Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
گێژەلۆكەى گوتاری راگەیاندنى كوردی

گێژەلۆكەى گوتاری راگەیاندنى كوردی

Closed
by January 20, 2009 گشتی

 گێژەلۆكەى گوتاری راگەیاندنى كوردی
 مەجید ساڵح

 ئەگەرچى كاری راگەیاندن لە كوردستاندا مێژوویەكى زیاتر لە سەد ساڵى هەیە، بەڵام لە رووی زانستی كاركردنەوە هێشتا لە سەرەتادایەو تاكو ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەكى زانستیانە كەڵك لە كەناڵەكانی راگەیاندن وەربگیرێت و نەتوانراوە لە نێوان پڕوپاگەندەو راگەیاندا سنورێك دابنرێت. بەرهەم هێنانی مەعریفە لە پاڵ ئەركەكانی دیكەدا، یەكێكە لە ئەركە سەركیەكان میدیاكان، لەبەر ئەوە دەبێت كەناڵەكانی راگەیاندن بە لەبەرچاوگرتنى ئەو راستیە گوتارى خۆیان ئامادەكەن. بەڵام ئاخۆ  لەم سەردەمەدا كە رووداوەكان لە چاوتروكانێكدا گۆڕانی زۆریان بەسەر دێت، راگەیاندنە بینراو بیستراوو نوسراوەكانی كوردستان توانیویانە گوتارێكى وا بەرهەم بهێنن كە پەیام وەرگرانیان لە روویى مەعریفیەوە بگەیەننە ئاستێك لە گەڵ سەردەمدا بگونجێ و وایان لێبكەن لە ئاسۆیەكى بەربڵاوترەوە تەماشاى دونیا بكەن و ناچار نەبن پەنا بۆ میدیاى بێگانە بەرن؟ ئەوەى رۆژانە لە میدیا كوردییەكانەوە دەیبنین و دیبیستین و دەیخوێنینەوە، پێمان دەڵێن میدیاى كوردی لە سەرگەردانیەكى گەورەدایە، سەرگەردانیەك كە كەس سەرى لێدەرناكات و بۆخۆشى نایەوێت لێى دەرباز ببێت (جگە لەو كەناڵانەى كە سەربە رەوتە ئیسلامیەكانن). ئەو كەناڵانەى كە سەرىزارى وبنى زاریان عەلمانیەتە، لە ناكاو لە بۆنە ئاینیەكاندا، شان لە شانی كەناڵى (أقرا ْ)دەدەن. ئەو رۆژنامانەى كە داواى ریفۆرم و جیاكردنەوەى حزب و دەولەت دەكەن لە یەكتر، لە پڕ كاربۆ تێكەڵكردنى ئاین و دەوڵەت دەكەن؛ ئەو رادیۆیانەى كە لایان وایە خەڵك هۆشیار دەكەنەوە؛ بە خۆیان نازانن رۆڵى گەرورەیان لە گەوجاندنى گوێگرەكانیاندا گیڕاوە.
 ئەوەى من دەمەوێت لەم كورتە باسەمدا بیخەمەڕوو ئەوەیە؛ هۆكارى ئەو پشێویە چییە لە گوتارى راگەیاندنى كوردییدا؟ ئەى رێگا چارەى گونجاو چییە بۆ دەرباز بوون؟ وەڵام دانەوەى ئەو پرسیارانە پێویستى بە روچوون و توێژینەوەى زۆر هەیە بە هەموو لایەنەكانى ئەو گوتارانەى كە رۆژانە لە میدیا حیزبی و ئەهلیەكانی كوردستاندا پەخش و بڵاو دەكرێنەوە.  پێم وایە ئەوەش ئەركی ئەو خوێندكارانەیە كە لە بەشى راگەیاندنى خوێندنى باڵاى زانكۆكانی كوردستان سەرقاڵى خوێندنن.
