ئه‌ده‌ب له كوێی ژیانی ئێمه‌یه ؟
وه‌ڵام : له په‌راوێزی ژیانی ئێمه
چه‌ند هێڵێك له‌باره‌ی شوێن و پێگه‌ی ئه‌ده‌ب
له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی
چونكه له‌ناو ئێمه‌دا هه‌موو شتێك له پێناو و ئامانجی ئه‌وه‌دا ده‌نووسرێت ئه‌رشیف بكرێت و تۆماربكرێت یان بكرێت به كتێب و به ڕه‌نگاوڕه‌نگی مۆمیا بكرێت.زۆرجار له‌باره‌ی قه‌یران و گرفت و شته زۆر سه‌ره‌كییه‌كانی خۆمان به‌ساده‌یی و دوور له بابه‌ته پێچاوپێچه‌كان كه ئه‌وه‌نده‌ی تر دوورمانده‌كه‌نه‌وه له كرۆكی كێشه‌كه قسه‌ناكه‌ین.
ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌رشتێك پێویستمان به‌وه‌یه به‌و زمانه ڕوونه دیالۆگ له‌گه‌ڵ پرسه‌كان بكه‌ین و بهێڵین ئه‌وانیتریش بێنه‌گۆ و قه‌یرانه‌كان – مردنه‌كان – هه‌روا به هه‌ڵواسراویی و دوور له زیندووبوونه‌وه نه‌مێننه‌وه.
باسی ئێمه – باسی من ئه‌ده‌ب ه، له ناونیشانی باسه‌كه‌شدا به‌م شێوه ( ئه‌ده‌ب له كوێی ژیانی ئێمه‌یه؟ وه‌ڵام : په‌راوێزی ژیانی ئێمه) دا دیاره كه له‌چی ده‌دوێین..گرنگه ئه‌وه‌ش بزانین بۆچی ئه‌م هاوكێشه‌یه داننراوه و پرسیاره‌كه به ئاسانی دوور له توێژینه‌وه وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه، وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه، چونكه خوودی خۆم هه‌ستده‌كه‌م ئیستا له‌نێو وه‌ڵامه‌كه ده‌ژیم، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ مندا هاوڕانین و دواتر زیاتری لێ باسده‌كه‌ین ده‌توانن بایه‌خی زۆرتر به پرسیاره‌كه بده‌ن نه‌وه‌ك وه‌ڵامه‌كه – ئه‌مه‌ش بۆخۆی گرنگتره : ئه‌ده‌ب له كوێی ژیانی ئێمه‌یه؟
پرسیاری ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له كوێی ژیانی ئێمه‌یه ئه‌وه‌نده قورسه بزانین كه ئه‌ده‌ب خوودی خۆی ده‌كه‌وێته كوێی ژیانی ئێمه و له‌چ شوێن و ئاستێكدا ده‌ژی – به‌ڵام ئێمه به‌و قورسییه‌ش ڕازی نابین و پرسیاره‌كه شیته‌ڵ ده‌كه‌ین..له شیته‌ڵكردنه‌وه‌شیدا ئه‌وه‌ی لێ هه‌ڵده‌كڕێنین كه ئایا ئه‌ده‌ب له‌كوێی كۆمه‌ڵگای كوردییدا ژیان ده‌كات و ده‌گاته كوێی ژیانی تاكه‌كان؟
گه‌ڕان به‌دوای ئه‌وه‌دا بۆچی گرنگه و من بۆ بایه‌خ به‌مه ده‌ده‌م؟ بایه‌خی پێده‌ده‌م چونكه چیتر كاتی ئه‌وه‌نییه له وه‌همی گه‌وره‌دا بژین و سات له‌دوای ساتیش به‌هۆی ئه‌و وه‌همانه‌وه ئه‌ده‌ب به‌ره‌و دواوه بڕوات و زیاتر دووربخرێته‌وه له ژیان..دوورخستنه‌وه‌یه‌ك كه نه‌توانێت له‌ناو ژینگه‌كه‌دا هه‌ناسه‌بدات و وه‌ك هه‌موو شته‌كانیتر بجوڵێ و گه‌شه‌بكات، ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌ب وێنه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌یه كه نه‌ده‌گاته ژیان و نه مردوویشه به‌ته‌واوی ( هه‌رچه‌ند قسه‌م هه‌یه له‌سه‌ر مردنی له ڕووێكی تره‌وه) نه‌گه‌یشتنی به ژیان وای لێده‌كات زیاتر بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی بینیین و خوێندنه‌وه و نه‌گه‌یشتنیشی به مردن دوو ئه‌وه‌نده له گه‌شه‌ی ده‌خات.
