Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

یەکێتی بێکاران، ئاوڕدانەوەیەك لە ئەزموونەکانی چەند ساڵ خەباتی ….

Be First!
by November 25, 2010 تایبەت

یەکێتی بێکاران، ئاوڕدانەوەیەك لە ئەزموونەکانی چەند ساڵ خەباتی جه‌ماوه‌ری و
پرۆژەی کۆکردنەوە و نووسینەوەی مێژووی ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران لە کورستان

ئەگەر پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانی دوێنێ نەبنە بەردی بناخەی هەنگاوەکانی ئەمڕۆ، ئەوا بە دووبارەکردنەوەی تراجیدیاکان، دەبینە ئەکتەری خۆبەخشانەی گاڵتەجارییەكانی ئەمڕۆ!

بەسەرکردنەوە و دەستبردن بۆ پڕۆژەیەکی هەمەلایەنی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و نووسینەوەی مێژووی بزاڤی بێکاری لە کوردستان و یەکێتی بێکاران لە کوردستان وەك ڕێکخراوی ئەو بزاڤە، لە ئەمڕۆدا و پاش ١٨ ساڵ، بۆ خۆی وروژێنەری دەیان پرسیار و سەرەکیترینیان لەوانەیە بۆ هەر یەکەمان یا خوێنەران، ئەمانە بن؛ بۆچ لە ئەمڕۆدا، ئامانج لەم هەنگاوە چییە، ئەی ئەو هەوڵانەی کە پێشتر دراون چی؟

ئەم هەوڵەی ئێستا ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی پێشووتر نییە، بەڵکو هەروەك پێمانوایە هەوڵەکانی پێشووتر نەیانتوانیوە مێژووی ئەو ڕێکخراوە لە هەموو شار و شارۆچکەیەك بخه‌نە سەر کاخەز و نەیانتوانیوە هەمەلایەنە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیان لەسەر بکەن، بە دڵنایییەوە ئەم هەوڵەش ناتوانێت و ناشکرێت کۆتایی کار و ئه‌رکه‌کان بێت، چونکە نە مێژوو دەوەستێت و نە کەسمان دەتوانین راستی تەواومان لە لابێت، بەڵام بە هاریکاری و خەمخۆری گشتمان، بەدڵنیاییەوە دەتوانین، هەنگاوێکی کاراتر و ورتر بنێین و بوار و هەل بۆ کەسانێك بڕەخسێنین، کە تاوەکو ئەوڕۆکە لەبەر هەر هۆیەك بووە، بۆیاننەلواوە، لەم پێناوەدا بە ئەرکی سەرشانیانی خۆیان هەستن و کەموکوڕی کارەکانی پێشوو پڕ بکەنەوە.

هەروا کە یەکێتی بێکاران ڕێکخراوێکی جەماوەریی توێژێکی کۆمەڵایەتی و سەرتاسەری بووە هەرواش سەرکەوتن و تێكشکانی بەرهەمی کاری هەموو ئەندامان و چالاکانی بووە و نووسینەوە و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ئەزموونەکانیشی، کاری هەمووانه‌ و هاریکاری و کۆمەك و دەستبەکاری هەمووانی گه‌ره‌که‌.

دواجار هەم ئامانجی ئەم هەوڵە و هەم نووسینەوەی مێژووی ڕێکخراوێکی جەماوەری  پێویستی به‌ بەڵگەنامە و خستنەڕووی دیوی ڕاستیی و کەتواریی ڕووداوەکانی ئەو سالانە و نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی جیاوازییەکان و جیابوونەوە و ڕێگرییەکان و هۆکارەکانی لە ئارادانەمانی ئەو ڕێکخراوە، هەیە، کە لە ئەمڕۆدا و هەموو کاتێك بە دوو شێوە هەن و ماونەتەوە؛ یەکەم، دۆکومێنت و تۆمارکراوەکان، کە بڵاوکراوە (ئۆرگان)ی ئەو ڕیکخراوە، بەیاننامە و بانگەواز و نامە و داخوازی و  پێشنیارەکان دەگرنەخۆ، دووەم، بەسەرهات و ڕوودا و یاداوەری و چالاکییە تۆمارنەکراوەکان، کە لە یاداوەری هەریەکە لە چالاکان و تەنانەت ئاگادارانی ڕووداوەکاندا ماونەتەوە.

