ئەحلام مەنسوور: مەرگەرێتە دۆراسی کورد لە خەونی تەنیاییەکی ئازاد‌دا، خەو بردییەوە
ئەحلام مەنسوور: مەرگەرێتە دۆراسی کورد لە خەونی تەنیاییەکی ئازاد‌دا، خەو بردییەوە
رۆژی ماڵئاوایی ئەحلام مەنسوور رێککەوتێکی ڕاچڵەکێن، هاوکاتیش سەیر نەبوو. چونکە ئەحلامیش، وەک رووحیکی رابوو، هاودەمی سێ دەستەخۆشکە شۆڕگێڕەکەی خۆی، فیدان دۆغان، ساکینە جانسز و لەیلا سۆیلەمەز لە پاریس‌دا، ماڵئاوایی لە نووسین و تەنیایی کرد. ئەحلامیش وەک ئەو هەرسێ دەستەخوشکانەی، خاوەن رووحێکی شۆڕگێڕانە ، ئێتکی بوو، بەڵام شۆڕگێڕییەکەی ئەحلام سیاسیی نەبوو، بەڵکە ئێستێتیکی بوو. ئەو بە زمانێکی زایەڵەدار، نووسین وەک شێوازێک لە شۆڕگێڕیی، دژی چەوسانەوەی ژن و بندەستی کورد یاخیبوو. دواجاریش بە دەم تلانەوەی رووحی خوێنتاڵکراوی لە لایەن کۆمەڵگەی خێڵسالار و ئایینسالار و لەوەش غەمگینتر لە لایەن زۆرێک لە ژن\ئافرەتە دەستەخوشکە بەناو فێمێنیسەکان و نووسەرانی کوردستانەوە، وەک حەقیقەتێکی بریندار ماڵئاوایی کرد. ئەحلام ژنێکی ئازادی تەنیا و بێ‌ماڵ بوو، لێ ژیان و جیهانبینی خۆی گواستەوە ناو ماڵی زمان، جیهانی بوونە خۆکردەکەیەوە. بەڵێ، مەرگی ئەحلام وەک مرۆڤ، غەمگینی کردیین، لێ ماڵئاواییەکەی وەک ژنە نووسەرێکی نامۆ لە زمانی کوردییدا، ئازدبوونی خۆی بوو.
هەر بۆیە ئەحلام بە کەسەرێکی قووڵ، لێ یاخییانەوە دەیگوت: “نازانم که‌ی ده‌مرم ئه‌گینا تا ماوم هه‌ر ناڕه‌زایی ده‌رده‌برم.”1
ئه‌م وشانه‌ی ئه‌حلام له م رسته‌یه‌دا وه‌ک ئاکاری راستگۆیی خۆی بوونه‌ته هونه‌ری درهوشهداری ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی؛ ئه‌م ناره‌زاییه‌ی، که تا دوا هه‌ناسه، له به‌رانبه‌ر ئازار‌و غه‌م و تێکشکان و وێران بوونی هاومرۆڤه‌کانی له نێو جه‌رگه‌ی نایه‌کسانیدا کرد به دروشمی خۆی. ئه‌حلام وه‌ک ژنێکی نووسه‌رو ئازاد، ئازاییانه به نێو ڕێچکه سه‌خته‌کانی خۆبووندا گوزه‌ری ده‌کردو ته‌نیا و غه‌مبار خۆیی و قه‌ڵه‌مێکی راستگۆ جیهانێکی ئه‌زه‌لی ده‌نه‌خشاند، تا له‌م جیهانه‌دا گه‌شته بێهاوتاکانی بۆئه‌به‌د به‌رده‌وامی پێبدات و ده‌ستی نه‌وه‌ی داهاتوو بگرێت و بیانبات بۆ سه‌ردانی شار، دیهات و باغه‌کانی ئاسمانی خۆی.
