Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
یەكێتی ئاینی ئیسلامی و ئۆكتۆبەر

یەكێتی ئاینی ئیسلامی و ئۆكتۆبەر

Closed
by October 6, 2008 گشتی

 یەكێتی ئاینی ئیسلامی و ئۆكتۆبەر
    عبداللە مەحمود
 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 یەكێتی ئاینی ئیسلامی كوردستان، لقی سلێمانی داوای داخستنی بڵاوكراوەی ئۆكتۆبەر دەكەن، چونكە ئۆكتۆبەر ناوی ئەو ماڵپەڕە دانیماركیەی بڵاوكردۆتەوە كە وێنەكانی پەیامبەر" محەمەد"ی بە شێوەی هونەری كاریكاتێری كێشاوە.
 هەركەسێكی چاودێر بەڕوداوەكانی كۆمەڵگادا، دەتوانێ بەسادەیی نەخشی یەكێتی زانایانی! ئیسلام و یەكێتی ئاینی و شێخەكانی نەك هەر لەكوردستان بەڵكە بەشێوەیەكی گشتی لە دنیای ئەم سەردەمەدا ببینێ.
 زانایانی ئێسلامی لێرە لە كوردستان بن یان لە وڵاتانی سعودییە و ئەندەنوسیا، لە  میسرو كویت و بن یان بەنگلادیش مەغریب، هەڵگری یەك پەیامن. پەیامی تاریك هێشتنەوەی كۆمەڵگا، پەیامی خزمەتكاری و وەستان لەپاڵ دەسەڵات.
 ئەم دەستە لە مەلا، هیچ كارێكیان نییە، لەوەی زیاتر فتوا ببەخشنەوە، حوكمی تاریكی بەسەر ڕۆشنایەكانی كۆمەڵگاو جوانیەكانیدا بدەن.
 تەماشاكەن، مشك ئەبێ بكوژرێت چونكە پیسەو سەبازی شەیتانە، ئەمە فتوای شێخێكی سعودیە بەناوی محەمەد مونجد.
   هەموو باوك و دایكێك بۆی هەیە كچی تەمەن نۆ ساڵەكەی بەشو بدات، ئەمە فتوای شێخی مەغریب بەناوی محمەد بن عبدالرحمان.
  خواردنی زلوبیا لە ڕەمەزاندا قەدەغەیە ئەمەش فتوای شێخ محەمەد عەلی فركوسە.
 كوشتنی خاوەن كەناڵە ئاسمانیەكان حەڵاڵە، ئەمەش فتوای شێخ ساڵح بن حەمەدە لە سعودیە.
 ئۆكتۆبەر، دەبێ دابخرێت ئەمەش فتوای یەكێتی ئاینی ئیسلامی كوردستان لقی سلێمانیە و داوایان لە وەزارەتی رۆشنببیری كردووە كە دایبخەن.
 
 تەماشا ئەم پێنج فتوایە بكەن، ئەمانە هەموو تازەن لەماوەی كەمتر لەم مانگەدا بڵاوكراونەتەوە.
 ئەم شێخ و مەلاو جەنابانە كە ئەم فتوایانەیان داوە، هەریەكەیان لە وڵات و شارێكن، یەكتری ناناسن، ڕووبەڕو یەكتریان نەبینیووە، ئاڵوگۆڕی زانستی!! دینیشیان لەگەڵ یەكتری نەكردووە، كەچی هەموو فتواكانیان لەدژی ئازادی و ئینسانیەت و كۆمەڵگایە. هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی نەخشی پۆلیسی خوا ببینن لە دژی خەڵك و كۆمەڵگاو ئازادی و جوانیەكان.
