ئاشنابوون به به‌ژنێك كه هه‌رگیز بزر نابێت و به‌رده‌وام لێمانه‌وه دیاره
ئاشنابوون به به‌ژنێك كه هه‌رگیز بزر نابێت و به‌رده‌وام لێمانه‌وه دیاره
مو‌سا عه‌نته‌ر “1918-1992”
چناره به‌ژن زراڤه‌كه
سیروان ره‌حیم
مرۆڤ چییه، كاتێك زۆربه‌ی ژیانی، ته‌نها بریتی بێت له خواردن و خه‌وتن، ئه‌وه ئاژه‌ڵێكه و هیچی دیكه نییه.
ویلییه‌م شێكسپیر (1564-1616) شاعیر و شانۆكاری به نێوبانگی ئینگلیز.
ده‌ستپێك:
رۆمان نووسی ناودار یه‌شار كه‌مال (1923) سه‌باره‌ت به كوشتنی مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌ڵێت:
كه‌سێك هه‌رچه‌نده بێ‌ویژدان و هه‌رچه‌نده ئه‌شكه‌نجه‌كارێكی دڕنده‌یش بێت، پێموانییه بتوانێت مرۆڤێكی وه‌كو مو‌سا عه‌نته‌ر بكوژێت. ئه‌وه چ هۆڤێكه ده‌توانێت و له ده‌ستی دێت ئه‌و پیاوه بكوژێت؟”.
ئاخر یه‌شار كه‌مال كه‌سێكه له‌وانه‌ی زۆر باش و له نزیكه‌وه مو‌سا عه‌نته‌ری ده‌ناسی, كاتێك ئه‌و نووسه‌ره، واته یه‌شار كه‌مال به ئاواره‌یی دێته ئیستانبوڵ مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌بێت به پشت و په‌نای. عه‌نته‌ر ده‌بێت به چاوساغی ئه‌و پیاوه ئاواره‌یه، پیاوێك كه ئه‌و ده‌مه كه‌س نه‌یزانیوه هه‌ڵگری چ به‌ها و به‌هره‌یه‌كه. به‌ڵام په‌سنێكی مو‌سا عه‌نته‌ر هه‌یه بۆ یه‌شار كه‌مال، كه یه‌كێكه له رسته جوانه‌كانی ئه‌ده‌بیات. په‌سنێكی وی بۆ “فیكه”لێدانی یه‌شار كه‌مال. ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌كه‌مجار مو‌سا عه‌نته‌ر یه‌شار كه‌مال ده‌بینێت، ئه‌و بینینه‌ی ده‌بێت به هۆی یه‌كتر ناسینیان، كاتێك له ئیستانبوڵ گوێبیستی “فیكه”ی ئه‌و مرۆڤه ئاواره‌یه ده‌بێت. مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌نووسێت:
كاتێك بینیم زانیم ئاواره‌یه و ده‌یه‌وێت شوێنێك بۆ خۆی له‌و شاره جه‌نجاڵه وه‌ده‌ست بخات، به‌ڵام كه هاته گۆ به توركی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم. من پێم گوت تۆ ریتم و ئاوازی “فیكه”كه‌ت كوردییه، تۆ كوردی، بۆچ به توركی قسه ده‌كه‌یت؟ چ په‌سنێكی تایبه‌ت و نایابه، كاتێك مرۆڤ له رێی گوێبیستی فیكه‌وه هه‌ست بكات به‌رانبه‌ره‌كه‌ی كورده. بێگومان به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و ره‌وشه‌ی كه له‌و كاته‌دا زمانی كوردی تێدا قه‌ده‌غه‌كراوه و به‌رده‌وام هه‌وڵی له‌ناوبردنی زمانه‌كه هه‌یه، نرخی ئه‌و په‌سندانی فیكه‌یه له لایه‌ن مو‌سا عه‌نته‌ره‌وه روونتر ده‌رده‌كه‌وێت. روونتر ده‌رده‌كه‌وێت له چ هه‌ستێكی تایبه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
سه‌باره‌ت به مو‌سا عه‌نته‌ر:
كه‌م، زۆر كه‌م له لای ئێمه سه‌باره‌ت به مو‌سا عه‌نته‌ر نووسراوه. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌و ناوه نا ئاشنایه ده‌بێت ئاشنا بین پێی. ده‌بوو زووتر بماناسیبا و زۆرمان له‌سه‌ر بنووسیبایه. به‌ڵام به داخه‌وه كه شتێكی ئه‌وتۆ له لای ئێمه له‌سه‌ر عه‌نته‌ری نووسه‌ر، رۆژنامه‌وان و له‌وانه‌یش گرنگتر خاوه‌ن شێوازی ئیرۆنی له نووسیندا، نه‌نووسراوه. به هیوام ئه‌م نووسینه هه‌نگاوی سه‌ره‌تا بێـت و زۆر به‌رهه‌م به دووی خۆیدا بێنێت. ئیتر نووسین بێت سه‌باره‌ت به عه‌نته‌ر یان وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی بێت. به تایبه‌تی شانۆنامه و بیره‌وه‌رییه‌كانی. مو‌سا عه‌نته‌ر كه‌سێكه نه‌ك زۆربه‌ی ژیانی به خواردن و خه‌وتن به‌سه‌ر نه‌برد، به‌ڵكو وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایییش ژیانی خۆی نه‌ژیا و له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه ناچار كرا زۆر كاتی زێڕینی خۆی به زیندان ببه‌خشێت. گه‌لۆ كۆماری توركیا له ته‌مه‌نی خۆیدا، چه‌ند مرۆڤی وه‌كو مو‌سا عه‌نته‌ری به‌و ده‌رده بردووه؟ ره‌وشێكه مایه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان و چێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی.
