Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یاد و بیرەوەرى یەک سەدەمین ساڵڕۆژى هەشتى مارس

یاد و بیرەوەرى یەک سەدەمین ساڵڕۆژى هەشتى مارس

Closed
by March 6, 2008 ژنان

رۆژى جیهانى ژن هەرچى پڕشکۆتر ڕێز لێ بگرین …..
  ئا: سەعید ئەمانى….
  سەدەمین ساڵگەردى 8ى مارس، ڕۆژى جیهانى ژن لە رێرەدایە. هەشتى مارس، دەسکەوتێکى گرنگى تێکۆشەرانى ڕێبازى سوسیالیزم و ئازادى و بەرابەرى ژنان و پیاوانە، مێژوویەکى کە لەگەڵ ئەوەى گیانبازى زۆرى لە پێناودا کراوە دەسکەوتێکى پڕ بایەخى بۆ ژنان لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
  لە ڕۆژى 8ى مارسى 1875 دا، ژنانى کرێکارى پارچە چنینى شارى نیۆیۆرک، بە داواکارى 10 کاتژمێر کارەوە دەستیان دایە ناڕەزایەتى دەربڕین و خۆ پیشاندان کە ئەم خۆَپیشاندانە لەلایەن پۆلیسەوە بە توندترین شێوە سەرکوتکرا. لە ساڵى 1908دا، حیزبى سویالیستى ئامریکا بە پێکهێنانى "کۆمیتەى نەتەوەیى ژنان" خوازیارى مافى رەئى دان بۆ ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا بوو. هەر لەو ساڵەدا، کرێکارانى ژنى بەشى چنین بە دروشمى قەدەغەکردنى کارى منداڵان و دەستەبەر کردنى مافى رەئى دان  ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانیان وەرێ خست. لە ئاکامى بەردەوامى ئەم هەوڵ و خەباتە شێلگیرانەى کریکارانى پارچە چنین لە ساڵى 1909دا، ڕۆژى هەشتى مارس وەک ڕۆژى نەتەوەیى ژنان لە ئامریکا بە ڕەسمى ڕاگەیەندرا. لە ساڵى 1910دا، لە کۆنگرەى نێونەتەوەیى سوسیالیستەکان کە لە شارى "کۆپنهاک"ى پێتەختى دانمارک بەسترا، کلارازتکین، ژنە تێکۆشەر و کۆمونیستى ئەندامى هەڵکەوتە و پایەبەرزى حیزبى سوسیال دیموکراتى ئاڵمان، هەشتى مارسى بۆ ڕێز گرتن لە هەوڵ و خەباتى پڕ لە گیانبازى و بێ وچانى کرێکارانى ژنى پارچە چنینى شارى نیویۆرک، وەک ڕۆژى جیهانى ژن بە کۆنگرە پێشنهاد کرد. ئەم پێشنهادکردنە لەگەڵ پێشوازى گەرم وگوڕى نوێنەرانى کۆنگرەدا بەرەو ڕوو بوو، وە لە ئاکام دا پەسەند کرا.
  لە ڕێ و ڕەسمى ڕیز گرتن لە هەشتى مارسى ساڵى 1911دا، لە هەندێک لە وڵاتان بە تایبەتى لە دانمارک، سوئێد، ئاڵمان، ئوسترالیا و زۆر شوێنى تر، ڕێ پێوان و خۆ پیشاندانگەلێکى پڕشکۆ بەڕێوەبران کە ژنان و پیاوانى ئازادى خواز، بەرابەرى تەڵەب، سوسیالیست و کریکاران حوزورى چالاکانە و دەور و نەخشى تایبەتیان تێدا گێڕا. ئەم خەبات و تێکۆشانانە و ڕێز گرتن لە ڕۆژى جیهانى ژن، ساڵ لەگەڵ ساڵ زیاتر پەرەى گرت و بە هاتنە ئاراى شۆڕشى مەزن وشکۆمەندى ئوکتۆبرى 1917ى ڕووسیە، ڕۆژى هەشتى مارس لە سەرتاسەرى دنیادا و لە ئاستێکى بەریندا ناسێندرا و ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ گەشەى بەرچاو و بەرەو پێشەوە چوونى بزوتنەوەى ژنان لە دنیادا. تا واى لێهات لە ئاکامدا هەشتى مارس لە ساڵى 1975، لەلایەن ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ەوە، وەک ڕۆژى جیهانى ژن پەسەندکرا. وەک لە سەرەوە بۆمان دەرکەوت، ڕۆژى هەشتى مارس، بە هەوڵ و خەباتى شێلگیرانە و بێ پسانەوەى ژنان و پشتیوانى بزوتنەوەى کریکارانى سوسیالیست و گشت ئینسانە ئازادى خواز و بەرابەرى تەڵەبەکان ەوە بەسەر سیستمى سەرمایەدارى و دەوڵەتەکانى پارێزەر و پشتیوانیدا سەپاوە.
  ئێستا نزیک بە سەدساڵ بەسەر بە فەرمى ناسرانى ئەو ڕۆژەدا تێپەڕدەبێ و خەبات دژى پێشێلکرانى مافەکانى ژنان و سرینەوەى هەر چەشنە زوڵم و توندوتیژیەک بەرامبەر بە ژنان و دامەزراندنى نیزامێک کە لەوێدا ژن و پیاو لە گشت بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتى، ئابوورى و سیاسیەکاندا خاوەنى مافى بەرابەر بن لە ئاست و بوارە جۆراوجۆرەکان دا درێژەى هەیە.
  با ڕێ وڕەسمەکانى هەشتى مارسى ئەمساڵ بکەینە گۆڕەپانى ناڕەزایەتى دەربڕین و بە گژدا چوونەوەى هەر چەشنە دەسدرێژى، توندوتیژى، پێشێل کردنى ماف و ئازادى و حورمەت و کەرامەتە ئینسانییەکانى ژن و یەکگرتووانە خوازیارى سزادانى ئەو کەس و لایەنانە بین کە توندوتیژى بەرانبەر بە ژنان دەنوێنن و ماف و ئازادیەکانیان زەوت دەکەن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.