ئایا عه‌ره‌به‌كان ئاماده‌ن بۆ دیموكراسی؟!
له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییانه‌ی كه ئێستا چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی گرتۆته‌وه، چه‌ندین دروشمی رۆشتن یاخود گۆڕینی رژێمه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان خراونه‌ته روو، بێ ئه‌وه‌ی تێڕوانینێكی روون هه‌بێت بۆ به‌دیلی داواكراو. هه‌ندێك پێیان وایه پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئاماده‌یی عه‌ره‌ب بۆ رژێمێكی دیموكراسی زوڵمه یاخود كه‌مكردنه‌وه‌یه له‌روداوه‌كانی ئێستا، به‌ڵام ئه‌م پرسیاركردنه شتێكی پێویست و زه‌رورییه تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ئه‌م راپه‌ڕینانه به‌ته‌نها ئه‌ركی گۆڕینی رژێمێكی سته‌مكاری” له‌كارخراو” بێت به رژێمێكی سته‌مكاری دیكه” زۆر به‌خێرایی” بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی دروستده‌بێت.
له‌تونس حكومه‌تی ئینتیقالی بڕیاریداوه كه هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخات، وه‌زیری یه‌كه‌م (قائد سبسی) رایگه‌یاند حزبه تازه‌كان ئه‌وانه‌ی كه دوای” شۆڕش “رێگایان پێدراوه پێویستیان به‌كاتێكی زیاتر هه‌یه بۆ خۆناساندنیان به‌خه‌ڵك، هه‌روه‌ها بۆ رێكخستنی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین “ئازادی و شه‌فافیه‌ت” له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا به‌دیبێت.
به‌ڵام (عصام شه‌ره‌ف) سه‌رۆك وه‌زیران له حكومه‌تی ئینتیقالی میسر رایگه‌یاند كه دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان سودبه‌خشه “بۆ هه‌وڵه‌كانی دوباره رێكخستنه‌وه‌ی سیسته‌می وڵات” دوای فه‌وزای “شۆڕش.
ئه‌م بانگه‌شانه له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه ده‌كرێت كه پشتگیری و به‌شدارییه‌كی به‌رچاویان هه‌بوه له شۆڕشه‌كانی وڵاته‌كانیاندا،و له‌ده‌ست وپێوه‌نده‌كانی رژێمی پێش‌و نه‌بون، ته‌نانه‌ت (سبسی) ئه‌وه‌شی وت “ره‌شه‌بای ئازادی چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی گرتۆته‌وه…به‌ڵام ته‌نها ئێمه ده‌توانین سیسته‌مێكی دیموكراسی بنیات بنێین” له ئاماژه‌یه‌كی مه‌به‌ستداردا بۆ شه‌ڕه‌كانی لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریا.
ئه‌وه چیه كه واده‌كات ئه‌و كه‌سانه لهپهنابردنێكی خێرا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بترسن له‌كاتێكا ئه‌و وڵاتانه “ئازادی” خۆیان به‌ده‌ستهێناوه، هه‌روه‌ها ده‌توانن هه‌ڵبژاردنێكی دوور له‌ته‌زویر و دزینی ده‌نگه‌كان ئه‌نجامبده‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه ئاسانه: ئه‌وان ده‌ترسن و بڕوایان به ئه‌نجامه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه نیه له‌م قۆناغه‌دا.
به‌ر له‌ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی موباره‌ك “یاخود كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه ئه‌گه‌ر حه‌زبكه‌ن”، عومه‌ر سلێمانی جێگری سه‌رۆك رایگه‌یاند” گه‌لی میسر له‌م قۆناغه‌دا هێشتا ئاماده نیه بۆ دیموكراسی”.له‌و كاته‌دا نه‌یارانی حكومه‌ت رایانگه‌یاند ئه‌م بۆچونه فیكره‌ی ئیستبداد پته‌وتر ده‌كات، به‌ڵام كاتێك ئه‌م بۆچونانه له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی ماوه‌ی ئینتیقالییهوه “شۆڕشگێران” دوباره‌كرانه‌وه ئێستا بوه‌ته پێویستییه‌ك كه به لێكۆڵینه‌وه‌و حیكمه‌ته‌وه چاو به‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بخشێنرێته‌وه، به‌دوور له په‌تای دروشمه شۆڕشگێڕییه‌كان.
له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ (به‌رنارد لویس) ی رۆژهه‌ڵاتناس كه رۆژنامه‌ی (جیرۆزالیم پۆست) له 25ی شوباتی رابوردودا ئه‌نجامی داوه، ئه‌م مێژونوسه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه هێشتا وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ئاماده‌ییان تێدانیه بۆ جێبه‌جێكردنی دیموكراسی “به‌مانا لیبرالێ/ رۆژئاواییه‌كه‌ی” ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌و دیموكراسییه به‌مانای سندوقه‌كانی ده‌نگدان بێت “به‌ته‌نها”و خاوه‌ن پاشخانی فیكری و ده‌زگایی نه‌بێت كه دیموكراسیه‌تی له‌سه‌ر بچه‌سپێت.