* * *
مو‌سا عه‌نته‌ر یان وه‌كو ناوه گه‌لێرییه‌كه‌ی “ئاپێ مو‌سا”، تا ئه‌و رۆژه‌ی له 20.9.1992 دا گروپێك بكوژی نادیار كوشتیان، هه‌میشه چالاك و ده‌م به كه‌ن بووه. پیاوێك بوو به‌رده‌وام له ناو ئه‌ندێشه و غه‌مدا. ئه‌و هه‌میشه بیری ده‌كرده‌وه و راده‌ما. به‌رده‌وام پرسیاری ده‌كرد بۆ كورد نابن به هیچ؟ “به هیچ نه‌بوونی كورد” غه‌می گه‌وره‌ی ئه‌و بوو، غه‌مێك به بێده‌نگی، به‌ڵام به سه‌ختی هه‌ناوی ده‌خوارده‌وه.
راگه‌یاندن وه‌های بڵاوكرده‌وه: “گروپێك بكوژی نادیار كوشتیان”، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی بكوژانی عه‌نته‌ر نادیار نه‌بوون، چونكه له پشتی ده‌زگا ترسناكه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه خۆیان مه‌ڵاس دابوو. هێزێك بوون كۆڵانه ترسناك و تاریكه‌كانی ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی وزه‌یان بوون. مو‌سا عه‌نته‌ر بوو به قوربانی ده‌ستی “ژیته‌م”*، ئه‌و هێزه بێ ئامانه‌ی كه یه‌كێك له دامه‌زراوه ترسناكه‌كانی ده‌وڵه‌تی قوڵه**. له‌و ساڵانه‌دا له پای نه‌هێشتنی بزاڤی كورد و بێ ده‌نگكردنی هاواره زۆره‌كان، ژیته‌م به شێوه‌یه‌كی ورد پلانی كوشتنی كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تی و رۆشنبیری كوردی داڕشتبوو، مو‌سا عه‌نته‌ر یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه.
یه‌كێك له‌و گروپانه‌ی كوشتن كه سه‌ر به ژیته‌م بوون، له رۆژی 20.9.1992دا، له شاری ئامه‌د “دیاربه‌كر” مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌خه‌نه داوی خۆیانه‌وه و پاشان ده‌یكوژن. بێگومان وه‌كو ئاماژه‌ی پێكرا له سۆنگه‌ی چاوترساندنی خه‌ڵك و بێده‌نگكردنی ناڕه‌زایی به‌رده‌وامی گه‌لی كورددا، كه ئه‌و ساڵانه توركیای شه‌ڵه‌ژاندبوو، ئه‌وان پلانی كوشتنی ناوداران و كه‌سانی چالاكی كوردیان دانا. ئاشكرایه بۆ ئه‌وان كه‌سایه‌تییه‌كی ناودار و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك، كه‌سێكی وه‌كو مو‌سا عه‌نته‌ر یه‌كێك له ئامانجه هه‌ره كاریگه‌ره‌كان بووه.
مو‌سا عه‌نته‌ر جگه له‌وه‌ی نووسه‌ر بوو، رۆژنامه‌وان بوو، هه‌روه‌ها له بواری كاری سیاسه‌تدا كه‌سێك بوو چالاك. هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن سستی نه‌كردبوو، ئه‌و پیاوێكی نیشتمانپه‌روه‌ری به ناوبانگ بوو، له ناو جڤاتی كورده‌واری باكوری كوردستان و توركیادا. نمونه‌ی باڵای كار و خۆڕاگرتنی به‌رده‌وام بوو، نمونه‌ی باڵا بۆ زۆر كه‌س.
مو‌سا عه‌نته‌ر هێشتا زۆر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌ندا بوو كاتێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی خۆیدا ” كامه‌ران به‌درخان، عوسمان سه‌بری و كه‌سانی دیكه‌دا” كۆمه‌ڵه‌ی رزگاری كوردستانیان دامه‌زراند. پاشتریش له كاتێكدا كه خوێندكاری زانستگه‌ی ئیسته‌نبوڵ بوو به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و بێ پچڕانه‌وه له پای ئازادی و وه‌كهه‌ڤیدا سه‌رقاڵی چالاكی سیاسی و كوردایه‌تی بوو.
ئه‌و نووسه‌رێك بوو پێكه‌نینی به‌رهه‌م ده‌هێنا. له ناو خه‌می به‌رده‌وامدا ده‌ستبه‌رداری پێكه‌نین نه‌ده‌بوو. پێكه‌نین بۆ خۆی و به‌خشینی پێكه‌نین و نووسین به شێوازی كۆمیدی به‌رده‌وام مه‌راقی ئه‌و پیاوه بووه. نه‌ك هه‌ر له نووسیندا، ته‌نانه‌ت له زۆربه‌ی دانیشتنه‌كانی دادگادا، مو‌سا عه‌نته‌ر به شێوه‌یه‌ك خۆی پاراستووه، به زمانێك به‌رگری له خۆی كردووه كه زۆربه‌ی ئاماده‌بووانی خستۆته پێكه‌نین. هاوزیندانییه‌كانی ده‌ڵێن، ئه‌و له زیندانیش‌دا هه‌میشه وه‌ها بووه. هه‌میشه بزه‌ی خستۆته سه‌رلێوان و به‌رده‌وام به شێوه‌یه‌كی كۆمیدی باڵا لێدوانی سه‌باره‌ت به ره‌وشی سیاسی و كرده‌وه‌كانی ده‌وڵه‌ت پێشكه‌شمان كردووه. هاوڕێكانی باس له شێوازی قسه‌كردنی ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: ئه‌و پیاوه كه‌م قسه‌ی كردووه، به‌ڵام كاتێك هاتۆته گۆ، قسه‌ی كردووه و شتی بێ ناوه‌ڕۆكی پێشكه‌ش نه‌كردوووه.
