Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
گەنج و پیر..ئێستا و ئاییندە..!…..کامەران عەزیز

گەنج و پیر..ئێستا و ئاییندە..!…..کامەران عەزیز

Closed
by March 4, 2011 گشتی

لای گەنجان (ئێستا) بنەمای هەر ئاییندەیەکە..وە بنەمای هەر خەیاڵێکی نو‌ێ‌یە ..(ئێستا) بۆ گەنجان تەنها ساتی تێپەڕینە ، وە (ئێستا) لە دیدی گەنجاندا بێجگە لە خشتی بنیاتنانێک بۆ (ئاییندە) هیچ مانایەکی نی‌یە..! گەنجان ئەو توێژەن کە پڕ پڕن لە ئومێدی زۆر، بۆیە هەمیشە چاویان لە ئایندەیە بۆ ئایندە دەژین چونکە ئاییندە بۆ گەنجانی هوشیار و خاوەنە مەعریفە جێگای حەوانەوە و ئارامی و درووستبون و بنیاتنانی ئەوانە.
گەنجان، بونی توانای کەسیەتی خۆیان و هاوتەمەنەکانیانە کە دەتوانێت بونی توانای کەسیەتیان بسەلمێنێت، چونکە توێژەکانی سەرەوەی خۆیان واتا پیرانی پیر و کۆن بۆ گەنجان نەک هەر سەرچاوەی نوێکاری و هێز و توانا نیین،  بەڵکو گەنجان کاتێک کە ئەم جۆرە پیرانە دەبینن بێزار دەبن و بۆ ساتێکی کورت خەمۆکی دایاندەگرێت (بە تایبەت لەپیریەتیەکی بێ هێز و پاسیڤ )، وە  ئەم پیرەیەتی‌یە کە دەتوانێت بیانترسێنێت لە ئاییندەیەکی هیچی بێ بوون، ئا لەم کاتەدایە کە گەنجان بە گوێگرتن لە چێرۆکی پیرەکان بێزار دەبن..توڕە دەبن..یاخی دەبن و هەوڵێکی بێ ووچان دەدەن تا نەگەن بە ئەنجامی هەمان چێرۆکی مردوو و نەگونجاوی پیرانی کۆن.. وە تا هەمان ئاییندەی  ئێستای پیرانی سەر دەستەڵاتەکان لە ئاییندەی خۆیاندا دووبارە نەکەنەوە..!
ناوەڕۆکی ئەم تێگەیشتنەی سەرەوە لە دید وزهنی گەنجانی هوشیاردا، پاڵنەرێکە بۆ خێراترکردنی هەنگاوەکانیان..پاڵنەرێکە بۆ یاخیبون و بەرەوڕووبونەوەی هەر دیوار و کۆسپێک کە بەرەو ڕووی هەنگاوەکانیان دێت و هەڕەشە لە ئاییندەیان دەکات..پاڵنەرێکە بۆ بەگژاچونەوەی گەورەترین هێزی تۆقێنەری هەر دەستەڵاتێک، بەبێ دوودڵی و ڕاڕایی و ترس، چونکە وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە گەنجان دەیانەوێت بونی توانایی و کەسیەتی خۆیان بسەلمێنن، وە ئەوە گەنجانن کە لە ڕۆژانی هەستان و خرۆشان و ڕووبەڕوو بونەوە لە گەڵ ‌هەر هێز و دەستەڵاتێکی هێرشبەردا، یەکەم هێز دەبن کە بە زوویی دەگەنە پێشەوەی بەرەو ڕووبونەوەکان..بۆ ئەوەی ئێستای کۆن و باو بڕۆخێنن و ئاییندەیەکی نوێ بە دەست و مەچەک و خوێنی خۆیان درووست بکەن!