لە کن ئەحلام نووسین و مەیلی ئازادی ژن‌بوون، قسەی ئەزبەرکراو یان مارکس واتەنی بەخشینی “زانیاری ساختە” نەبوون، بەڵکە شێوازێک بوون بۆ لە باوەشکردنی ژیان. ئەو ژنە سەرکیشە بەرهەمی ئەم دۆخە مێش ئاکار- پارەخوازیی، غەریزە تێر کردن، بە بازاڕکرا و بە کاڵاکراوە نەبوو کە هەنووکە کۆمپانیای رێکخراوی ژن\ئافرەتان و رۆژنامەوانیی و ناوەندە بەناو ئەدەبییەکان، نووسەرگەلێک لە وێنەی خۆیان بەرهەمدەهێنن، بەڵکە بەرهەم و دەنگێکی خۆکردی دۆخێکی رۆشنگەر بوو، کە ئەو دۆخەش وەک بزاڤێکی کو‌لتووریی رۆشنگەر، ویستێکی کولتوورساز، لە بیست- حەفتایەکانی سەدەی رابردوو بە هەوڵی نووسەرگەلێکی ئیدیالیی لە دایکبوو، کە ئێمە وەک بزاڤێک لە کولتوورێکی رۆشنگەر ناودێری دەکەین. بۆیە ئەحلام بەر لەوەی ناوی فێمێنیزم لە زمانی کوردییدا بوونی هەبووبێ، خۆی زمانێکی فێمێنیستیی بوو. بەر لەوەی جیهانی نووسین و مۆدە ئەدەبییەکانی رۆژئاوا بڕژێنە ناو زمانی کوردییەوە، بە رووحێکی بزۆک و میێشکێکی زرینگەوە، ئاشنایان بوو. بەر لەوەی هەزاران ژن و ئافرەتی کورد لە رۆژئاوادا بژین و فێری لاساییکردنەوەیەکی رووکەشی بزاڤەکانی فێمێنسیتیی و ئەدەبیەکان بن، ئەو لە گەوهەری رۆژئاوا و بزاڤە فێمێنستیی و ئەدەبییەکان گەیشتبوو.
بۆیە ئەو ژنە رووح وسیتدار و دڵ تاڤگە رەنگییە وەک بەشێک لەو ژنە فێمێنیستانەی کورد مەراقی نەشتەرگەریی جوانکاریی رووخسار و لەشی خۆی نەبوو تا وەک بووکە شووشەیەکی جوانکیلە لە شاشەی تیڤییەکان و کۆنفراسەکاندا، کیشەی ژن هەتوان بکا، نەخێر ئەحلام خولیای ئەوە بوو نەشتەرگەریی دڵ، مێشک و رووحی کۆمەڵگە بکا ، تاکوو وەک جیهنانێکی جوان مرۆڤە جیاوەزەکان، تاکەکەسە پەراوێز خراوەکان، ژنە دەمبەستکراوەکانی کۆمەڵگەکەی ئازاد بژین و نەتەوەکەشی بە ناسنامەکەی شکۆدار بێت. ئەو بە دژی خواستی پیاو بوو کە جوانی ژن تەنێ لە رووخساریدا دەبینێ. بۆیە دەنگی رووحێکی جوانی ئەنارشیستیی بوو. هەر بۆیە لە دوا کاتە غەمگین و نەساغەکانی ژیانیدا، تەنێ خوێندکارەکانی کۆمەکییەکان دەکرد، جلەکانییان دەشۆریی و دڵیان دەدایەوە. کەواتە ئەوە ئەرکی خوێندکارەکانییەتی، پەرە بە نووسینەکانی بدەن و کو‌لتووریی یاخییانەی ئەحلام ئاسا لە کوردستاندا جۆشبدەن.
ئه‌حلام هاوڕەوتی ئەو بزاڤەی کولتووری رۆشنگەرییەی کە ئاماژەمان پێ‌کرد، بە شێواز و ویستێکی ژنانەوە، لە حەفتایەکاندا جیهانێکی بێهاوتای بنیاتنا له سه‌رزه‌مینێکی بێ‌سنوور و له نێو جه‌رگه‌ی میلله‌تێکی دواکه‌وتوو، که، تا مه‌رگ نه‌یانتوانی لێی تێبگه‌ن. کاتێک ئه‌و ده‌یگوت “میلله‌ته‌که‌م! هه‌ناسه‌ی تۆ هه‌ناسه‌ی منه، خوێنی تۆ خوێنی منه، چاوی تۆ چاوی منه، منداڵی تۆ منداڵی منه و گه‌نجی جوان هیوای منه”2، کەچی میلله‌ته‌که‌ی له پادداشتی ئه‌وه‌دا بە شێت و بێشەرم رووحیان دەمبەست دەکرد! به‌ڵام ئه‌و له‌م کاته‌دا له میلله‌ته به‌دبه‌خته‌که‌ی نه‌ده‌تۆرا، ده‌یزانی له خه‌وێکی قووڵدا له نێو ئاسته‌نگی بیرنهکرنهوهدا چه‌قی به‌ستووه. دڵرهنجاو به پێنووسه‌که‌ی ده‌گوت: پێنووسه جوانه‌که‌م، بمبه‌ره‌وه بۆ شاره‌کانی نووسین، لێره دواکه‌وتوویی مرۆڤ ده‌مکوژێت. خۆی و دووکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌ی به‌ره‌و ئاسمان و شوێنیكی دوور له سه‌رزه‌مینی مه‌رگ و دواکه‌وتوویی سه‌فه‌ریانده‌کرد و ده‌یگوت: پێنوسه‌که‌م بمبه‌ره‌وه به‌ره‌و ماڵی وشه‌کان و له نێو ده‌نگی میهره‌بانی رسته‌کاندا بملاوێنه‌وه با هه‌ناسه‌کانم کۆتای‌یان نه‌یه‌ن، هاومرۆڤهکانم هه‌ناسه‌کانم زه‌وت ده‌که‌ن، پێنوسه جوانه‌که‌م مرۆڤه‌کانی هاونییشتیمانی منیش مرۆڤن، “هه‌یوه‌شێره، هه‌یوه‌شێره3” له مرۆڤیش تێناگه‌ن!! سنووره‌کانی جوانی هزری ئه‌و ئاسۆکانیان ده‌بری و کۆت و به‌ندی سه‌رده‌م و کۆمه‌ڵگه و مهتریاڵپهرستی مرۆڤه‌کانیش، ئه‌ویان غه‌مبار ده‌کرد.
