Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
گیانی ژیاندۆستی خەڵکی باڵەکایەتی

گیانی ژیاندۆستی خەڵکی باڵەکایەتی

Closed
by April 9, 2012 گشتی

 

(مرۆڤ تاکە بونەوەرێکە کە شەرم دەکات چونکە هەر ئەوە کاری وا  دەکات  جێی شەرمەزاری بێت)

وا بۆ جارێکی دیکەش خەڵکی باڵەکایەتی دەیانەوێت بێنەوە سەرجادەو جارێکی دیکەش سوربونی خۆیان لەسەر داواکارییەکەیان  بۆ حکومەتی هەرێم دەردەبڕن کە بریتییە لە گوشتنەوەی ئەو تاوانبارەی ماوەیەک لەمەوپێش ڕۆڵەیەکی ناوچەکەیانی گوشت!
هەڵبەتە پرسی داواکردنی ” کوشتنەوە “ی تاوانبار لەلایەن خەڵکی ئەو دەڤەرەوە، پرسێکە جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، بەوەی ئایا گیانی مەرگدۆستی لەلای خەڵکی باڵەکایەتی هێندە گیانێکی باڵایە، وایکردووە ئاوا سور بن لەسەر کوشتنەوەی بگوژی ” ڕێبازی جوانەمەرگ ” کە ئێستا لە زیندان دایە؟! ئەی ئایا گیانی لێبوردەیی و تەوازوع کە  خەسڵەتێکی ئینسانی و کوردانەیە ، تا چەند بەدی دەکرێت لەناو خەڵکی باڵەکایەتیدا؟!
ئەوەی دورو نزیک خەڵکی باڵەکایەتی بناسێت، دەزانێت چەندە خەڵکێکی بەڕێز و بەخشندەو ئاشتیخوازن، کە ئەو تایبەتمەندێتیانە دەقاودەق لە گیانی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستییەوە سەرچاوە دەگرن، بە پێچەوانەوە گیانی مەرگدۆستی بە هیچ پێچ و پەنایەکدا ڕیگای ناچێتەوە سەر بەخشندەیی و سەرجەم ئەو تایبەتمەندێتییە ناوازانەی کە خەڵکی ئەو دەڤەرە هەڵگرییەتی!
سەپاندنی سزای مردن بەسەر کەسێکدا کە تاوانێکی دڵتەزێنی ئەنجام داوە، کەمترین سزایە! بەڵام لەو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانەی لەمەڕ خۆمان، کولتوری کۆمەڵایەتی و دینی و دەسەڵاتدارێتی، خەڵکی وا ڕاهێناوە کە مەرجە تاوانباری بکوژی” بێ پشتیوان” دەبێت بکوژرێتەوە، واتا لە ڕووی ڕوحی و جەستەییەوە دەیسڕنەوەو نایەڵن ئەو ڕوح و جەستەیە بەند بکرێت و هێدی هێدی لەناو ئاگری ویژدانی خۆیدا بسوتێت!

ئاشکرایە دیاردەی لێبوردەیی یەکێکە لە دیاردە جوانەکانی مرۆڤایەتی، لەهەمان کاتیشدا وەک هەموو دیاردەیەکی دیکە، ئاست و سنوری دیاریکراوی خۆی هەیە، کاتێک لە سنوری خۆی تێپەڕی کرد، مانا مەنتیقییەکانی خۆی لەدەستت دەدات! کێیسی کوژرانی ڕێبازی جوانەمەرگ لە ناوچەکەدا یەکەمین و دووەمین پرسی کوشتنی بە ناحەق نییە بەڵکو سێیەمینە! بۆیە تێگڕای خەڵکی ناوچەکە بەو هەموو حەماسەت و مکوڕییەوە هاتوونەتە مەیدان و پەتی سەبریان پساوەو دەیانەوێت حکومەت و دەسەڵاتی ناوچەکەیان لە خەوی نەوەتەکان وەخەبەر بهێنن و پێی بڵێن ئێستا دەیەیی دووهەمی دووهەزارەکانە!