ژماره‌ی ئه‌و رۆژ و مانگ و ساڵانه‌ی مو‌سا عه‌نته‌ر له گرتوخانه به‌سه‌ری بردوون زۆرن، به گوێره‌ی خه‌مڵاندن بێت یازده ساڵ و نیون، به‌ڵام مه‌گه‌ر كه‌سێكی شاره‌زا یان هاوڕێیه‌كی خۆی ئه‌و رۆژانه‌ی زیندانی وی به ته‌واوه‌تی تۆمار كردبێت و بڵاویان بكاته‌وه. هۆكاره‌كانی گرتن و مانه‌وه‌ی له زیندان زۆر و جیاوازن، به‌ڵام تێكڕا له سۆنگه‌ی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ریدا بووه. به‌رگركردن بووه له زمانی كوردی و مافی به‌كارهێنانی ئه‌و زمانه. شه‌ڕی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و زمانه‌ی كردووه به‌رده‌وام. له ناو هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌دا كه بوون به مایه‌ی گرتنی مو‌سا عه‌نته‌ر، یه‌كێكیان زۆر مایه‌ی پێكه‌نینه، كاتێك له سه‌رده‌می راپه‌ڕینی ده‌رسیمدا له سۆنگه‌ی جنێودان به دایكی “مسته‌فا كه‌مال-ئه‌تاتورك” 45 رۆژی له زینداندا به‌سه‌ر بردووه. دیاره وه‌كو ئاشنا و رۆشناكانی عه‌نته‌ر ده‌یگێڕنه‌وه، ئه‌و كه‌سێك بووه حه‌زی له جنێودان كردووه، جنێو بۆ شۆخی و بێ ئه‌وه‌ی دڵی به‌رانبه‌ر بیه‌شێنێت. ئه‌وه سروشتی كه‌سانێكه به ژماره كه‌م نین و له نێو زۆر گه‌ل و كولتوری جیاوازدا هه‌ن. هه‌ڵبه‌ته جنێودان له چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌هادا به‌رانبه‌ر ئاماده‌ی وه‌رگرتنی بێت. به‌ڵام دیاره ئه‌و جنێوه‌ی مو‌سا عه‌نته‌ر بۆ دایكی مسته‌فا كه‌مالی ناردووه ناچێته چوارچێوه‌ی شۆخییه‌وه و شتێكی سیاسییه.
مو‌سا عه‌نته‌ر له ته‌مه‌نی بیست ساڵیی خۆیدا، له ساڵی 1938دا بۆ یه‌كه‌مجار خرایه زیندان. گرتن و مانه‌وه‌ی دوا جاریشی له گرتوخانه ساڵی 1990 بوو. دیاره له ده‌می زیندانیكردنی دواییدا ته‌مه‌نی له سه‌رووی حه‌فتا ساڵییه‌وه بوو.
مو‌سا عه‌نته‌ر ساڵی 1918 له گوندی زڤنگێ سه‌ر به شارۆچكه‌ی نسێبین “هه‌رێمی ماردین” له دایك بووه، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی درێژ له گوندی ستلیلێ ژیاوه و گۆڕه‌كه‌یشی هه‌ر له‌و گونده “ستلیلێ” له باخی ماڵه‌كه‌ی خۆی دایه. خوێندنی له كوردستان، له شاری ماردین و پاشان له شاری ئه‌ده‌نه ته‌واو كردووه. فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی له ماردین، له فێرگه‌ی خه‌وتن، كه به توركی پێی ده‌ڵێن “یاتلی ئۆكول” ته‌واو كردووه. ئه‌م فێرگه‌یه به‌شێكی گرنگ بووه له به‌رنامه‌ی تواندنه‌وه و به تورككردنی گه‌لانی ناتورك له توركیادا. فێرگه‌ی خه‌وتن به‌رنامه‌یه‌كی گرنگی تواندنه‌وه‌ی سیسته‌می كۆماری توركیا بووه‌ـ ئه‌و سیسته‌مه به تایبه‌تی به ئامانجی به تورككردنی كورد جێبه‌جێ كراوه. له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا، منداڵانی كورد له كاتی خوێندندا ناچار ده‌كران به درێژایی ماوه‌ی خوێندنه‌كه له فێرگه بمێننه‌وه، واته ته‌واوی ساڵی خوێندن له‌وێ ده‌مانه‌وه بێ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌ردانی خێزانه‌كانی خۆیان بكه‌ن. بێگومان له‌و فێرگه‌یه قسه‌كردن به زمانی كوردی كاری نه‌كرده و قه‌ده‌غه بوو، بۆیه ئه‌و فێرخوازانه ده‌بوو هه‌موو ژیانیان به زمانی توركی به‌ڕێوه ببه‌ن. ده‌وڵه‌ت مه‌به‌ستی بوو به‌و شێوه‌یه زمانی كوردی له بیری منداڵان بباته‌وه، به‌و جۆره خۆشه‌ویستی و به‌رده‌وام به‌كارهێنانی زمانی دایك له كن منداڵ كاڵ ده‌كرایه‌وه. دیاره سه‌رباری ئه‌وه مامۆستاكانیش ناچار بوون به‌رده‌وام قسه له باره‌ی گرنگیی زمانی توركی و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه له دژی زمانی كوردی بۆ قوتابی كورد بكه‌ن.
مو‌سا عه‌نته‌ر ساڵی 1941 له به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانستگه‌ی ئیسته‌نبوڵ ده‌ست به خوێندن ده‌كات، به‌ڵام پاشان ده‌ستی لێ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێته به‌شی ماف و ئه‌و به‌شه ته‌واو ده‌كات. ته‌واوكردنی خوێندن له زانستگه بۆ كوردێك له‌و كاته‌دا شتێكی كه‌م نه‌بووه، به‌ڵام له‌و كاره‌دا رۆڵی دایكی عه‌نته‌ر رۆڵێكی گرنگ و له بیرنه‌كراوه. ئه‌و ژنه موختاره بووه. پاش ئه‌وه‌ی باوكی مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌مرێت، ئه‌و دایكه سه‌رپه‌رشتی ماڵبات ده‌كات و ئه‌و پشتگیری موسای كوڕی ده‌كات تا خوێندنی زانستگه ته‌واو بكات.
“فه‌سلا خاتوون”ی دایكی عه‌نته‌ر یه‌كه‌مین ژن بووه له دیرۆكی توركیادا كه بووبێت به موختار. ئه‌و ژنه هۆكار بووه كه منداڵێك له ئه‌شكه‌وتدا دێته دنیاوه، به‌ڵام خوێندنی زانستگه له ئیستانبوڵ ته‌واو ده‌كات.