 حەقیقەت ئەوەیە ئێستا میدیاكانى ئێمە رۆژانە دەیان گوتارى ئیفلیج و نەگونجاو لە گەڵ واقعی سیاسیی و كۆمەڵایەتى كوردستان (بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست) بڵاودەكەنەوە و لە جیاتى ئەوەى كاریگەرى پۆزەتیڤ لە سەر پەیام وەرگرانیان بەجێبهێڵن، بە شێوەیەكى سەیر بەرو هەڵدێریان دەبن و ئەوەندەى دیكە تاكى كوردی توشى داڕوخان و بێباوەڕى بە هەموو شتەپیرۆزەكان دەكەن.
 
 گوتارى راگەیاندن چییە؟
 لە پێناسەیەكى سادەدا  گوتارى راگەیاندن بریتیە لەو كۆمەڵە نەریت و بیروباوەڕ و هەڵوێستانەى كە لە پشت پرۆسەى كارى راگەیاندنەكانەوەن و ئاراستەیان دەكات. هەموو گوتارێكى راگەیاندن شێوەو ناوەڕۆكێكى تایبەت بە خۆى هەیەو رێبازی مامەڵەكردنى لە گەڵ تاك و كۆى كۆمەڵگا بە پێى ئەو پلانەیە كە  خاوەن كەناڵەكە دایدەڕێژێت.
 گەلێك هۆكار هەن گوتارى میدیاكانى ئێمەیان توشى پشێوى و سەرلێشێوان و ناسیستماتیكى كردوە، لێرەدا دەكرێت ئیشارەت بە هەندێكیان بدەین:
 خاوەندارێتى كەناڵەكانى راگەیاندن: ئێستا نزیكەى زیاتر لە 20 كەناڵى تەلەفزیۆنى سەتەلایت  و بە دەیان رادیۆ و سەدان رۆژنامەو سایتى ئینترنێتى بە زمانی كوردی هەیە، زۆربەى ئەو كەناڵانەش موڵكى حزبە كوردستانییەكانن و بەشێكى كەمیان نەبێت ئەهلى نین. ئەوەش واى كردوە گوتارى راگەیاندنى زاڵ لەو كەناڵانە ئەو گوتارانەبن كە تەعبیر لە ئایدۆلۆژیاو مەنهەجی كاركردن و تێڕوانینى حزبەكان بكەن. بە واتایەكى دیكە لەچاویلكەى حزبەوە تەماشاى هەموى رووداوو پێشهات و دیاردەكان دەكرێت و تەنها خۆیان پێڕاست و ئەوانى دیكەیان پێ چەوتە. ئەو گوتارانە گوتارێكن خاڵى لە هزرى نەتەوەیی و نیشتمانى. گوتارێكن میلیشایی بەرتەسك و ئاسۆی بینینیان تەنها تا ئەو رادە بڕدەكات كە حزب دەیبینێت. چاوپێكەوتنەكان،  ریپۆرتاژەكان، وتارەكان، وێنەو تەنانەت ئاگاداری و ریكلامەكانیش لە خزمەتى حزب و سەركردەى حزبەكاندان. ئامانجی سەرەكى ئەم جۆرە خیتابانە سەپاندنى بۆچوونى یەك لایەنەیە و تەنانەت لەو كاتانەشدا كە بۆچونى لایەنی بەرامبەر دەخەنەروو، بۆ دیكۆر و پەردەپۆشكردنە. شەفافیەت و ئەمانەت لە گواستنەوەو خستنەرووى روداوەكاندا لە نزمترین ئاستدایە. بە پێى لۆژیكى گەیاندنى هەواڵ و زانیاری و سەرگەرمی و شیكردنەوەى رووداوەكان بۆ پەیام وەرگران كار ناكرێت، بەڵكو وەك كادیرێكى حزبی دەڕوانرێتە ئەرك و فەرمانەكان ئەو كەناڵانە. ئەوەش پەیوەندی بەو چەند گۆڤارو رۆژنامانەوە هەبێت كە بە ناو ئەهلیەوە دەردەچن، لەسەرەتاى كاركردنیانەوە ئەوانیش سەنگەرى ئۆپۆزسیۆنیان گرتبوو، واتە لە غیابی ئۆپۆزسیۆنێكى سیاسیدا ئەوەندەى رۆڵى ئۆپسیۆنیان دەبینى، نیو هێندە ئەركە سەرەكیەكانی كارى میدیاییان ئەنجام نەدەدا. بەداخەوە دەڵێم ئێستاشى لە گەڵدا بێت لە كوردستاندا شتێك نییە بە ناوى راگەیاندنى ئەهلی ئازادەوە.