به‌ڵام مه‌به‌ستم چییه له‌وه‌ی كه نه‌گه‌یشتووه به مردن و له‌هه‌مانكاتیشدا له‌ناو كه‌وانه‌یه‌كدا ده‌نووسم سه‌باره‌ت به‌مردنیشی قه‌سه‌م هه‌یه؟ نه‌گه‌یشتووه به مردن، به‌ڵام نه‌مردنێك كه وه‌ك مردووێك ده‌یهێڵیته‌وه، مردووێك كه بۆته دیكۆر و زه‌خره‌فه یان شانازی بۆ هه‌بوونی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، وه‌ك چۆن شانازی به‌هه‌موو هه‌بوونێك ده‌كرێ جا گه‌ر هه‌بوونێكی له‌كاركه‌وتوو و له كارخستراویشبێ !له‌م واقیعه‌دا وای لێهاتووه كتێب و شاعیر و شیعر ته‌نها دیكۆڕێكن،یان گوڵدانێكی باوه‌ڕپێنه‌كراوی بچووك بۆ كۆمه‌ڵگا، چۆن ده‌ڵێن ده‌بێ هه‌موو شت هه‌بێت، كاتێ ده‌شپرسین ئه‌ی كوا ئه‌ده‌بی ئێمه؟
شاعیران و كتێبه‌كان هه‌ر بۆ دیكۆڕ و نیشاندانی هه‌بووێك ڕیزده‌كرێن..وه‌ك بوونی گیایه‌كی باریكی نه‌بیننراو له دۆزه‌خ – چۆن نه‌بیننراوێكیش؟ ئینجا لێره‌دا نه‌گه‌یشتن به مردن ( كه وه‌ك هه‌بووێكی زه‌خره‌فه‌ئاسا ده‌ركه‌وته‌ی هه‌یه) و گه‌یشتن به مه‌رگیش ( كه كه‌وتۆته ده‌ره‌وه‌ی ژیان – له‌مه‌ودوا باشتر لێی ده‌دوێین) ده‌گه‌یه‌نمه‌وه به‌یه‌ك و ناوی مه‌رگی ئه‌ده‌بی لێده‌نێم. ده‌زانم هه‌ن كه ئه‌م بابه‌ته ده‌خوێننه‌وه ڕه‌نگه وا تێبگه‌ن من ده‌ڵێم هیچ ده‌قێكی ئه‌ده‌بییمان نییه و ئیتر ئه‌ده‌ب هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه – نه‌خێر ( باسی ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌نێوان باشی و خراپی و بوون و نه‌بوونی جوانی شتێكی تره) مه‌رگی ئه‌ده‌ب نه‌بوونی ئه‌ده‌به له‌ناو كۆمه‌ڵگا و ژینگه‌ی ژیانی ئێمه – وه ژیان نه‌كردنی كاریگه‌رییه‌كانی و خوودی ئه‌ده‌ب خۆشییه‌تی له ناوماندا.
بۆ زیاتر تێگه‌یشتنی خۆم و ئێوه‌ش له‌م بابه‌ته به پێویستی ده‌زانم بۆ دوان له‌باره‌ی پێگه و شوێنی ئه‌ده‌ب و چوون به‌ره‌و مه‌رگ و مه‌رگی ئه‌ده‌بیات له كۆمه‌ڵگای كوردییدا دوو خاڵ وه‌ربگرم و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م..یان دوو خاڵ به‌ناوبكه‌م.
