ئه‌وه‌ی له‌کوردستان پێیده‌وترێت دیموکراتی و بازاڕی ئازاد
ئه‌وه‌ی له‌کوردستان پێیده‌وترێت دیموکراتی و بازاڕی ئازاد،
بریتییه له پاوه‌نخوازی ئابوری و سیاسی له لایه‌ن حزب و ده‌سه‌ڵاته‌وه…
ئه‌وه بۆدوو ده‌یه ده‌بێت،که له کوردستان ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی ــ خۆماڵی فه‌رمانڕه‌وایه . وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به درێژایی ئه‌م ماوه دوور‌و درێژه له لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری یه‌کیه‌تی و پارتییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت . هه‌ریه‌ک له‌م دوو لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتیان هه‌تا ئه‌و جێیه بڕده‌کات کاتێک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وی تریان ده‌ست پێ‌بکات . ئه‌وه‌ی که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چۆن گه‌یشتۆته ئه‌م ئا‌قاره‌ی ئێستای له باری توانا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ـ ئابورییه‌وه، شتێک نییه جگه له دابه‌شکردنێکی ساده‌ی ماتماتیکی سامان و سه‌روه‌ری و ناوچه‌ی نفوزی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان له نێوان خۆیاندا. ئه‌م دوو حزبه ئه‌م مۆدێله دوو ئیداره‌ییه له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رزه‌مین و سامانیان ناوناوه سیسته‌می دیموکراتی هه‌رێمی کوردستان . کاتێکیش گله‌یی و گازه‌نده و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر ڕوو له هه‌ڵکشانه و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ئارام بکه‌نه‌وه ، سه‌رانی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێن هیچ ته‌جروبه‌یه‌ک بێکه‌م و کوڕیی نییه و ئێمه هه‌موومان وه‌ک برا واین و ده‌بێ ئێوه هاوکارمان بن بۆ ده‌ست نیشانکردنی که‌موکوڕییه‌کان . هه‌ندێک جاریش ئه‌م قۆرخکردن وپاوانخوازی ئابوری و سیاسییه ناوده‌به‌ن به گه‌نده‌ڵی . به‌وه‌ی گوایه ره‌خنه‌یان له خۆیان گرتوه‌و ، دانیان به‌وه‌دا ناوه که گه‌نده‌ڵی هه‌یه ده‌یانه‌وێت خۆڵ بکه‌نه چاوی خه‌ڵک و له هه‌موو باس و بۆنه‌یه‌کدا ده‌ڵێن ده‌با یاسا سه‌روه‌ری هه‌موو لایه‌ک بێت . ئه‌وه‌ی کام یاسایان مه‌به‌سته و کام گه‌نده‌ڵکار ــ نه‌ک خۆیانی ــ پێ ده‌ده‌نه دادگا بۆ خۆی مه‌سه‌له‌یه‌که‌و زۆر هه‌ڵده‌گرێت .
یه‌که‌م :سه‌رنجێکی گشتی له‌سه‌ر لایه‌نی ئابوری
گه‌نده‌ڵی چییه و له لای ئێمه چۆنه؟
گه‌نده‌ڵی خراپ به‌کارهێنانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتییه له لایه‌ن که‌سێک یان چه‌ند که‌سانێکه‌وه . هه‌روه‌ها ده‌کرێت بوترێت که گه‌نده‌ڵی به‌کارهێنانی پله‌وپایه‌ی ئیدارییه وگشتییه بۆ خزمه‌ت و سودی تاکه‌که‌س . با بزانین ئه‌وه‌ی له کوردستان پێی ده‌وترێت گه‌نده‌ڵی ئه‌توانرێت بکرێته خانه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه یان نا ؟
با لێره‌دا سه‌رنجێکی کورت و سه‌رپێیی له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ین که ده‌سه‌ڵات ناوی لێناوه گه‌نده‌ڵی . به پێی وته‌کانی هه‌ندێک له سه‌رکرده‌کانی ده‌سه‌ڵات و به شایه‌تی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی . له کوردستان نه‌ک هه‌رگه‌نده‌ڵی، به‌ڵکو به تاڵانبردن و فه‌رهودکردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتێک له ئارادایه. به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه که به‌شێکی گه‌وره له پاره‌و داهاتی زۆر‌و زه‌به‌ندی خه‌ڵکی کوردستان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و قه‌به‌بونی سه‌رمایه‌ی شه‌خسی باڵاده‌سته‌کان و حزبه‌که‌یان سه‌رف ده‌کرێت . له‌م بواره‌دا هه‌م خه‌ڵک ئاگاداره‌و هه‌م ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێت ئینکاری ئه‌وه بکات که حزب و سه‌رکرده‌کانی مشه‌خۆری گه‌روودرێژو تێرنه‌خواردوی سه‌ربودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستانن . دیاره بێ سێ و دوو به‌شێکی باش و به‌دڵی خۆیان له‌بودجه‌ی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ حزبه‌کانیان سه‌رف ده‌که‌ن .
