Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

یه‌كێتی قوتابیان سه‌ری چ جۆره‌ رمێكن؟!

Comments
by March 6, 2011 گشتی

“قوتابیان سه‌ری رمن له‌گشت شۆڕش و راپه‌ڕێنێكدا” ئه‌مه‌ وته‌ی خوالێخۆشبوو (مسته‌فا بارزانی)یه‌، كه‌ ته‌واوی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی و یه‌كێتی قوتابیان شانازی به‌م وته‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ دروشم و وێردی سه‌ر زاریانه‌. به‌ڵام بابزانین ئه‌م قوتابیانه‌ی قوتابخانه‌ی پارتی و بارزانی تا چه‌ند به‌وه‌فاو دڵسۆزن بۆ وته‌كه‌ی بارزانی؟ ئایا ئه‌مانه‌ سه‌ری چ جۆره‌ رمێكن؟!
 ئه‌گه‌رو چاوه‌ڕوانی گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌و گرنگه‌، كه‌ هه‌تككردنی زانكۆو ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان له‌لایه‌ن رێكخراوی قوتابیان و به‌ناو پارێزه‌رانی مافی خوێندكارانه‌وه‌ تا راده‌یه‌ك خه‌ریكه‌ به‌ ئاسایی تێده‌په‌ڕێت و نابێته‌ بابه‌تێكی ئه‌وه‌نده‌ جدی، كه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌و رێكخراوه‌و به‌رپرسه‌كانی بده‌ینه‌ دادگا. ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا رێكخراوی یه‌كێتی قوتابیانی پارتی به‌رامبه‌ر به‌ زانكۆو په‌یمانگاكانی هه‌ولێر كردی، شتێك نه‌بوو به‌ئاسانی بڕوا به‌ بیستنی هه‌واڵه‌كه‌ بكه‌ین، چونكه ئیفلیجكردنی پرۆسه‌ی خوێندن و كڵۆمكردنی ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ ڕووی خوێندكاراندا، كارێكه‌ ته‌نها له‌ نه‌خوێنده‌وارو كه‌سانی به‌ربه‌ری ده‌وه‌شێته‌وه‌، نه‌ك رێكخراو و یه‌كێتییه‌ك خۆی به‌ داكۆكیكاری مافی خوێندكاران بزانیت.  ئه‌مه‌ رێك هه‌مان ره‌فتاری رژێمێكی تۆتالیتێری وه‌كو رژێمه‌كه‌ی پۆڵپۆرتی وه‌بیرهێناینه‌وه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی له‌رێگه‌ی رێكخراوێكی ته‌ماته‌و هێلكه‌ به‌ده‌سته‌وه‌، نه‌ك چه‌ك به‌ده‌ست و ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانییه‌وه‌‌. ئاخر پێش چه‌ند مانگێك ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌ستی منداڵه‌كانی خۆی پڕ كرد له‌ هێلكه‌و ته‌ماته‌و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵایان كرده‌ نیشانه‌. ئه‌وه‌ی ئاگاداری مێژووی وڵاتی كه‌مبۆدیا بێت، ده‌زانێت ئه‌م كرده‌یه‌ی قوتابیانی پارتی چه‌ند به‌ له‌ناوبردنی زانایان و رووناكبیران و سوتاندنی كتێب و په‌كخستنی ده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و فێركارییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌چێت، له‌لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی پۆڵپۆرته‌وه‌. ئه‌م داهێنانه‌ له‌ هه‌تككردنی زانكۆ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌، كه‌ ده‌ستخۆشی و مه‌كره‌مه‌یه‌كی حزبه‌كه‌یان له‌ هه‌موو زانكۆو ئه‌كادیمیا پێ گرنگتر و گه‌وره‌تره، ئێمه‌ی توشی شۆك كرد‌. به‌ڵام ئاسایی هاته‌ پێش چاومان، كه‌ بێهه‌ڵوێستی و خۆكڕكردنی به‌شێكی زۆر له‌و له‌شكره‌ له‌ پرۆفیسۆر و مامۆستاو ئه‌كادیمیانمان بینی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م سوكایه‌تییه‌ی به‌ زانكۆكه‌یان كراوه. به‌و پێیه‌ی خۆم ده‌رچووی ئه‌و زانكۆیه‌م، لانیكه‌م له‌وه‌ باشتر تێده‌گه‌م، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستایانی ئه‌و