Skip to Content

Friday, October 22nd, 2021

گۆڕان هێزه‌ ته‌نیاكه‌

Be First!
by December 25, 2010 گشتی

(شڵه‌ژانی  سیاسی لای گۆڕان)

هێمن مه‌حمود_ ده‌ربه‌ندیخان
Hemnm1979@yahoo.com

گومان له‌وه‌دا نیه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئێستا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم هێزێكی جه‌ماوه‌ری و خاوه‌ن پێگه‌ی به‌هێزه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراویش له‌ به‌غدای پایته‌ختی عیراق خاوه‌نی پێگه‌ی خۆیه‌تی و له‌په‌رله‌مانی عیراقدا خاوه‌نی هه‌شت كورسییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌نگ و قورساییه‌كی زیاتری داوه‌تێ.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌نگه‌ تاكه‌ هێزی هه‌رێم بێت كه‌ بۆچونه‌ جیاوازه‌كانی له‌نێو هه‌ناوی خۆیدا كۆكردبێته‌وه‌ و ره‌وتێكی وه‌های دروستكردبێـت بێ گوێدانه‌ رای سیاسی و رابوردوی حزبایه‌تی و لایه‌نگری هه‌ر ئایدۆلۆژیاو ئاینێكی دیاریكراو خه‌بات بۆ ئامانج و ئاواتێكی مه‌زن بكات كه‌ ئه‌ویش گۆڕان و گۆڕانكاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌ له‌كوردستان.
بۆنمونه‌ له‌م هێزه‌دا له‌وپه‌ڕی چه‌پی تیادایه‌ تاوه‌كو ئه‌وپه‌ڕی راست، عه‌لمانی و ئیسلامی، مۆدێرن و كۆنزه‌رڤاتیڤ،كۆنه‌ یه‌كێتی و گۆڕانخواز، گه‌نج و پیری له‌خۆی كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش هێزێكی سه‌یری داوه‌تێ و بزوتنه‌وه‌یه‌كی جیاوازی سیاسی لێدروستكردووه‌ .
گومان له‌وه‌شدا نیه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی وه‌ها به‌م پێكهاته‌ سه‌یرو جیاوازه‌وه‌ دیاریكردنی هێڵه‌ سیاسیه‌كانی هه‌ندێكجار ئه‌سته‌م بێت و هه‌ندێكجاری دیكه‌ش بریاره‌ سیاسیه‌كانی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ر ره‌خنه‌ بكه‌وێت و گومان له‌سه‌ر ئه‌دای نوێنه‌ره‌كانی بكرێت.
هه‌موو ره‌خنه‌و گومانێكی بنیاتنه‌رانه‌ش له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ره‌واو هه‌قه‌ چونكه‌ هه‌رچی هێزێك گوێ له‌ره‌خنه‌و گومان نه‌گرێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ نابێت پشتگوێی بخات چونكه‌ دواجار بنه‌مای ئه‌م هێزه‌ له‌سه‌ر رای جیاواز دروستبوه‌و هه‌ر هه‌وڵدانێك بۆ كوشتنی ده‌نگی ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایبون له‌لایه‌ن كه‌سه‌كانی ئه‌م هێزه‌وه‌ به‌خراپ له‌سه‌ر ئازادی و ئازادی راده‌ربڕین ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها ده‌یه‌ها دروشمی ئه‌م  بزوتنه‌وه‌یه‌ش ده‌كات به‌هه‌ڵمی ئاو.
روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عیراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ  ده‌رده‌خه‌ن كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌بریاره‌ سیاسیه‌كانیدا توشی شڵه‌ژانێكی سه‌یربووه‌ كه‌ تاوه‌كو ئه‌م ساته‌ وه‌ڵامێكی قه‌ناعه‌تپێكه‌رمان لای سه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌ستنه‌كه‌وتوه‌ كه‌ ئایا ئه‌مه‌ ئاراسته‌ی سه‌ره‌كی سیاسی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ یاخود ئه‌م شڵه‌ژانێكی سیاسی كاتییه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێ ئه‌زمونی.