لێ چونکە ئەحڵام خەونێکی راساو بوو بەرانبەر هەموو دوژمنانی ئازادیی، بۆیە ئەو بە رووح و جەستەوە، چێژی نووسین، ئازادی، سێکس و سیاسەتی ئەزموون دەکرد. ئەحلام لە جڤاکێکی مردۆخ، دەمبەستکراو، چێکوژ، دووڕوو، ترسا‌و لە ئازادیی و بندەستکراودا، تاڤگەیەکی رەنگین بوو. ئەو ژنە هاوڕێی دەستە خوشک و هاوشارە شۆڕگێڕەکەی لەیلا قاسم بوو، کە ئەو رۆژگارە وەک دوو کیژی پێشەنگ هەردووکیان، بوون بە خوێندکاری زانستگە.
لە حەفتایەکاندا شیوعییەکی ئیدیالیی و ئازاد بوو، کە زانی شیوعییەتیش ئازادی رەهای پێ نابەخشێ، وەک چۆن شەقی لە هەموو کۆت و لەمپەرەکانی نەریتی خێڵسالاریی جڤاک وەشاند، ئەوهاش شەقی لە ئیلتزام بوون بە حیزبی شیوعییەوە وەشاند، لێ وەک نووسەرێکی ژنگەرا، فێمێنسیتێکی ئازادی مارکسیی مایەوە. ئەو لەو نووسەرانە نەبوو کە بەرژەوەندیی و ماخولیای دەستەڵاتداریی سیاسیی و هەوەسی پارەداری و وایلێبکا لە مارکسییەوە ببێتە ناسیۆنالیست، نیو لیبرالیست و ئیسلامییەکی رووکەش و دواییش خۆیان لە کن پارتە پارەدارەکان بدۆزێتەوە. نەخێر ئەو بە مانای وشە، نووسەر و فێمێنست، شۆڕگێڕێکی بەرهەڵستکاریی ئێستێتیکیی بوو. مرۆڤی بخوێن دەزانێ کە ئەحلام هەر لە کۆچیرۆکی “پرد”ەوە هەڵگری ئەو شیوازە لە ژنگەرا بەرهەڵستکارییە ئیستێتیکییە بوو، هەتا لەناو ئەو خەونی بەرهەڵستکارییە ئێستێکییەدا خەوی هەتا هەتایی جەستەی خامۆشکرد، هەر واش دەینووسیی و دەژیا.
لێرەوە ئەحلام مەنسوور، مارگەرێتە دۆراسی کوردە. حەوسەڵە و مەیلی بۆ چێژی ژیان، ئەڤینداریی، زمانی ئیرۆتیکیی و راشکاوی ئەحلام مەنسوور لە مارگەرێتە دۆراس نزیکە، نەک سیمۆن دێ بوڤوار. ئەحلام وەک دۆراس، نووسەرێ نێرگزیی- نەرسسیی، بوێر، خاوەن بەڵێیەکی بەرز بۆ تامکردنی ژیان و چێژی رووحیی و جەستەیی بوو. بە واتایەکی تر، ئەحلام لەو ژنانە بوو کە لە پەیوەندییدا کەسێک بوو شەیدای ئەڤیندارێکی گەرم و هاوڕێیەتییەکی هۆگرییانەی کو‌لتووریی بوو، بۆ نموونە، بخوێن دەتوانی بگەڕێتەوە بۆ قسەکانی ئەو کە چۆن وێنای پەیوەندی خۆی لەگەڵ هێمن موکریانی، وەک هاوڕێیەکی شۆڕگێڕ و جوان دەکا. هەروەک شێوازی جگەرەکێشان ئاکاری مەستانەی لە ئاخاوتن و بگرە رووخسار و لەرەی دەنگیشی لە مارگەرێتە دۆراس نزیک بوو نەک دێ بوڤوار، هەرچەند نازانم کە ئەحلام ئاشنای نووسینی دۆراس بوو یان نا، لێ مادام لە فەرەنسا ژیاوە، دەبێ ناوی بیستبێ. جێگەی سەرنجە، ئەحلام تا ماڵئاوایی کرد بە نەبوونی پەیوەندیی و ناکۆکیی لەگەڵ دایکی دەتلایەوە، هەروەک دۆراسیش وێڕای غەریبیکردنی دایکی کە لە منداڵییەوە لێی دابڕابوو، تا مردیش دایکی نەبینی، لێ لە زۆربەی چیڕۆکەکانی وێنەی ئەو پەرۆشییەی وی بۆ دایکی ئامادەیی هەیە. هەر بۆیە دەکرێ رۆمانی”ئەلوەن”ی ئەحلام مەنسوور بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە رۆمانی “هیرۆشیما، ئەڤیندارەکەی من”ی مارگەرێتە دۆراس بچووێنین.