1. ئه‌ده‌ب وه‌ك سه‌ربازگه : ته‌واو ده‌مه‌وێ لێره‌دا بابه‌تی شوێنی ئه‌ده‌ب و وه‌ڵامی په‌راویزنشینی ئه‌ده‌ب باسبكه‌م..هه‌ر پرسیاره‌كه‌ش به‌ره‌و ئێره‌ی هێناین..من وای ده‌بینم كه ئه‌مرۆ ئه‌ده‌ب وه‌ك سه‌ربازگه‌یه‌ك وایه له‌ده‌ره‌وه‌ی شار – كۆمه‌ڵگه ( ده‌ره‌وه‌ی گوند – كۆمه‌ڵگه) ی كوردی – و ئه‌دیبان وێنه‌ی سه‌ربازێك هه‌ریه‌كه و له‌ژووری خۆی به‌دیار مۆمێك یان كۆمپیۆته‌رێكه‌وه ( وه‌ك چۆن سه‌رباز به‌دیار تفه‌نگێك یان تۆپێكه‌وه ) دانیشتوون..داهێنانه‌كانییان ، ده‌ق و كتێبه‌كانییان وێنه‌ی هاوه‌نێك ده‌گرنه كۆمه‌ڵگه، بۆیه ده‌ڵێم ده‌گرنه كۆمه‌ڵگه، چونكه خۆیان كه‌وتوونه‌ته په‌راوێز و ئه‌ده‌ب وه‌ك سه‌ربازگه‌یه‌ك له لێوار و په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا ده‌ژیت یان ده‌یه‌وێت بێته ناو ژیان، هاوه‌نه‌كانیش ( ده‌قه‌كان ) زۆربه‌ی جار ناگه‌ن به كۆمه‌ڵگه و له‌نێو خۆیاندا ده‌ته‌قنه‌وه. چۆن؟ لێره‌دا پێویسته ئه‌مه شیبكه‌ینه‌وه كاتێك ده‌ڵێین داهێنان یان هاوه‌نی سه‌ربازگه‌كه ناگه‌نه كۆمه‌ڵگا و ئه‌ده‌ب نایه‌ته ناو ژیانه‌وه – شیكردنه‌وه‌شمان له واقیعه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت – زۆر به‌كورتی :
– كه‌میی خوێنه‌ر، هه‌ندێك جار به‌هۆی فرۆشی كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوه‌كان – نه‌ك كه‌میی به‌ڵكو له ئاستی نووسینه‌كاندا ( گه‌ر به‌پێی چه‌ندێتیشبێ) نه‌بوونی خوێنه‌ره، نه‌ك كه‌میی خوێنه‌ر.
– زۆری كتێب و نه‌خوێندنه‌وه، بایه‌خدانی زۆر به‌ته‌نها نووسه‌رانێك كه كراون به بت و مه‌رجیش نییه خوودی بت په‌رستان به‌شێكی زۆرییان له بته‌كان تێبگه‌ن – ئینجا پێویست به‌وه‌ش ناكات كاتێك باس له شێوه‌ی په‌یوه‌ندی بت په‌رست و بت بكه‌ین، به‌ته‌واوی ڕوونیبكه‌ینه‌وه كه چ كاره‌سات و ستایشگۆییه‌ك ده‌هێننه ناو ئه‌ده‌بیاته‌وه، ده‌شیبینین كه ئه‌مه هه‌یه و ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانیشی دیارن، جا به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت.
