Skip to Content

Friday, April 19th, 2024

ئەحلام مەنسور …شیعرى : نەوزاد بەندى

Closed
by January 12, 2013 ئەدەب

 

 

 

( بۆ مەرگى ئەحلام .. بڕوا ناکەم ناوێک هەبێ ئەوەندەى ئەحلام ، مۆسیقا و هونەر و بەرزى و شارستانى و جوانى و شیعر و ڕۆمانسیەت و خەون و ئومێد و گوڵ و پەپولە و هەور وگۆڕان و نوێبوونەوە و شۆڕش و وشە و بیرکردنەوە و هزر و چیرۆک و باران و موچڕکە و بزە و فرمێسک و ڕۆمان و سەرنج و ڕامان و دامان و قوڵبونە و داهێنانى تیابێ .. بڕوا ناکەم )

 

ئەمڕۆ بە هەموو لقەکانەوە ، بەفر بەرى گرتووە ..

بەڵام دواى چى ؟؟

دواى چى ، ئەحلام ..؟؟

ئەمڕۆ هەموو ڕیشۆڵەکان ، پشوى ڕەسمییان وەرگرتووە ..

بەڵام دواى چى ؟؟

دواى چى ، ئەحلام .. ؟؟

من هێشتا لەگەڵ فەقێ عەباس ،

وێنەى کارەساتەکەم لە یاد نەچووە ..

من هێشتا لەگەڵ میم خەناو ،

بەدگومانم لە مناڵانى گەڕەک ،

میوە کاڵەکانى باخەکانمان بدزن ..

ئاى ! میم خەناو …

بەلاى هەر ژنێکى پیر و قەلەندەردا بڕۆیشتمایە ،

بۆنى میم خەناوم ئەکرد ..

بزەیەکى ..

فرمێسێکێکى ..

جنێوێکى میم خەناو ، سوتفەى ئەکردم ..

هەر حوجرەیەکم بینى بێ ،

باڵاى فەقێ عەباسێکم تیا بینیوە ..

سمێڵە قنجەکەى ..

لوتە قوتەکەى ..

خەنجەرە دەبانەکەى ..

ئاى ! میم خەناو ..

میوەکان گەر مناڵەکانیش نەیدزن ،

دەوڵەمەندەکان ئەیکڕن ..

لە ناو فەخفورى و سەر مێزە شوشەکانا ،

یەک –یەک کەڕوو ئەیانگرێ و 

یەک- یەک ئەڕزن ..

ئاى ! میم خەناو ..

تۆ چۆن چویتە ناو قەڵەمەکەى ئەحلامەوە ..

لەسەر ئەڵوەن ..

لە نەفتخانە ، تۆى بینى ؟؟

تۆ چیت پێ وت ؟؟

تۆ داواى چیت لە ئەحلام کرد ؟؟

ئەزانى ئەو چەن بۆت گریا ؟؟

ئەزانى حەوت –هەشت لاپەڕەى گۆڤارى (بەیان )

بە ئەشکى چاوى ئەحلام ، خوسانەوە ؟؟

ئەزانى چاوەکانى من ،

دەیەها جار بەو ڕێ- وشانەدا ڕۆیشتن ..

ڕێیان ون کرد ..گەڕانەوە ؟؟

ئاى ! میم خەناو ..

دڵنیام تۆیش لە گۆشەیەکى نسرمى

خانەقیندا ،

تەڵاقت لە ژیان سەندووە ..

بەڵام من قەت بڕوام نەبوو ،

ئەحلامیش لە ژیان عاجز بێ ..

بڕوام نەدەکرد ئەو دەعوا ،

لەسەر هەناسە تۆمار کا ..

دەقولبابى دڵ ڕاگرێ ..

بڕوام نەئەکرد ڕۆژێ بێ ،

هۆڵى ئیمتیحان جێبێڵێ ..

بۆ مردى .. ئەحلام بۆ مردى ؟؟

سى و سێ ساڵە ئەتناسم و

هێشتا یەک لەحزەیش نەمدیوى ..

بۆ مردى .. ئەحلام بۆ مردى ؟؟

بە تەمابووم من بخەیتە کۆڵانێکى بەرهەمێکت ..