لویس ده‌ڵێت ” ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا روده‌دات ته‌قینه‌وه‌یه‌كی حاڵه‌تی “توڕه‌یی” و هه‌ستكردنێكی گه‌وره‌یه “به‌نه‌بونی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی”، ئه‌مه‌ش جیاوازه له‌وه‌ی بوترێت كه ئه‌وه‌ی روده‌دات شۆڕشگهلێكی دیموكراسیانه‌یه”. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه وه‌ك لویس ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شۆڕشانه له‌ژێر سایه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته سه‌ركوتكه‌ره‌كان رویانداوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ تێزێكی تایبه‌ت به جێگره‌وه‌ی ئه‌و رژێمه كۆنانه نه‌خراونه‌ته روو، به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی كه وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان پێویستیانه به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند وه‌سیله‌یه‌كه بۆ چاكسازی سیاسی و فیكری كه له‌رۆشنبیری و كه‌له‌پوری خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، بهجهختكردنهوهی گه‌شه‌پێدانی چه‌مكی (شورا) وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك بۆ به‌شداریكردنێكی سیاسی باشتر لهرێگهپێدان به حزبه ئسوڵیه‌كان تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كان داگیربكه‌ن و سته‌مێكی تازه‌تر له‌سه‌ر شێوه‌ی دیموكراسیه‌تی ئیسلامی ئێران بسه‌پێنن.
لویس له‌كۆتایدا ئه‌وه‌مان به‌بیرده‌هێنێته‌وه كه هیتله‌رو نازییه‌ت له‌دوای جه‌نكی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه به‌هه‌مان رێگای دیموكراسی هاتنه سه‌ر حوكم، چونكه فیكره‌كان ناگۆڕێن.
به‌دڵنیاییه‌وه زۆرێك هه‌ن كه له‌گه‌ڵ لویس دا جیاواز بیرده‌كه‌نه‌وه، به‌هۆی هۆكاره سیاسی و ئاینیه‌كانیش پشت به‌وته‌كانی نابه‌ستن، به‌لام ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه نایه‌ت كه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت هه‌ڵه‌یه، ئه‌وه‌ی كه جێگای موفارهقهیه لویس ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان(نه‌ته‌وه‌ییه‌كان) كارهساتبون به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی “ئه‌و رژێمانه‌ی كه‌پێش تازه‌گه‌ری عه‌ره‌بی هه‌بون زۆرتر كراوه‌تر و زیاتر لێبوردهتربون له‌م رژێمانه‌ی ئه‌مڕۆ”. به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی كه به‌رامبه‌ر لویس چۆن بیرده‌كرێته‌وه، وته‌كانی گرنگی و مانای تایبه‌تی هه‌یه، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م تێزه به‌رهه‌می رۆشنبیران و نوسه‌رانی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامییه‌كانه، چونكه ئه‌وان له‌رابوردودا بڕوایان به وه‌سیله‌كانی حوكمكردنی رۆژئاوایی “وه‌ك دیموكراسیه‌ت” نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌موو به‌شدارییه‌كی هه‌ڵبژاردنیان ره‌تده‌كرده‌وه به‌و مانایه‌ی كه ئیستیرادێكی رۆژئاواییه، له‌شه‌سته‌كانی رابوردودا له‌دوای شكسته‌كانی عه‌ره‌ب زۆرێك له‌رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی كه‌له‌پور، وه هه‌وڵیاندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و وتانه‌ی كه پشتگیری له فیكره‌ی “دیموكراسی” و “مافی مرۆڤ” ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه دوپاتبكهنهوه كه كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان قابلیه‌تی ئه‌وه‌یان تێدایه له‌رووی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه وه‌دوای نه‌موزه‌جی رۆژئاوایی بكه‌ون.
ئه‌وه‌ی گومانی تێدانیه ئه‌وه‌یه كه چه‌ندین ده‌یه له ده‌سه‌ڵاتی ئیستبدادی وه‌هایكردوه كه به‌دیهێنانی نهموزهجێكی دیموكراسی/ رۆژئاوایی قورس بێت، هه‌ربۆیه ناوچه‌كه هیچ ئه‌زمونێكی ته‌واوه‌تی یاخود هوشیارانه‌ی نیه بۆ جێبه‌جێكردنی دیموكراسیه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی لیبراڵی /سه‌رمایه‌داری.
به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌و جدیهتهی له‌به‌رامبه‌ر چاكسازی ئاشتیانه‌ی راسته‌قینه‌دا هه‌یه كه به‌ره‌و نهموزهجێكی دیموكراسی ده‌ڕوات ئاماده‌یی نیه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین و هه‌یه ئه‌وه‌یه هێزه ئوسوڵیه‌كان و هێزه ته‌قلیدییه‌كان به‌رهه‌می توڕه‌یی گه‌نجان له‌و وڵاتانه‌دا ده‌قۆزێته‌وه.
له ساڵی 2003 عه‌ره‌به‌كان ناكۆك بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌دام حسێن به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی بڕوخێت، كه‌چی ساڵی 2011 زۆر به‌توندی پشتگیری ناتۆ یان كرد بۆ روخانی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، له‌باره‌ی رژێمه‌كه‌ی سوریاشه‌وه كه زۆر له رژێمه‌كه‌ی لیبیا سته‌مكارتره هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌یه.كه‌واته هه‌ڵوێستی به‌ها و ئه‌خلاق له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا له‌كوێدایه؟ ئامانج ئه‌وه‌نیه كه بڵێین عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ دیموكراسیدایه،یاخود دژی دیموكراسییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه نوخبه‌ی سیاسی و رۆشنبیری عه‌ره‌ب زۆر به‌سه‌راحه‌ت روبه‌روی ئه‌م پرسیارانه ببنه‌وه.
ن/ عادل ته‌ریفی
له‌عه‌ره‌بیه‌وه: هێمن مه‌حمود ده‌ربه‌ندیخانی
Hemnm1979@yahoo.com
سه‌رچاوه/ سایتی (الشرق الاوسگ)