– به‌یه‌كه‌وه نه‌ڕۆیشتن و له‌ناویه‌كدا نه‌ژیانی ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵگا – ئه‌ده‌ب دیواری گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مه ( هه‌روه‌ك له‌باسی سه‌ربازگه وتمان) دیواری گه‌وره كه ناگاته كۆمه‌ڵگا، ناوه‌كانی وه‌ك نالی،مه‌حوی، پیره‌مێرد، شێرزداد حه‌سه‌ن، شێركۆبێكه‌س ته‌نها كراون به ناو بۆ شانازیكردن به‌وه‌ی ئێمه‌ش ئه‌ده‌بمان هه‌یه و هێشتا وه‌ك گوڵێك كه هه‌رچۆنیبێ له باخه‌كه سه‌ر ده‌ردینێ یان مۆلیده‌یه‌ك كه ناهێڵی به ئاسانی بخه‌ویت ناژین ئه‌مانه..ئه‌ده‌بیاتی سه‌ركاغه‌ز و دیار مۆمی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا په‌ره‌پێده‌ده‌ین..ئه‌م دیوار دروسكردنه وێڕای سیسته‌مه‌كه خۆی كه ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ری هه‌یه و پێداگرانه لێی ده‌دوێین – زۆرجار نووسه‌رانیش تۆخی ده‌كه‌نه‌وه..
له ساڵانی ڕابروو و تا ئێستاش له په‌نا وشه‌ی “جدی” و ” نوخبه” زۆر كاری ڕووكه‌شكراون و و نوخبه‌ش هیچ نه‌بووه جگه له دروسكردنی چوارچێوه له‌ناو چوارچێوه و فڕێدانی هونه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی ژیان – ئه‌مه لێدان نییه له كارێك كه كه‌مینه وه‌ریده‌گرێت، به‌ڵكو قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته‌ی هه‌میشه پێی وابووه به‌ر له‌وه‌ی كاره‌كه‌ی بگاته ده‌ره‌وه‌ی خۆی ناوی بنێت كاری نوخبه، وه پێی وابووه ئه‌و كارانه‌ی زۆر خه‌ڵك لێیان تێناگه‌ن ده‌بێ دووربخرێنه‌وه له خه‌ڵك و هیچ شتێكی نه‌بیننراو له‌به‌رچاو نه‌بێت و تێنه‌گه‌یشتراو دووربخرێته‌وه له‌وه‌ی كه تێینه‌گه‌یشتووه!
– ئه‌ده‌ب وه‌ك سه‌ربازگه، سه‌ربازگه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ژیان كه توانای ڕاچه‌نین و تاودانی تاكی نه‌ماوه، ته‌نها له ڕێگه‌ی ستایشبازانه‌وه وا نیشانده‌درێ ژیان ده‌كات و هه‌یه. ئه‌مڕۆ پێویسته ئه‌وه بپرسین ئه‌ده‌ب له كوێی ژیانی ئێمه‌یه؟ نه‌وه‌ك پرسیاری ” نووسه‌رانی ئێمه له ئاست نووسه‌رانی دنیادان؟” ئه‌م پرسیاره دوابخرێت باشتره، چونكه گه‌ر ئه‌ده‌بێك له‌نێو خۆیدا نه‌توانێت كارلێك بكات و بژیت چیده‌كات له‌ودیو سنووره‌كان؟ مۆلیده ژیان ده‌كات وه‌ك وتمان ده‌نگێكی گه‌وره په‌یدا ده‌كات – دره‌خت هه‌ر چۆنێ بێت سێبه‌رێك ده‌چێنێ، ئۆتۆمبێل ده‌ڕوات و ده‌ڕوات – به‌ڵام ئه‌ی ئه‌ده‌ب ؟ ئه‌ده‌ب چیده‌كات لێره‌دا و شوێن و ژیانی ئه‌ده‌ب چۆنه؟!