دیسانه‌وه ئه‌وه قه‌ت ناکرێت له خانه‌ی گه‌نده‌ڵی دابێت و به‌س ، کاتێک که حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان به به‌رنامه و پلان ،داهات و سه‌روه‌ت و سامانی گشتی خه‌ڵکی وڵاتێک هه‌ڵلوشێت و ژێر به ژێری بکات . ئه‌وان پڕۆژه و په‌یمانی ستراتیژی هاوبه‌شیان هه‌یه بۆ دابه‌شکردنی سامان و سیاسه‌تی ووڵات له به‌ینی خۆیاندا . لێره‌دا چه‌ندین پرسیار دێته ئاراوه که به‌رده‌وام وێردی سه‌ر زمانی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه . ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ،کام له شاره‌وانی و پارێزگاکانی شاره‌کانی کوردستان ماوه که بست به بستی زه‌وی و زار‌و ده‌شت و دۆڵی تاپۆ نه‌کرابێت به ناوی وه‌همی و شه‌خسی و کۆمپانیا جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م دوو حزبه‌دا ؟ کامه کارگه‌ی کۆن و تازه ،له کوردستان ماوه که ده‌وڵه‌ت ،حکومه‌ت یان شاره‌وانی شاره‌کان خاوه‌نی بێت ؟ تا ئێستا کامه داتا‌و ئامارێکیان خستۆته به‌رده‌ستی ڕای گشتی و ده‌زگای په‌یوه‌ندیدار له باره‌ی چۆنیه‌تی سه‌رفکردنی بودجه‌ی گشتی و ئاودیوکردنی ڕۆژانه‌ی نه‌وت و به‌رهه‌می تر ؟ له ماتماتیکدا ووریان و ژمێریارێکی باشن ،که‌چی ناهێڵن هیچ زانیاریه‌کی وه‌ک ڕه‌قه‌م و داتا له‌مه‌ڕ بودجه‌و داهاتی خۆیان و حزب و ئیداره‌که‌یان دزه‌بکات . له‌وانه‌یه مه‌به‌ستیان ئه‌وه بێت که ئه‌وه شتی شه‌خسیه‌و نابێت که‌س بیزانێت .
جۆری پێشکه‌وتنی ئابوری له کوردستان
که‌م وه‌خت هه‌یه و له هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا ده‌سه‌ڵاتداران باس له پێشکه‌وتنی کوردستان نه‌که‌ن . ئه‌وه‌ی ئێستا له کوردستان ئه‌گوزه‌رێت گه‌شه‌و نه‌شونمای ئابورییه، نه‌ک پێشکه‌وتنی ئابوری ــ ئه‌ویش له هه‌ندێک به‌ش و ده‌سکه‌وته‌که‌شی بۆ چه‌ند لایه‌ن و که‌سانێکه ــ ئه‌م گه‌شه ئابورییه‌ش به پێی سسته‌م و قانونمه‌ندییه‌که‌ی ــ که ده‌ستی ماندوو له‌سه‌ر سکی برسییه ــ له‌لایه‌ک ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و له لایه‌کی تریشه‌وه نوزه‌و وزه‌ی ژیان له هه‌ندێکی تر ده‌بڕێت. ئه‌ویش له‌و که‌سانه‌ی که له چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خواره‌وه‌ن و له هه‌موو که‌س ماندوترن و ئیشکه‌رترن . ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانێکی له مێژینه‌ی ئابورییه که زۆربه‌ی وڵاتانی تێوه‌گلاوه و له‌وانه‌ش کوردستان . ئه‌م سیسته‌مه سیاسیه‌ی کوردستانیش له ناوه‌ڕۆکدا له‌سه‌ر ئه‌م بێڕه‌حمی و ناعه‌داله‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تیه دامه‌زراوه .