مو‌سا عه‌نته‌ر له ساڵی 1944دا له‌گه‌ڵ عایشه هاله دا زه‌ماوه‌ند ده‌كات و ده‌بن به هاوژینی یه‌كتر. كچێك و دوو كوڕیان به ناوه‌كانی “عه‌نته‌ر، ره‌خشان، دیجله” ده‌بێت.
مو‌سا عه‌نته‌ر وه‌شانكاری زۆر رۆژنامه و گۆڤار بوو. هه‌موو ئه‌و بڵاوكراوانه له پای ناساندنی كێشه‌ی كورد و به‌رگری كردن له‌و دۆزه سازكرابوون. یه‌كێك له‌و بڵاوكراوانه “ئیله‌ری یورت” بوو واته زێدی پێشكه‌وتوو. ئه‌و بڵاوكراوه‌یه ساڵانێكی زۆر خۆی به كێشه‌ی كورد و پاراستنی ئه‌و مافه‌وه سه‌رقاڵ كردبوو. یه‌كێك بوو له هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی مو‌سا عه‌نته‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌نگ و ره‌نگی كورد له توركیا.
ساڵی 1959 له‌گه‌ڵ 48 كوردی نیشتمانپه‌روه‌ری دیكه‌دا ده‌خرێنه زیندانه‌وه. پاشان سزای له سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. به‌ڵام گوشاری ده‌ره‌كی ده‌بێت به هۆی ئه‌وه‌ی پاش شه‌ش مانگ زیندانی ده‌وڵه‌ت ئازادیان بكات. دیاره ئه‌وان ئه‌م دۆزه كه به”دۆزی 49″ ناسراوه، به‌و مه‌به‌سته گرته به‌ر تا كێشه‌ی كورد بوروژێنن و بیخه‌نه به‌رچاوی هه‌مووان.
مو‌سا عه‌نته‌ر له زینداندا یه‌كه‌مین كتێب و شانۆنامه‌ی خۆی نووسی، شانۆنامه‌ی “برینا ره‌ش” زاده‌ی رۆژگاره‌كانی گرتوخانه‌یه. ساڵانی 1961-1962 له ئیسته‌نبوڵ سه‌رقاڵی ده‌ركردنی گۆڤاری دیجله-فرات بوو. گۆڤاره‌كه به هه‌ردوو زمانی كوردی و توركی ده‌رده‌چوو. بێگومان ئه‌و ده‌مه رۆژگارێك بوو چاپ و بڵاوكردنه‌وه به زمانی كوردی باجی گه‌وره‌ی ده‌ویست و عه‌نته‌ر ئه‌و باجه‌ی به زۆر شێوه دا.
ساڵی 1976 پاش ئه‌وه‌ی له زیندا ئازاد كرا، گه‌ڕایه‌وه گوندی ستلیلێ و تا ساڵی 1989 له‌و گونده، واته له ستلیلێ، ژیا. پاشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه ئیستانبوڵ. ئیستانبوڵی نه‌وه‌ده‌كان بۆ كورد شارێكی تره. ده‌ركه‌وتنی پارتی كرێكارانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌كه‌یان كوردی ئه‌و شاره‌ی به جۆرێكی زۆر به‌رچاو خستۆته كار و چالاكی. چه‌ندین ناوه‌ندی رۆشنبیری و وه‌شانخانه و رۆژنامه ده‌كرێنه‌وه. بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی كوردانی باكوردا، شانۆی كوردی له‌و شاره داده‌مه‌زرێت و به‌رهه‌می شانۆیی به زمانی كوردی پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌و ده‌مه پڕ له چالاكی و كاره‌دا عه‌نته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه ئیسته‌نبوڵ. ئه‌و كاته‌ی ئه‌و له‌وێ ده‌ژیا، واتا سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان، بۆ رۆژنامه‌ی وه‌ڵات، ئویلكه ” به زمانی توركی واته وڵات “، ئۆزگویر گوینده‌م “رۆژه‌ڤی ئازاد”، ئۆزگویر ئویلكه “وه‌ڵات یان زێدی ئازاد” ده‌ینووسی. هه‌ر له ئیسته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له رۆشنبیرانی تورك و كورددا، بوو به ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نیستیتوتی كوردی و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین پارتی سیاسی فه‌رمی و ئاشكرای كوردی توركیا، هه‌پ “پارتی ره‌نجی گه‌ل”.
مو‌سا عه‌نته‌ر كه جاری یه‌كه‌م ساڵی 1938 گیراوه، دواتر و پاش كوده‌تاكانی سه‌ربازی 1960، 1971، 1980 چه‌ندین جار به تۆمه‌تی كوردایه‌تی و پروپاگه‌نده‌كردن بۆ جوداخوازی ده‌خرێته زیندانه‌وه.
مو‌سا عه‌نته‌ر له دیدارێكیدا ده‌ڵێت: له ئه‌شكه‌وتێكی نزیك له گوندی زڤنگێ له دایك بووم، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك مو‌سا عه‌نته‌ری ناسیبێت، شێوازی قسه و پۆشینی جلی بینیبێت، ده‌زانێت، عه‌نته‌ر چ ئه‌رستۆكراتێكی گه‌له‌كه‌ی خۆی بووه. یه‌كێك له پیاوه رۆشنبیر، نووسه‌ر و پۆشته‌كان بوو له شارێكی جه‌نجاڵی وه‌كو ئیستانبوڵ. ئیستانبوڵ ئه‌وه شاره‌ی كه زۆر مرۆڤ له تێكژڕژانی خۆیدا بزر ده‌كات و به ئاسانی ده‌یكات به ژێره‌وه. به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه له‌و شاره ناوێكی دیار و ده‌نگێك بوو به‌رده‌وام ده‌بیسترا، ئیتر چ به توركی یان به زمانه‌كه‌ی خۆی كه به درێژایی ته‌مه‌نی شه‌ڕی ئازادكردنی ئه‌و زمانه‌ی ده‌كرد.
