Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ھێرشێكی بەھێزو … بەرگری یەكی لاواز …!

Be First!
by January 16, 2011 گشتی

 دەربارەی  بنەماو ناھاوسەنگی كێشەو ھێرشی مەلاكان بۆ سەر ڕۆشنبیران    
موزەفەر عەبدوڵا
mozafar_as@yahoo.com

ئەو ھێرشە بەھێزو گەورەو ترسناكەی چەند ساڵە ئەم دەسەڵاتدارانەی كوردستان كردویانەتە سەر جەماوەری ئازادیخواز بە گشتی، و لایەنە كۆمۆنیست  و چەپ و ڕۆشنبیرو نوسەرو ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان بە تایبەتی، لە چەند مانگ و ھەفتەی ڕابردودا، گەیشتۆتە لوتكەی خۆی كە تا تیرۆرو بە دادگایی گەیاندن و زیندانی كردن چۆتە پێشەوە .
دیارە لەم ھەڕەشەو ھێرشە گەورەو ترسناكانە، مەلاكان بە پاڵپشتی ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆی پارتی و ئیسلامی یەكان و دامودەزگاكانیان، وەك دەڵێن ،كەواسوری بەرلەشكر بوونە .
بێگومان ئەم ھێرش و بانگشەی تیرۆركردنانە بە ئاشكرا لە خوتبەی ڕۆژانی ھەینی مزگەوتەكانەوە،و نوسین و بڵاو كردنەوەی كتێب ،و سی دی ،و ڕاگەیاندنەكانی ووتە بێژی وەزارەتی ئەوقاف ،و یەكێتی مەلاكان، لە شارەكانی كوردستان، بە تایبەتی لە ھەولێر،  دژی نوسەران و ڕۆشنبیران و شاعیران و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان و رێكخراوەكانیان، جارێكی تریش بووە مایەی ھەژانو شڵەقانی كومەڵگای  كوردستان، ئیتر ھەر لە دامودەزگا رەسمی یەكانەوە بگرە تا خرۆشانی شەقام و ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر بەم ھێرش و فەتوای تیرۆرو بانگشەی خوێن حەڵال كردنانەی ھەر ڕەخنەگرو نارازی یەك .
ھەڵبەت ئەم ھیرشانە ھەر لە جنیوو سوكایەتی و ناوزڕاندنی ئەخلاقی یەوە دەستی پێ كردوە تا ڕادەی گرتنی بەردەم دادگاو بانگشەی تیرۆری ئاشكرا بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانەوە.ئەمەش ھەروەك یەكێك لە مەلاكان لە ھەولێر لە خوتبەی ڕۆژی ھەینی لە بڵندگۆوە بانگەوازی دەكردو دەیوت: ئەگەر بارزانیش بێدەنگ بێت لەوانەی كە ڕەخنە لە ئیسلام و دابو نەریت و ھێماكانی ئیسلام دەگرن ئەوە ئەوان _یانی مەلاكان _ بێدەنگ نابن و بە سزای خۆیانیان دەگەیەنن. ئەمە ئیتر خۆی لە خۆیدا بانگشەیەكی ڕوون و ڕاشكاوە بۆ تیرۆركردنی ھەر كەسێك كە ھەر ڕەخنەیەك لە ئیسلام بگرێت.لە كاتێكیدا ڕەخنەگرتن لە ئایین ھەروەك كارڵ ماركس دەڵیت: بنەمای ھەر ڕەخنەگرتنێكە ،و  دەستەبەركردنی ئازادی  بۆ ئەم جۆرە ڕەخنەیە، پێودانگێكە بۆ ڕادەی بوونی  ھەر جۆرە ئازادی یەك ،و بە رەسمی ناسینی ئەم ئازادی یە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی یەوە ڕادەی لایەنگری ئەو دەسەڵاتە لە ئازادی دەگەیەنێت .
پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە ھێرشی ئەم مەلایانە لە ڕووی ئامرازو ئامانجی سیاسی و كۆمەڵایەتی یەوە ھاوتاو جوتە لەگەڵ ھێرشەكانی دەسەڵات، بە تایبەتی پارتی بۆ سەر ڕۆشنبیران.
دیارە كە مەلاكان و وەزارەتی ئەوقافەكەیان و یەكێتی مەلاكان، كە چەند ئامرازێكی كاراو لەبارن بەدەستی پارتی و ئیسلامی یەكانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ھەوڵ دەدەن لە ھەموو ڕوویەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی یەوە، پاشەكشە بە بەرەی ئازادیخوازی و یەكسانیخوازی و سكولاری لە كومەڵگای كوردستاندا بكەن تا لە ئێستاوە بەربگرن بە ھەر ھەوڵێك كە دەدرێت بۆ ئاڵوگۆرو وەرچەرخانی سیاسی لە ئاییندەدا. چونكە ئەوە لە لای چینی دەسەڵاتداری بۆرژوازی ڕوونە كە كۆمەڵگای كوردستان لە سایەی ئەواندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی وسیاسی یەوە جەمسەربەندی چینایەتی دەكات ،بۆیەش كێشمەكێش و ناڕەزایەتی ھەر بەردەوام دەبێت.
بەڵام  جوتبونی ئەم ھەڕەشەو گوڕەشەو ھێرش و بانگشەی تیرۆرە خۆبەخو_عفوی_ نی یەو بەڵكو نەخشە بۆ داڕێژراوەو بەشێكی گەورەو گرینگی ئەو ستراتیژە سیاسی یە كونەپەرستانەو سەركوتگەریانەیەیە كە پارتی بە كۆمەكی ھاوكارەكانی لە دەسەڵاتدا دەیەوێت جێ بە جێی بكات، بۆ زیاتر سەقامگیر كردنی دەسەڵاتی ڕەھای سەركوتگەری خێڵەكی و ئیسلامیانەی خۆی و پاراستنی ئەو ھەلومەرجە ئابوری و كومەڵایەتی و سیاسی یەی بۆی بەدی ھاتووە، بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوەو شكانەوەی تای تەرازووی ھێز لە بەرامبەر یەكیتی بە قازانجی پارتی.
لە ڕوویەكەوە ئەوەی وا دەكات كە مەلاكان و پارتی و سەرجەم دەسەڵات ئەم ھێرش و بانگشەی تیرۆرەی ڕۆشنبیرانیان بۆ بچێتە سەر تا ئێستا، ڕادەی ڕێكخراوەیی خودی دەسەڵاتە لە ھەموو ڕوویەكی ئابوری و سیاسی و حزبی و سەربازیی و میلیشیایی و دەزگا سەركوتگەری یەكانی تریانەوە.
وە لەم لایشەوە ڕادەی لاوازی بەرگری و نارێكخراوەیی سیاسی وكومەڵایەتی و ئاسۆ تەسكی و تەمومژاویی ئەم لایەكەی كێشمەكێشەكەیە، كە ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان و بەرەی مەدەنی و سكولاری كومەڵگایە.
 ئەم ڕاستی یە ھەر لە توندو تیژی و گەورەیی ھێرش بەرانەوە دیارە. ئیتر ھەر لە ھێرشەكانی مەلاكانەوە بگرە تا ھێرشەكانی پارتی وخودی بارزانی و ئیسلامی كان. لە قسەكانی بارزانی یەوە تا دەعواكانیان لەسەر ڕۆشنبیران و  یاساكانیان لە مەیدانی ڕۆژنامەگەری و یاسای خوپیشاندان و چەندین یاساو و بڕیاری تر لە دژی جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان.یانی فاكتەری سەرەكی لە سەرھەڵدانی ئەم كێشەو ململانی یە ئەوە نی یە وەك پارتی و ئیسلامی یەكان و مەلاكانیان دەڵێن، كە گوایە ڕۆشنبیران و نوسەران و ھەڵسوراوانی بزوتنەوەی ژنان ھێرشیان بۆ سەر دەسەڵاتداران و ئایینەكەیان و ھێما پیرۆزی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتیمانی یەكانیان ھێناوە،نەخێر! بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوە دەسەڵاتداران و ھاوكارەكانیانە كە گەورەترین ھێرشیان ھێناوە تا ڕادەی كوشت و بڕو تیرۆرو تۆقاندن و زیندانی كردن.