ئه‌م به ناو پێشکه‌وتنی ئابوریه‌ش له کاتێکدایه که هه‌موو جموجوڵه مام ناوه‌ندی و گه‌وره‌کانی ئابوری و مالی، له لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌و پاوه‌نکراوی خۆیانه . کامه‌یه پێشکه‌وتن له کاتێکدا ڕۆژ به ڕۆژ سه‌رمایه‌ی نوستوو وه به‌کاربه‌ری حزب ئه‌ستورتر ده‌بێت . وه له هه‌مان کاتدا باڵه‌خانه‌کانی حزب به ژماره زۆرتر‌و بڵندتر ده‌بن . به‌ڵام له‌ولاشه‌وه به شایه‌تی ته‌له‌فزیۆنه‌کانی خۆیان خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه‌کانی شار و شارۆچکه‌کان که‌م ده‌رامه‌تتر ده‌بن و ناتوانن خه‌رجی و بژێوی ماڵ و مناڵیان دابین بکه‌ن . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بێ په‌رده ته‌له‌فزیۆنه حزبییه‌کان داوای سواڵ و سه‌ده‌قه بۆ ئه‌و خێزانانه ده‌که‌ن . ئێوه ده‌تانه‌وێت ڕووی سه‌رکه‌ش وکه‌سایه‌تی ئه‌و خێزان و منداڵانه تێک بشکێنن . ئه‌گینا ئه‌و خێزانانه پێویستیان به خێرنییه، به‌ڵکو ئه‌وان به‌شیان له داهاتی کوردستاندا هه‌یه و هیچ منه‌تی تیانییه وه‌ک هاوڵاتییه‌ک پێداویستیه‌کانیان به ته‌واوی دابین بکرێت . چۆن له ڕووتان دێت باسی پێشکه‌وتن بکه‌ن له کاتێکدا له‌و وڵاته‌دا خه‌ڵکێکی به‌رچاو له برسا منداڵه‌کانیان نانێرنه به‌ر‌خوێندن وه هه‌روه‌ها پاره‌ی سه‌ردانی دکتۆر و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیان نییه ؟
به‌م پێیه‌گه‌ر له ئێستادا له ناوه‌ڕۆک و جۆری په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له کوردستاندا بڕوانین . ئه‌وا به ئاسانی ئه‌وه به‌ده‌رئه‌که‌وێت که تا دێت قه‌ڵه‌شت و جیاوازی له‌به‌ینی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک زیاتر و زیاتر ده‌بێت . هه‌رچی زۆرتر کات ده‌گوزه‌رێت هه‌رچی زیاتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نامۆده‌بێت به خه‌ڵک و داخوازیه‌کانی . به پێی لۆژیک و سیسته‌مێک که ده‌سه‌ڵات به خواست و ئاره‌زووی خۆی پیاده‌و په‌یڕه‌وی لێده‌کات. ئه‌وا ده‌سه‌ڵات نه‌ک هه‌رناتوانێت لێی ده‌ربازبێت ، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵات مۆته‌که‌و ئامرازی قوڵکردنه‌وه‌و پانتاکردنی ئه‌و قه‌ڵه‌شته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه. نمونه‌ی ساده‌وساکار زۆرن و به‌زه‌قی ده‌بینرێن . هه‌رکه‌سێک بڕێک به ویژدانه‌وه سه‌یری ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی بکات ، ئه‌وا هه‌ر له‌یه‌که‌م هه‌نگاودا له‌وه تێده‌گات که چۆن و به چی جۆرێک زوڵم و زۆر‌و ناعه‌داله‌تی ده‌رهه‌ق به خه‌ڵکی ده‌کرێت له هه‌موو بواره‌کاندا، جا ئه‌و بوارانه به‌ڕێوه‌بردن وئیداره‌کان بێت ، له ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی و دادگاکاندا بێت ، یان بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ربوارێکی تری گرنگی ژیانی کۆمه‌ڵگا بێت به تایبه‌ت بواری ئابوری .