هونه‌ر وزه‌ی پێكه‌نین له لای مو‌سا عه‌نته‌ر:
پێشتر ئاماژه‌م به‌وه كرد كه عه‌نته‌ر نووسه‌رێك بوو پێكه‌نینی به‌رهه‌م ده‌هێنا. له ناو خه‌می به‌رده‌وامدا ده‌ستبه‌رداری پێكه‌نین نه‌ده‌بوو. بۆ ئه‌و شۆخی و به‌خشینی كه‌ن، شێوازی گرنگی نووسین و خۆده‌ربڕین بوو. له ته‌نگاسی و له ره‌وشه هه‌ره دژواره‌كاندا په‌نای بردۆته به‌ر گاڵته. ره‌نگبێ په‌نابردنه‌به‌ر نه‌بووبێت، ئه‌وه‌نده‌ی كه كاركردن به‌و شێوازه له كن وی سه‌رده‌ست بووه. له‌م بواره‌دا پێویسته ئاماژه به خاڵێكی گرنگ بكه‌م، شێوازی قسه‌ی بێ په‌رده و گاڵته‌كردن له لای خه‌ڵكی گوندی ستلیلێ به نێوبانگه. له زۆر كه‌م ده‌ڤه‌ری باكور شێوازی قسه‌ی بێ په‌رده و گاڵته‌كردن وه‌كو ئه‌و گونده روون و باڵاده‌سته له ئاخافتندا. له‌و بواره‌دا عه‌نته‌ر به‌راستی خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌یه. خۆپاراستنه‌كانی مو‌سا عه‌نته‌ر له دانیشتنه‌كانی دادگادا، یادگاری زۆری لای هاوڕێكانی جێهێشتووه. له ناو هه‌موو ئه‌و یادگاریانه‌ی دادگاكردنیدا، یه‌كێكیان سه‌رنجڕاكێش و خه‌نده‌به‌خشه. خه‌نده‌به‌خش به جۆرێك كه هه‌ر كاتێك ناوی مو‌سا عه‌نته‌ر و دادگایكردنی كوردان له توركیا بێت، مرۆڤ ئه‌و به‌سه‌رهاته له رامانیدا ده‌كه‌وێـته جوڵه.
وه‌كو هاوزیندانییه‌كانی ده‌یگێڕنه‌وه، به‌تایبه‌تی نووسه‌ر و رۆشنبیر یه‌شار كایا، كه دروست له‌و دانیشتنه‌ی دادگادا هاوڕێی عه‌نته‌ر بووه، له دیدارێكماندا سه‌باره‌ت به عه‌نته‌ر، یه‌شار كایا ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی وه‌ها گێڕایه‌وه:
له یه‌كێك له‌و جارانه‌ی گرتن و زیندانی كردن‌دا له‌سه‌ر بابه‌تی نووسین به كوردی و داواكردنی مافی به كارهێنانی زمانی كوردی، له له‌و دانیشتنه‌ی دادگادا، كاتێك دادوه‌ری “تورك” تاوانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی و پارچه‌پارچه‌كردنی وه‌ڵاتی توركیا ده‌خاته ئه‌ستۆی موسای “كورد” و هاوڕێكانی، عه‌نته‌ر بێ ده‌نگ و بێ غه‌م دانیشتووه و گوێ ده‌گرێت. كاتێك هاوڕێكانی یه‌ك به یه‌ك خۆپاراستنی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و ئه‌م نادوێت، دادوه‌ر له‌و بێده‌نگییه‌ی عه‌نته‌ر سه‌رسام ده‌بێت. دادوه‌ر روی تێده‌كات و ده‌ڵێت:
– مو‌سا عه‌نته‌ر تۆ بۆ خۆت ناپارێزیت و هیچ ناڵێیت؟
– هیچ ناڵێم، چونكه ئاخافتن نامانگه‌یه‌نێته ئه‌نجام.
– شتێك هه‌ر بڵێ.
– نایڵێم چونكه له یه‌كه‌وه دوورین.
– شتێك هه‌ر بڵێ.
– باشه، كه‌وابێ به‌سه‌رهاتێك ده‌گێڕمه‌وه.
– فه‌رموو، ده‌توانیت ده‌ست پێبكه‌یت.
مو‌سا عه‌نته‌ر به شێوازی ئیرۆنی خۆی ده‌ست به قسه ده‌كات. بێ گومان هه‌موو ئاماده‌بووان له قسه‌كانیدا چاو‌ڕێی شتێكی تایبه‌ت ده‌كه‌ن.
عه‌نته‌ر ده‌ست به قسه ده‌كات:
له یه‌كێك له كۆڵانه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی پاریس، كچێكی جوان ناو ده‌رگای گرتووه و راوه‌ستاوه. كچێك به جوانی خۆیه‌وه ده‌نازێت. لاوێكی خوێن گه‌رمی پڕ وزه به‌وێدا تێده‌په‌ڕێت و كچه ده‌بینێت. لاوه‌كه له كن كچه ده‌وه‌ستێت، ته‌ماشایه‌كی ئه‌و هه‌موو جوانییه ده‌كات و ده‌ڵێت:
– بۆ ماچێكم له‌و لێوانه‌ت ناده‌یتێ؟
– به رێی خۆتدا ده‌ڕۆیت یان به پێڵاوه‌كه‌م یه‌ك دوو جار به‌سه‌ر و گوێلاكتدا بكێشم؟
كوڕه زۆر له‌سه‌رخۆ، به‌ڵام پڕواتایانه به كچه‌كه ده‌ڵێت:
شۆخی ئازیز، من زۆر به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵكشام و تۆیش زۆر به‌ره‌و خوار داكشایت. بۆچ نایه‌یت له ناوه‌ڕاستدا یه‌ك بگرین؟
عه‌نته‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:
جه‌نابی دادوه‌ر، من باس له مافی ساده و سروشتی به‌كارهێنانی زمانی خۆم ده‌كه‌م و تۆیش به تێكده‌ری وه‌ته‌ن و پارچه‌پارچه‌كردنی وه‌ڵاتی توركیا تاوانبارم ده‌كه‌یت. من و تۆ زۆر له یه‌كتر دوورین، پێویسته وه‌كو ئه‌و كچ و كوڕه له ناوه‌ڕاستدا یه‌ك بگرین.