  هەڵسوڕێنەرانی كەناڵەكانى راگەیاندن: یەكێك لەو دیاردانەى كە لە كەناڵەكانى راگەیاندنى كوردیدا بەدی دەكرێت ئەوەیە زۆربەى كاریان تێدا دەكەن كەسانێكن كە پسپۆر نین لەو بوارەى پێیان سپێدراوە تەنها پشت بە ئەزمونى شەخسی خۆیان دەبەستن، ئەوانەشى كە پسپۆرن ئەزمونى كاریان كەمە یان لە لایەن بەرپرسیانى ئەو كەناڵانەوە بە چاوی فەرمانبەرەوە تەماشا دەكرێن.  فەرمانبەر و رۆژنامەنوس دوو شتى جیاوازن، رۆژنامەنوس گەر گیانی دەستپێشخەرى و داهێنانی لێ زەوتكەیت بەرهەمى نابێت و پیشەكەى بە ویژدانەوە ئەنجام نادات و رەچاوی پرەنسیپەكانى نوسین و ئیتیكى پیشەى رۆژنامەوانی ناكات.. خاڵێكى دیكە ئەوەیە زۆربەى بەرپرسیی كەناڵەكانی راگەیاندنى حزبەكان، ئەو كەسانەن كە بە هۆى بەشداریكردنى چالاكانەیان لە شەڕى راگەیاندنى ناوخۆدا ئەو پلەو پایەیەیان پێدراوەو ئەوەش راستەوخۆ كاریگەری هەیە لە خراپی گوتارى راگەیاندنى كوردى. نابێ ئەوەش لە بیر بكەین زۆربەى رۆژنامەنوسانی كەناڵەكانی كوردی ئەو رۆژنامەنوسانەن كە بۆ هەموو ژانرێكى راگەیاندن ئەشێن، بەواتایەكى دی رۆژنامەنوسی تایبەتمەندمان نییە بە بوارێكى دیارى كراو وەك رۆژنامەنوسی وەرزشى ، ئابورى، سەربازی….
 تێنەگەیشتن لەقۆناغەكە: لە پاش راپەڕینەوە تا دەگاتە روخانی رژێمی بەعس لە ساڵى 2003 كوردستان وعێراق و ناوچەكە بە گۆڕانكارییەكى گەورەى سیاسی و ئابورى و كۆمەڵایەتیدا تێپەڕیوون. هەموو ئەو گۆڕاناریانە بە شێوەیەكى راستەوخۆ كاریگەرى لە سەر تێگەیشتن و بۆچوونى تاكەكانى كۆمەڵگا بەجێهێشتووە، بۆیە دەبێت راگەیاندەكانیش ئەو فۆرمەى كە لەسەرى راهاتووە بگۆڕێت و زمانێكى دیكەى هاوچەرخانە بۆ ئەو گوتارەى هەیەتى بدۆزێتەوە، زمانێك كە پێویستە پەیام وەرگرەكان راستەوخۆ لە سیاغەكردن و فۆرمەلەكردنیدا بەشداربن ، ئەگینا یەكسەر لە ریمۆن كۆنترڵەكەیەوە لە چركەساتێكدا دەرگاو پەنجەرەكانى ماڵەكەیت لێدادەخات. سەردەمی گوتاری حەماسیی و نەخوێندنەوەى بەرامبەرەكان بەسەرچووە،
 نەبوونى تواناى ململانێ لە بازاڕى راگەیاندندا: بە هۆى بارودۆخی كوردستانەوە، زۆربەى خەڵكەكەى كەم تا زۆر شارەزاییان لە زمانى عەرەبی و توركى و فارسیدا  هەیە. لەبەر لاوازى گوتارى كەناڵەكانی كوردستان، بەشێكى بەرچاوى خەڵك پەنا بۆ ئەو تەلەفزیۆن ورۆژنامەو سایت و رادیۆیانە دەبەن كە بەو زمانانەى باسمانكردن گوتارى خۆیان پەخش و بڵاودەكەنەوە. وەك ئاشكراشە ئەو گوتارانە بۆ كۆمەڵگایەكى زۆر جیاواز لە كۆمەڵگاى ئێمە ئامادەكراوە.
