Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئاگاتا كریستى: ژنە نووسەری رۆمانی تاوانكاری

ئاگاتا كریستى: ژنە نووسەری رۆمانی تاوانكاری

Closed
by October 6, 2008 گشتی

 ئاگاتا كریستى: ژنە نووسەری رۆمانی تاوانكاری
 لە فارسیەوە: و : كەژالأ عەلا

 
 
 ئەگەر بمانەوێت دەربارەى خۆشەویستى بەرهەمەكانى ئاگاتا كرێستى قسەبكەین، ئەوە بێگومان  رووبەرووى خاڵێكى گرنگ ئەبینەوە. ئەوەی كە سیر ئارسەر كاتن دویلأ لەرێگەی لێكۆڵەرەوە بەناوبانگەكەیەوە (شرلۆك هۆڵمز)  وە یا  ئیدگار واڵالس بەو هەموو لێكۆڵەرەوە قۆمیسەر و پیاوكوژی شێت و كوشتنی فێڵبازانە و ئامێری سەیر وسەمەرەی كوشتنەوە، نەیانتوانی پێی بگەن، ئاگاتا بە زیرەكى خۆى توانى سەركەوتنی تێدا بەدەست بهێنآ. لەرووی ژمارەی بەرهەمەوە، لەوكاتەوەی  ئێدگار ئاڵان پۆ لە ساڵى 1841 دا بە چاپكردنی چیرۆكی (كوشتارەكانى شەقامى مۆرگ) ئەم شێوازە ئەدەبیەی داهێنا، هێشتا ئاگاتا بە بێ مونافیس لەسەر لوتكە راوەستاوە. 
 بە پێى لێكۆڵینەوەكانى ڕێكخراوى یونسكۆ كە لە ڕابوردوودا ئەنجامیانداون دەربارەی بەربڵاوی و ناسراوی ئەدەبیاتی جیهان، بەمانای هەموو ئەدەبیاتی نووسراو نەك تەنیا هەڵبژاردەیەك لە باشترین بەرهەمە نەمرەكانی میللەتێك، بەرهەمەكانی ئاگاتا كە لە 109 زمانی دنیا چاپ كراونو لە پلەی سێەمدا خۆیان دەبیننەوە. كاتێ ئاگاتا لەساڵى 1950 دا پەنجایەمین ڕۆمانى خۆی بەناوى ( كوشتنێكى باسنەكراو ) بەچاپگەیاند، سەرجەم ژمارەى كتێبە چاپكراوەكانى بەزمانە جیاجیاكان  گەیشتبووە 100 ملیۆن نوسخە لەجیهاندا. بەڵام لەم دواییانەدا ماتیۆ پریچاردى نەوەو میراتگیرى ئاگاتا لەسایتە تایبەتیەكەى ئەودا بڵاویكردۆتەوە و دەڵێ ژمارەى بەرهەمە فرۆشراوەكانى ئەم خانمە نوسەرە ئینگلیزیە خۆیداوە لە 2 میلیار نووسخە! تێگەیشتن لەم سەركەوتنە زۆرەش شتێكی ئاسان نیە چونكە ئاگاتا لەراستیدا هیچ شتێكی تازەی نەخستووەتە سەر ئەم شێوازە ئەدەبییە. ئەو لە چەند حاڵەتێكی كەمدا نەبێ، هەمان شێوە كۆنە ئینگلیزییەكانی دووبارەكردۆتەوە. 
 
 زۆرەبەى كات كوشتن لە چیرۆكەكانی ئاگاتادا لە ناو خانووە چولأ و ڤیكتۆریاییەكان روو ئەدات و بكوژ ئەبێ بە درێژایی چیرۆكەكە بە نەناسراوی بمێنێتەوە تا ئەوەی لە كۆتاییدا لەلایەن لێكۆڵەرەوەی پۆلیسەوە وەك پارێزەری یاسا كەشف دەبێ.  ئەڵبەتە لێكۆڵەرەوە پێش ئەوە دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكانی خۆی لەسەر بنچینەی جۆرەها بەڵكەی پەرش و بڵاو دەخاتە بەردەستی خوێنەر.
 
 لەوانەیە نهێنى خۆشەویستى ئاگاتا لەوەدا بێ كە ئەو مەسەلەی كوشتنی لە ئەدەبیاتی تاوانكاریدا هێناوەتە ناو خەڵكی عادییەوە، ئەو خەسڵەتە ترسناك و قێزەونییەی لێ كردۆتەوە و بە خەیاڵی سەرشاری خۆی وێنەیەكی جوانی پێ بەخشیوە بێ ئەوەی لە رادەی خۆشی سەرنجراكێشییەكەی كەم بكاتەوە. 
 
 هەروەها ئاگاتا باسلەوە ئەكات كە سەردەمى منداڵى سەرشارو بەختەوەر گوزەراندوە. پێویستى بەوە نەبووە بچێتە قوتابخانە بەڵكو هەر لەماڵەوە دایكى دەرسى پێ وتۆتەوەو ئەمەش بەلاى ئاگاتاى بچكۆلانەوە زۆر لەزەت بەخش بووە. ئەو هەر لە سەرەتاى ژیانیداو لەسەردەمى منداڵیدا داستانى سەیرو سەرسوڕهێنەرى ئەنوسیەوەو بۆ خەڵكى ئەخوێندەوە. دایكى زوو دەركى بەبلیمەتىو لێهاتوویى كچەكەى كردووە هەربۆیە هەمیشە یارمەتى داوەو كتێبى گونجاوى بۆ هەڵئەبژارد كە بیانخوێنێتەوە.