هەوڵی ئەم دەستەیەش لە چالاکانی یەکێتی بێکارانی ئەو کات، لەم ڕۆژگارەدا، لەم خاڵەوە دەستپێدەکات؛ ڕزگارکردنی مێژووی ڕێکخراوێکی جەماوەری لە فەوتان و کۆکردنەوەی هەمووان لەسەر مێزی وەڵامدانەوە بە پرسیارگەلێك، کە لە ماوەی ١٨ ساڵی رابوردوودا بۆ هەر یەکە یا زۆربەمان هاتوونەتە پێش و تا هەنووکە وەڵامی تێروتەسەلیان وەرنەگرتۆتەوە.  بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێك پرسیاری هەمەلایەنە [ کە دەکرێت وەلامەکان نەك تەنیا ڕەخنە و ئاوڕدانەوە بن لە دوێنێ، بەڵکو دەکرێت ڕەخنەش بن لە خودی پرسیارەکان و ئامانجی هەوڵەکەی ئێمە و سەرنجدانی وەلامی پرسیارەکان و وروژێنەری گۆمی مەنگی ١٨ ساڵەی رابوردوو بن] و ئیمەیل ئەدرەسێك و وێبلاگ (ماڵپەڕ)ێكی تایبەت بە (یەکێتی بێکاران لە کوردستان)مان ئامادە کردوون، هاوکاتیش بۆ بانگەواز و بڵاوکردنەوەی وەڵامەکان ڕوو لە گشت ئەو سایت و ڕۆژنامە و گۆڤارانەش دەنێین، کە ئامادەی هاریکاری و بەهاناهاتنی هەوڵەکەمانەوە هەن.

پرۆژەی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانی بزاڤی بێکاران بە مەبەستی
کۆکردنەوەی لاپەڕەکانی مێژووی یەکێتی بێکاران لە کوردستان

ناساندن:
 پرۆژەی “پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکانی بزاڤی بێکاران و کۆکردنەوەی لاپەڕەکانی مێژووی یەکێتی بێکاران لە کوردستان” هەوڵێکی چەند کەسیی دەستەیەك لە ئەندامان و چالاکڤانی ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران لە کوردستانە، کە پاش راپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستان وەك یەکەمین ڕێکخراوی جەماوەری سەری هەڵدا و چەند ساڵێك  لەو مەیدانەدا ئامادەبوو.

ئامانج:
ئامانج لەم کارە، کۆکردنەوەی لاپەڕەکانی ئەو مێژووە و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی سەرکەوتن و تێکشکانەکانی خەباتی ئەو ڕێکخراوەیە وەك ئەزموونێکی نزیك و زیندوو لە هۆشماندا و بەکاربردنی وانەکانی ئەو خەباتە لە هەوڵ و تێکۆشانی داهاتوودا.

کارەکان:
 ئاراستەکردنی پرسیار لە کەسانێك کە لەو ڕۆژانەدا بەجۆرێك لە جۆرەکان ئامادە و بەشداری ئەو خەباتە بوون.
 کۆکرندەوەی چالاکڤانانی ئەو ڕۆژگارە لە دەوری مێزی گفتوگۆی کراوە و هێنانەپای پێداچوونەوەی ئەزموونەکان و  هەڵسەنگاندنیان لە ڕوانگەی ئەمڕۆمانەوە.
 دروستکردنی مشتومڕی بەسوود لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو خەباتە وەك یەکەمین هەنگاوی خەباتی جەماوەری بە مەبەستی سوودوەرگرتن لێیان لە ئیستادا.

