ئۆپۆزسیۆنی شه‌رمن و ته‌ماشاكه‌ر؟ *
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته نادیموكراسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر شه‌پۆلی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵك ئه‌جوڵێ و مه‌له ئه‌كات، ئه‌م خه‌سڵه‌ته پێی ئه‌وترێت خه‌سڵه‌تی پراگماتیزم و دژ ئه‌وه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌هاكانی دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤدا، واته له‌كوێ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بوو ده‌سه‌ڵات پێویسته له‌وێ ده‌وار هه‌ڵبدات، ته‌واوی دیكتاتۆره فاشی و نازی و مه‌زهه‌بی و به‌عسی و دۆگماتیزمه ئه‌رسه‌دۆكس و كاسۆلیكه‌كانیش به هه‌مان ستایل كاریانكردوه‌و كار ئه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه نابێ ئه‌م رێگا چه‌وتانه بگرێته به‌ر ئۆپۆزسیۆنه، ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ش كه خۆی به هه‌ڵگری بیری ریفۆرم بزانێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌نگی شه‌قامی به‌ده‌ست هێنابێت.
ئۆپۆزسیۆن له 17 ی شوباتی ئه‌مساڵدا خۆی دوچاری (مفارقه) پارادۆكسێكی گه‌وره كرد به به‌یاننامه‌یه‌ك كه ئاماده نابن خۆپیشاندان بكه‌ن، به‌ڵام میدیاكانیان خسته گه‌ڕ بۆ جوڵه پێكردنی خه‌ڵكی كه‌مده‌ست و نارازی بۆ چوونه سه‌رشه‌قام و خۆپیشاندان به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزه‌ی كه ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یكردبوو بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران.
ئه‌مه چ گوتارێكی سیاسییه ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌تی، له چی ترسا‌و به‌ڵێنی چی پێدراو بۆ خه‌ڵكی هه‌ڵنه‌بژارد ئه‌مجاره، ئایا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی نه‌بێ بۆ ئه‌م پرسیارانه، ئه‌وا كاریگه‌ری نه‌رێنی دروست ئه‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌و میسداقیه‌تی سیاسیشیان؟
ئۆپۆزسیۆنێكمان هه‌یه ساتێك له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ره‌و سه‌د سات ئه‌چێته خه‌ڵوه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی سیاسی، میدیایه‌ك ئه‌خه‌نه گه‌ڕ بۆ بزواندنی شه‌قام و خۆیان له دووره‌وه ئه‌بنه ئۆپۆزسیۆنی ته‌ماشاكه‌ر، هه‌مان مۆدێلی یه‌كێتی و پارتی په‌یره‌و ئه‌كه‌ن، كه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی گوتاری سیاسی و ئه‌جنداوه هه‌یه كه هه‌م پێنه‌گه‌یشتووه‌و هه‌م ناتوانێت به‌رگه بگرێت له ئاست ئه‌فسوون و سیناریۆكانی ده‌سه‌ڵاتدا.
حیزبه ئۆپۆزسیۆنه ئیسلامیه‌كان خاڵی بوونه‌ته‌وه له حه‌ماسه‌تی شۆرشگێڕی له ئێستاداو ناخوازن به‌ته‌واوی ببنه داینه‌مۆی خه‌ڵك و دوور مه‌ودا كار ئه‌كه‌ن، ئه‌دی بزوتنه‌وه‌ی گۆران بۆ ده‌چێته ئه‌و گه‌مه‌یه‌و وه‌ك ئه‌وان بیر ئه‌كاته‌وه؟
ئاخر بزوتنه‌وه‌ی گۆران له واژۆكردنی ته‌ملیككردنی شوققه‌كانی په‌رله‌ماندا چوار په‌رله‌مانتاری خۆیانی وه‌ك تاوانبار! هێنایه سه‌ر شاشه‌و داوای وازهێنانی لێ‌كردن و هه‌ڵڵایه‌كی ئیعلامی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دروستكردن گوایه بۆ داكۆكییه له ماف و سامانی گشتی، ئێستا چۆن خۆی واژۆ ئه‌خاته سه‌ر به‌یاننامه‌یه‌ك (له‌گه‌ڵ خۆپیشاندان نین) كه پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه چه‌ندین ساڵه داوای ماف و ئازادی و كه‌رامه‌تی ئینسان و به‌هه‌ده‌رنه‌دانی سامانی گشتی ئه‌كه‌ن، بۆ مه‌گه‌ر خۆپیشاندان ئه‌ركێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسی نییه بۆ داواكردنی ماف و ئازادیه‌كانی تاك دژ به گه‌نده‌ڵی، له‌كاتێكدا چه‌ندین جار له په‌رله‌ماندا ئۆپۆزسیۆن به‌رگری سه‌رسه‌ختی له هه‌مواركردنی پرۆژه یاسای خۆپیشاندان كردوه وه‌ك مافی تاك، خێره ئێستا واز له‌و مافه ئه‌هێنن ئه‌گه‌ر مه‌رامێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی ژێربه‌ژێر نه‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌س له‌گه‌ڵ توندوتیژی شه‌قام و خوێنرشتن و ئاژاوه‌گێڕی و په‌لاماردانی هیچ باره‌گایه‌كی حیزبی‌دا نیه، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌م بێده‌نگ بوونه‌ی ئۆپۆزسیۆنیشدا نیه كه هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت!
•
* له رۆژنامه‌ی ئاوێنه ژماره 214 بڵاو كراوه‌ته‌وه
ئاسۆعه‌بدولله‌تیف