Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئۆباما لە نێوان سەركەوتنو هەرەسدا…!…..موزەفەر عەبدوڵا

ئۆباما لە نێوان سەركەوتنو هەرەسدا…!…..موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by February 1, 2009 گشتی

 ئۆباما لە نێوان سەركەوتنو هەرەسدا…!
 موزەفەر عەبدوڵا

 Mozafar_as@yahoo.com

 لە هەڵبژاردنی ڕۆژی 4-11-2008 ی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئۆباما، نوێنەری حزبی دیموكراتی ئەمریكا، پاش چەند مانگ لە كێبركی، سەرەتا لەگەڵ هیلاری كلنتۆنی هاوحزبی و پاشان لەبەرانبەر جۆن مەكینی نوێنەری حزبی جمهوری، سەركەوتنی بەدەست هێنا. پاش  دوو مانگ و چەند ڕۆژیش بە فەرمی ڕۆژی 20-1-2009 بو بە 44 مین و یەكەمین سەرۆكی رەش پێست لە میژووی   سیاسی ئەمریكادا .دیارە ئەمە ڕوداوێكی سەرسوڕهێنەر بوو نەك بۆ خەڵكی ئەمریكا خۆی بەڵكو بۆ هەمو خەڵكی جهان.بێگومان ئەمەش  وەك پێویستی یەكی بۆرژوازی و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریكا كە بە درێژایی مێژوو بەهۆی پەیرەو كردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیان ڕێگایان نەداوە كە ڕەش پێستەكان بگاتە ئەم پلەیە لە دەسەڵات.بەڵام هێنانە پێشەوەی ئۆباما لەم هەلومەرجی جۆرەها قەیرانەدا ماناو مەغزای جۆراوجۆری خۆی هەیە.
 هەڵبەت ئەوە بۆ هەموو لایەك ڕۆشنە كە ئۆباما لە هەر 3 قۆناغی كەمپیەنی تەبلیغاتی خۆی ،وەك ئاماژەمان پی دا ،چ لە بەرانبەر هیلاری و چ لە بەرانبەر مەكەین و چ لە مەراسیم و ووتاری سوێندخواردنی لەسەر یەك هێڵی سیاسی  كۆمەڵێ وەعدە وەعیدی بە دانیشتوانی ئەمریكا و هەموو خەڵكی جهان داوە. ئەمەش دیارە بەهۆی ڕۆڵی زلهێزی ئەمریكا لە ماوەی چەند دەیەیەی ڕابردوو بە تایبەتی دوو دەیەیەی  دوایی سەدەیی بیست.
 بەهەرحاڵ ئۆباما بە ڕواڵەت وا دیارە سەركەوتنەكەی لە ئاكامی دەنگ دانی خەڵكی ئەمریكاوە بێت بەوەی پاڵەوانی گۆڕانكاری و مژدە بەخشی ئازادی یە.بەڵام لە ڕاستی دا دەنگ دانی خەڵك بە ئۆباما نەك لەبەر ئەوەیە ئەو نوێنەری راستەقینەی خەڵكی یە، نەخێر .بەڵكو ئەم دەنگ دانە ئاكامی دژایەتی خەڵكی ئەمریكایە لەبەرانبەر باڵی نیولیبرالی و ئەوپەڕی ڕاستی بۆش و جۆن مەكینی  حزبی جمهوری.بۆیە  ئێستا كەشتی یەكەی ئۆباما لەنگەری لە كەنار دەریایەكی پڕ شەپۆڵ و گێژەنگ گرتووەو ئەم سەركەوتنەی لەسەر ترۆپكی هەرەسێكی گەورەی گەورە هێزی ئەمریكا  بەدەست هێناوە.