شێوازی کار و بەشداری:
ئەم پڕۆژەیە، وەك پرۆژەیەکی ئازاد لە هەر دەسەڵات و هێز و پارتێکی ڕامیاریی دەرگەی بۆ کەسانی ئازادئەندێش و سەربەخۆ و چالاکڤانی خەباتی جەماوەری کراوەیە، ڕاگەیاندنی لەلایەن چەند کەسێکەوە، تەنیا بە ئامانجی دەستپێکردنی کار و هاویشتنی هەنگاوی یەکەمە، نەك بەرتەسکردنەوەی کار و ئاستی بەشداری بۆ چەند کەسێك.

سەرەنجام:
ئەوەی کە ئەم دەستەیە وەك ئامانجی کۆتایی ئەم کارە لە پێشی خۆی دایناوە، لە دوو خاڵدا کۆدەبێتەوە:
 کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان، ژمارەکانی (دەنگی بێکاران) ئۆرگانی یەکێتی بێکاران لە کوردستان، ئەنجامدانی گفتوگۆ و مشتومڕ لەتەك چالاکڤانان و کۆکردنەوەی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەکان سەرەتا لە (پەرتوکێکی ئەلەکترۆنی)دا و دواتر بەپێی توانا لە چاپدانی ئەو پەرتووکە.
 پاش ئەوەی توانرا هەموو بەڵگەنامە و ژمارەکانی ئۆرگانی ڕێکخراوەکە و وتووێژەکان و وتارەکان کۆبکرێنەوە، ئەوا کاری دووەم، کە کۆکردنەوەی لاپەرەکانی ئەو مێژووە (نووسینەوەی مێژووی ئەو ڕێکخراوە)، دەست پێدەکات و ئەوکاتیش وەك درێژەی پڕۆژەکە دەرگەی هاریکاری و بەشداری تێیدا وەك ئێستا کراوە دەبێت.

دەستەی ئامادەکار

 سیروان عەلی، گۆران عەبدوڵڵا، ئاکۆ موحەمەد

تێبینی:
* تا ئەو جێیەی کە بزانین و ئاگادار بین، کە چالاکێکی ئەو سەردەمەی (یەکێتی بێکاران) لە کوێیە و دەستمان پێی رابگات و بتوانین پەیوەندی لەتەکدا بگرین، پرسیارەکان بەبێ هەڵاواردن بۆ هەمووان بەرێ دەکەین، هاوکاتیش پرسیارەکان لە وێبلاگەکەی خودی (یەکێتی بێکاران)دا بڵاو دەکەینەوە، تاوەکو هەمووان لەو بارەوە بەشداری بکەن، وێرای ئەوەش هەموو خوێنەرێکی وێبلاگەکە دەتوانێت راستەوخۆ [لە خوار بابەتەکەوە] و ناراستەوخۆ [بەئیمەیل ئەدرەسی یەکێتی بێکاران] سەرنج و ڕەخنەی خۆیان بنووسن و بنێرن.
** داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ژماره‌کانی (ده‌نگی بێکاران، چ به‌ کوردی و چ به‌ عه‌ره‌بی) ئۆرگانی (یه‌کێتی بێکاران له‌ کوردستان)، به‌یاننامه‌ و بانگه‌واز و نامه‌ و داخوازینامه‌ و وێنه‌ و تۆماری ده‌نگی و ڤیدیۆیی و هه‌ر دۆکومێنێتێکی تریان له‌م باره‌وه‌ له‌لایه‌ چ به‌ سکانکردن یا به‌ کۆپی بۆمان بنێرن، تاوه‌کو بیانخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران و هه‌مووان بۆ قسه‌وباس و ئاگاداری له‌و باره‌وه‌ به‌شدار بکه‌ین.

Previous
Next

Leave a Reply