 سەیر ئەوەیە ئەم جەنابانە هەموویان بەناوی موسوڵمان بوونی كۆمەڵگاكانەوە ئەم فتوایانە ئەدەن و ئەڵێن ڕاژەی خەڵكەكەمان %98 موسڵمانە، كەچی زیاتر لە %98 ئەم كۆمەڵگایانەی ئەم مەلاو یەكێتی یە ئاینیانە بانگەشەی بۆدەكەن، لێواو لێون لە نەفرەت بەرامبەر بەو فتواو بانگەشە بێناوەڕۆك و دژی ئینسانیانەی زانایان !و یەكێتی ئیسلامیەكان و ئاخوندەكان.
 لەوەش عەجایەبتر ئەوەیە هەر كەس و لایەن و ڕوناكبیرو دەستەیەكی مۆدیرن، دەست بۆ توێژینەوەیەكی زانستی ببەن كە لەگەڵ عەقڵ و چەمكی ئیسلامی سەدە تاریكەكان نامۆبێت، ئاماژەیەك بكەن بە پەیامبەرانی ئیسلام، ڕەخنە بگرن لەدین و ئەحكامە زۆروزەبەرندە خەیاڵی و خورافیەكان، پێشوازی بكەن لە ئاڵوگۆرە بەردەوامەكان كە نامۆن بە حوكمەكانی ئیسلام پەیامبەرانیان، گڕ ئەگرن و بەناوی خەڵكی موسڵمانەوە بانگەشە و فتوای تیرۆر دەرئەكەن، بەمەش نیشانی ئەدەن كە هیچ حەقانیەتێك لە بۆچون و ئەحكامەكانیاندا نییە، ئەگەر نا بۆ لوتف ناكەن و وەڵام نادەنەوە؟ بۆچی بەحەلاڵی ئەزانن هونەر دەست بەرێت بۆ هەموو ژیان و كون وكەلەبەرێكی ژیانی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و كەلتوری، وە هەموو كەس و فەیلەسوف و زاناكان بكاتە نیشانەی ڕەخنەو توێژینەوە، كەچی كە دێتەی سەر باسی خولەفاكانی ڕاشیدین و پەیامبەری ئیسلام ….. گڕ لەدەرونی ئاگراوی جەهەنەم ئاسایان دێتە دەرەوەو ئارامیان لێهەڵدەگیرێت. ئەڵێن ئەمە ئاخر زەمانە، ئەمە مانای كۆتایی دنیاو دەورەی دابارینی غەزەبی خوایە. ئەڵێن لە %98 خەڵكی ئێمە موسوڵمانە كەچی لەناو ئەو %98 تەنها ئەم چەند جەنابە موچەخۆرو خۆشخزمەتە بە دواكەوتوی و دەسەڵاتی باو هاواریان لێهەڵدەستێت و باقی ئۆردوی بێشوماری خەڵكی نەك بۆیان مەسەلە نییە، بەڵكە گاڵتەیان بە عەقلی ئەو دەزگاو ناوەندە ئیسلامیانە دێت كە تازە بەتازە لەدنیای ئەم سەردەمەدا بانگەشەی دەورانە تاریكەكانی ئینسان بە خورافەی ئیسلامی دەگیرنەوە.
