Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

گەڕانەوەی کارل مارکس

Be First!
by September 10, 2010 گشتی

گەڕانەوەی کارل مارکس”
وەڕگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: حمید زناز
لە عەربییەوە: مەحمود محەمەد عوسمان

 

 

گەڕانەوەی کارل مارکس دەقێکی مۆنۆدرامایە،  خەباتگێڕ و مێژونووس و نووسەری شانۆی ئەمریکی بەناوبانگ ( هوارد زین) نووسیوێتی، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا گیانی لەدەستدا.  هوارد زین، مارکس زیندوو دەکاتەوە و ماوەی دەدات لەسەر تەختەی شانۆ هەگبەکەی بەتاڵ بکات. دەقەکە ناسک و قوڵ و دڵگیرە.  ئەو، شایانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیە  کە بەدەستی هێنا لەسەر یەکێک لە شانۆ بچووکەکانی پاریس لە بەهاری ڕابردوودا. ئەمەش وەڕگێڕانی چەند  بەشێکە کە لەسەر زمانی فەیلەسوفە گەڕاوەکە هاتووە
ئا…. بە فەزلی خودا ئێوە لیرەن.  سپاسی هاتنتان دەکەم، چونکە ئەو هەموو دەبەنگ و گەمژانە  کە بەبەردەوام دەیانقیژان ( مارکس مرد) ،نەیانتوانی ڕێگربن لە ئامادەبوونتان.. لە ڕاستیدا.. مردم و نەمردم! ئەمەیە کە ناوتان ناوە جەدەل!  بە بێ شک پرسیاری  چۆنیەتی گەشتنم بۆ ئێرە دەکەن. لە ڕاستیدا ویستم بگەڕێمەوە بۆ” سۆهۆ” لە لەندەن کە لەوێ ژیام. بەڵام وامن لێرەم لە سۆهۆی نیویۆرک. لەگەڵ ئەوەیشدا دانبەوەدادەنێم زۆرجار ئارەزووخواز بووم کە بێم بۆ ئەم شارە..
بۆچی گەڕامەوە بۆ ئەم جیهانە؟  بۆ ئەوەی خۆم لەو هەڵواسراوەنە پاک بکەمەوە کە پێوەیان لکاندم! ڕۆژنامەکانتانم خوێندەوە،  هەموو دەڵێن: بیروباوەڕم مرد! بەڵام شتێکی نوێ نییە، ئەم قۆشمانە لە ماوەی سەدەیکدا نەوەستان لە گێڕانەوەی ئەو هەڵبەستانە. ئایە دەربارەی پێویستی بانگەشەی بێ وەستان بۆ مردنم، پرسیاری لا درووست نەکردن؟
سەرمایە” دەرئەنجامی هەوڵێکی بەردوام بوو کە  پازدە ساڵی خایاند لەو بارودۆخە  سەختەی( سۆهۆ). هەموو بەیانییانێک  بەلای سواڵکەرەکاندا رەتدەبووم،  کە لەناو سرکەوانەکانتدا(زبڵخانە) نووستبوون  لە کاتی ڕۆیشتنم  بۆ گەلەری بەریتانیا بۆ ئیش کردن لە کتیبخانە مەزنەکەی تا خورئاوابوون، ، دەخوێنمەوە و دەخوێنمەوە و هەر  دەخوێنمەوە!  ئایا هیچ کارێکی ناڕێک و ناخۆش لە خوێندن و نووسینی  کتێبەکانی ئابووری ڕامیاری هەیە؟                                                                                             .
هەموو ئێوارانێک بەڕێگەیەکی تاریکدا دەگەڕامەوە بۆ ماڵ وگوێم لە دەنگی بازرگانەکان دەزرنگایەوە کە هاواریان دەکرد بۆ فرۆشتنی  شتومەکە گرانەکانیان. هەروەها گوێم لە جەنگاوەرە کۆنەکانی شەڕ دەبوو کە چیرۆکە قێزەوەنەکانیان دەگێڕایەوە، هەندێکیان چاویان لەدەستدابوو و هەندێکی تر قاچەکانیان لەوێ جێهێشتبوون.  ئەمڕۆ ئەوان دەست درێژدەکەنەوە بۆ پولێکی کەم لە ئاووهەوایەکی بێفەڕ و کوشندە، ئایە ئەوە بۆنی هەژاری لەندەنی باو نییە؟