با له‌به‌شداریكردنی گۆڕانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین له‌ئیتیلافی هێزه‌ كوردستانیه‌كان،دیاره‌ به‌شداریكردنی گۆڕان له‌م ئیتیلافه‌دا زیاتر ماكیاجكردنێكی  ناشیرین بوو بۆ روخساری هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد،چونكه‌ هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مجارو كوشنده‌ی گۆڕان ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كێتی وپارتی به‌ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌ فریویانداو رۆشته‌ ناو ئه‌و ئیتیلافه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زمونی ئه‌م دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌به‌غدا ئه‌وه‌ی ده‌رده‌خست ئه‌وان جگه‌ له‌ده‌ستكه‌وتی خۆیان گوێ به‌ده‌ستكه‌وت بۆ كورد ناده‌ن و دروستكردنی ئه‌م ئیتیلافه‌ش ته‌نها بۆ به‌هێزكردنی داواكارییه‌ حزبییه‌كانی خۆیانه‌( وه‌ك بینیشمان هیج خاڵێكی داواكارییه‌كانی كورد جگه‌ له‌سه‌رۆككۆماری جێبه‌جێنه‌كراون)،  دواتر گۆڕان كه‌ بۆماوه‌یه‌كی زۆر له‌ناو ئیتیلافه‌كه‌شدابوو  نه‌ده‌بوو له‌كۆتاییه‌كه‌یدا بكشێته‌وه‌و فریای هیج داواكارییه‌ك نه‌كه‌وێت و هێزه‌كانی دیكه‌  له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت رێكبكه‌ون.
ئه‌و كاته‌ی گۆڕان كشایه‌وه‌ هێڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی دروستكردنی حكومه‌تی عیراقی ئاشكرابوو، ئه‌مریكا مه‌سعود به‌رزانی راسپاردبوو دروستكردنی حكومه‌تی عیراقی ببڕێنێته‌وه‌و له‌رێگای ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكانێكی ساده‌ به‌ده‌ستپێشخه‌ری مه‌سعود به‌رزانی تێگه‌شتبون هێزه‌ سیاسیه‌كانی عیراق رێكبخات، كه‌ دیاریشه‌ كارێك سه‌رۆكی هه‌رێم بیكات گۆڕان بێبه‌ش ده‌كات لێیی، ئه‌وه‌شبوو هه‌مومان بینیمان دوژمنه‌كانی دوێنێی كورد  ساڵح موتڵه‌گ و ئه‌سیل نوجه‌یفی بانگی هه‌ولێركران و نه‌وشیروان مسته‌فا  و بزوتنه‌وه‌كه‌ی  بانگ نه‌كران.
هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی گۆڕان له‌به‌غدا  كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر هه‌ڵویست و ناوبانگ و سیاسه‌تی جێهێشت بێ ده‌نگیان بوو له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق، نوێنه‌رانی گۆڕان هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژییان كرد كاتێك له‌و پرۆسه‌یه‌دا رونكردنه‌وه‌یان نه‌دا، ئاخر گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئه‌و پۆسته‌ نه‌ته‌وه‌یی نیه‌و حزبییه‌و پۆستێكی ته‌شریفاتیه‌،هه‌ربۆیه‌ بون ونه‌بونی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددانیه‌، كه‌چی كتوپڕ قه‌ناعه‌تیان گۆڕاو ده‌نگیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رۆك كۆماردا( ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ی ئه‌وان هه‌موو شه‌وێك له‌كه‌ناڵه‌كه‌یانه‌وه‌ هێرشیانده‌كرده‌ سه‌ری و ده‌نگیان پێ كۆده‌كرده‌وه‌).