  یەكێَتی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە دواكەیاندا بۆ وەزارەتی رۆشنبیری  بۆ داخستنی ئۆكتۆبەر دەڵێن" لای هیچ كوردێك پەنهان نی یە دوژمنانی كورد چ هەوڵێكیان بۆ لەباربردنی ئەم ئەزمونەی ئەمرۆی نەتەوەكەمان لە هەریمی كوردستاندا بەدی هاتووە زۆرجار دوژمنان خۆیان روبەرومان بونەتەوەو دەبنەوە، زۆرجاری كەش بە ئەلقە لەكویكانیان پلان و پیلانەكانیان ئەخەنە گەر زۆر شتی سەیرو سەمرە ئەخولقینن بئ ئەوەی رای جیهان بگۆرین بەرامبەرمان و وەك ئەوان سەیرمان بكریین تا تیوەردان و بشیوی ناوخۆی دروست بكەن. ئەم دەستە چەپەلە ئەبی گشت لایەك بیاناسن و رۆیان بۆ میژوو رەش بكەین كە ئەیانەوی بەزمانی كوردیەوە موبەریرات بۆ بەعس و گشت دوژمنانی تۆقیو لە ئازادی كورد بدەن بەدەستەوە كە دوژمنان حەقیان بووە ئەنفال و كاری جینۆساید هەموو نارەوایەكی نادینی نامرۆیانە…هیتد كردووە." ئەمە پەرەگرافێكی نوسینەكەیانە وەكو خۆی بێدەسكاری و ڕاستەكردنەوەی هەڵەكانی"
 زیاتر لە سەدا %98 خەڵكی كوردستان، دیارە ئەو خەڵكانەی تەمەنیان لەسەرو 16 ساڵیەوەیەو ئەتوانن بریاڕ بدەن و سەر لەدنیاو دەوروبەریان دەربكەن، لایان پەنهان نییە، كە ئەو ناوەندو دەزگا ئیسلامیانەی مەلاكانی كوردستانی تیا كۆبونەتەوە، لەهەموو سەردەمێكدا و لە هەموو دەوانێكدا لە كاتی دەسەڵاتدارێتی هەر لایەن و حزبێكدا، بەشێك بوون لە دەسەڵات و بەشێك بوون لە دوژمنانی سەرسەختی خەلكی كوردستان. بەشێك بوون لەهەوڵی دەسەڵات بۆ كپ كردنەوەی هەردەنگێكی ناڕەزایەتی و وەستانەوە بە ڕووی خواستی ئازادی و ڕزگاری دا. با زۆر دور نەڕۆین هیچ هەنگاوێكی وەحشیانەی بەعس لە كوردستان، بەبێ ئاگاداری مەلاو یەكیتی زانایانی! ئیسلامی نەبووە. لە  تێك و پێكدانی هەزاران ئاواییەوە بگرە، تا بەخاك یەكسانكردنیان. لە ئەنفالەوە تا كیمیاباران و بێسەروشوێنكردنی دەیان هەزار ئینسان…تاد.
 وە بەشاهیدی لە %98 خەڵكی كوردستان مەلاو یەكێتی زانایانی! ئیسلامی  پێشنویژییان بە درود بۆ سەرۆكی گەورە سەدام حسین خوابیپارێزی دەست پێدەكرد. وە ئەوان بوون سوێدنیان ئەخوارد كە بەعس كیمیایی بەكارنەهێناوە…. تاد. كەچی ئێستا باسی نۆكەرایەتیو دوژمنایەتی ئەزمونی و دژایەتی خەڵكی كوردستان ئەدەن پاڵ خەڵكی تر…. بەڕاستی ئەمە هەر ڕووی قایمی دەوێت بۆ شێوانی ئەم حەقیقەتانە، كە تا ئێستا برینەكەی لەجەستەی ئێمە خەڵكی كوردستاندایە.   
 لە بەشێكی تری داخوازینامەكایان كە ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیریان كردووە هاتووە" …بۆ ئەمرۆ دەرگا والا بیت بۆ دوژمنانی ئازادی بەهۆكاری نوسراوەكانی نیو رۆژنامەی ئۆكتۆبەر ژمارە 11/ لە 10/ ئەیلول/2008 كە ئەو مافانە بدەنەوە بە خۆیان سەر لەنوی كارە شومەكانی دوینی و ئەمرۆ بەسەرمان بسەپینەوە بیخەنەوە ناومان و دلی زیاد لە (6) ملوین كوردی مسولمان كە راژەی مسولمان بونی 98% كوردستانی باشورە زامدار بكەن، لە پیغەمبەرو دینی پاكی ئیسلام و حكومەتی هەریم و لەناموسی نەتەوەكەمان بدوین كە هەرگیزاو هەرگیز ئەم جۆرە نارەوایانە لە كوردستانی پر ئازادی و دیموكراسیدا جیی نابیتەوەو قبول ناكریت…." " ئەمەش پەڕەگرافێكی تری بێدەسكاری یەكێتی ئیسلامی كوردستان"ە.
