Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
یەكێتى؟…… شادمان مەلا حەسەن

یەكێتى؟…… شادمان مەلا حەسەن

Closed
by June 1, 2008 گشتی

  سبەینآ 33سال بەسەر دامەزراندنى یەكێتى نیشتمانى كوردستاندا تێدەپەڕێ .دوور لەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو و مێژوو ,دەتوانین دوور لە باسكردنى لایەنە سلبیەكانى ئەم حزبە دەورى گرنگ و پڕلەداهێنانى هەبووە لە مێژووى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى كوردستاندا. یەكێتى تاكو ئەم ساتە وەختەى پێیدا ڕەت دەبآ نوێخوازترین حزبى كوردیە ,بەتایبەت لە كوردستانى عێراق دا.ماوەى چەند سالێكە بەگشتى و ئەم ماوە كورتەى دوایى بەتایبەتى چەندین لێدوان ودید و هەلوێستى جیاواز لێرەو لەوآ دەردەچآ لەسەر ئێستا و ئایندەى یەكێتى ,ئەمانە هەمووى فەزایەكى واى دروستكردوە نیگەرانى و دلەڕاوكآ و كۆمەلێك لێكدانەوە و حیساباتى سیاسى لە لایەن كادر و ئەندامانى یەكێتى خۆى و خەلكى كوردستان و حزب و ڕێكخراوە سیاسیەكان و هیزە ئیقلیمیەكان  هێناویەتە گۆڕآ .ئەساسى كێشەكەش لەناوخودى سەركردەكانى یەكێتى خۆیەوە سەریهەلداوە و هەریەكەى بەجۆرێك و بەمەبەستێك و باكگراوندێك ئەم بابەتە دەوروژێنآ .دیارە كاتآ بابەتێكى واحەساس ئەمڕۆ لە كۆمەلگاى كوردى دێتە ئاراوە,بابەتێكى ئەوەندە سوك و ئاسان نیە كەوا كاریگەرى لەسەر پێكهاتەى دەسەلاتى سیاسى و كۆمەلایەتى و ئابورى و ئەمنى كوردستان نەبآ .چونكە هاوكێشەیەكى جەبرى زۆر  قوڕەسە دووبارە دەركردنى ئەنجامەكەى هێندە سانا نیە ،هەروەها یەكێتى حزبێكى ئەوەندە بچكۆلەش نیە ژمارەى ئەندامەكانى لەچەند سەد كەسێك تێپەڕ نەكات و بوون و نەبوونى ئەوەندە گرنگ نەبآ بەلاى خەڵكیەوە .بەبى هیچ گومانێك هەرجۆرە فەوزایەك لەناوخودى یەكێتى لە چوارچێوەى حیوار و لێدوان دەرچآ ئەوە ئەنجامەكەى خولقاندنى چەندین كێشەیە كە چارەسەریان زەحمەت دەبآ .دەبى ئەم ڕاستیەش باس بكەین كۆمەلێك خەلك كەوا ئەمڕۆ بەباش و خراپ قسە لەسەر چارەنووسى یەكێتى دەكەن هەریەكەى بە ئامانجێكە .هەندێكیان بە درێژەدانى فەوزاى دروستكراو بەرژەوەندیان زیاتر دەبآ و مەكانەتى دەسەلاتیان باشتر دەچەسپآ .هەندێك هیچ ئینتما و مێژووێكى ئەوتۆیان نیە لەم كاروانە پڕ لەزەحمەتیە ، بۆیە بەبآ هیچ حیسابێك بەڕاست و چەپ وبۆ مجامەلە و ماستاوكردنیش بآ قسە فڕێدەدەن بەبآ ئەوەى سود و زیانى قسەكانیان لێكبدەنەوە .هەندێكیش بەهەست كردن بەمەسئولیەت وپەرۆشى بۆ حزبەكە و تێگەیشتن لە دونیاو داهاتوو قسە لەسەر ئەم بابەتە دەكەن و دەیانەوآ بەزووترین كات یەكێتى لەم قەیرانە دەرباز بكەن و بیگەێننەوە كەنارێكى ئارام و ڕاستەڕێى خۆى بگرێتەوە بەر و ئەرك و پیشەى خۆى بزانآ و جێبەجێبكات .هەموو ئەوانەى باسمان كرد هۆكارێك هێناویەتە سەرشانۆى لێدوانەكان.ئەویش هەلكشانى تەمەنى هەڤال مام جەلالە .(ئەگەرچى بەپێى زانیاریە پزیشكیەكان تەندروستى زۆر نۆرمالە و دوورە لەمەترسى )جێگاى خۆیەتى زۆریش بەێەراحەت  ئایا كآ دەبێتە خەلیفەى مام جەلال وەك سكرتێرى گشتی یەكێتى .ئایا مام جەلال كآ بۆ دواى خۆى دەست نیشان دەكات ؟(هەرچەندە ئێستا دوو جێگرى هەیە.