هه‌ر له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی که ده‌سه‌ڵات پشکی شێری تێیدا هه‌یه. پاره و بودجه‌ی زۆروزه‌به‌ندی میلله‌ت له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه ده‌کرێته قاسه‌ی حزب و ده‌سه‌ڵاتی کوردییه‌وه . ئه‌مه به جیاله‌وه‌ی باجوخه‌راج و سامانێکی ئابوری وماڵی زۆر و زه‌وه‌ند له‌سه‌ر زه‌مینی کوردستان و له هه‌موو به‌شه‌کان وه‌رده‌گرن و ژێربه‌ژێری ده‌که‌ن . وه به جیا له هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌م دوو حزبه جمکانه کوردییه هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نی کۆمپانیای گه‌وره‌و زه‌به‌لاحی ئابوریین له کوردستان و عێراقدا. که‌واته ئێستا که‌سانێک له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاتن که بازاڕیان داگیرکردوه ،وه هه‌روه‌ها نان و موچه‌ی خه‌ڵکیان به‌ده‌سته. ئێستا له باتی شه‌ڕ به ئاشتی هه‌موو ئیداره‌و سامانه‌که‌ی کوردستان له‌به‌ینی خۆیاندا به‌شده‌که‌ن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان پشتاوپشت نه‌وه‌کانیان بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی ماوه‌درێژیی بنه‌ماڵه‌یی و سه‌ڵته‌نه‌تی په‌روه‌رده‌بکه‌ن .
دووه‌م : بواری سیاسی
ئازادی ڕاده‌ربڕین تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک پێویستییه‌کی بابه‌تیانه له‌مڕۆی کوردستاندا بوونی هه‌یه . ده‌سه‌ڵات نه‌ک ئامرازی به‌دیهاتن و پارێزگاری له‌و که‌شه ئازاده نییه. به‌ڵکو گه‌ر بۆی بلوێت ، ئامرازی سنوردارکردن و قه‌تیس کردنیه‌تی له گه‌روودا . گه‌ر له‌کوردستان ئازادی ڕاده‌ربڕین تا ڕاده‌یه‌ک ده‌سته‌به‌ربێت ، به‌ڵام ئازادی بیروباوه‌ڕی سیاسی هه‌رده‌م له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه و ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له مه‌نگه‌نه‌ی بدات و نوزه‌بڕی بکات . هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ئاشکراو ته‌ریککردن ، ترساندن ، تۆقاندن ، به‌ندکردن و ته‌نانه‌ت تا ڕاده‌ی کوشتن له‌سه‌ر ڕاوبۆچونی سیاسی ، گه‌واهی ئه‌وه ئه‌ده‌ن که ئه‌م دوو حزبه له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیان چی ده‌که‌ن . حزبه‌کان هه‌رده‌م ده‌ڵێن ئێمه به کوده‌تا نه‌هاتوینه سه‌ر حوکم به‌ڵکو به هه‌ڵبژاردن هاتوین . کامه هه‌ڵبژاردن ؟ ئه‌مڕۆ له ژێر ڕکێفی دیکتاتۆره‌کانیشدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت . ئایا ئێوه ئه‌توانن و له خۆتان ڕائه‌بینن که بێنه ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکه‌وه که ساخته‌کاری ، چاوترساندن ، لێپرسینه‌وه‌و سانسۆر ، هه‌ڕه‌شه ، تۆقاندن ، فریودانی به پله وپایه ، نانبڕینی تیانه‌بێت ؟ مه‌حاڵه‌و له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بینیومانه که ئه‌م دوو حزبه به پاس و سیاره‌ی گه‌وره خه‌ڵکی هه‌ڵده‌ڕێژنه به‌رده‌م وێستگه‌کانی ده‌نگدان ، ئه‌ویش بۆ زامن کردنی ده‌وره‌یه‌کی نوێی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان . له کاتی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکیشدا ئه‌و دوو حزبه که لافی ئازادی بیروڕاو و دیموکراتی له کوردستاندا لێده‌ده‌ن ، ویستویانه‌و سۆراخی هه‌موو که‌سێکیان کردوه بۆ ئه‌وه‌ی بزانن په‌نجه‌ی بۆ کێ شین کردوه. ئه‌مه‌یه دیموکراتی و ئازادی له لای یه‌کیه‌تی و پارتی . له‌م که‌ین و به‌ینه‌شدا ئینسان ده‌بێ له‌وه تێبگات که مه‌حاڵه له ژێر ڕکێفی ئه‌ماندا هه‌ڵبژاردن و ته‌زویر لێک جیابکرێته‌وه.
هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 به ڕوکه‌ش بۆ ئه‌وه بووه که کوردستان ببێته خاوه‌نی په‌رله‌مان . به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژاردنه له لایه‌که‌وه ده‌ستکۆتاکردن و گۆشه‌گیرکردنی حزبه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو حزبه بوو له مالیات و ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا و مانه‌وه له سه‌ر لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات به ته‌نها بۆ خۆیان . وه له لایه‌کی تره‌وه به به‌رپاکردنی شه‌ڕی گه‌رم و ساردی ناوخۆ، نیشانیاندا که هیچکامیان به ته‌نها ناتوانن له ده‌سه‌ڵاتدا بن و ئه‌وی تریان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات . به‌ڵکو دابه‌شکردنی وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن فیفتی به فیفتی. به‌م پێیه‌ش ئه‌وان بڕیاری پێشوه‌ختیان داوه که ده‌بێت هه‌میشه براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بن ، هه‌ربۆیه بۆ قۆرخکردن و زامنکردنی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان به یه‌ک لیست له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا دائه‌به‌زن و هه‌ڵبژاردنیشیان ته‌نها بۆ شه‌رعییه‌تدانه به خۆیان .
میکانیزمی بوونی ئه‌م دووحزبه له ناو ــ یه‌ک ده‌سه‌ڵاتداــ ، خۆی له خۆیدا نه‌فی دیکتاتوریه‌تێکی ڕه‌ها و تاک جه‌مسه‌ره . هه‌ر بۆیه به ناچاری ده‌بێت ڕێگا به بوونی لایه‌ن و حزبی تر بده‌ن . به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌رده‌م خۆیان حزبی سه‌رکرده ــ حزب القائد ــ براگه‌وره‌و ده‌ره‌جه یه‌ک بن ، حزبه‌کانی تریش هاوپه‌یمان . یان ئه‌گه‌ر نه‌کرا ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وانی تر ئۆپۆزیسیۆنێکی گوێ له‌مست ، ده‌سته‌مۆ ، شه‌رمن و ده‌ره‌جه دوو بن . ئه‌وه‌ی پێی ئه‌ڵێن ته‌جروبه‌ی کوردستان ، خۆیان له پێش هه‌موو که‌سێکه‌وه گاڵته‌یان پێی دێت . چونکه ئه‌وان ئاماده‌ن هه‌موو کات ئه‌م وه‌زعه له‌باربه‌رن و نابودی بکه‌ن ئه‌گه‌ر حزبه‌که‌ی خۆیان باڵاده‌ست نه‌بێت ، شایه‌تیش بۆ ئه‌وه جۆری ئیداره‌ی ئێستایان و هه‌روه‌ها مێژووی سیاسی و ململانێی نێوانیانه جا له شاخ بێ یان له شار .
ئه‌وه‌ی له مێژه‌وه له کوردستان وه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو پێشکه‌وتنی به‌خۆوه بینیبێت کاری حزبی و زیادکردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی یه‌کیه‌تی و پارتییه . ئه‌وه‌ی که چۆن ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م دوو حزبه به‌ره‌و هه‌ڵکشان چووه. هه‌موو که‌س ده‌زانێت که بوونی ئه‌م ژماره زۆره له‌سه‌ر خواستی تاک تاکی که‌سه‌کان نییه، به‌ڵکو به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و خه‌ڵکانه به‌ناچاری و زۆریی و له‌به‌ر بژێوی ژیانیان به حزبی کراون . له دونیای ئه‌مڕۆدا و له‌هه‌ر ولاتێکدا گه‌ر حزبێک شانازی به‌وه‌وه بکات که زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵگای به حزبی کردوه . ئه‌وه به دڵنییایه‌وه ، جگه له حوکمی دیکتاتۆریه‌ت و ترس و تۆقاندن شتێکی تر نییه .