زانكۆیه (ناڵێم هه‌موویان)‌، یان په‌روه‌رده‌ی ئه‌م رێكخراوه‌ نه‌خوێنده‌واره‌ی قوتابیانن، یاخود ئه‌ندامی حزب، یان له‌ باشترین حاڵه‌تدا نایانه‌وێت خۆیان نانبڕاو بكه‌ن و بكه‌ونه‌ به‌ر ره‌حمه‌تی ناوچه‌ی زانكۆ و سه‌رۆك و راگر و به‌رپرسه‌ باڵاكانی. هاوكات هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له‌ مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران و چه‌ند قوتابی و نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسێك جێگای ده‌ستخۆشییه‌، كه‌ له‌ چه‌ند به‌یاننامه‌ی جیاوازدا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ دزێوه‌یان كردبوو.  
 گه‌ر سه‌رنجێكی ئه‌م ره‌فتاره‌ی قوتابیانی پارتی بده‌ین، زۆر به‌ ئاسانی هێڵه‌ درێژكراوه‌كه‌ی له‌ رابردوودا ده‌بینینه‌وه‌. روونتر بڵێم، له‌وه‌ته‌ی به‌ڕێز د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین پۆستی وه‌زیری خوێندنی باڵای وه‌رگرتووه‌، یه‌كێتی قوتابیان به‌ئاشكراو نهێنی، به‌چه‌ندین رێگاو میكانیزمی جیاواز كه‌وتوونه‌ته‌ دژایه‌تیكردنی. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تدا ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وای خوێندنی باڵابوون و له‌بری پێشنیاز، فه‌رمانی قه‌ره‌قوشییان بۆ وه‌زیر ده‌رده‌كردو ئه‌وه‌ی بیانویستایه‌ به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تیان ده‌سه‌پاند. به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ ته‌نها ئه‌م رێكخراوه‌و ناوچه‌ی زانكۆی پارتی ده‌یتوانی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر وه‌رگرتن له‌ خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا بدات، به‌تایبه‌ت خوێندنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و زه‌مالاتی زانكۆ جیهانییه‌كان. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستڕۆیشتوو بوون، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پلانی وه‌رگرتنی به‌ش و كۆلیژه‌كان به‌ ئاره‌زووی دڵی خۆیان و ئه‌ندامه‌ سوودمه‌نده‌كانیان، ژماره‌ی كورسییه‌كانی ماسته‌رو دكتۆرایان زیاد ده‌كرد. وه‌لێ ئه‌مڕۆ وه‌زیری نوێ، ده‌ستی درێژی له‌ وه‌زاره‌تدا بڕیون و له‌ خه‌می ئه‌وه‌شدا بوو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ زانكۆو په‌یمانگاكاندا مۆڵگه‌و بنكه‌كانیان وه‌ده‌رنێ و ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵا له‌ چنگی حزب ده‌ربهێنێ. چونكه‌ لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ هه‌تا زانكۆ لێبوكی ده‌ستی حزب بێت و رێكخراوه‌كانی قوتابیان و خوێندكاران و ناوچه‌و كۆمیته‌ فه‌رمانڕه‌وای ئه‌م ناوه‌نده‌بن، مه‌حاڵه‌ له‌م پاشاگه‌ردانییه‌ رزگارمان ببێت. بێگومان وه‌زیری خوێندنی باڵا زۆر باش دركی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی كردووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ربه‌خۆبوونی زانكۆو خوێندنی باڵا ده‌كاته‌وه‌.