– سیستمی په‌روه‌رده نه‌ك خوێنه‌ر دروستناكات، به‌ڵكو مرۆڤانی دژه كتێبیش به‌رهه‌مدێنێ. له‌منداڵییه‌وه هه‌ر به‌زۆر فرمان ده‌كات ” به‌رگ له كتێبه‌كه بگرن و بیپارێزن ئه‌گینا سزاده‌درێن” له منداڵییه‌وه و یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كتێب ئاماژه‌یه بۆ سزایه‌ك كه خوودی منداڵه‌كه لێشی تێناگات بۆچی سزاده‌درێ و بۆچی به‌رگی بكات – ئه‌مه درێژده‌بێته‌وه بۆ ساڵانی دواتر و كتێبی وانه ده‌كرێت به پردی سیڕات بۆ خوێندكاره‌كان و یان ده‌یانفڕێنێ ( فڕین واته هێنانی نمره و چوونه به‌هه‌شت) یان هه‌ڵیان ده‌دێرێ ( هه‌ڵدێران واته نه‌هێنانی نمره و رۆیشتن بۆ دۆزه‌خ) رێك وه‌ك پردی سیرات كتێب ده‌بێته مه‌یدانی جه‌نگێكی گه‌وره و سه‌كۆی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ترسناك و به‌س! لێره‌دا تاكه‌كان له ناوه‌وه‌دا ده‌بن به دژه كتێب، نه‌ك دۆستی كتێب ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه فڕیون و چوونه‌ته به‌هه‌شتی نمره‌كان، هێشتا كتێب بۆیان جگه له ئامرازێكی ڕووت بۆ په‌ڕینه‌وه هیچی تر نییه. ئه‌مه له قۆناغی زانكۆیشدا زۆر زه‌قتر ده‌بینین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین كه چۆن كتێب ته‌نها بۆ ده‌رچوون له پردی سیڕات به‌كاردێت، هه‌روه‌ك نزای كاریگه‌ر! كتێب وه‌ك خۆی ده‌ركه‌وته ناكات ته‌نها ئامرازێكه – ئامرازێكی ترسناكیش.
به‌ڵێ هۆكار زۆرن و به‌ته‌نها هۆكارێك نییه بۆ كه‌وتنه په‌راوێزی ئه‌ده‌ب – یه‌كێك له هۆكاره‌كانیش كه گرنگه به‌جیا باسی بكه‌ین- پاڵپشتی داموده‌زگای حزبیی و لایه‌ندارییه بۆ نووسه‌رانێكی تایبه‌ت به‌خۆیان – ئه‌وانه‌ی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م هه‌موو ئافاتێكدا بێده‌نگن و ته‌نها ئه‌وه په‌سه‌ند ده‌كه‌ن كه حزب فه‌رمانییان پێده‌كات، هه‌ر ئه‌وانیشن به‌زۆری كه داموده‌زگای ئه‌ده‌بیی و رۆژنامه و گۆڤاره‌كان ده‌به‌ن به‌ڕێوه و ته‌نها كار له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگانه ده‌كه‌ن كه له ڕه‌نگی خۆیانن، جگه له‌مه‌ش ناوداربوونی هه‌ندێك له نووسه‌ران وایكردووه زۆربه‌ی رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كان ته‌نها به‌ده‌وری ئه‌واندا بخولێننه‌وه هیچكات ئه‌م بڵاوكراوانه خۆیان نه‌توانن ده‌نگی نوێ دروسبكه‌ن و ته‌نانه‌ت رێگایشی بۆ بكه‌نه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی رێگا هه‌میشه كراوه‌یه بۆ نووسه‌ره به چه‌قكراوه‌كان و به‌ناوكراوه‌كان – یان ناوداره‌كان.
واته كاتێك ئه‌ده‌ب ده‌كه‌وێته په‌راوێز دڵنیاین له‌وه‌ی بڵاوكراوه و چاپخانه‌كانیش له‌م په‌راوێزنشینیه ده‌ستییان هه‌یه – كه به‌رده‌وام ئه‌وه دووپات ده‌كه‌نه‌وه كه پێشووتر هه‌بووه و نایه‌ڵن یان نایانه‌وێ ئه‌ده‌ب بكه‌وێته بارێكی تر – كاتێكیش له‌م قه‌یرانانه تێناگه‌ن و نازانن ئه‌ده‌ب كه‌وتۆته كوێ و هه‌ر ئه‌وه ده‌زانن كتێب به ئاره‌زووی خۆیان له چاپ بده‌ن – دێن وه‌ك ده‌زگای ئاراس گاڵته به شیعر ده‌كه‌ن و پێیانوایه كه سه‌رده‌می شیعر كۆتایی هاتووه، بێ ئه‌وه‌ی بێن له‌م كۆتاییهاتنه بدوێن كه شیعر تێی كه‌وتووه..له‌بارێكدا ڕاسته كه نه‌ك شیعر وه‌ك ده‌ڵێم ته‌واوی ئه‌ده‌ب له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌یه – به‌ڵام بۆچی ده‌زگایه‌ك كه خۆی وه‌شێنه‌ری كتێب له قه‌ڵه‌م ده‌دات له‌م قه‌یران و كاڵبوونه‌وه‌ی شیعر تێناگات و دێت گاڵته به شیعر ده‌كات !
