ئای له ئاهی ئێوه … نامۆ سامان
دێمه‌وه
به جانتایه‌ک حوزن‌و
دڵێکی شکاوه‌وه
خۆم ده‌که‌م به ئێواره‌ی شاردا‌و
به کچانی گه‌ره‌ک ده‌ڵێم
له ئاهی ئێوه عه‌شق کوشتمی
ئای له ئاهی ئێوه
دێمه‌وه
به ئه‌لبومێکی خاڵی‌و
چه‌ترێ بارانه‌وه
خۆم ده‌که‌م به دڵی شاردا‌و
له‌به‌ر ده‌رگای بیرهوهرێکانمدا راده‌مێنم
لێره جگه له جهنگو دڵ شکاندن
جگه له سوتان‌و نامۆ بوونی په‌نجه‌کان به خاک
هیچی تر ئاوساوری نه‌ماوه
لێره جگه له ژماره‌و داتاکانی خیانه‌ت
که‌س ڕۆژی له‌دایکبوونی خۆی له بیر نه‌ماوه
که‌سێک….
دێریکی بۆ سه‌روه‌ری ڕۆژه‌کانی
له‌سه‌ر دیواری کۆڵاندا نه‌نوسیوه
لافیته‌کانی حیزب بانگه‌وازه بۆ سه‌روه‌ری
لافتهکانی نیشتیمانیش بانگه‌وازه بۆ ته‌نیایی
دێمه‌وه
به ئه‌سپای به ئه‌ندازه‌یه‌ک که ڕۆح هێشتا
چاوه‌کانی به عه‌شق تهرنهکردبێت
به‌یانییه‌ک پێش خۆرهه‌ڵاتن دێمه‌وه
خۆم ده‌که‌م به‌سنگی شاردا‌و
به چاو پێی ده‌ڵێم
بم به‌خشه
چ عاشقێکی دڵ رهقو
چ هه‌رزه‌یه‌کی لووت به‌رزو
چ دڕندانه جێم هێشتیت
له نیگام ده‌گه‌یت و
فرمێسکێک بۆ به‌ختم ههڵدهرێژیت
تۆ به‌دیار قهیرهبونتهوه
منیش به دیاری ته‌نیایمه‌وه
ئێواره‌یه‌ک به‌ر له‌وه‌ی نیشتیمان
شتێکمان پێ بڵێت
به‌ر له‌وه‌ی کۆڵانه‌کانی منداڵی و
هه‌رزه‌ی شتێکمان بیرخاته‌وه
سه‌رده‌نێم به رۆحتهوهو
له چاوه‌کانتا له‌و
بۆشاییه ده‌روانم که جێ‌مان هێشت
ئه‌و ساڵانه‌ی که ته‌نیایی پریکردوهو
ئه‌و ئێوارانه‌ی که به‌دیاری چاوه‌روانییه‌وه کوشتمان
تازه مه‌حاڵه پیری پریکاته‌وه
تازه مه‌حاڵه عه‌شق شتێکمان بۆ ئاسوده‌ی پێ بڵیت
مرۆڤ که نیشتیمانی نه‌بوو
عه‌شقیشی نابێت
دێمه‌وه
ده‌چمه سه‌ر گڵکۆکه‌ی نیشتیمان
پێی ده‌ڵێم : ته‌مه‌ن بواری نه‌دام ژوورێک
بۆ ئاسوده‌ی هه‌ڵچنم
ته‌مه‌ن جگه له پیربوون‌و مه‌نفایه‌ک
هیچی له‌دوای خۆی بۆ جێنه‌هێشتم بۆ ئارامی
ته‌مه‌ن جگه له جهنگو
کوشتنی براکان
هیچ بواری نه‌دام بۆ خۆشه‌ویستی
دێمه‌وه
به ته‌مه‌نێکی خۆڵهمێشیو
مێژوویه‌کی دۆراوو
ڕۆحێکی سپییه‌وه
ده‌چمه سه‌ر گۆره‌که‌ی باوکم
پێی ده‌ڵێم: بم به‌خشه بابه گیان دره‌نگ هاتم
بم به‌خشه بابه گیان نیشتیمان و عه‌شق کوشتیانم
به‌بێ ده‌نگی تێمدهروانێ
وه‌ک ئه‌وه‌ی پێم بڵێت:
به مردوویش دڕۆم له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت
باوهشدهکهم به ڕۆحتاو
تێر تێر وه‌ک جاران
هه‌ره‌ک منداڵه‌که‌ی جاران
وه‌ک منداڵه ته‌نیاکه‌ی کۆڵان
تیر تێر له باوه‌شی
نیشتیمان‌و خاك‌و گڵکۆی تۆدا ده‌گریم