بەلام هەمووكەس دلى بەتەواوى پێیان ئاو ناخواتەوە) ئایا مەبەستیەتى ئەم كاروانە گەورەى كەخۆى دەورى كاریگەرى لەدامەزراندن و پێگەیاندنیدا هەبووە نەیەوآ درێژەى هەبآ و مام جەلال لەداهاتووشدا وەك ناو وكەسى یەكەمى روحى ئەم حزبە بوونى هەبآ و هەمیشەلەئایدیاى حزبەكەیدا لەكارابێت و ئاوا نەبآ؟.وەلامى ئەم پرسیارانەش تەنها لاى هەڤال مام جەلال خۆیەتى و لاى ئێمە نیە .بەلام مەبەستیشە بزانرآ , گەر ئێستا بزانرآ باشترە وەك لەبەیانى،چونكە زۆربەى پرسیار و گومان و لێكدانەوەكان خامۆش دەكات و یەكێتیش قالبى ڕێكخراوەیى باشتر وەردەگرێتەوە.ئەو دید و بیروڕا جیاوازە دروستكراوانەى ناو یەكێتى كەوا ئێستا پانتایەكى گەورەى باس وخواس و لێكدانەوەى لە ناوەندەكانى میدیاى كوردى و كۆڕوكۆبوونەوە سیاسیەكانى كوردستان و خودى ناوخۆى یەكێتى داگیركردوە .بە زۆریش تۆمەتى ئەم فەزایە خراوەتە ئەستۆى مام جەلال ,ڕاستە مام جەلال بەرپرسى یەكەمە .بەلام خۆ ئەو ئێستا زۆربەى كاتى خۆى بۆ عێراق و پۆستى سەرۆك كۆماریەكەى تەرخان كردوە ,هەروەها كاراكتەریكى گەورەى هاوكێشەكەش بەڕەسمى لەئۆرگانى ڕەسمكردنى كارو سیاسەتەكانى یەكێتى دوور كەوتۆتەوە .كەچى ڕۆژ بەڕۆژ لێدوان و ڕونكردنەوەكان زیاتر دەبن . ئەم بابەتە پێویستى بە دانیشتن و حیوار و لێكتێگەیشتنى هێمنانە و ئالیەتى نوێى چارەسەركردن هەیە .نەوەك هەر بەرپرسێكى بالا بێت و كۆبوونەوە بەژمارەیەك كادر بكات و بەچەند قسەیەك بە ئاراستەى هێوركردنەوە و توند كردن كۆتایى پێبێنآ بەبآ ئەوەى ڕێگاچارەى كێشەكە دەست نیشان بكات و بیخاتە وارى جێبەجێكردن و چارەسەر وەرگرتن .بۆیە هەمووى بەرپرسیارە لەباشكردن و خراپكردنى ئەم ڕەوشە .باشى و خراپى و گەندەل و پاكى هیچ كەسێكیش بەقسەو لێدوانى خۆى و گروپەكەى نابآ .چونكە زۆربەى مەسئولى ئۆرگانەكانى یەكێتى ئەمڕۆ لەكۆمیتەومەلبەند و مەكتەبەكانەوە بیگرە تاكو ترۆپكى سەرەوە روحێكى خۆبەگەورزان و ئاكار و ڕەفتارى مۆنەپۆلكردنى تێدایە . لەهەموو ئۆرگانەكان (بڕیار و خەرجى و میزاج) هەرسێكى بەدەست بەرپرسى یەكەمەوەیە چۆنى بوآ وا ئاراستەى دەكات, بەبآ ئەوەى حیساب بۆ هیچ ئۆرگان و كەسێكى ترى ڕەقیب بەسەر ئۆرگانەكەى خۆیەوە بكات .هەروەها كەسیش لێیناپرسێتەوە و ترسى لەكەسیش نیە.لەهەمان كات هەركەسە و ئێستا گروپێكى بۆخۆى دروست كردوە بۆ پیاهەڵدان و هێنان و بردنى ئەو قسەو دەنگ و باسانەى كەخۆى پێ ى خۆشە .ئەمە گەورەترین نەخۆشیە كەوا سەرتاپاى بەدەنى یەكێتى داگرتووە .بەرهەمى ئەم ڕەفتارەش هێنانە پێشەوەى سەدان كەسى هەلپەرست و ماستاوچى و ناكادیر و ناحزبیە لە ڕیزەكانى یەكێتى .تەنها كاریان سەرلەقاندن و دەست لەسینگ دانە بەبآ ئەوەى بچوكترین ڕاى پێچەوانە بەرامبەر بەرپرسەكانیان دەربڕن لەسەر سیاسەتە هەلەكانیان و ڕێى ڕاستى حزبیانەیان نیشان بدەن و هاوكارى بن و لێنەگەڕێن ئەوەندە لەئەرك وكارى خۆى لابدات ,هەمووشى داواى خۆباشكردن لەبەرامبەرەكەى دەكات بەبآ ئەوەى تاكە ڕەخنەیەك و تێبینیەك لەسەر خۆى قبول بكات .لەم قەیرانەشدا زەرەرمەندى گەورە لەناو یەكێتى ئەو كادرو ئەندامانانەن كەوا یەكێتین و یەكێتیانە دوور لەم گروپ و دەستانە بیردەكەنەوە و دەجولێنەوە .