پاشخانی ئه‌م كرده‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، پاش ئه‌وه‌ی رێكخراوی قوتابیان هه‌موو رێگایه‌كیان تاقیكرده‌وه‌ بۆ ملدانی به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ فه‌رمانه‌كانیان و سه‌ره‌نجام ته‌واو نائومێد بوون. ته‌نانه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌شیان كرد، به‌ئاشكرا هێلكه‌و به‌ردو ته‌ماته‌ بده‌نه‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێك منداڵ و هه‌رزه‌ی ئه‌ندامی خۆیان، به‌ ئامانجی شكاندنی هه‌یبه‌تی وه‌زاره‌تی یاخی له‌ فه‌رمانه‌كانی ئه‌وان. هه‌ربۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌لێك ده‌گه‌ڕان تۆڵه‌ی خۆیانی لێ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو پاش ئه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی خوێندكارانی خۆپیشانده‌ری زانكۆی سلێمانی كردو له‌ وته‌یه‌كدا پێیگوتن: (داواكارییه‌كانتان ره‌وایه‌و ئێمه‌ پشتگیریتان ده‌كه‌ین)..  (ئێوه‌ ئاژاوه‌ گێڕنین‌و كه‌رنه‌ڤاڵێكی‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن). ئیدی رقی پارتی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی قوتابیان، گه‌یشته‌ چڵه‌ پۆپه‌.
هه‌روه‌ك خواستی پارتی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌ خۆپیشاندانی گه‌نجانی ناڕازی و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا، یه‌كێتی قوتابیانی دارده‌ستی راده‌سپێرێ بۆ سوكایه‌تی كردن به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ئه‌ویش به‌ هه‌تككردنی زانكۆی سه‌لاحه‌دین. به‌مجۆره‌ پارتی به‌ به‌ردێك دوو نیشانه‌ی شكاند، له‌لایه‌ك مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی له‌ هه‌ولێر دوورخسته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یزانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ناو توێژی خوێندكاراندا زیاتره‌و به‌ ئاسانی كۆلیژه‌كان ده‌بنه‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی خوێندكارانه‌ی ناڕازی به‌ واقیعی پڕ له‌ ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و پاوانخوازی، كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌كو مۆته‌كه‌ به‌سه‌ر ملی كۆمه‌ڵگاوه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌. ئیدی به‌م كرده‌وه‌یه‌ وه‌ڵامێكی توندی وه‌زیرێكی ریفۆرمیستیان دایه‌وه‌و پێیان گوت: ئیتر پرۆژه‌ چاكسازییه‌كانت و هه‌وڵدانت بۆ سه‌ربه‌خۆكردنی زانكۆو پلان و ره‌نگڕێژی و بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیتماتیزه‌كراوی مۆدێرنی دوور له‌ هه‌یمه‌نه‌ی حزبی حاكم، شیاوی قبوڵكردن نییه‌.
له‌م كاردانه‌وه‌ هیسترییه‌ی پارتی و یه‌كێتی قوتابیانه‌كه‌یه‌وه‌ زۆر به‌ ئاسانی ئه‌قڵییه‌تی دواكه‌وتووانه‌ی هه‌ندێك له‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه‌ ده‌بینین، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان، كه‌ هێشتا باوه‌ڕیان به‌ شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی هه‌یه‌و كولتووری خێڵ به‌شێكی گه‌وره‌ی پاشخانی فكریان پێكده‌هێنێت. ئه‌وانه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی دیموكراسیترین وڵاتانی رۆژئاوایان له‌ گیرفاندایه‌و پێشكه‌وتووترین ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤ به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام هێشتا به‌ كولتووری شارو شارستانی و ژیانی مۆدێرن و كولتووری مرۆڤدۆستانه‌ نامۆو دوژمنن. هاوكات نوخبه‌یه‌كی سیاسی و ئه‌كادیمی و خاوه‌ن تێڕوانینی جیاواز له‌ناو سه‌ركردایه‌تی پارتی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و دۆگماییه‌ی لای زۆرێك له‌وانه‌ی پێشتر باسم كرد ئاماده‌یی هه‌یه‌، ئه‌م نوخبه‌یه‌ش ناتوانن هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئیجابیان له‌سه‌ر بڕیاردان و دواجار ره‌وتی رووداوه‌كان هه‌بێت.   ‌