بەڵام بە پێچەوانەی گەنجانەوە پیرەکان ئەو توێژە کۆمەڵاتیەن کە ئێستایان زۆر خۆش دەوێت..! هەموو هەوڵێ دەدەن تا ئێستایان لە دەست نەچێت و زوو نەگەنە کۆتایی ئێستا..چونکە ئێستا بۆ پیرانی پیر و کۆنی سەر دەستەڵاتەکان ئایندەیە، وە کاتیان نەماوە تا بیانەوێت ئایندەیەکی دیی  تێدا درووست بکەن، بێجگە لە ئاییندەیەک بۆ مەرگ..!
وە هەرترسی مەرگە کە پیرەکانی سەر دەستەڵات  لە گەڕخستن و بزواندنی هێز و توانای  گەنجان دەترسێنێت..! لە خرۆشان و یاخیبونی گەنجان دەترسێنێت، چونکە دەزانن بە هاتنە مەیدانی گەنجان، پیران پێگەی خۆیان..پیرۆزی خۆیان..هەیمەنەی خۆیان..لە بەرامبەر گەنجاندا..لە دەست دەدەن و گەنجان دەتوانن لە لێواری مەرگ نزیکیان  بکەنەوە..! وە پیرەکان باش دەزانن کە گەنجان خاوەنی ئەو ئێنەرژیەن دەتوانن لە یەک کاتدا هەم بڕۆخینن، هەم درووست بکەنەوە..وە گەنجان بە زیندوویی لە نێو گۆڕانکاریەکانی ژیاندان، دەزانن کە دەتوانن لە گەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بە بێ گومان بڕۆن..دەتوانن داهێنان بکەن و خواستەکانیان بەهێزی خۆیان بەدەست بهێنن..!  بەڵام دەستەڵاتدارانی پیر توانای ئەوایان نی‌یە لەگەڵ گوڕی هەنگاوەکانی گەنجەکاندا بڕۆن ..وە ناتوانن خێرا بیر بکەنەوە و خێرا  وێنەی دەوروبەریان بناسن و جوان و ناشیرین لێکدی جیا بکەنەوە.. چونکە پیرەکان، یان تەنها ژیان بە جوانی دەبینن یان تەنها بە ناشیرینی و مردوویی، واتا لەو دیو خەیاڵەکانی خۆیانەوە خەیاڵێکی دی نابینن..وە خولقیشیان نی‌یە بیری لێ بکەنەوە و بیبینن..! وە لە لایەکی دی‌یەوە پیرەکان دەترسێن کە بەرهەمی دەستی خۆیان بۆ هەتایە لە دەست بچێت و خەونی ئارام و جێگیریان لێ حەرام بکرێت و هەموو دنیای خۆیان لێ هەڵبوەشێنرێتەوە..!
وە پیرەکانی سەر دەستەڵات بە پێچەوانەی گەنجانەوە  بۆ ئێستا دەژین، وە ئێستا بۆ ئەوان ئاییندە و کۆتایی ساتەکانە،  دەیانەوێت لە هەموو ئێستایەکدا ئارام و لە سەرخۆ بن، وە بانگەشەی ئارامی و لەسەرخۆیی بۆ گەنجانیش دەکەن بە چەند مەبەستێک: یەکەم: پیرەکان زۆر دەترسێن لە بەجێمان..چونکە پیران خاوەنی ئەو ئێنەرژیەی گەنجان نیین، بۆیە ناتوانن لە گەڵ گەنجاندا سەختی ڕێگاکان ببڕن. دووەم: پیرەکان  لە هەر ئاستێکدا بێت، ماڵێکیان بۆ ئارامی و حەوانەوەی خۆیان و نەوەی ژێر دەستەڵاتیان درووستکردوە، نایەنەوێت بە ئاسانی لە دەستیان بچێت، چونکە بە ئاسانی بۆیان درووست نابێتەوە. سی‌یەم: پیرەکان تێناگەن کە گەنجەکانیان حەزیان لەم  نیشتمانە  کۆن و وەستاو و باوە نی‌یە ، لەم ماڵە کۆن و باوەدا، گەنجان ناتوانن داهێنان بکەن..خەون و هیواکانیان ببینن و ژیانێکی نوێ بەدیبهێنن..! چوارەم: پیرەکانی سەر دەستەڵات نە دەیانەوێت..وە نە بڕوایان بەوەیە کە دەستەڵات و بڕیار بۆ گەنجان بەجێبهێڵن، چونکە خاوەنی هەمان بیری کۆنی دەستەڵاتخوازی چەند سەدەیەکی پێش ئەم سەردەمەن..!