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ئه‌وه‌ی كه ئه‌ده‌ب ی گه‌یاندۆته دۆخێكی ئاوا و ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا هۆكاری تریشن كه ڕه‌نگه زۆر سه‌ره‌كی بن و زۆرجاریش ئه‌م هۆكارانه و خاڵانه مشتومڕی ته‌ریب به‌یه‌ك دێننه كایه‌وه – ئه‌وه‌تا لێی ده‌دوێم.
2. په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب و واقیع – كتێب و سیستم : هیچكات گفتوگۆی فراوان له باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و واقیع دروست له لای ئێمه دروست نه‌بوون، ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی هێناوه. دوو به‌ره دروستبوون و جیاكراونه‌ته‌وه، دانه‌یه‌ك كه پێی وایه ئه‌ده‌ب بۆ چاككردنی كۆمه‌ڵگا و واقیعه – به‌ره‌ی تریش پێی وایه ئه‌ده‌ب جوانی ده‌خوڵقێنێ و ئه‌ركێكی ئاوای نییه، ئه‌مه هه‌ر له‌مێژه و له‌مه‌ش زیاتر له‌ناو ئێمه‌دا نه‌ڕۆیشتۆته پێش، كاتێكیش ئه‌م باسه دێته‌كایه‌وه ڕاسته‌وخۆ كه باس له واقیع ده‌كه‌یت و له ئه‌ده‌ب و ژیانی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌یت له‌ناو كۆمه‌ڵگادا به مۆدێله كۆنه‌كه تاوانبارت ده‌كه‌ن كه گوایه سه‌ر به به‌ره‌ی كۆنیی و هێشتا له ئه‌ده‌ب به پێی میتۆدی ماركسیی و شتی ئاوا ده‌دوێی! زۆر سه‌یره! ئینجا هه‌ر دوو به‌ره‌كه‌ش به‌پێی جیاكردنه‌وه‌كه‌ش به‌ره‌و گه‌شه‌كردن نه‌ڕۆیشتوون.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ئه‌ده‌ب و واقیع یان كتێب و واقیع په‌یوه‌ندییه‌كه ژیانی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر وه‌ستاوه – وه‌ك چۆن هه‌ندێجار له‌باره‌ی شانۆ و كه‌می بینه‌ر یان شانۆ‌و گرفته‌كانی رای جیاواز هه‌یه، هه‌ندێك پێیان وایه بینه‌رمان نییه و هه‌ندێكیش پێیان وایه شانۆمان لاوازه..به‌ڵام شانۆ لاوازبوون و ئه‌ده‌ب لاوازبوون پاساونین – نه‌خێر ئه‌مه نییه به ته‌نها ، به‌ڵكو نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه له‌نێوان ئه‌ده‌ب و واقیع – كتێب و تاكه‌كان..سیسته‌می ئاماده و هه‌بوو به‌هه‌موو پێكهاته‌كه‌یه‌وه مرۆڤێك به‌رهه‌م دێنێت كه هیچ پێویستی به كتێب و ئه‌ده‌ب و شانۆ نه‌بێت – ئه‌وه‌ی له وه‌همیشدا نه‌ژی ئه‌مێستا ئه‌وه ده‌بینێت..ئه‌ده‌ب فڕێدراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ژیان نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی خوێندرابێته‌وه و ئینجا فڕێدرابێت، به‌ڵكو له بنه‌ره‌تدا بوونی بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاوا ئه‌وه‌نده پێویست نییه تا نه‌بوونی ببێته گرفت . ئه‌م داخرانه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه تاسه‌ر ئێسقان رۆشتووه و تاكه‌كانی به‌جۆرێك له‌یه‌كتری شاردوونه‌ته‌وه و له‌خۆیدا تواندوونیه‌ته‌وه – هیچ په‌یامێكی تر جگه له رۆیشتن له‌سه‌ر هێڵه‌كه وه‌رنه‌گرن – لێشمانه‌وه دیاره خوێندكارانی زانكۆ و زۆر مامۆستا‌و دكتۆریش چ مامه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و خواستراو له هیڵی باو له‌گه‌ڵ كتێبه‌كان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ش كه ده‌نووسن هه‌مان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كتێب و نووسین ده‌كه‌ن – لێره‌شدا خوودی نووسین خۆیی و په‌یوه‌ندیكرن به ئه‌ده‌به‌وه وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك یان یارییه‌كی رووتی لێدێت كه هه‌موو كه‌س بتوانێ بیكات و به‌بێ گرفتیش!
