه دواتر رسته‌ی شه‌رابیی لێده‌كه‌وێته‌وه..
كه‌ریم كاكه