بێگومان مرۆڤ ده‌توانێت مه‌زه‌نده بكات پاش ئه‌و قسانه‌ی عه‌نته‌ر چۆن شه‌پۆلی پێكه‌نین هه‌موو هۆڵی دادگا ده‌كات به ژێره‌وه. عه‌نته‌ر دادگا چۆن نوقمی پێكه‌نین ده‌كات، دادگایه‌ك بێ هوده ده‌یه‌وێت ئه‌و وزه‌ی پێكه‌نینه به‌ند بكات!. عه‌نته‌ر به‌رده‌وام به‌و شێوازی قسه‌كردنه‌ی شكۆی دادگای بریندار كردووه. له‌و به‌سه‌رهاته‌وه حاڵی ده‌بین شێوازی قسه و نووسینی “شۆخی ئامێز” له لای عه‌نته‌ر چه‌ند سه‌رده‌ست بووه. له دادگادا له بری ترس و شڵه‌ژان به‌و جۆره بزه‌ی به‌خشیوه به لێوان و به‌و شێوازه تایبه‌ته گاڵته‌ی به دادگا و دادوه‌ر و ئه‌و یاسایانه كردووه كه ئه‌و تاوانبار ده‌كه‌ن.
له دانیشتنێكی تری دادگادا ئه‌م به‌سه‌رهاته‌مان له عه‌نته‌ره‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه.
ساڵی 1963 مو‌سا عه‌نته‌ر فه‌رهه‌نگێكی كوردی-توركی ئاماده‌كردووه. ئاماده‌كردنی ئه‌و فه‌رهه‌نگه ده‌بێت به هۆی گرتن و دادگایی كردنی. دادوه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه “درۆ”ی سیسته‌م و سیاسه‌تی فه‌رمی بكات به “حه‌قیقه‌ت” و به شێوه‌ی یاسایی نادادی بسه‌پێنێت. دادوه‌ر روو ده‌كاته عه‌نته‌ری “تاوانبار” و ده‌ڵێت: ئه‌و زمانه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت، مه‌به‌ستی زمانی كوردییه، بێ ئه‌وه‌ی ناوی ببات، نیوه‌ی فارسییه و نیوه‌كه‌ی تری زاراوه‌یه‌كی توركییه. هه‌ر رووی له عه‌نته‌ره و ده‌ڵێت:
له‌و فه‌رهه‌نگه‌ت كه دوازده هه‌زار وشه‌ی تێدایه، 3080 وشه‌ی توركییه، 2000 وشه‌ی عه‌ره‌بییه، 1030 وشه‌ی فارسییه، 1240 وشه‌ی زه‌ندییه، 370 وشه‌ی په‌هله‌وییه، 120 وشه‌ی ئه‌رمه‌نییه، 100 وشه‌ی كلدانییه. له سه‌رتاپای فه‌رهه‌نگه‌كه‌ت 30 وشه‌ی تێدایه كه ده‌نگی ئه‌و زمانه “دووباره بێ ناوهێنانی زمانی كوردی” بن تۆ باس له هه‌بوونی ده‌كه‌یت. دادوه‌ر به‌و جۆره سه‌باره‌ت به كاره‌كه‌ی وی ده‌دوێت. مو‌سا عه‌نته‌ر له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: دادوه‌ر به‌گ، ته‌نانه‌ت مریشك به مریشكی خۆی 30 جۆره ده‌نگ و گاره گاره ده‌رده‌خات. به چ ئاوه‌زێكه‌وه ئه‌وه ده‌ڵێیت و ده‌خوازیت بڕوا به‌وه بكه‌ین قسه‌كه‌ت راسته و گه‌لێكی به ژماره زۆری وه‌كو كورد خاوه‌نی ته‌نها 30 ده‌نگن!.. قاقای پێكه‌نین له به‌راوردكردنی ده‌نگه‌كانی مریشك و ده‌نگه‌كانی زمانی كوردیدا بووه به پێكه‌نینێكی مێژوویی و پاشتر زۆر كه‌س باسیان لێوه كردووه.
ده‌ڵێن، كاتێك دادوه‌ر بڕیاری كۆتایی ده‌خوێنده‌وه، مو‌سا عه‌نته‌ر له بری گوێگرتن، له‌به‌ر خۆیه‌وه، به‌ڵام به جۆرێك بێته بیستن، ده‌یگوت: “سه‌رباری ئه‌وه‌یش سازی ده‌كه‌ین و كاری پێده‌كه‌ین.” مه‌به‌ستی زمانی كوردی بووه.
بێگومان مو‌سا عه‌نته‌ر به ته‌نها ره‌خنه‌ی له داگیركه‌ران نه‌گرتووه. نه‌خێر له “به هیچ نه‌بوونی” میلله‌ته‌كه‌یدا ره‌خنه‌ی توندی له خۆیشمان گرتووه. ئه‌و له‌و بواره‌دا رسته‌یه‌كی گرنگی هه‌یه كه ده‌ڵێت: “دوژمنه‌كانمان ئه‌وه‌نده به هێز نین، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌یه خۆمان هێشتا بوونمان نییه.”