هەر چۆنێک بێت، ئه‌حلام وه‌ک کچی رۆژهه‌ڵاتیی و رۆڵەی میلله‌ته‌که‌ی له نێو ئازادییه‌کانی خۆیدا، وه‌ک ئه‌حلام مایه‌وه، وه‌ک زوربه‌ی ده‌سته‌خوشک و هاورێکانی ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتیش، سه‌فه‌ره‌کانی هزری خۆی له رۆژهه‌لاتدا به‌ند نه‌کرد، به‌ڵکو ڕێگەی پێدان به‌رده‌وام بن له گه‌شت کردن به جیهاندا، تا ماڵئاوایی دوا هه‌ناسه تهنیایهکانی له گه‌شته هزرییه‌کانی خۆیدا به‌رده‌وام بوو. ئه‌و لهوهگهیشتبوو که شارستانی بوون مانای چییه و گه‌شتی هزرو بیرکردنهواکانیشی له نووسینه‌کانیدا ئه‌مه‌ی پیده‌گوتین، که جوگرافیا بۆ ئه‌و چی ده‌گه‌یه‌نێ و کاتێ خۆی له هیچ سنوورێکیشدا به‌ند نه ده‌کرد. له نێو جه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتدا وه‌ک ژنێکی نووسەر و ئازا و ئازاد توانی خۆی بێت و یاخی بێت له‌م رووکه‌شییه‌ی که وه‌ک مۆرانه خه‌ریکه گیانی کۆمه‌ڵگه هه‌ره‌س پێدەهێنێت، یاخی بێت له داب و نه‌ریتێک که ژن وه‌ک بووکه شووشه‌یه‌ک قورمیش ده‌کات. ئەویش ئه‌م قورمیشکردنه زۆر راشکاوانه له وتارێکدا باس ده‌کات و ده‌ڵێت : “ژن ئه‌و بووکه شوشه قورمیش کراوه‌یه که به کاره‌با و پیلی داب و نه‌ریتی کورده‌واری نازانێت که کاڵایه‌که و پیاو به پاره‌ی ماره‌یی و شیربایی کڕیویه‌تی و به ئاره‌زووی خۆی به‌کاری ده‌هێنێ […]ئه‌مڕۆ به ئاڵتون ئه‌یکڕێ، زه‌وتی ده‌کات…”.4
ئه‌و هه‌میشه دڵگران و یاخی له داب ونه‌ریتێک که تاکاییهتی و ویست و مرۆڤ بوونی له ژن و پیاوه‌کاندا ده‌سه‌نده‌وه، ده‌گه‌ڕایه‌وه لای پاول سارتەر، سیمۆن دێ بوڤوار و کامیو، گله‌ییه‌کانی به بێده‌نگی ده بردنه‌وه بۆ لای رۆحی ئه‌وان و،(بوونگه‌رایی) له غه‌می سهلێشواوی کۆمه‌ڵگه و نه‌زانی میلله‌ته‌که‌ی و شۆکی نه‌ریته نامرۆڤایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی دهتواندوه. پێچه‌وانه‌ی زوربه‌ی نووسه‌ره ژنپیاوهکانی ئێستا، غه‌م و ئازاری تاکه‌کان تا سه‌رلێواری مه‌رگی ده‌بردو له نه‌خۆشی و ئازاردا رۆحیان وێران ده‌کرد، ئه‌و له غه‌می مرۆڤدا بوو، نه‌ک له غه‌می ناوبانگی خۆی، ماڵوێرانی چیرۆکه‌کانی ئێستای ماتریال و مرۆڤی ده‌نه‌خشاند، له پێناو مرۆڤ و ئازادی و به‌خته‌وه‌ری، نه‌ک وه‌ک مۆده‌ی سه‌رده‌م له پێناو گه‌یشتنی به سه‌رمایه و به‌رژه‌وه‌ندییه کانی خۆی.