ھەڵبەت فاكتەرێكی سەرەكی لەم خاڵی لاوازی بەرەی مەدەنی یەت و سكولاری كە لە رۆشنبیران و نوسەران خۆیان دەبیننەوە،  لەوەدایە كە وێرای ئەوەی خودی ڕەخنەو بەرگری ھێرش بۆسەركراوان زور لاوازە ،ھاوكات بەشێكی بەرچاو لەو ڕۆشنبیرو نوسەرو ھەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی ژنان، یاخود لە ژێر باڵی دەسەڵاتدان ،یاخود لە باشترین باردا لە ژێر ئاسۆی سیاسی و فكری و كومەڵایەتی  ئۆپۆزیسیۆندان، كە تاقمی گۆڕانی نەوشیروانە، كە ئەویش لە ڕووی ئاسۆ و ئامانجی سیاسی و فكری یەوە نەك ھەر ھیچ جیاوازی یەكی ڕیشەییان نی یە لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتدار و ھێرشبەران بەڵكو لە ھەندێك باردا زۆر دواكەوتو تر و بەمەش زیانبارترن.
بۆ سەلماندنی ئەم داوەری یەش سەرنجێكی خێرا بەسە خوێنەر بیدات لەسەر كارنامەو ھەڵوێستە سیاسی یەكانی چەند مانگی ڕابردووی گۆڕان . بە تایبەتی چاوپیاخشانێك بەو ڕاگەیاندنەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دەزگای ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەركراوە، دەربارەی كێشەی نێوان مەلاكان و ڕۆشنبیران، لەوێدا ڕادەی ھەلپەرستی و دوو ڕوویی و كۆنەپەستانەی ھەڵوێستی گۆڕان ڕوون و ئاشكرا جارێكی تر بە دیار دەكەوێتەوە كە بەشێك لەو ڕۆشنبیرانە پشتیان پێ دەبەستن.
بۆیە ئەگەر ڕۆشنبیران و نوسەران و ھەر ھەڵسوراوێكی سیاسی  و بزوتنەوەی ژنان، بیانەوێت ئەم ڕەخنەو بەرگری یە لاوازەی خۆیان پڕ كەنەوەو بەھێزی بكەن، تا ڕادەی ھێرشی پێچەوانە بۆ سەر مەلاكان و پارتی و ئیسلامی یەكان و سەرجەم دەسەڵات ،و كۆتایی بە بانگشەی مەلاكان بێت بۆ تیرۆرو كوشت و بڕ، ئەوە پێویستە بەر لە ھەر شتێك ئاسۆی سیاسی و ڕەخنەی ھەمەلایەنەو شێوازو میكانیزمی خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان و ھەر خۆش خەیاڵی یەك كە ھەیانە ،جیاكەنەوە لە بزوتنەوەی قەومی و حزبەكانیان، بە تایبەتی گۆڕان، كە ئەمە نزیك بە یەك دوو ساڵە ،ناڕەزایەتی یە بەرھەقەكانی جەماوەری ئازادیخوازی كردۆتە ژێر كونترۆڵی  خۆیەوە.
وە پەیوەست بن بە ئاسۆ و ئامانج و شێوازێكی خەباتی سیاسی چینایەتی كرێكاری كە حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ھەمیشە بە جورئەتەوە خستویەتی یە ڕوو و پیادەی دەكات، لە بەرامبەر سەرجەم دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەكێتی ،و دەستەو تاقمە ئیسلامی یەكانی تر .

15-1-11

 

Previous
Next

Leave a Reply