ئه‌مه‌ش ده‌گاته ئه‌و خاڵه‌ی كه كاری ئه‌ده‌ب و نووسین له كوردستان وای لێبێت – ته‌نها ببێ به ئامرازی كه‌مێك ناسین و هه‌وڵدان بۆ به‌ناوبانگبوون- ده‌بینین چی لێهاتووه..هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه نووسه‌ران كه‌مێك ناسراوترن له‌و خه‌ڵكانه‌ی كه نانووسن – ئه‌ویش كه‌مێك زۆر نا، ره‌نگه فیته‌ر هه‌بێت له سه‌دان نووسه‌ر به‌ناوبانگتربێت، حه‌قی خۆشییه‌تی، جا گه‌ر كاریگه‌ری هه‌ر ناو و ناسینێكبێ و ته‌واو – كه‌واته چی بوو؟ هیچ.
په‌یوه‌ندیی و باسی ئه‌ده‌ب به سیستمه‌وه ته‌نها په‌یوه‌ندی نه‌بوونی خوێنه‌ر نییه كه سیسته‌م دروستی ناكات و مرۆڤێك به‌رهه‌م دێنێ به وه‌ڵامی پێش خۆی رازییه‌و هاتۆته سه‌ر سفره‌ی وه‌ڵامه‌كان و تا ده‌مرێت لێی ده‌خوات..به‌ڵكو په‌یوه‌ندی زۆریشی هه‌یه به دروسكردنی بێ شوماری نووسه‌ر و شاعیر و –ئه‌وانه‌ی كه ده‌نووسن، دووباره كاتێ ئه‌م باسه‌ش ده‌كه‌یته‌وه، كه‌سانێك كه له واقیعی خۆیان باش تێنه‌گه‌یشتوون و هه‌میشه تیۆری ئه‌وانیتر ده‌خه‌ن پێش خۆیان و بۆ واقیعی خۆیان توانای وردبوونه‌وه‌یان نییه رێك وراست ده‌ڵێن مه‌رج نییه سیستم ببێته هۆكاری دروستبوونی ئه‌و په‌شێوییه‌ی نووسین و مه‌رج نییه بۆشایی گه‌وره له واقیعدا له نه‌بوونی كایه‌كانی تری ژیان خه‌ڵك ببا به‌ره‌و نووسین – به‌ڵام من ده‌ڵێم بۆ ئه‌و واقیعه‌ی ئێمه زۆر مه‌رجه – واقیعێك ته‌واو خاڵی له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی مرۆڤ به ژیانه‌وه گرێده‌ده‌ن ( ده‌ڵێم له هه‌موو ئه‌و شتانه و باش ئاگادارم) تاكه‌كان له‌یه‌كتری جیاده‌كاته‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ویتر ده‌شارێته‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كان داده‌خات و مرۆڤه‌كان ته‌نها به په‌یوه‌ندییه‌كی باریكی رووكه‌ش به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه – گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌ش قوڵبێت ده‌بێ ئه‌م قوڵاییه چوونه‌وه‌بێت به‌ره‌و ناخی مۆدێل و ده‌ستووره باوه‌كان له پێكهاته‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌دا..ئه‌م پرۆسه‌ی له‌یه‌ك دابڕینه كه سیستم ده‌یكات – بۆ نموونه له‌خێزاندا جیاكردنه‌وه‌ی باوك له منداڵه‌كان له‌رووی پێگه‌وه ( زاڵكردنی به‌رده‌میی باوك – زۆر نارۆینه ناو ئه‌م هێڵكارییه هه‌ره‌مییه) هه‌روه‌ها په‌راوێزخستنی كچه‌كان ( خوشكه‌كان) – كه بۆخۆی ئه‌مه له‌یه‌كدابرینه دواتر له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگادا ره‌نگ ده‌داته‌وه و دابڕینه‌كه كۆمه‌ڵگا داده‌پۆشێت بۆشاییه‌كی گه‌وره و بێ بڕانه‌وه دروستده‌كات..