داواکردنی جێبەجێکردنی سزای کوشتنەوەی بکوژ لەلایەن خەڵکی باڵەکایەتییەوە لە گیانێکی تەواو ژیاندۆستانەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە زۆرجار و لە زۆر حاڵەتی تایبەتیدا، لە مردنەوە  ژیان سەوز دەبێت، واتا لە هەموو حاڵەتێکدا مردن هەر تەنیا بریتی نییە لە مردن، وەک چۆن لە هەموو حاڵەتێکدا ژیان بریتی نییە لە ژیان! دەبێت مردن هەبێت تاکو ڕەونەق بداتە ژیان، هەروەها بەبێ ژیانیش شتێک نییە ناوی مردن بێت!  ڕەوشی ژیان و دەسەڵاتدارێتیی لە کوردستاندا ئەوەی نیشانی هەموولایەک داوە کە ئاساییە هەندێک بژین لەسەر حیسابی مردنی هەندێکی دیکە، هەندێک بکوژو ببڕو بخۆڕ بن لەسەر حیسابی مردن و داماوی و برسییەتی هەندێکی دیکە! هەندێک لەسەر تەنیا گوفتارێک و دەربڕینی دەردەدڵی پەنگخواردووی ناو دەرونی هەڵقرچاویان، بەبێ دادگایکردن دەکوژرێن و هەندێکیش دەکوژن و دەبڕن  کەس پێیان ناڵێت پشتی چاوتان برۆیەو لەسەروی دادگاوەن!  خەڵکی باڵەکایەتی دەیانەوێت  دەسەڵات مەجبور بکەن کە بەیەک چاو بڕوانێتە سەرجەم خەڵکی و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوەو سنورێک بۆ بە پەڕاوێز بوونی خەڵکی ئاسایی دابنرێت، ئەوانەی دەستەکانیان پڕن لە تاریکایی مردن دەبێت بمرن تا بتواندرێت هەمووان دەست بە ژیانەوە بگرن!
 ئەوەی خەڵکی باڵەکایەتی توڕەکردووە ، بریتی نییە لە توڕەبوون لە خودی ئەو بکوژەی کە کوڕەلاوەکەیانی کوشتووە بەڵکو توڕەبوونی ئەوان لەو دەسەڵاتەیە کە بە سیاسەتە نادادپەروەرییەکانی ڕەوشێکی وەهای ڕەخساندووە کە کارەساتی لەو شێوەیە ڕووبدات! واتا بکوژیش هیچ نییە جگە لە قوربانییەکی دەستی ئەو ڕەوشە تێکچڕژاوە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کولتورییەی کە ووڵاتەکە تێیدایەتی.

کوشتنەوەی بکوژ بە دڵنییاییەوە هیچ شتێک بۆ کوژراو خێزانەکەی ناکات بەڵام پەیامێکی گرنگە بۆ دەسەڵات کە ئیدی خەڵک گەیشتۆتە بینەقاقای و چیدی هەر تەنیا بۆ خۆیان حاکمی موتڵەق نین تا ئارامی و ئاسایشی مەرگ و مانی خەڵک پەیوەست بێت بە ڕەزایەتی ئەوانەوە، بە پێچەوانەوە لەمەودوا خەڵکیش لانیکەم لەسەر ژیان و مەرگ و کەڕامەتی خۆی دێتە سەرخەت و لە چارەنوسی خۆی دەپرسێتەوە!  خەڵکی ناوچەکە دەیانەوێت بە دەسەڵات بڵێن ئێوە ڕۆژانە بە بەر دەرگای ماڵەکانماندا کاروانی تەنکەرەکان بەڕێدەکەن کە نەوتی ووڵاتەکەمانە دەیدزن و بە قاچاخ بۆ دەرەوەی هەرزانفرۆش دەکەن، تەنیا دوکەڵی ئەگزۆزی تانکەرەکان لە ڕووی ئێمە دەنیشێت و گیرفانی ئێوەش پڕتر دەبێت وێڕای ئەوەش دەمانکوژن و لە کوژرانیشمان ناپرسنەوە!



کازم بیتوێنی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.