    ئاگاتا مارى كلارسیا میلەر لە( 15/ 9/ 1890_ 12/1/ 1976) لە شارى تۆركى لە كەنارى خوارووى ناوچەیەكى سەرسەوزى ئینگلیزستان لە دایك بووە. لەساڵى 1914 لەگەلأ ئاركى باڵد كرێستى كە سەرهەنگى هێزى هەوایى بووە، زەماوەندی كردو پاش 14 سالأ جیابوونەوە و تەنها كچێكیان هەبوو بە ناوى ڕۆزالیندا. پاشان لەساڵى 1930دا شووى كرد بە سیرماكس مالوان كە شوێنەوار ناس بووەو 14سالأ لەخۆى منداڵتربوو، پێكەوە چەندین سەفەریان كرد لەجیهانداو ماوەیەكى زۆر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نیشتەجێبوون. دەوروبەرى كۆتایى جەنگى جیهانی یەكەم ئاگاتا لە نەخۆشخانەى سەربازى خاچى سوور لە ئینگلتەرا و فەرەنسا كارى پەرستارى ئەكردو هەرئەو زەمانە دەستی كرد بەنووسینى یەكەمین ڕۆمانى لێكۆڵەرى ( موحقیق ). یەكسالأ دواى مردنى كتێبى ( ژیاننامەى ئاگاتا كرێستى)  كە خودى خۆى نوسیبوویەوە بڵاوكرایەوە.
 ئاگاتا زیاتر لە 70 ڕۆمانى تاوانكارىو ژمارەیەكى زۆر لە داستانى كورتى نوسیوەو  هەروەها چەندین نمایشنامەى بڵاوكردۆتەوە كە بەناوبانگترینیان ( تەڵەى مشك) ە.
 ئاگاتا لە ساڵى 1955 دا تەنهاكەسێك بوو كە خەڵاتى نازناوى مامۆستاى مەزنى پێبەخشراوە لەلایەن كۆمەڵەى مەتەڵ نووسانى ئەمەریكاوە.
 
 بەرهەمە بەناوبانگەكانى ئاگاتا بریتین لە: ( پیاوێك لە ئەپارتمانێكى قاوەیدا، كوشتن لەناو قیتارێكى خێراى ڕێگاى ڕۆژهەڵات،  كرێسمسى هەركۆلأ پوارۆ، 10 ڕەشپێستى بچكۆلانە، جەسەدێك لە ناو كتێبخانەدا، هەڵهاتن لە چارەنووس، یانەى شەوانى سێشەمان
 

  جارێك ئاگاتا بەسەختى تووشى نەخۆشى ئەنفلۆنزا ئەبێت و ناچارئەبێت لەناو جێگەدا بمێنێتەوە تابحەوێتەوە، بەڵام ئەم وەزعەى زۆر بێزارى ئەكات، پاشان  دایكى پێى ئەڵێت ئێستا باشترین كار بۆتۆ ئەوەیە كەداستان بنوسیتەوە،  وانەزانیت كە تۆ ناتوانیت ئەمكارە ئەنجام بدەیت من بەدڵنیاییەوە  پێت ئەڵێم كە زۆر باش ئەتوانی! ئەم قسانەى دایكى كاریگەریەكى ئەوەندە گەورەى هەبوو لەسەر ئاگاتا، كە ئەبێتە هەوێنى سەرهەڵدانى بەرهەمەكانى هەر لە سەردەمى منداڵیدا. ئەو لەسەرەتادا بە ئەشعارى ئیحساساتىو نوسینى داستانى ترسناك و تاریك دەستى پێكرد_كاتێك تەمەنى گەیشتە16 ساڵ دایكى ناردى بۆ قوتابخانەیەك لەپاریس. لەوآ جگە لە دەرسەكانى قوتابخانە لەدەرسى مۆسیقاو پیانۆش بەشدارى ئەكرد. بەڵام لەهەمان كاتدا بەردەوام خەریكى داستان نوسین بوو لەهەر چەند داستانێك دانەیەكیانى بڵاوئەكردەوە.  
  ئاگاتا هەرلەسەرەتاى نوسینى ڕۆمانەكانیدا كەسایەتى (مۆسیۆهەركڤڵ پوارۆى) بەلجیكى خوڵقاند. پوارۆ لێكۆڵەرەوەیەكى كورتەباڵاو چستوچالاكو لەخۆڕازى بوو. بەسەروپۆستاڵێكى تایبەتیەوە نهێنى هەموو تاوانبارەكانى بەیارمەتى خانەبچووك و خۆڵەمێشیەكانى مێشكیەوە ئەدۆزیەوە. لەهەمان كاتیشدا زمانێكى ئینگلیزى پاراوى بەكار ئەهێنا. پوارۆ زیاتر لە 05 پەنجا  ڕۆمانى ئاگاتادا ڕۆڵى سەرەكى بینیوەو لەو فلیمانەدا بەسەركەوتوترین لێكۆڵەرەوە ناسراوە لە سەراسەرى جیهاندا. ئاگاتا لەماوەى چەند ساڵێكى كەمدا 5 پێنج ڕۆمانى ترى نوسیوەو بڵاوى كردونەتەوە. لەو سەردەمەدا بوو كە هەستى بەوە كرد كەبووە بە نوسەرێكى واقیعى هەرچەند هێشتا سەردەمى سەركەتنە مەزنەكانى نەگیشتبوون. بەڵام لە ساڵى 1926دا پاش نووسینى ڕۆمانى كوشتنى (ڕاجەر ئاكرۆیدى) ئەو سەركەوتنە مەزنەى بەدەستهێنا، لەبەر ئەوەى ئەم ڕۆمانە بێهاوتا بوو  لەجیهانى ئەدەبیاتى تاواندا.    
 
  
     
 سەرچاوە: سایتى فارسى ویکی‌ پدیا
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.