قوتابیانی پارتی، كه‌ هه‌میشه‌ شانازی به‌ مێژووی رێكخراوه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ساڵانه له‌یادی دامه‌زراندنیدا چه‌ند رۆژێك ده‌وامی زانكۆو په‌یمانگاكان بۆ ئاهه‌نگی ئه‌و یاده‌ راده‌گرێت و ده‌یان ملیۆن دینار له‌ گه‌شت و سه‌یران و ئاهه‌نگه‌كانیدا به‌هه‌ده‌ر ئه‌دات. پێیان خۆش بێت یان نا، مێژوویه‌كی ره‌شیان بۆخۆیان تۆمار كرد، مێژوویه‌ك، كه‌ چیتر جورئه‌تی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن شانازییه‌كانیان به‌ نه‌وه‌ی نوێ بفرۆشنه‌وه‌. من ئه‌زانم كه‌سانێك هه‌ن، پێشتر له‌ ئۆرگان و ناوه‌نده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌دا كاریان كردووه‌و ئێستاش مامۆستای ئه‌و زانكۆیه‌ن، كه‌ ئه‌مڕۆ رێكخراوه‌كه‌یان سوكایه‌تی پێده‌كات، ته‌واو نیگه‌رانن له‌و ره‌فتاره‌ی سه‌ره‌ رمه‌كانی پارتی‌، به‌ڵام ئیدی ئه‌وانیش له‌ ئاست ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ بێده‌نگن. ره‌نگه‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ئه‌مڕۆ بتوانن به‌و بێده‌نگییه‌ خۆیان له‌ توڕه‌یی و نانبڕینی ده‌سه‌ڵات به‌ دوور بگرن، یان خوانه‌كرده‌ هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌فتاره‌ی رێكخراوه‌كه‌یان كۆك و ته‌با بن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن به‌ر به‌ دادگای مێژوو بگرن.
چیتر ئه‌م یه‌كێتی قوتابیانه‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌و سه‌ره‌ رمه‌ نین، كه‌ بارزانی باوك باسی كردوون، به‌ڵكو زۆر بێباكانه‌ خیانه‌تیان له‌ وته‌ی رابه‌ره‌كه‌یان كردو له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ رمی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كان بن، سه‌لماندیان كه‌ سه‌ره‌ رمێكی ژه‌هراوین و به‌ جه‌سته‌ی شارستانییه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردیدا رۆچوون.
دواجار جێی خۆیه‌تی ته‌واوی كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتی و رێكخراوه‌كانی خوێندكاران بخه‌ینه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژوویی و پێیان بڵێین: ئێوه‌ كه‌ خۆتان به‌ هه‌ڵقوڵاوی ناخی قوتابیان و فریادڕه‌س و كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان ده‌زانن، له‌دوای ئه‌م كاره‌ ئابڕوبه‌رانه‌یی قوتابیانی پارتییه‌وه،‌ كه‌ سكرتێره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی فیدراسیۆنه‌كه‌تان ده‌كات، ئایا هه‌ر له‌ژێر ئه‌و چه‌تری نه‌خوێنده‌واری و رسواییه‌ی فیدراسیۆندا ده‌مێننه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئێوه‌ رێكخراوگه‌لێكن بۆ داكۆیكردن له‌ ماف و كه‌رامه‌تی خوێندكاران و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان، نابێت رێگه‌ به‌خۆتان بده‌ن جارێكیتر له‌سایه‌ی ئه‌و چه‌تره‌ ژه‌نگاوییه‌ی ناوی فیدراسیۆنه‌ كۆببنه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێوه‌ نه‌ك نماینده‌و هاوده‌ردی خوێندكاران نابن، به‌ڵكو هاوكار و به‌شداری ئه‌م ئابڕووچوونه‌ ده‌بن.

 

فه‌ره‌یدون عارف

Previous
Next

Leave a Reply