 چاوپیاخشانێك بە بارودۆخو جێگەو ڕێگەی  سیاسی و ئابوری  ئەمڕۆی ئەم ووڵاتە زلهێزە لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەدا زۆر بە كورتی ئەوەمان بۆ دەردەخات كە چۆن وەعدەو وەعید و پڕوپاگەندەكانی ئۆباما بە گۆڕان و شەفافیەت و سەراحەت و ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵكی ئەمریكا و جهان  پاش ماوەیەكی تر دەبێتە بڵقی سەر ئاوو و بەبادا دەچن.
 هەڵبەت خودی ئۆباماو سەرجەم دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریكا بە هەردوو حزبی جمهوری و دیموكراتەوە پێش هەر كەسیك ئەوان باشتر لە هەموو خەڵكی جهان دەزانن كە ئۆباما ئەمڕۆ ئەم سەركەوتنەی لەبەرانبەر چ هەرەسەێكدا بەدەست  هێناوە.
 با لێرەدا زۆر بە كورتی ئاماژە بە چەند تەوەرەو لایەنێكی ئەم هەرەسە بكەین.
 یەكەم:لەسەر ئاستی ناوەوە ئۆباما ئەمڕۆ سەرۆكی وڵاتێكە كە سیستەمە ئابوری یەكەی لە جهاندا بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی  لە قوڵترنی قەیراندا پەل دەكوتێ.قەیرانێك كە سیستەمی ئابوری سەرمایەداری لە ساڵی 1907 دا جارێك توشی هات ئەو كاتەی ترومەنی حزبی دیموكرات سەرۆكی ئەمریكا بوو .وە ئاكامی ئەو قەیرانەش هەڵگرسانی جەنگی جهانی یەكەم بوو. پاشان لە ساڵی 1930  بەهەمان شێوە كیندی حزبی دیموكراتەكان بوو  كە ئاكامی ئەو قەیرانەش جەنگی جهانی دووەمی بەدوادا هات. قەیرانی ئابوری ئیستای سەرمایەش كە لە ئەمریكادا قوڵ بۆتەوە لە هەموو ئاستەكاندا ئاكامی مەینەتباری بەدوادا هاتووە، ئیتر هەر لە بێكاری كە  ئێستا گەیشتۆتە %16 و هەروەەها عجز لە میزانیەدا كە دەگاتە 2 تریلیۆن دۆلار، لە كاتێكدا  لە ساڵی 1992 لەسەردەمی كیلنتۆندا نەك میزانەیەی ئەمریكا عجزی نەبوو بەڵكو فائزی هەبوو .
 وە حاڵی حازر بە پێی ئامارەكان هەر خێزانێكی 4 كەسی ساڵانە 12 هەزار دۆلار لە داهاتی ساڵانەیان لە دەست دەدەن بەهۆی ئەم قەیرانەوە.ئەمە جگە لە كەسادیكی سەرسورهێنەر لە كاڵاكاندا و داخستنی سەدان كارگەو دامەزراوەو بانك و خراپی لە ڕادەبەدەری بیمە و خزمەتگوزاری یە كۆمەڵایەتی یەكان. هەر لە بیمەی بێكاری و تەندورستی و خراپی باری خوێندن و فیركردن و بەرزبوونەوەی ڕادەی تاوانو بەكارهێنانی زیاتری ماددە بیهۆشكەرەكان و بارزگانی لەفرۆشی و دەیان دیاردەی تری نالەباری دژی ئینسانی.
 دووەم :لە ئاستی دەرەوەشدا ئۆباما ڕووبەری شكستی دوو جەنگی بێئاكام بۆتەوە لە عێراق و ئەفغانستان و ئەمەو وێرای شكستیان لە دەیان گرفت و كێشەی تر لە ووڵاتانی جۆراوجۆر لە بەرانبەر هێزە نەیارەكانیان .