بەڵێ، هەرچەندە ئەحلام مەنسوور لە زمانی کوردییدا لە دایکبوو، بەڵام وەک نووسەرێکی کۆچەریی، بە واتای دێریدا، خاوەن زمانیش نەبوو؛ ئەو ژنە نووسەرێکی کۆچەریی بوو بە ئازادانە چیژی لە بەزاندنی سنوورەکانی نەریت و باو بوون دەنۆشیی. بۆیە ئەم دۆخی زمانەی کە ئەو ژنە بەرهەڵستکارە لە ئێستێتیکییە تێیدا دەژیا، بۆ ژیانە تایبەت و تەنیاییەکەی نامۆ و ژان بوو. ئەم دۆخی زمانە هی ئەو ژن و پیاوە نووسەرانەن کە لە کۆمپانیاکانیاندا، رێکخراوی ژن\ ئافرەت و رێکخراوەکانی نووسەران و … هتد تەرمی ئەدەب و ژان بەرهەمدەهێنن.
ئاخۆ لاتەریکبوون و نائامادەبوونی ئەحلام لەو هەموو ناوەند و رێکخراوی ژن\ ئەفرەتان و بەزمی خەڵات و فیستیڤالی ئەدەبییەکان لە کوردستاندا، جێگەی رامان نییە؟ ئەدی ئەو هەموو داوەتکارییانەی کە رێکخراوە ئەدەبیی و چالاکییەکانی ژن\ئەفرەتان لە هەندەران، بە بیانۆی کۆڕ و سێمیناری ئەدەبیی و کیشەی ژن و ئافرەت، بۆ ژن\ئەفرەتە “فێمێنیست” و نووسەرە “گەورەکان”ی کوردستان و رۆژئاوا ئەنجامدەدرێن رەوانە دەکرێن، کە راستییەکەی بەشی زۆری ئەو داوەتانە بۆ سەردان، ئاهەنگ، گەڕان و چارەسەری نەخۆشیین، کەچی هیچێک لەوانە داوەتێکیان بۆ ئەحلام نەنارد، تا سوود لە ئەزموون و نووسینەکانی وەربگرن و هاوکاتیش هەدادانێک بدا، مایەی پرسیار و گومان نییە ؟!
ئەحلام وەک چۆن لە ژیانیدا شێوازێکی خۆکرد بوو، لە نووسینی رۆژنامەوانیش، خاوەن شێوازێکی فرەدەنگیی بوو. ئەوەی نووسینەکانی لە رۆژنامەی “هاوڵاتی” و “چەتر” و بلاوکراوەکانی تر خوێندبێتەوە، ئەو فرە رەنگییە لە شێوازی نووسینی ئەودا دەبینێ. لێ مخابن، هێندەی ئێمە بیزانین، کاتی خۆی رۆژنامەی “هاوڵاتی” دوای ماوەیەکی کورت ئەو گۆشەیەیان لێستاندەوە، هەرچەندە راگرتنی ئەو گۆشەیەی ئەحلام لە لایەن بەرێوەبەرانی “هاوڵاتی”یەوە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی بوو، لێ ، ئەوەندەی ئێمە بیزانین لە دەمی هاوڕێیەکانییەوە، هۆیەکەی ئەوە بوو، نووسینەکانی ئەو ئەدەبی بوون، ئەو تەرزە نووسینە ئێستێتیکییەش ئەو بازاڕ گەرمییەی بۆ “هاوڵاتی” دروست نەدەکرد کە “هاوڵاتی” پێویستی پێ هەیە. ئەلبەت قسەیەکی سەیر ناکەین، کە بلێین رۆژنامەی کوردیی، هێندەی مەبەست دەستکەوتی ماددیی و ورووژاندنی بابەتی خۆشی رۆژانە خێرایە، هێندە ئامانجی کولتوورسازیی و هەڵکوڵین نییە. لەوەش غەمگینتر، کارکەنارکردنی ئەحلام بوو بەوشێوازە ناشیاوە لە زانستگەی سلێمانیدا. ئەوەندەی ئێمە لە هاوڕێیەکانی ئەحلاممان گوێ لێبووە ئەوەیە، کە زانستگەی سلێمانی بە هۆی کاریگەریی بەرچاوی ئەحلام لەسەر خوێندکارەکانی زانستگە و شێواز و کەسایەتییە رێزپەڕییەکەی وی لە ژیاندا، کارکەنارییان کرد.