هونه‌ری سیاسی و پێکهاته‌ی تاکتیک و ستراتیژی ئه‌و دوو حزبه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی له‌و بازنه ده‌رنه‌چێ که ئه‌و بۆی به‌رقه‌رارکردون . ئه‌وان ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێت ده‌یانه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حزبه‌که‌یان سنورێک بۆ ئازادی خه‌ڵکی قایل نه‌بن . بونی موچه‌خۆری زۆر‌و جۆراوجۆر له کوردستاندا سیاسه‌تی رۆژه‌و حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات به ئاگاهییه‌وه په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن بۆ گه‌مارۆدانی جه‌ماوه‌ر. بۆ ئه‌وه‌ی کۆنترۆڵی جه‌ماوه‌ری کوردستان بکه‌ن ، ئێستا و له‌هه‌مووکات زیاتر ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی کوردستانیان به زۆر‌و به ته‌ڵه‌دانان کردوه به ئه‌ندام و لایه‌نگری حزبه‌کانیان . ئه‌و حزبانه هه‌رده‌م ده‌یانه‌وێت که نان و موچه‌ی خه‌ڵکی به‌ده‌ستی ئه‌وان بێت ، چونکه ئه‌وکات به ئاسانی ئه‌توانن جه‌ماوه‌ر ده‌سته‌مۆو ڕام بکه‌ن .
ده‌مێکه حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان کوردستانیان کردۆته بازاڕێکی ئازاد بۆ ساغکردنه‌وه‌ی کاڵا ئابوریه‌کان و قسه و وه‌عده سیاسیه‌کانی خۆیان . ئێستا کاتی ئه‌وه به‌سه‌رچووه که خۆڵ بکه‌یته چاوی خه‌ڵکه‌وه ، چونکه ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی له ڕۆژانی پێشتر هۆشیارتره و فریودانیش تا ماوه‌یه‌ک بڕده‌کات . به‌م جۆره خه‌ڵکی کوردستان باش ده‌زانن که ئه‌م دوو حزبه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌ک هه‌ر مه‌به‌ستیان نییه ، به‌ڵکو ناشیانه‌وێت کوردستان له گه‌نده‌ڵی و تاڵان ڕزگاری بێت . چونکه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ژێر ڕکێفی ئه‌م دوو حزبه‌دا سه‌لماندویه‌تی که خۆی داهێنه‌ر و به‌شی سه‌ره‌کی گرفته‌که‌یه‌و به درێژایی ئه‌و ماوه‌ش هه‌رده‌م بزوێنه‌ر و داینه‌مۆی تاڵان و فه‌رهود وگه‌نده‌ڵی بووه . ئیتر چۆن ده‌کرێت داوای چاره‌سه‌ر له وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک بکه‌یت. ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌ر چاره‌سه‌رکردنێکی بنه‌ڕه‌تی وه‌زعه‌که به مانای نه‌مان و سڕینه‌وه‌ی بنه‌ما و ئاکاری خۆی بێت .
زۆڵم و زۆرداری و نه‌بونی ئازادی بۆ تاکه‌کان و چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ، شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه . هه‌ر به پێیه‌ش به‌رکه‌وتو په‌رچه‌کرداری جیاوازی ده‌بێت . ئه‌وه‌شی بۆ هه‌مویان هاوبه‌شه زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یه . هه‌ر ئه‌مه‌ش بناغه‌و بنکه‌ی خرۆشان وگردبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره دژ به زوڵم و زۆرداری . خه‌ڵکیش له خۆشیا نایه‌ته سه‌ر جاده به‌ڵکو که هات مافی خۆی ده‌وێت و ئه‌وه‌ش به‌سه‌رچووه که به‌عس ئاسا به خه‌ڵکی بڵێیت ــ ئاژاوه‌گێڕــ .
به‌ڵگه‌نه‌ویسته که ڕه‌وتی ژیانیش هه‌میشه ڕوو له‌سه‌ره .گه‌شه‌ی ئابوریش بۆ هه‌ر وڵاتێک پێویستیه‌کی بنچینه‌ییه‌و پرشنگداره و یه‌کێکیشه له کۆڵه‌که‌کانی زیندومانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشگوزه‌رانی گشتیی زامن و نیشانه‌ی پێشکه‌وتنی هه‌ر ووڵاتێکه ، به‌و مه‌رجه‌ی که ده‌بێت لانی که‌می ژیانی هه‌موو هاوڵاتیه‌ک دابین بکرێت و ئازادیه‌کانیشی به ڕێزه‌وه نه‌ک وه‌ک منه‌ت پارێزراوبێت .
نوسینی مقداد هادی
مانگی 2 ساڵی 2011