 لـــــــێرەدا: بەندە ئەوەندە ڕەشبین نیم لە داهاتو و چارەنووسى یەكێتى وەك حزب .دەكرآ لەگەل ئەو لێكدانەوانەى كەوا بۆ دواڕۆژى یەكێتى دەكرآ لەدواى تەمەنى هەڤال مام جەلال(لەگەل هیواى زۆرم بۆ تەمەن درێژى و لەش ساغى دوور لە ماستاوكردن چونكە پیاوێكى گەورەیە بەهەموو مانایەك) لەوانەیە یەكێتى دووچارى هەندآ قەیرانى كاتى ببێت ،وەك كاتى خۆى كە یەكێتى سۆڤیەت هەلوەشایەوە ڕوسیا ماوەیەك لاواز بوو كەچى دوایى كەسى خۆى لێدروست بوو لەسەر دارو پەردووى سۆڤیەت ئێستا ولاتێكى زۆر بەهێزتر لە سۆڤیەت لەڕووى ئابورى و سیاسیەوە بەناوى ڕوسیا دروست بووە .بۆیە مام جەلال لینینى یەكێتیە و داهاتوو پۆتینەكەى دیارى دەكات .بەلام دەكرآ هەڤال مام جەلال بەر لەوادەى كۆتایى هاتنى چەرخى خۆى وەك بۆریس یەلسن پۆتنێك بۆ حزبەكەى دەسنیشان بكات و لێًنەگەڕآ یەكێتى بەقۆناغى كزى یەكێتى سۆڤیەتدا بڕوات .ئەم كارە كارێكى تەندورست ترە وەك لەكارى بەپەلەى دواى ڕوودانى ڕووداو.هۆكارێكى تر ئەوەیە كەیەكێتى وەك بوونى ڕێكخراوەیى دەمینآ ئەویش بەرژەوەندى تەواوى جەمسەرەناكۆكەكانى ئەمڕۆ جگە لە تەنەزولكردن بۆیەكتر و كۆبوونەوەیان لە چوارچێوەیەك ڕێگا چارەى تریان نابآ ,چونكە هیچ هێزێك ناتوانآ خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان بپارێزآ .لایەنى دووەم بوونى هەزاران كادرو ئەندامى دلسۆزى یەكێتیە كەوا لەم بارودۆخانەدا دێنەوە پێش و وەحدەى یەكێتى و پاراستنى كیانەكەى ئامانجى سەرەكیتیان .بۆیە ترس لە دواڕۆژى یەكێتى ئەوەنیە كەوا هەندآ كەس و لایەن كارى بۆ دەكەن و خەونى پێوە دەبینن .بەلام ئەوەى جێگاى باسكردنە زەمەن ئەوەندە لەبەردەم كاراكتەرى سەرەكى یەكێتى دا نەماوە .ئەگەرنا زەمەن مەسافەیەكى تر لە پێش بوایە .كاروانەكە ئەوەندە ترسى نەبوو ,چونكە كاراكتەرى سەرەكى یەكێتى زۆر بارودۆخى زۆر ئالۆزتر لەمەى ئێستاى بەچارەسەر تێپەڕاندوە, ئەم ڕەوشەش ئەوەندە گەورە نەبوو بۆ جولان و ئاراستەكردنى ئەو .بەكورتى و بەكوردى لێرەدا زەمەن فاكتەرى سەرەكى خولقاندنى ئەم فەزایەیە و دەبىَ بیزانین و ئاگاداربین .
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.