هەنووکە پەسندانی ئەحلام لە لایەن ژن\ئافرەتە چاڵاکەکانی بواری ژن و رۆژنامەنووسییەوە، کە ئەحلام خۆی وەسییەتی کردبوو نامەوێ دوای مردنم باسم بکەم، هەمان شین و واوەیلای پیاوە سیاسیی و ئەدەبییەکانە نییە بۆ مردووان؟ لەوەش گەڕێ، ئەدی تا ئەحلام ماڵئاوایی نەکردبوو، بۆ جارێک بۆ جوانیش بێ نووسینێکتان لە بارەیەوە نەنووسی؟ ئەحلام بە دەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند کە لەوێ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی ئاسان نەبوو، ئەوە ئەرکی رێکخراوەکانی ژن\ئافرەتان بوو لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کە پەرۆشی بن.
ئەلبەت ئەحلام خۆی تا لە ژیان بوو، بە دەنگی بەرز گاڵتەی بەو رێکخراوانەی ژن\ئافرەتان و بگرە زۆرینەی ژن و پیاوە رۆژنامەنووس و شاعیرەکانیش دەهات، ئەمەشی بە ئاشکرا دەنووسیی و دەگوت. چونکە دەیزانی هەموویان تەنێ بە زار ئازادن کەچی لە ژیاندا شەرمنن، بۆیە بێباکانە خۆی لە هەموو ئەو ژاوە ژاوەی کە بەناوی ژنەوە لە مێدیا و رێکخراوەکانی ژن\ئافرەتان لە ئارادابوون، دوور گرتبوو. هەنووکەش، وەک لە سایتی “خەندان” بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، ناسیاوەکانی ئەحلام گلەیی لە نووسەران دەکەن، کە لە کاتی شاردنەوەی تەرمە شەکەت و رووحە ئازادەکەیدا، تەنێ یەک نووسەر ئامادە بوو بوو. ئەوەندە بەسە کە بزانین ئەو رێکخراوانەی ژن\ئافرەتان، نووسەرە پیاوەکان، ژنە بەناو خابەتکارەکانی دۆزی ژن\ئافرەتان، و”راوێژکار” و “خەبیر”ە مووچەخۆر و تەقاویتەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی کوردستان خاوەن چتۆ ئاستێکی ئێتیکیی و پەرشخۆرێکی ئازادیی مرۆڤ و ئەحلام مەنسووری بوێرن!
دەبێ بڵێین، رەخنەی ئێمە لەو ئاکار و دۆخەی بواری رۆشنبیریی و رێکخراوەکانی ژن\ئافرەتان مەبەستێکی تایبەتی لە پشتەوە نییە، بەڵکە مەبەست لەو رەخنەگرتنە ئەوەیە کە ئاماژە بەوە بکەین، ئەوە ئەرکی ناوەندە رۆشنبیریی و رێکخراوانەی ژن\ئافرەتانە دەست بە دەنگی تاکەکەسەکان و نووسەرە پیاو\ژنە بەهرەدار و بوێرەکانەوە بگرن، تاکوو ئەو دەنگانە بواریان بۆ بڕەخسێ وزەی خۆیان تاقیبکەنەوە و بەمەش کاریگەریی ئەرێنییان بەسەر دۆخی نەریتگر و باوی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەبێ. دیارە بەشێک لە هۆکردی مانەوەی نەریتی خێڵ و رەوایەتی کوشتنی ژن و دەمبەستکردنی وزە و ویست و خواستی دەنگی تاکەکەسە جیاواز و ئازادەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، باڵادەستی ئەو نەریتە کۆن و خوێنتاڵکردنەی مرۆڤ و مردووپەرستییەیە. تا ئەو کولتوورئاکار بەدە، پەراویزخستن و دەمبەستکردنە بە دژی وزەی تاکەکەسە جیاوەزەکان و دەنگە بوێرەکان لە ئارادا بێت، کۆمەڵگەی کوردستان لەو دۆخە نەگۆڕە، خێلسالار ئاکارە بەدانە ئازاد نابێت.