هه‌موو چاودێرێكی سیاسی ئه‌گه‌ر ته‌ماشای شانۆی سیاسی عیراقی كردبێت بۆ ده‌ركه‌وتوه‌ گۆڕان له‌كوێ هاوكێشه‌كه‌دا بووه‌، هێزه‌ سیاسیه‌كانی عیراق به‌تایبه‌تیش شیعه‌كان كه‌ هاوپه‌یمانی ستراتیژی یه‌كێتی و پارتین  به‌ئاسانی ده‌ست له‌م دوو حزبه‌ كوردییه‌ به‌رناده‌ن بۆ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كوردی، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م گروپانه‌ لای یه‌كێتی و پارتییه‌ نه‌وه‌ك گۆڕان، گۆڕانیش به‌هه‌ڵه‌ له‌وه‌ گه‌شتبوو، هه‌ربۆیه‌ وه‌ك دواجار بینیمان حكومه‌تی عیراقی راگه‌یاندراو وه‌زیرێكیش به‌ گۆڕان نه‌درا.
به‌بڕوای من گۆڕانی به‌غدا گۆڕانی كوردستان نیه‌، ئه‌م هێزه‌ له‌به‌غدا نازانێت سیاسه‌ت بكات، نازانێت ده‌نگی چه‌وساوه‌كانی كوردستان به‌به‌غدا بگه‌یه‌نێت، ناتوانێت ئاستی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی پیشانی به‌غدا بدات و پێیان بڵێت هاورێیان هه‌ر ئێوه‌ گه‌نده‌ڵ نین، ئه‌مانه‌ی ئێمه‌ش له‌ئێوه‌ باشترنین، ئه‌و به‌هه‌شته‌ی كه‌ باسده‌كرێت لای ئێمه‌ وه‌هاش نیه‌، فه‌رمون ئه‌و ژماره‌ی وه‌زیره‌ خانه‌نشینكراوه‌كان كه‌ خۆی ده‌دات له‌هه‌زار، ژماره‌ی موچه‌خۆرانی حزب سه‌دان هه‌زاره‌، ناعه‌داله‌تی له‌وپه‌ڕی ئاستدایه‌، وه‌كچۆن سه‌رزه‌وین خوارد، ئێستا خه‌ریكن ژێر زه‌ویش ده‌ماشنه‌وه‌، ئیدی به‌مجۆره‌ سه‌دان و هه‌زاران گه‌نده‌ڵی دیكه‌.
گۆڕان له‌بری ده‌رخستنی هه‌موو ئه‌مانه‌ كه‌چی داوای پۆستی ده‌كرد، هه‌ربۆیه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد پاشقولێكی دیكه‌یان له‌گۆڕان گرت و هێنده‌ی دیكه‌ ته‌نیایان كرد.
ئێستا گۆڕان له‌كوردستان وله‌به‌غداش هێزێكی ته‌نیایه‌،گۆڕان هێزێكی ئۆپۆزسیۆنه‌، هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ر بیرله‌وه‌بكاته‌وه‌ وه‌ك هێزه‌ ئیسلامیه‌كانی دیكه‌ پێیه‌كی له‌ناو ده‌سه‌ڵات و پێیه‌كی له‌ناو ئۆپۆزسیۆندا بێت، چونكه‌ جه‌ماوه‌ر زۆر زوو له‌و یارییانه‌ گه‌شتوه‌، گۆڕان ده‌بێت بیر له‌ده‌سه‌ڵات نه‌كاته‌وه‌ بیر له‌جه‌ماوه‌ر بكاته‌وه‌، ئه‌و خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی بیرنه‌چێت كه‌ ئه‌وی دروستكرد.
ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین دۆخی بریاری سیاسی لای گۆڕان ئێستا شڵه‌ژاوه‌، هاوكاریكردنی ئه‌م هێزه‌و ده‌رخستنی هه‌ڵه‌وكه‌موكوڕییه‌كان ئه‌ركی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت مۆمێك له‌م شه‌وه‌زه‌نگی گه‌نده‌ڵیه‌دا هه‌ڵبكه‌ن.
گۆڕان ده‌بێت بریاری ئۆپۆزسیۆن بون بدات له‌هه‌موو دۆخێكدا، ئۆپۆزسیۆنێكی شه‌رمن نا، ئۆپۆزسیۆنێكی به‌جورئه‌تی وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی ته‌موزی كوردستان، ئه‌وكات ده‌شزانێت چۆن بریاری سیاسی بدات.

 

Previous
Next

Leave a Reply