لە هەوڵدانێکدا بۆ کەمنرخاندنی ” سەرمایە”، رەخنەگرانم وەک عادەتی هەمەیشەییان دەڵێن: لەوانەیە لەگەڵ تاقیکردنەوەیەکی تایبەتی سەخت ژیابێت؟  باشە. ئەگەر ویستان سووربن لەسەر لایەنی خودی تایبەت، بەڕاستی ئەو هەموو ناهەمەتانەی  کە لە ڕێگای گەڕانەوە بە ناوی سۆهۆدا هەبوو لە ” سەرمایەدا” بوونی هەیە. وا من خەیاڵەکانتانم  لەپێش چاووە و دەڵێن:” وایە، پێش سەدەیەک لەو ڕۆژەدا بارودۆخەکە وا بوو.  هەر تەنها لەو کاتەدا؟
کە ئەمڕۆ هاتم بۆ ئێرە، بە شەقامی شارەکانتاندا گەڕام،  سرکەوانە دایپۆشیوە و بۆنی هەوایەکی بۆگەن و خنکاوی لێدێت. بەلای لەشی پیاوان و ژناندا گوزەرم کرد کە بە درێژایی لێواری شەقامەکان( رصیف)  کەوتبوون. لە ترس و خۆپاراستن لە سەرمایەکی سەخت  بەسەر یەکەوە دەخەون. ناوی ئەمانە دەنێن پێشکەوتن!
ئایە پێشکەوتن ئەوەیە کە سەیارە و مۆبایل و فڕۆکەو هەزارەها بۆنتان هەبێت بۆ بۆنخوشیتان؟ و ئەوانەی لە سەر شەقامەکاندا دەنوون! ئایە کەسێک بیری لە چارەنووسیان کردەوە؟
وا ڕاپۆرتێکی فۆرمی دەڵێت: بەرهەمی میلی ئەمریکا لە ساڵی پار گەشتە ٧٠٠ ملیار دۆلار. شتێکی مەزنە! بەڵام ئایە دەتوانن پێم بڵێن ئەم هەموو پارەیە بۆ کوێ دەچێت؟ کێ سوودمەندە و کێ سوودمەند نییە؟
کەمتر لە ٥٠٠ خواپێداو زاڵن بەسەر ٢٠٠٠ ملێار دۆلاردا، وەک چالاکییەکی بازرگانی. ئایە ئەمانە مەرد و خانەدارترن؟ ئایە ئیشی زۆرتر دەکەن؟ ئایە ئەوان بەنرخ و بەسودترن بۆ کۆمەڵگە لە ژنێک  کە  سێ  منداڵ پەروەردە دەکات و هیچی نییە، تەنانەت ناتوانێت فاتورەی گەرماوی وەرزی زستان بدات؟
ئایە پێش ١٠٠ ساڵ نەموت: کەوا سەرمایەداری بە شێوەیەکی زۆر زۆر دەوڵەمەندی زیاد دەکات ، بەڵام ئەو هەموو سەرمایەیە لە ژێر دەستی کەمینەیەک گیریخواردووە و ئەم کەمینەیەش هەر دەوڵەمەند دەبن.
لە ڕۆژنامەی ئەمڕۆدا دەربارەی ئەو ” یەکگرتنە مەزنەم خۆێندەوە لە نێوان بەنکی کیمیاوی و بەنکی تشیز ماناتیان. بەو هۆیەوە ١٢٠٠٠ کرێکار کارەکانیان لەدەستدەدەن”. تەنها نرخی پشک زیاد دەکات. خەڵکیش دەوێرن بڵێن کەوا بیروباوەڕم بەسەرچووە ومردووە! ئایە هەڵبەستەکەی ئۆلیفیە غولدمیتش دەزانن؟  بەناوی “دێیە وێرانەکە یان ( واز لێهێنراوەکە): کە دەڵێت:
وڵات لە ژێر چەپۆکی شەڕانی و زۆرلێکردندا دناڵێنێت/
خێروبەرەکەتیش کەڵەکە دەکات بەڵام لە ناویدا مرۆڤەکان دەهاڕێن.
بەڵێ دەهاڕێن…. ئەم بەیانییە ئەمەم بە هەردوو چاوی خۆم بینیم لە کاتی گوزەرکردنم بە شارەکەتاندا! خانوو وێران، قوتابخانە وێران، و بوونەرە مرۆڤەکان وێرانن! بەڵام لە ناکاو خۆم لە نێو پیاوانێک بینیەوە، خۆشگوزارنی و ژیانی شاهانەیان پێوە دیار بوو، هەروەها لە نێو ژنانێک کە خنکابوون لە ژێر ئاوڕێشم و ئاڵتونی بەنرخ.  ئەمە لە ئەمریکا.