لە پەرۆشی ئەو دیدەوە، گەرەکە ئاماژە بەوە بکەم، کە من وەک هەندرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووم: ” ئه‌حلام مه‌نسوور، یه‌کێکه له جه‌ربه‌زه‌ترین ژنه نووسه‌ری کورد. ئەو ژنە، به رای من، له حهفتایەکانهوه، هاورۆژگاری نه‌وال سهعداوییە له چیڕۆک و نووسینه‌کانیدا، بۆ نموونه، له کۆچیڕۆکی “پرد” دا ئه‌و پرسیارانه‌ی وروژاندووه که هه‌تا ئه‌مڕۆش له ئارادان. هه‌ر بۆیه به به‌راورد له‌گه‌ل ره‌وشی کۆمه‌ڵگای میسر ، ئه‌حلام مه‌نسوور زۆر جه‌ربه‌زه‌تره له نه‌وال سه‌عداوی. چونکه ئه‌حلام له حه‌فتایه‌کاندا کاتێک باسی ئازادی ژن و له‌وانه‌ش ئازادی سێکسی ورووژاند، نووسه‌ره ژنه‌کان له په‌نجه‌ی ده‌ستێک تێنه‌ده‌په‌ڕین.
ئەوکات ئەگەر ئه‌و بکوژرابا، نە هیچ پشتیوانییه‌کی له رووی قانوونی هه‌بوو نه لەو کاتیش‌دا رێکخراوی ژن\ئافرەتان هەبوون تا داکۆکی لێبکەن. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌حلام رچه‌شکێن بوو، ئه‌و پرسیارانه‌ی ئێستا ژنی کورد سه‌رقاڵه پێیانه‌وه، ئه‌و له حه‌فتا و ههشتهیهکاندا ورووژاندبووی من ده‌زانم نه‌وه‌ی داهاتوو له به‌های ئه‌و ژنه تێده‌گه‌ن. ده‌شزانم ژنه خاوه‌ن رێکخراو و نازگیراوهکان لای حیزبی کوردیی، حه‌ز ناکه‌ن دان به ده‌ستپێشخه‌ریی و رچه‌شکێنی ئه‌حلام مه‌نسوور بنێن. لێره‌وه له جیاتی ژنی کورد، ستاییش و سڵاو بۆ ئه‌حلام ده‌نێرم. بڕواشم وایه په‌خشان و نووسینه‌کانی ئه‌حلام له حه‌فتایه‌کان و ئێستاشدا، دابڕانێکه له نووسینی مێینه‌ی کوردی. به کورتی هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی ئه‌مڕۆی ژنی کورد که به به‌شێکی زۆریان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و سته‌مه‌ی لێیان ده‌کرێ، هێشتا له زمانه خورت و جهربهزەییەکهی ئه‌حلام تێپه‌ڕیان نه‌کردووه…”5
بەڵێ، بخوێنی بەرهەمەکانی ئەحلام دەزانێ، لە مدیوی نووسینەکانییدا ژنێکی میهره‌بان هەیە، چونکە ئەو بۆ رۆحه ئازاده‌کان دهدواو ئاسمانه‌کانی خۆی به ئه‌وان ده‌ناساند. بۆیه به‌هار به ره‌نگی جوانی گوڵه‌کانی له و ده‌گه‌یشت و پێێ ده‌گوت تۆ بدوێ بۆ رۆحه هیلاکه‌کان، بدوێ بۆ ته‌نیایی خۆت، که ده‌دوێیت ده‌نگت لێره‌یه ، زیندووییت ئاماده‌یه، تا میلله‌ت رێنوێنی بکه‌یت. تۆ باکت به کوێره‌کان نه‌بێ، خۆ ئه‌وان جوانی نابیستن!، بدوێ بۆ به‌هار، بۆ جوانی ، بۆ گه‌شانه‌وه له دڵی میلله‌ته‌که‌تدا ، ئه‌م میلله‌ته‌ی تۆ له دڵه‌وه عاشقی بوویت و ئه‌ویش رۆژێک وه‌ڵامێکی عاشقانه‌ی بۆ نه‌ناردیت. مه‌رگ هات وههناسهکانتی رفاند‌و تۆی جێهێشت، چونکه ئه‌ویش له‌مه تێده‌گات، که گه‌شته ونه‌کانی خۆی به تۆ نامۆن و تۆ لێره ده‌مێنیته‌وه بۆ تاهه‌تا.
وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد‌و ژنێکی سه‌ربه‌خۆ، له رۆحێکی یاخیدا له دایک ده‌بوویت، تا راستگۆیانه بڵێی تا ده‌مرم هه‌ر ناڕه‌زایی ده‌رده‌برم. داده ئه‌حلام له غه‌می گوڵه بێبههارهکان و،ئازاری په‌پووله‌کان، بێنازی خوێندکاره‌کانی و بێ‌زانستی زانکۆ‌و، نه‌زانی ده‌مراست و پێشه‌نگه‌کانی میلله‌ته‌که‌ی، له‌نێو دووکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌یدا ون ده‌بوو، له رۆحی نووسیندا، له دهرگایەکانی ئاسمانێکی ساماڵ و خۆرێکی رووناکدا ده‌رده‌که‌وت. نزیکتر ده‌بوه‌وه له خۆی تا بتوانێ جوانتر له کۆمه‌ڵگه یاخی بێ و ئارامتر به دواکه‌وتوویی بڵێ ئه‌مه بێباکیهکانی من به‌رانبه‌ربه تۆ‌و، تۆش ئازادی له به‌ردباران کردنی من. تا بڵێ من تا مردن خۆمم و که‌سێکی تر نیم و ناره‌زاییه‌کانم به‌رده‌وام ده‌بن، تا ناشرینیه‌کانی ئازار‌و زوڵم ونا یه‌کسانی و فرمێسکه بێده‌نگه‌کان و تیرۆری رۆح و جه‌سته له ئارادابێت.