 یەكێك لەو گرفتانەی كە بۆش بڕیارو بەڵێنی دابوو كە پێش ڕۆیشتنی لە كۆشكی سپی چارەسەری بۆ بكات كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بوو .ئیتر هەر لە كێشەی لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئیران و سوریاو رەوتە قومی و دینی یەكان لەسەرو هەموویانەوە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی، ئەوەی ناوی نابوو محوەرەكانی شەڕ، تا دەگاتە  كێشەی فەلەستین .شایانی ئاماژە پێكردنە كە چەند مانگ لەمەو ەر بۆش لە لوتكەی ئەناپۆلس پەیمانی دا بە سەرانی جهان بۆ چارەسەری یەكجاری ئەم كێشەیە. بەڵام ئەمرۆ نەك هەر ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرا بەڵكو جەنگ و هێرشی ئەم دواییەی حكومەتی فاشی ئیسرائیل بۆ سەر كەناری غەزە بە بەهانەی ڕۆكیتەكانی حەماسەوە ئەم كێشەیەی چەند قات قوڵتر كردووە كە ئیتر  چارەسەری زۆر سەخت ترە لە ساڵانی پیشوو. وە لەم جەنگەشدا هەروەك بینیمان حكومەتی بۆش و ئیستاش ئۆباما  زۆر سەرسەختانە لایەنگری ئەم هێرش و جەنگە تاوانكاری یەی ئیسرائیلیان كرد .لە واقعدا چۆن جەنگە داگیركاری یەكانی  ئەمریكا لە ئەفغانستان و عیراق ،كە ناویان نابوو جەنگ لە دژی تیرۆر، ئەم تیرۆریزمە كوێرەی ئیسلامی سیاسی لاوازنەكرد  بەڵكو بەهێز تری كردن، بەهەمان شێوە جەنگی ئیسرائیلیش لە دژی دانیشتوانی كەناری غەزە وە  دووساڵ  لەمەوبەریش كەلە  لوبنان كردی  حەماس و حزب اللەی  زیاتر بەهێز كرد.ئەمانەو دەیان كێشەو گرفتی تر وەك گرفتی مل نەدانی ئەمریكا بە پەیمانە نێو دەوڵەتی یەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی گەرمی گۆی زەوی، هەروەها ریك نەكەوتن لەگەل زلهیزە  تازەكان لەسەر زۆر گرفتی تەوەرەیی و بەمەش قوت بوونەوەی چەندین جەمسەری ئابوری تر وەك روسیاو یەكێتی ئەوروپاو چین و ژاپۆن كە سەرهەڵدانی ئەم جەمسەرانە دەورو نەخشی ئەمریكا لە هەموو ڕوویەكی ئابوری و سیاسی دەبەنە دواوە.ئەمانە هەمووی قەیران و كیشەو گرفتی كراوەن و پەروەندەكانیان  بە چارەسەنەكراوو كراوەیی لەسەر میزەكەی ئۆبامادایە.
 ئەگەر هەر چاودێرێك بە ووردی سەرنج لە ووتاری سوێند خواردنی ئۆباما بدات بە ئاسانی دەكرێ ڕەوەندی سیاسی ئێستاو ئایندەی ئەمریكا لە سایەی ئەم قەیران و كیشەو گرفتانە بە سادەیی ببینێ.وە هەر ئاسۆی ئەم هەموو كێشەوگرفت و قەیرانە جۆراوجۆرانەیە كە وا دەكات ئەم سەرۆكە بە ڕواڵەت سەركەتوە باس لە گۆڕان بكات و بڵێ وەزعی جهان گۆڕاوەو دەبێت ئێمەش بگۆڕێن.وە ئەمەش باشترین دانپیانان و بەڵگەیە بۆ كۆتایی هێنانی سەركردەیی ئەمریكا لیرە بە دواوە.