 نەبوونى پلانى راگەیاندن:
 وەك چۆن زۆربەى ئێمەى كورد بۆ ژیانی ئاسایی خۆمان پلانێكى لە پێش داڕێژراومان نییە، ئاواش لە بوارى راگەیاندندا بێ پلان خۆمان هەڵقورتاندوەتە ناو كارەكەو هەم سەرمان لە خۆمان وهەمیش لە خەڵك شێواندوە. "پلانى راگەیاندن" سەرەكیترین پێكهاتەى هەموو دامودەزگایەكى راگەیاندنە، بەڵام لە كوردستاندا  تەنانەت لەو ناوەندە ئەكادیمیانەى كە تایبەتن بە راگەیاندن، تاكە وانەیەك شك نابەیت ناوى "پلانى راگەیاندن" بێت.
 بیرۆكەى پلانی راگەیاندن شتێكى نوێ نییە، بەڵكو هەموو دەزگایەكى راگەیاندنى هاوچەرخ بە یەكێك لە بەشە سەرەكییەكانى خۆى دەزانێت و گرنگی زۆرى پێدەدات. بگرە بە رەگەزێكى سەرەكى گەیشتن بە ئامانجە كۆمەڵایەتى و سیاسی و ئابورییەكانى خۆى لە قەڵەمی دەدات. سادەترین پێناسەى پلانى راگەیاندن بریتیە لە "دانانی نەخشەى راگەیاندن بۆ دەزگاكانى راگەیاندن لە رێگەى دیاری كردنى ئامانجەكان و دانانی پرۆگرام و كاتی گونجاو و دابەشكردنى كارەكان بە پێی پسپۆرى و دانانى بودجەیەكى دیارى كراو بۆى". پلانی راگەیاندن بۆ ئەوەدادەنرێت تاوەكو لە رێگەیەوە ئەو ئامانجانەى كە بۆ دەزگاكەى دادەنێت بهێنیتەدی. دانانی پلانی راگەیاندن هۆكارێكە لە هۆكارەكان بۆ خولقاندنى كەشێكى وا بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەكی و لاوەكیەكانى هەموو دەزگایەكى راگەیاندن. لە هیچ یەكێك لە كەناڵە جیاجیاكانی راگەیاندنى كوردیدا شتێك شك نابرێت بە ناوى پلانی راگەیاندنەوە، پلانەكان یان راستر بڵێن بڕیارەكان لە لایەن بەرپرسەكانى سەرەوە دەردەچن و خوارەوەش بێ موناقشە جێبەجێی دەكەن. لە كەناڵەكانی راگەیاندنی ئێمەدا بۆ داپۆشینى هەموو لایەنەكانى كێشە ئابورى و سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان، پرس بە پسپۆران وشارەزایان ناكرێت.
 بە كورتى راگەیاندنى كوردی لە قەیرانی گوتاردا دەژى، پشێوی و گێژەلۆكەیەكى بۆ خۆى و كۆمەڵگاكەكان ناوەتەوەو پێویست دەكات بە پەلە پێداچوونەوەى بۆ بكرێت. چونكە لە حاڵەتێكدا واى دانێن خەڵك بۆ وەرگرتنى زانیارى پەنا بۆ كەناڵە بیانییەكان دەبات، ئەوا لە ئایندەیەكى نزیكدا كۆمەڵگایەكمان دەبێت بە تەواوەتى  لە ژێر كاریگەرى و كۆنترۆڵى دەرەوەدا دەبێت. ئەگەریش پەنا بۆ ئەم كەناڵە كوردیانەى ببات كە ئێستا هەن، ئەوا عەقڵیەتى حزبایەتى و ناوچەگەرى و گەڕەكچێتى جێگەى بیرى نەتەوەیی و نیشتمانى دەگرێتەوە.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.