ئه‌نیستیتوتی كوردی.. دوا هه‌نگاو:
له 18.4.1992دا له لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك له رۆشنبیرانی كورد و توركه‌وه له شاری ئیستانبوڵ ئه‌نیستیتوتی كوردی دامه‌زرا. له ناو ئه‌و ده‌سته‌یه‌دا ئه‌م ناوانه هه‌بوون: مو‌سا عه‌نته‌ر، ئیسماعیل بێشكچی، یه‌شار كایا، فه‌قێ حوسێن ساگنیچ، عه‌بدولڕه‌حمان دوڕه، جه‌مشید به‌نده‌ر، ئیبراهیم گوربوز، شه‌فیق به‌یاز و سڵێمان ئینانئۆغڵو. ئه‌و ده‌سته‌یه له هه‌ڵبژاردنی خۆیاندا مو‌سا عه‌نته‌ریان به سه‌رۆكی ئه‌و ده‌زگایه هه‌ڵبژارد. له مانگی نۆی ئه‌و ساڵه‌دا مو‌سا عه‌نته‌ر به مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له فێستیڤاڵی كولتوری له شاری ئامه‌د “دیاربه‌كر” دا، سه‌ردانی ئه‌و شاره ده‌كات. ئه‌و ساڵانه باكوری كوردستان له نێو ره‌وشێكی ئاڵۆز و نادڵنیادا ده‌ژیا. ده‌وڵه‌ت باری نائاسایی راگه‌یاند بوو. كۆمه‌ڵێ دامه‌زراوی چالاكی ده‌وڵه‌ت له بواری تۆقاندن و كوشتندا به ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له كاردا بوون. له ئامه‌د له رۆژی 20.9.1992 دا له لایه‌ن بكوژانه‌وه، بكوژانێك كه ئه‌و ده‌زگایانه‌ی ده‌وڵه‌ت له پشتیانه‌وه بوون، مو‌سا عه‌نته‌ر ده‌خرێته داوه‌وه و ده‌یكوژن. ئه‌و ده‌مه‌ی مو‌سا عه‌نته‌ر كوژرا، ته‌مه‌نی 74 ساڵ بوو. بێگومان كاتێك له شاری ئامه‌د مو‌سا عه‌نته‌ر دێته ره‌ڤاندن و پاشان لاشه‌كه‌ی ده‌دۆزرێته‌وه، به ئاشكرا پێوه‌ی دیاره به فیشه‌ك كوژراوه.
پیاوه ترسنۆكه‌كان هه‌میشه ده‌توانن بكوژن. به‌رده‌وام ده‌شێن جه‌سته له‌ناو به‌رن. بكوژان مو‌سا عه‌نته‌ری به جه‌سته لاواز و پیریان كوشت، به‌ڵام ده‌نگدانه‌وه‌ی پێكه‌نینه‌كان كه ئیرۆنی و هونه‌ری كۆمیدیای عه‌نته‌ر سه‌رچاوه‌یانه له یاده‌وه‌ری خه‌ڵكدا شه‌پۆل ده‌ده‌ن. وزه‌ی پێكه‌نین به‌خشی ئه‌و به‌رده‌وام زیندووه و هه‌ناسه ده‌دات. بێگومان بكوژان مه‌به‌ستیان بوو ئه‌و ده‌نگه كپ بكه‌ن و به‌ژنی ئه‌و چناره بشارنه‌وه، به‌ڵام نه‌یانزانی ئه‌و چناره، به‌ژنێكی هه‌س هه‌رگیز بزر نابێت و به‌رده‌وام له هه‌مووانه‌وه دیاره.
له‌و رۆژه‌وه‌ی كه مو‌سا عه‌نته‌ری تێدا كوژرا، تا ساڵی 2008 هیچ كه‌سێك له كاربه‌ده‌ستانی باڵا یان نیمچه‌باڵای ده‌وڵه‌تی تورك نه‌یانوێرا و نه‌یانویست باسی كوشتنی ئه‌و “پێكه‌نین”ه بكه‌ن. پیاوێك سه‌رچاوه‌ی پێكه‌نین و ئیرۆنی بوو، كه‌چی كوشتیان. هیچ كه‌س باسی كوشتنی ئه‌و پێكه‌نینه‌ی نه‌كرد، تاكو له رۆژی 27.5.2008 دا له‌كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوانی خۆیدا له شاری ئامه‌د، سه‌رۆكوه‌زیرانی وه‌ڵاته‌كه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان كاتێك باسی له كرانه‌وه به رووی كێشه‌ی كورد و هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه ده‌كرد، ئاماژه‌ی روونی به ناوی مو‌سا عه‌نته‌ر دا و گوتی:
(برین و ژانی ئاپێ مو‌سا واته مو‌سا عه‌نته‌ر له بیر ناكه‌ین). ئه‌ردۆگان دیار بوو به مه‌به‌ست به كوردی ناوی “ئاپێ” مو‌سا دێنێت. به‌ڵام ئایا ئه‌ردۆگان چی كرد و چی ده‌كات؟ ئایا ئه‌و سیاسه‌توانه له سۆنگه‌ی له بیرنه‌كردن و تیماركردنی برینی ره‌ش*** ی مو‌سا عه‌نته‌ردا هیچی كردووه؟
پێویسته ئه‌ردۆگان و سیاسه‌توانانی تورك بۆ تیماركردنی برینه زۆر و كاریگه‌ره‌كانی جه‌سته‌ی توركیا سه‌رله‌به‌ری سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له وه‌ڵاته‌كه‌دا بگۆڕن. پێویسته له‌وێ، له كه‌لاوه‌كانی چه‌وساندنه‌وه نكوڵیكردن له گه‌لان و زمانانی تری نا توركی، له‌و سه‌رزه‌وینه وه‌ڵاتێكی تر ساز بكه‌ن. ده‌بێت وا بكه‌ن، ده‌نا هیچ برینێك ساڕ‌ێژ ناكرێت.
ئه‌و قسانه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ چاره‌سه‌ركردن و تیماركردنی برینه‌كان، ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه بۆ لای عه‌نته‌ر. بۆیه لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم، یه‌كێك له به‌سه‌رهات و “نوكته” نایابه‌كانی مو‌سا عه‌نته‌ر ببێت به دوا به‌شی ئه‌م نووسینه. نوكته‌یه‌ك كه مو‌سا عه‌نته‌ر زۆر جاران له وه‌ڵامی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی توركیادا وه‌كو نمونه‌ی خه‌نده‌به‌خش ئاماژه‌ی پێكردووه. هه‌رچه‌نده نوكته‌كه شێوازی ئێمه‌یش نه‌بێت و ره‌خنه‌مان له “نا” په‌رده‌پۆشیی هه‌بێت، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه عه‌نته‌ر و دونیای ئیرۆنی وی بووه و ئه‌و له سنووری خۆیدا، چ دادگا بووبێت، چ زیندان یان سه‌كۆی سیمینار و هتد قسه‌ی دڵی خۆی كردووه و هیچی نه‌شاردۆته‌وه.