کاتێک ده‌سته‌خوشکه‌کانی ئه‌حلام له جیهاندا به خه‌ڵاتی بلیمه‌تی و رێزلێنان پێشوازیان لێده‌کرێت و رۆحیان به تیشکی نه‌مری به‌ره‌و جیهانی رووناکی به‌ڕێ ده‌خرێ، ئه‌حلام لێره له نێو تاریکیدا رۆحی به‌ردباران ده‌کرێ. ئه و له سه‌رزه‌مینێکی تاریک له دایک بوو، میلله‌ته‌که‌ی له سه‌ده‌یه‌کی دره‌نگدا خه‌ریکی خه‌وێکی قووڵه ،کاتێ ئه‌و زوو له رۆحی کچێکی یاخیدا هه‌ستی به‌م کاره‌ساته کرد‌و خه‌وی قوڵی میلله‌ته‌که‌ی دڵی راچڵه‌کاند.
ئه‌و، وه‌ک نووسه‌رێکی رۆشن رۆح و یاخی، نامۆ به سه‌رده‌می خۆی، ده‌بێته ئاوازی لاوکێکی غه‌مبار، تا نه‌وه‌کان به‌سه‌رسامی بیخه‌نه نێو لاپه‌ره‌ی کتێبه‌کانی نه‌مری. ئه‌و وه‌ک هاوه‌ڵه هاوچه‌رخه‌کانی له جیهاندا خه‌باته‌کانی نه‌ده‌خرانه نێو به‌رزی ئاسمانی داهێنان به‌ڵکو وه‌ک ده‌سته خوشکه کوژراوه‌کانی نێو مێژووی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست، له سێداره ده‌درا.
ئه‌حلام وه‌ک ئه‌وه‌ی له داهێنان وبلیمه‌تی بێهاوتا بوو هه‌رواش به ته‌نیا، به‌ره‌و رووی مه‌رگ بوه‌وه،.تا مه‌رگ زیاترله هه‌ناسه و ماڵه‌که‌ی ئه‌و نزیکتر ده‌بوه‌وه، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که له رۆحی ئه‌و ده‌گه‌یشتن که‌متر ده‌بوونه‌وه‌و فهرامۆشکردنهکانیشی باڵایان ده‌کرد. تا ئه‌و زیاتر عاشقی خاک و میلله‌ته‌که‌ی ده‌بوو ئه‌وان لیی دوورتر ده‌که‌وتنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به دڵی پڕ له میهری خۆی دواجار به میلله‌ته‌که‌ی گوت “ترسی مردنم لێ نه‌نیشتووه، چونکه له خاکه پیرۆزه‌که‌ت ده‌نێژرێم.6
————————————–
پەراوێز و ژێدەر:
1چه‌تر پرێس، ئه‌حلام مه‌نسور.
2. چهترپرێس ..من لهزینداندام له کوردستانێکی ئازاد..ئه‌حلام مه‌نسور
3. ئه‌م وشه‌یه تایبه‌ته به ئه‌حلام مه‌نسور، له زۆر شوێنی نووسینه‌کانیدا وه‌ک وشه‌یه‌کی سه‌رنجراکێش و جوان ده‌رده‌که‌وێ.
4چهترپرێس..مۆڵکدارێتی تێڵای داب و نه‌رێتی کورده‌واری…ئه‌حلام مه‌نسوور.
5.ئەو چاوپێکەوتنە خاتوو ڤینۆسی فایقی شاعیر و رۆژنامەنووس لەگەڵی ساز کردبووم، کە لە ژماره 176 و 177، 2007ی رۆژنامه‌ی “کوردستان راپۆرت”دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، دواجاریش لە کتێبی “زمان ئاسۆیەکە لە نێوان ئاسمان و زەویدا” بڵاومکردۆتەوە.
6.چهترپرێس.. خاوه‌نشکۆ = میلله‌ته‌که‌م (2).. ئه‌حلام مه‌نسور.
2013.1.15 سوێد- ئەلمانیا
کنێر حەسەن خانم و هەندرێن