وە بڕوای ژیاندۆستی، وە لە هەمان کاتدا مەرگدۆستی بۆ گەنجان ئایدیایەکی مادیانە و عیلمانیە  و خاڵی‌یە لە هەر وەهمێکی ئایدۆلۆژی و ئایینی، چونکە وەک لە سەرەرە ڕوونم کردوە گەنجان ئەو مرۆڤانەی نێو کۆمەڵگان کە هەمیشە  بڕوایان بە هێز و جەستەی خۆیان هەیە..بڕوایان بە گۆڕانکاری واقیعی و زیندوو هەیە، بڕوایان بە تازەگەری و ڕانەوەستان هەیە..بڕوایان بە هەر شتێکی گۆڕا و دووبارە نەبوو هە‌یە، لەبەر ئەم توانا  سروشتی‌یەی گەنجانە، کە زۆرینەی داهێنانەکان لە سەردەستی گەنجاندا ڕوو دەدات..! وە لە بەر ئەم توانا سروشتیەی پێکهاتەی گەنجانە، کە لە لای گەنجان پڕۆسەی تەواوەتی  مەرگ کۆتایی ژیانە و ماڵ ئاوایی هەتا هەتایی‌یە لە ژیان..! وە لە باوەڕی گەنجاندا مەرگ هەرگیز ناتوانێت سەرەتای ئێستایەکی دی بۆ ژیان درووست بکاتەوە و بیخاتەوە سەر سکەی هەنگا و و هەرەتی گەنجیەتی..مەرگ لە لای گەنجان تەنها بۆ یشاندان و سەلماندنی سمبولی گەنجیەتی‌یە..!
واتا، ئەو جۆرە مەرگەی کە دەتوانێت ژیانێکی دی بۆ مرۆکان درووست بکاتەوە، ئەوا تەنها لە باوەڕبونی پیراندا..لە باوەڕە  وەهمی و خروفاتەکاندا بونی هەیە، ئەوانەی بڕوایان بە مەرگ و مەرگدۆستی هەیە ئەوا پیرە بیر کۆنەکانن.. ئەوپیرانەن کە لە هەمان جەستەی لاوازی خۆیانەوە دەڕواننە جەستەی بە توانا و ئاگر گرتووی گەنجان، ئەو پیرانەن کە لە جەستەی نا ئەکتیڤ و بێبەرهەمی خۆیانەوە دەڕواننە جەستەی چالاک و بەرهەمداری گەنجان..! ئەو پیرانەن کە تەنها بڕوایان بە (قەدەر و نسیب) هەیە، قەدەر و نسیبێک کە هیچ کارێکی فیزیکی و ئیرادەی مرۆڤەکان لە خۆ ناگرێت و عەقڵیان نایخوێنێتەوە، قەدەرێک کە پیرەکان تا مردن، لە چاوەڕوانی و پاڕانەوەدا دەهێڵێتەوە..
ئەم قەدەر و نسیبە لە دیدی گەنجاندا لە کەمترین ئاستدایە، تەنها لە دید و زهنی گەنجە بە پیرکراوەکانن، وە ئەم قەدەر و نسیبە لە کۆمەڵگا ژیاندۆست و عیلمانیەکاندا، بوونی نی‌یە و نابینرێت..!

04.03.2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.