كاتێك له مو‌سا عه‌نته‌ریان پرسیوه رات به‌رانبه‌ر به گۆڕان و چاكسازی ده‌وڵه‌ت چییه، گوتویه‌تی ده‌بێت، له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌وڵه‌تێكی تر دروست بكرێت، ئه‌و رای وابووه و گوتویه‌تی: ئه‌م ده‌وڵه‌ت “خێری نه‌ماوه”. بۆ پشتگیری قسه‌كه‌ی خۆیشی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی گێڕاوه‌ته‌وه:
ژنێكی به ته‌مه‌ن گه‌نج و به سیما جوان، منداڵێكی پێیه و ده‌چێته لای دكتۆر، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه جوانی ژنه‌كه سه‌رنجی دكتۆر وه‌كێش ده‌كات. دكتۆر له ژنه‌كه ده‌پرسێت، نه‌خۆشیی ئه‌و منداڵه چییه؟
خاتوون ده‌ڵێت:
– له‌م ته‌مه‌نه دایه و هێشتا قسه ناكات.
– وه‌كو تر؟
– تا ئێستا ناتوانێت به ڕێوه بڕوات.
– ئێ؟
– چاوه‌كانی خوارن و زۆر خراپ ده‌بینێت.
– به داخه‌وه، وه‌كو تر؟
– میزیش به خۆیدا ده‌كات و جار به جار به خۆیدا ده‌ڕی.
دكتۆر ته‌ماشایه‌كی پڕ تاسه‌ی خاتوون ده‌كات، ئاماژه به منداڵه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت:
– خانمی من، ئه‌م منداڵه تیمار ناكرێت. باشترین شت ئه‌وه‌یه پێكه‌وه منداڵێكی تر دروست بكه‌ین.
مو‌سا عه‌نته‌ر پێی وا بوو باشترین شت بۆچاككردنی توركیا ئه‌وه‌یه، تورك و كورد و گه‌لانی تری ئه‌و وه‌ڵاته پێكه‌وه توركیایه‌كی نوێ بنیات بنێن…
“JITEM* “
“هێزی ژه‌ندرمه‌ی نهێنی” ئه‌م هێزه له چوارچێوه‌ی ده‌زگایه‌كی فه‌رمیدا سازكراوه و یه‌كێكه له ده‌زگا ترسناك و به هێزه‌كانی “ده‌وڵه‌تی قوڵ”.
له‌و رۆژه‌وه‌ی توركیا “ساڵی 1951 ” بوو به ئه‌ندامی ناتۆ، ئه‌م ده‌زگایه به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و بنه‌ماكانی كه‌مالیزم دامه‌زرێندراوه.
هه‌ڵمه‌تی له ناوبردن و كوشتنی بازرگانان، رۆشنبیران و ناودارانی كورد به ناوی “فاعیلی مه‌جهول جینایه‌ت- تاوانی بكه‌ر نادیار” ئه‌و تاوانانه بوون كه ئه‌م رێكخستنه و بكوژه‌كانی به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. دیاره له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ئه‌م رێكخستنه “حیزبوڵا” یان وه‌كو به‌شێك له ئۆرگانه ترسناكه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی قوڵ دورست كرد تا له تیرۆركردن و كوشتنی نیشتمانپه‌روه‌رانی كورد و دیموكراتخوازانی توركیادا سودی لێ ببینن و پاشتر هه‌ر خۆیان ئه‌و حیزبه‌یان له ناو برد.
به درێژایی چه‌ندین ساڵ كه‌سانێكی زۆر بوون به قوربانیی بكوژانی بكه‌ر نادیار و ده‌وڵه‌تیش ته‌ماشاڤانی ئه‌و رووداوانه بوو.
به توركی. Derin Devlet **
واتای “ده‌وڵه‌تی قوڵ. ده‌وڵه‌ت له نێو ده‌وڵه‌تدا” ئه‌مه له توركیا زاراوه‌یه‌كی ناسراوه. ئه‌م “ده‌وڵه‌تی قوڵ”ه هێزگه‌لی سیاسی، ده‌زگاكانی ئاسایش، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كوشتن، به‌تایبه‌تیش “كۆماندۆی كوشتن” ده‌گرێته‌وه، ئه‌مانه كۆمه‌ڵێ ستونن كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته شاردراوه‌یه‌ی نێو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ریان به‌نده. رووبه‌ری قسه‌كردن سه‌باره‌ت به “ده‌وڵه‌تی قوڵ” له‌گه‌ڵ سكانداڵی سوسورلوك “1997” دا فراوانتر بوو. “ده‌وڵه‌تی قوڵ” له حه‌فتاكانیشدا “سه‌ده‌ی بیست” له رێگه‌ی ده‌زگاگه‌لی نهێنی وه‌كو “كۆنترگه‌ریلا” “به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌ڕی تایبه‌ت” كاره‌كانی خۆی به‌ڕێوه ده‌برد.
*** شانۆنامه‌یه‌كی مو‌سا عه‌نته‌ره.
سه‌رچاوه
– بیروه‌رییه‌كانم، مو‌سا عه‌نته‌ر،به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م.
– یه‌شار كایا،
Koca Çınar Musa Anter
Kürt Demokrası Vakfı
1993
– یه‌شار كایا، دیداری تایبه‌ت سه‌باره‌ت به مو‌سا عه‌نته‌ر.
– یه‌شار كایا دیداری تایبه‌ت
23Kürt Azdınları
Meypotamya Yayınları 1998
– ره‌جه‌ب مه‌راشلی،
Apê Musa: Son fıkra…
www.gelawej.net
– به‌شێك له وتاره‌كانی مو‌سا عه‌نته‌ر له رۆژنامه‌ی وه‌ڵات. وه‌ڵات هه‌فته‌نامه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا له ئیسته‌نبوڵ به كوردی ده‌رده‌چوو، تا ساڵی 1994 به‌رده‌وام بوو، كۆتایی ئه‌و ساڵه له لایه‌ن دادگای ئاسایشی ده‌وڵه‌ته‌وه داخرا. ماوه‌یه‌كی زۆر مو‌سا عه‌نته‌ر له‌و رۆژنامه‌یه گۆشه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، ناوی گۆشه‌كه‌ی “تیر” بوو.