لە شوقە و ڤیلایەکى 

شارێکى نوێى چیرۆکێکت ،

بە قیستى درێژ خایەن ،

شوقەیەکم پێ بفرۆشى ..

بە تەما بووم تەختە ڕەشێک لە بەردەرکى سەرا دانێى ،

ئەو هەموو نوسەرە دز و

نەخوێنەوارە فێر بکەى : چۆن واز لە دزى بێنن و

چۆن فێرى خوێنەوارى بن ..

ئەو هەموو خەڵکە تەنیایە فێر بکەى چۆن فێرى

عەشق و دڵدارى بن ..

بە تەما بووم ، بە حونجە فێرى شیعریان کەى ..

بە داتا شۆ ، فێرى لە خۆبوردنیان کەى ..

بە میکرۆسکۆب داهێنانیان بۆ باس بکەى ..

بۆ مردى .. ئەحلام .. بۆ مردى ..؟؟!!!

سى و سێ ساڵ پێش ئیستا کاتێ ،

بۆ یەکەمجار ناوى تۆم بیست ..

وتم : سەیرە ! کەس هەیە ناوى ئەحلام بێ ؟؟

کە چوومە وشەکانتەوە ،

ئەوسا زانیم تۆ درەختى خەونەکانى ..

سوپەر مارکێتى تەنیاییت ..

هەمو بەیانیەک کۆمەڵێ گەڵاى وەریو ،

لەبەر دەرگاکانى خانەقین ڕیز ئەکەیت و 

دواى نیوەرۆ ، زریان کۆیان ئەکاتەوە ..

هەموو شەوێ بە گسک و خاکەنازێکەوە ،

فرمێسکى کچە خەمبار و قەیرەکانت ،

گسک ئەدا و لاى خۆت ئەرشیفت ئەکردن ..

تۆ فەرمانگەى شارەوانى پارێزگاى نائومێدى بووى ..

ئیتر کێ شەقامەکانى خەم لە فرمێسک پاک کاتەوە ..؟؟

ئیتر کێ پردى ڕوخاوى

نێوان دڵ و

نێوان چاو و ..

نێوان ئیحساس ..چاک کاتەوە .. ؟؟

بۆ مردى .. ئەحلام .. بۆ مردى ؟..؟

تەنانەت پردى دەلالیش ،

ئەمڕۆ عەزیەکى ڕەشى لەبەردایە ..

کەزیەکى قرتاندووە و ..

ئەوەى تریش لە گۆماوەکەى ژێریدا ،

بۆقەکان گەمەى پێدەکەن ..

پردەکانى سەر دیجلە هەموویان ئەگرین ..

پردەکەى خاسە یەکپارچە تازێبارە ..

سکى ئەو گشت پردەت سوتان ..

ئەو هەموو ماسى و مراوی و

نەورەسانەت .. بۆچى گریان ؟؟

بۆ مردى .. ئەحلام .. بۆ مردى ؟؟

وشە ناسکەکان کۆستیان کەوت ..

وشەى ڕاستت کرد بە هەتیو ..

هەرچى لاپەڕەیە ئەمڕۆ ، ڕەشى پۆشى ..

تەنانەت بەفر سپیاوى دەموچاوى لێکردەوە و

لەگەڵ خەڵوز ، 

عەقدى چل ڕۆژى ئیمزا کرد ..

بۆ مردى .. ئەحلام .. بۆ مردى ؟؟

من میراتگرى هەناسە ساردەکانتم ..

من میراتى دوکەڵى نیوە ئاگر و

نیوە سەهۆڵى جگەرە ماتەکانتم ..

میراتگرى تەنیاییتم ،

مافى لەبەرگرتنەوەى فرمێسکەکانت بە بە من ..

ئەیانپارێزم تا مردن ..

ڕەینکۆتەکانت بدە بە کچۆڵە کوردە سوریەکان ..

پردەکەت بنێرە بۆ زیندانى ئیمرالى ،

بۆ لاى ئۆج ئالان ..

قەڵەمەکەت مەدە بە کەس ..

چونکە لێرە جێیەک نیە بۆ حیمایەى قەڵەمەکان ..

چونکە پارکێک ..

کافیتریایەک ..

هەتیوخانەیەک ، هێشتاکە ،

دروست نەکراوە بۆ قەڵەم ..

قەڵەمەکەت مەدە بە کەس ..

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.