 سەیر ئەوەیە بەو كارنامەو مێژووە دژی ئازادییە كە یەكێتی ئاینی ئیسلامی ئێستاو ناوەكانی پێشوو كە لێیاننراوە، هەرگیز نەرمی وبەزەییان نەنواندووە بەرامبەر بەئازادی كەچی ئێستا بونەتە ئازادیخواز و ئازادیخوازیەكەشیان بۆ سەربەخۆی كورستان، یان بۆ ڕاگرتنی بێمافی خەڵكی و توێژەكانی كۆمەڵگا، بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕەخنەگرتن، بۆ ڕاگرتنی فوارەی خوێنی ژنانی قەسابیكراوی دەستی كەلتوری ئیسلامی و پیاوسالاری و تیرۆر، بۆ خزمەتگوزاریەكان، … نییە. ئەمجارەیان بۆ داخستنی ئۆكتۆبەرە. چونكە ئۆكتۆبەر وبە هێزی چەكدارەوە لە خانەقین و قەرەتەپەو دیالەو … سەرجەم شوێنەكانی تر بەچەكی قورسەوە وەستاوە، بۆ گێڕانەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ناسیونالستی قەومی- ئیسلامی بەسەر خەڵكی كوردستاندا.  بۆ بەرگرتن بەم هێزە عەزیمە دژی خەڵكییە، ئەبێ فریابكەون.
 ئەم مەلایانە كەناویان لەخۆیان ناوە زانا!! بەڕاستی نەزانن و كاسبیەكەی خۆشیان باش ناكەن، ئەگەر نا بڵاوبوونەوەی ناوی وێب سایتی ئەو هونەرمەندە كاریكاتیریستە دانیماركیەی وێنەكانی محمەدی ئیسلامی كێشاوە، هەرچییەكی تریش كە خەڵك بیەوێت بە ئاسانی دەست هەموو كەسێك دەكەوێت، ….تاد. مەگەر ئەم جارە یەكێتی ئیسلامی كوردستان فتوای داخستن و بەكارنەهێنانی ئەنتەرینیت و سەتەلایت و موبایل… بدەن. و هەركەسێك ئەمانەی بەكارهێنا بیخەنە بەر غەزەب و فتوای كوشتنیان بدەن.
  بۆیە بەڕاستی یەكێتی ئاینی ئیسلامی لەكوردستان نەك بەم فتوایەیان هیچ قازانج ناكەن، بەڵكە بە بانگەشەكردن بۆ داخستنی ڕۆژنامەو سزادانی ڕۆژنامەنووسان و ئەم فەتوایەش كە دژی ئازادی ڕۆژنامەگەریە دەچێتە سەر كێوێك لە فتوا دژی ئازادیەكانی رابردو.
 ماوەتەوە بڵێن ئەگەر بڕیار بێت كەسێك و لایەنێك بدرێتە دادگا، بەحەق یەكێتی ئاینی ئیسلامی لقی سلێمانی یە، لەسەر هیچ نا بەڵكە لەسەر ئەم داوایەیان كە نوسیوویانە حەقی لێپێچینەوەیان هەیە، یەكەم لەبەرئەوەی ئێمە بە نۆكەری وڵاتان و دوژمنانی ئیتهام دەكەن و هەرچی قسەی ناشیرین و پوخڵەواتە بەرامبەرمان بەكاریان هێناوە. دووەم بەوغەدرە گەورەیەی كە زمانی نووسینیان كردووە، شێواندویانە و ئیمە دووپەرەگرافیمان وەكو خۆی نووسیوەتەوە.
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.