زیندانییەکانتان جمەی دێت. کێن ئەوانەی کە پڕیان کردووەتەوە؟ تەبعا هەژارەکانن، هەندێکیان تاوانی قێزەوەنیان کردووە و زۆربەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دزی پیشەیانە ، پڕن لە ڕیگر و بازرگانی مادەهۆشبەرەکان.  هەموویان باوەڕیان بە خورافەی دەستپێشخەری ئازاد هەیە” با ئیش بکات و با بڕوات”. زۆر بە ئاستێکی ئاسان  تەقلیدی سەرمایەدارەکان دەکەن. ئایە دەزانن من و ئەنجلس چیمان نووسی دەربارەی زیندان؟
لە جیاتی سزادانی تاکەکان لەسەر تاوانەکانیان، دەبێت ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییە نەمێنێت کە تاوان بەرهەم دەهێنێت، بە دابین کردنی پێویستییەکانی هەموو تاکێک بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بە ژیانی تایبەتی خۆی بدات.
بەڵێ دەربارەی” دیکتاتۆری پرۆلیتاریا” ش قسەمان دەکرد، بەڵام دیکتاۆرییەتی  حیزب و  لیژنەی ناوەندی و  تاکڕەوانەی  پیاوێک نییە. مەبەستمان لە دیکتاتۆرییەتی چینی کڕێکارە و ئەمەش  کاتییە، کە دەسەڵات بەدەست گەلەوە دەبێت و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی حوکمڕانی دەکات تا دەگاتە ئەوەی کە پێویست بە خودی دەوڵەت  نامێنێت و وردەوردە پووک دەبێتەوە.  باکۆنین هاوڕا نەبوو لە گەڵمان. دەیوت: ئەگەر دەوڵەت کرێکاریش بێت ئەوا دەبێتە چەوسێنەر، ئەگەر سوپا و دەزگای پۆلیس و زیندانی هەبێت . عاشقی دژایەتی من بوو. ئایە دەزانی باکۆنین کێیە؟، ئەو فەوزەییە دڕەیە.
ئەگەر نووسەرێک لە نووسینەکەیدا کەسایتییەک وەک ئەو دابهێنێت، ئەوا پێمان دەوت نووسەرێکی نا واقعییە.  ئەو باسانەی دەربارەی جیاوازی من و باکۆنین دەکران، کۆکەرەوەی ئەنجامەکانە . گوێبگرن چیی دەوت لەسەر من و ئەنجلس، لەو کاتەی کە هەردووکمان سەرقاڵی نووسینی مانەفێستی کۆمۆنیستی بووین لە برۆکسل، دەیوت: : مارکس و ئەنجلس برژوازین و هیچ گومانێک لەوەدا نییە، بەتایبەتی کارل، بە بەرواردکردن لەگەڵ باکۆنین ئێمە برژوازین، هەموو خەڵک دەبێتە برژوازی لەبەر ئەوەی باکۆنین ژیانێکی بۆ خۆی هەڵبژاردوە وەک بەراز وایە. ئەگەر وەک بەراز نەژیت و بنمجێک بەسەرتەوە بێت و لە ساڵۆنەکەت پێانۆ هەبێت و حەزت لە نانی گەرم و شراب بێت، کەوابوو تۆ بە بێ دوودڵی لە ڕوانگەی ئەوەوە برژوازیت. ڕۆژێکیان بە باکۆنینم وت: دەتەوێت بزانیت مەبەستم  لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا چییە؟ کۆمۆنەی پاریس بهێنە پێش چاوی خۆت، ئەوە دیموکراسییەکی راستەقینەیە، نەک دیموکراسی ئینگلیزی و ئەمریکی کە هەڵبژاردنەکان تەنها لە یاری سێرک دەچن و هەرچۆنێک بێت هەڵبژاردنی دەنگدەر و دوور لە ناسنامەی پاسەوانی ڕژێمەکە کە براوەیە، دەوڵەمەندکانن  بە بەردەوامی وڵات بە ڕێوە دەبەن.
کۆمۆنە ئەرکی فێرکردنی خۆشەویستی و ڕێزگرتنی بیروبۆچونی منداڵانی خستە ئەستۆی قوتابخانە. چاوێکم خشاند بە گفتوگۆکانتاندا دەربارەی پەروەردە، چی غەڵبەغەڵبێکە! هەرچی پێویست بێت بۆ گەشتن بە جیهانی سەرمایەداری فێری منداڵەکانتان دەکەن. بەڵام ئایە فێری شەڕیان دەکەن لە پێناوی دادپەروەریدا؟
