Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
ئێستا زانیم … نەوزاد بەندى

ئێستا زانیم … نەوزاد بەندى

Closed
by April 9, 2012 هۆنراوە

 

ئێستا زانیم
وەک کلێنیکس ،
تەنها لە کاتى گریانا
منت بیر ئەکەوێتەوە ..
پڕم ئەکەى لە فرمێسک و
فڕێم ئەدەى ..
قەت بیر لەوە ناکەیتەوە
لە شوێنێکا
وەکو ڕێزێک ، ئەرشیفم کەى
ڕێز بۆ فرمێسک و بۆ ساتە خەمگینەکان .
رٍێز بۆ ئەو لاپەڕە سپیەى
کاتى گریان ،
فرمێسکەکانتى هەڵمژى
نەیهێشت لێت بکا بە زریان
ئێستا زانیم
وەکو دەرمان
تەنها لە کاتى نەخۆشى
منت بیر ئەکەوێتەوە
ڕۆژى سێ جار
جارى دەنکێکم قوت ئەدەى ..
ئەزانى چەند تاڵ و تفتم
چاوەکانت ئەنوقێنى و ..
یەک لەسەر یەک :
هێڵنج ئەدەى …
قەت بیر لەوە ناکەیتەوە
دەنکێکم بخەیتە ڕیزى
ملوانکەکانى گەردنت
وەک وەفایەک
کە نەمهێشت نزیک بێتەوە
گەڵاڕێزانى مردنت ..
بیرت لەوە نەکردەوە
دانەیەکم
بخەیتە جێى نقێمێکى
ئەنگوستیلەیەکى پەنجەت ..
وەک سیمبوڵێک
بۆ ئەو کەسەى
نەهاتایە :
تەواو ئەبوو لار و لەنجەت …

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.