 لە ڕاستیدا ئەمڕۆ ئەگەر بەراوردیك بكەین لە نێوان ئەمریكای ئۆباماو سۆڤیەتی سەردەمی گورباتشۆفدا ،هەروەك زۆرێك لە لێكۆڵەرەوەكانی جهانیش بە ڕاست و چەپەوە دەڵێن، لە زۆر ڕوووە لە یەك دەچن.ساڵی 2009 بۆ ئۆباماو ئەمریكا لە ساڵی 1985 رووسیاو گۆرباتشۆف دەچیت كە بە دەسەڵات گەیشت .ئەگەر گورباتشۆف لە ئاستی ناوەوەو دەرەوە بە پاڵەوانی گۆڕانكاری و كرانەوە دادەنرا ئەوە ئێستاش ئۆباما بوە  بەم پاڵەوانەو بانگەوازی گۆڕانكاری و كرانەوە دەكات. وە لەسەر دەستی ئەم سەرۆكە بە ڕواڵەت ئازادیبەخشە ئەگەر ئەمریكا وەك سۆڤیەتی پیشوو لە چەند ساڵی ئایندەدا لەتو پەتیش نەبێت ، ئەوە جێگەو ڕێگەی سیاسی و ئابووری و زلهیزی ئەمریكا زۆر زیاتر  لە روسیای نەوەتەكان دێتە خوارێ.
 بەڵام بە پێچەوانەی پروپاگەندە درۆیینەكانی ئۆباماو دەزگا ڕاگەیاندنە ژەهراوی یەكانی بۆرژوازی جهانی، لەسەر هەمویانەوە خودی ئەمریكا ،ئۆباما كە ئێستا لە نێوان سەركەوتنێكی شەخسی و هەرەسێكی گەورەی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی ئەمریكا وەستاوە نەك هەر ناتوانێ بچوكترین گۆڕانكاری بە قازانجی ژیانی خەڵكی ئەمریكا و جهان بكات بەڵكو بە پێچەوانە لە چەند ساڵی ئایندەدا ژیان و گوزەرانی خەڵكی زۆر زیاتر دیتەوە خوارەوە،چونكە ئەو نوێنەری تەنهاو تەنهای سەرجەم بۆرژوازی قەیرانگرتووی ئەمریكایە .جا بۆ ئەوەی سەرمایەداری لەم قەیرانە ڕزگار  بكات پێویستە زیاتر ئاكامی قەیرانەكە لە هەموو ڕوویەكەوە بەسەر خەڵكی ئەمریكادا بشكێنێتەوە .ڕەنگە ئاكامی ئەم قەیرانە هەمە لایەنە جهانییەی سەرمایەداری جارێكی تر جهان بەرەو دەرگای جەنگێكی جهانی بەرێت .وە ئەگەرو فاكتەرەكانی ئەم جەنگەش ،بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەكانی ئۆباما لەبارەی ئەمن و ئاسایش و ئازادیبەخشی یەكانی ، وا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت.
 بۆیە خەڵكی ئازادیخوازی جهان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی  نابێت چاوەڕوانی نە لە ئۆباماو نە لە هیچ كەسایەتی و حزبێكی وەك دیموكرات و جمهوری هەبێت. بەڵكو هەر گۆرانكاری یەك بە قازانجی خەڵكی خۆی تەنها و تەنها لەوەدایە كە هێزی ملیۆنی خۆیان بێننە مەیدان بۆ ڕووخانی یەكجاری سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری و هەنگاو نان بەرەو بونیادنانی دونیایەكی ئازاد و یەكسان و بی چین و چەوسانەوە.
 ئێستا ئەوە رۆشتە كە ئۆباما لە نێوان سەركەوتنێك و هەرەسێكدا لەنگەری گرتووە، بەڵام بەهەمان شێوەش كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سایەی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوری یەی كە ئۆباما نوێنەرایەتی دەكات، لە نێوان وەحشیەت و بەربەرییەتی سەرمایەداری و ئینسانیەتی سۆسیالیزم دا لەنگەری گرتووە.بەڵام ئەوەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی كامیان هەڵدەبژێرێ ئەوە بێگومان پەیوەستە بە ڕادەی ئاگاهی سیاسی چینایەتی و ڕادەی ڕێكخراو بوونی زۆرایەتی كۆمەڵگاوە لەسەرو هەموویانەوە چینی كرێكاری و كۆمۆنیستە پێشرەوەكان.
 كۆتایی جەنیوەری 2009
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.