له ماڵێكه‌وه بۆشایی دێت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا راپێچده‌كات – ئا ئه‌مه‌یه كاریگه‌ری سیستمی ئاماده كه هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كاته رووكه‌شیی و واقیع ته‌نها ده‌كاته بۆشاییه‌ك بۆ ئه‌و بێتاقه‌تیی وبێزارییه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌وترێت نه‌وه‌ی نوێ تێیكه‌وتووه.. كه‌واته من باسی چیده‌كه‌م ، باسی ئه‌وه ده‌كه‌م ئه‌م داخرانه گه‌وره‌یه كاریگه‌ری هه‌یه بۆ چوونی زۆر كه‌س به‌ره‌و نووسین ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ناچار ناچار له رێگای دوا چه‌كه‌وه كه نووسینه دیوارێك ببرێت یان له‌نێو دیواره‌كاندا بمێنێته‌وه و هه‌ست بكات كه هه‌یه، ئه‌م “هه‌ست بكات كه هه‌یه له رێی نووسینه‌وه” پێویستی به توێژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته، تایبه‌ت بۆ زۆربوونی نووسین و نه‌بوونی نووسینی جوان و وردیش – یان كه‌می نووسینی جوان و ورد.
كه‌واته من پێموایه له‌مڕۆدا توێژینه‌وه گرنگه‌كان بۆ ئێمه ئه‌وانه‌ن زیاتر كه په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب به كۆمه‌ڵگاوه باس ده‌كه‌ن و لێی ورد ده‌بنه‌وه، چونكه ئه‌ده‌ب چۆته ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و له‌ناویدا نه‌ماوه تا باس له‌وه بكه‌ین چ ئه‌رك و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و ده‌بێ هه‌یبێت.بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر بتوانێت نوێنێك بۆخۆی یان پیڵاوێكی بۆخۆی هه‌بێت، كه ئه‌مرۆ به‌داخه‌وه نییه‌تی – ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها دیكۆرێكه یان خۆ خه‌ڵه‌ته‌ناندنه به كه‌وتنه ته‌ونی وه‌همه‌وه.
له كۆتاییدا ئه‌وه ده‌ڵێم ودووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه.. ڕای خۆشمه كه له ئیستادا به‌هۆی هه‌موو ئه‌م هۆكار و گرفتانه‌وه نووسه‌ر و رۆژنامه و كتێب و گۆڤار كاریگه‌رییان نییه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی و ئه‌ده‌ب له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا ده‌ژی، شاعیران و نووسه‌ران وه‌ك ئه‌وه وایه له سه‌ربازگه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی شار – كۆمه‌ڵگا بژین و داهێنانه‌كانییان وه‌ك هاوه‌نێك بگرنه كۆمه‌ڵگه – زۆربه‌ی جاریش ئه‌م هاوه‌ن – داهێنانانه ناگه‌نه كۆمه‌ڵگه و هه‌ندێكیان نا زۆربه‌یان له‌نێو خۆیاندا ده‌ته‌قنه‌وه، له وه‌همێكی گه‌وره‌دا ده‌ژین گه‌ر ئه‌ده‌ب و نووسین وه‌ك ئه‌و سه‌ربازگه‌یه و خراپتریش نه‌بینین.