لە مەودای تەکنەلۆجیدا پێشڕەفتییەکی سەرسورهێنەرتان سەڵماند، خەڵکتان نارد بۆ سەر مانگ، بەڵام ئەمانەی لێرە لەسەر زەوی مانەوە چیان بەسەر هات؟ بۆ توشی ترس هاتوون؟ بۆ ڕوویان لە  مادەهۆشبەرەکان و کحول کرد؟ بۆ شەڕەنێزن و دەبنە بکوژ؟
ئەو کاتەی لەگەڵ هاوسەرە عەزیزەکەم( جینی) لە پاریس بووین و من تەمەنم ٢٥ ساڵان بوو، نووسیم: خەڵک نامۆن لە ئیشەکانیان، چونکە سیستەمی سەرمایەداری نوێیان بەدڵ نییە. سروشت لە لایان نامۆ بوو لەبەر هێڕشی ئامراز و بۆنی بۆگەن و دوکەڵ کە هەستەکانیانی داگیر کردووە. نامۆن بەیەکتری، چونکە فێری دژایەتی یەک بوونە. نامۆن بە خودی خۆشیان، چونکە ژیانێک دەبنە سەر ژیانی خۆیان نییە،  و تەنها لە خەوبینیدا ئەو ژیانە دەبینن کە ئارەزووی دەکەن.
ناوی ئەمانەیان ناوە پێشکەوتن و دەڵێن سەرمایەداری سەرکەوت، بەسەر کێدا سەرکەوت؟ لە چی مەودایەکدا؟ ئێستە بازاڕی دراو قازانجێکی زۆری چاوچنۆکانەی  بەدەست هێناوە و بەشداربووانیان  زۆرتر لە ڕابردوو دەوڵمەندترن. چێژی ئەو سەرکەوتنە چییە ئەگەر چواریەکی منداڵانی ئەمریکا بە هەژاری بژین؟ لە کاتێکدا ٤٠ هەزاریان پێش ئەوەی ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونیان بگێڕن، گیانلەدەست دەدەن؟ ئایا هەموو خەڵک دەبەنگ بوونە؟ ئایە مێژووی سیستەمی بە ناو( دەزگای ئازاد) دەزانن: ئەو کاتەی حکومەت هەموو شتێک دەکات لە پێناوی دەوڵەمەندەکاندا، بەڵام هیچ شتێک لە بەرژەوەندی گەل ناکات. ئەگەرژیانم لە ناو سەختی سەرمایەداریدا بەسەر نەبردایە،  سەرمایەم” نەدەنووسی.
لە بەریتانیا، منداڵانیان رەوانەی کارگەی چنین دەکرد چونکە پەنچە ناسکەکانیان دەتوانن دەستبازی لەگەڵ ڕستن بکات، و لە ئەمریکا کیژۆڵەکان لە تەمەنی دە ساڵاندا لە ئاشەکان  کار دەکەن  و لە تەمەنی  بیست وشەش ساڵی گیانلەدەست دەدەن. شارەکان مۆڵگەی بەدڕەفتاری و  هەژاری بوو. ئەوەیە سەرمایەداری، چی  ئەمڕۆ بێت و چی بەیانی و  لە هەر شوێنیکدا بێت.
بەڵام ئەوەی لەسەرمە دەبێت دانیپێدابنێم  کەوا من پێشبینی توانای سەرمایەداریم نەدەکرد کە بتوانێت خۆی بگونجێنێت و تەسەوری ئەوەم نەدەکرد کەوا دەرمانی بەتوانا هەبێت، بتوانێت ئەم سیستەمە نەخۆشە بەردەوام بکات  لە ژیاندا: شەڕ درووست دەکات لە پێناوی پاڵپشتی پیشەسازی و گەرمکردن و وروژاندنی  شێتانەی خەڵک بۆ بیری ناسێۆنالیستی بۆ ئەوەی نەهامەتییەکانیان لەبیربکەن، و هاندانی دەمارگیرە ئاینییەکان دەدەن کە موژدە بەخەڵک بدەن بۆ هاتنەوەی مەسیح. وابۆتان دەردەکەوێ کە ئەم خیتابەی من ڕیشەییە، بەڵام بەبیرتانی دەهێنمەوە  کە ڕیشەیی جگە لە ڕوبەڕووبوونە لە ڕەگەوە  لەگەڵ کێشەکاندا  مانایەکی  تری نییە. ڕەگەیش ئێمەین.

9-9-2010

Previous
Next

Leave a Reply