Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەم گەنجانە دەنگەکانی خۆیان لەدەسەلات وەردەگرنەوە

ئەم گەنجانە دەنگەکانی خۆیان لەدەسەلات وەردەگرنەوە

Closed
by February 22, 2011 گشتی


(ئه‌وانه‌ی په‌لاماری باره‌گاکانمان بده‌ن تا بۆمان بکرێت ده‌سته‌کانیان ده‌بڕینه‌وه)
فازل میرانی

خۆپیشاندانی رۆژی 17/2 لەسلێمانی و سوتاندن و تالانکردنی بنکەکانی گۆران لەهەولێرو سۆران بەهەموو  پێوەرێک رووداوی زۆر گرنگ و مەترسیدار بوون. گرینگ بەو پێیەی میللەتی کورد چی دیکە بەرگەی ئەو دزی و تالانی و دەسەلات قۆرخکردنە ناگرێت کەدەسەلاتی کوردی زۆر بێباکانە پەیرەوی دەکات . مەترسیدار بەو پێیەی لەلایەک خۆپیشاندانەکان  چوونە قۆناخێکی دیکەوە ئەویش ئەنجامدانی توندوتیژی کەبەهەموو پێوەرێک کارێکی نەشیاوەو نابێت هیچ کەس و لایەنێک پشتیوانی لێبکات. لەلایەکی دیکەشەوە مەترسیدار بەو پێیەی دەسەلات ئەگەر لەبەرامبەر هەندێ کاری نێگەتیڤی برێک گەنج و لاوی ئەم ولاتەدا کەبەشێکیان هەرزەکار بوون ئاوا بەرپەرچی میللەت بداتەوە ، ئاخۆ لەراپەرینێکی فیعلیدا دەبێ چی لەخەلک بکات؟. ئەوەی ئەمرۆ ئێمە دەیبینین بریتی نیە تەنها لەبەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەلکو بریتیە لەپەیرەوکردنی توندوتیژییەکی هەرەمەکی نامرۆڤدۆستانە لەلایەن دەسەلاتەوە. دەرئەنجام دەسەلات دەیەوێ پێمان بلێت هەرکەس واتێبگات کوردستان و میسر چون یەکن ، ئێمە بەو شێوەیە وەلامتان دەدەینەوە.
توندوتیژی لەدەسەلات کەبەو هەموو رێکخراو پیاوە عاقلانەوە بەشێوەیکی هەرەمەکی تەقە لەخەک دەکات و بشێوییەکی گەورەی لەناو کوردستاندا دروست دەکات، قبول ناکرێت. بەیاننامەکانی حکومەت و پارتی و سەرۆکایەتی هەرێم زۆر ناتەواو نا مەنتیقی بوون چونکە داوای لێکۆلینەوەو سزای توندی بۆ ئەوانە دەکرد کەپەنجەرەکانی لقی چواریان شکاند بەڵام بەهیچ شێوەیەک باس لەسزاو تاوانی ئەو هەوادارانەی پارتی نەدەکرد کەبنکەکانی گۆرانیان سوتاندو ئەو گەنجانەیان کوشت و بریندارکرد. هەموو بەیاننامەکان نەیانتوانی بێلایەنی بپارێزن و بارودۆخەکە بەو شێوە هێور بکەنەوە کەنیشانەی دەسەلاتێکی عاقل بۆ خەلک نمایش بکەن. دەبوایە عەقلی دەسەلات لەعەقلی رێژوان گەورەتر بوایە کەتەمەنی 14 سالەو لەتاو گەندەلێ دەسەلات هەناسەی بۆ نادرێت. لەلایەکی دیکەوە هێنانی هەر هێزێک لەهەولێرەوە بۆ سلێمانی ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەناو مالەکەی خۆیدا ژیانی لەمەترسیدایە. بەشێوەیەکی دیکە هەرچی نووسەرو چالاکوان هەیە کەتا ئێسا دژ بەپارتی شتی نووسیوەو قسە دەکات ، ئەمرۆ هەست بەمەترسیەکی گەورە دەکات. لەلایەکی دیکەوە ئەمە لاوازی یەکێتی نیشان دەدات کەناتوانێت ئاسایش لەو تاقە شارەدا دابین بکات کەلەژێر دەستیدایەو ئەوەندەی دیکەش لەبەرامبەر پارتیدا بچوک بووەوە. لەنێو هەموو ئەمانەشدا نەوەیەکی نوێ بەرێوەیە قەناعەتی بەوە هەیە کەچیتر ناتوانێت بەرامبەر بەتوندوتیژی و نادادپەروەرییە دەسەلات بێدەنگ بێت. بەداخەوە ئێمە دەسەلاتێکمان هەلبژارد کەببێتە بکوژی مندالەکانمان.
بەپێی ناوەرۆکی بەیاننامەکان و لێدوانی بەرپرسەکان، مامەلەکردنی دەسەلات لەگەل ئەم خۆپیشاندانەدا مامەلەکردنێکی زۆر خراپ و هەرزەکارانە بوو کەلەوانەیە هەموو بارودۆخەکەی بەرەو راپەرینێکی جەماوەری ببردایە. هێمنکردنەوەی ئەم بارودۆخە بەکوشتنی خەلک و سوتاندنی بارەگای حیزبەکان نایەتە دی. لەلایەک دەسەلات دژی توندوتیژیەو لەلایەکی دیکەشەوە خۆی توندوتیژییەکی بێوێنە پیادە دەکات و تەنانەت مندالەکانیشمان تیرۆر دەکات. نابێت دەسەلات کاردانەوەی ئەو گەنجانە بەسەرسورهێنەر تەماشا بکات چونکە ئەوە دەرئەنجامی ئەو گەندەلیەیە کەدەسەلات لەبواری پەروەردەدا پیادەی کردووە. بەشێوەیەکی دیکە لەبری کەسانی شارەزاو بەتوانا دەسەلات یەک دونیا کەسی حیزبی نەشارەزای داناوە کەگەنج و مندالەکانمان بەو شێوە توندوتیژە پەروەردە دەکەن.
لەدوای شۆرشی میسرەوە دەبێ مرۆڤ تێروانینێکی دیکە بۆ هەلبژاردن و دیموکراسی هەبێت. دەبێت سەرجەمی ئەو  سیاسەتمەدارو دەسەلاتانەی لەرێگەی هەلبژاردنەوە هاتوونەتە سەر حوکم بەوردی بیر لەوە بکەنەوە کەحکومەتی هەلبژێردارو سەرۆکی هەلبژێردراویش هیچ مانایەک و بەهایەک نابەخشن  ئەگەر لەرۆژی یەکەمەوە دەست بەچاکسازی و بنبرکردنی ئەو دیاردانە نەکەن کەدەسەلاتی پێش خۆیانی لەکەدار کردبوو. ئەو %70 یەو ئەو هەموو کورسیانەی پەرلەمانیش هیچ مانایەک نابەخشن بەو دەسەلاتە ئەگەر بەو شێوەیە مالی میلەت بۆخۆی ببات و لەچەندین کۆمپانیاو پرۆژەی زەبەلاحدا کەلەکەی بکات.  ئەو پەرلەمانە چ شەرعیەتێکی هەیە کاتێک لەسەر کوشتنی مندالەکانمان نەوێرێت یەک قسە بکات.
ئێمە لەبەردەم نەوەیەکی چاونەترسداین کەبەو بەهانانەی دەسەلاتی کوردی شەو رۆژ پێمان دەفرۆشێتەوە، قەناعەت ناکەن. ئەو نەوەیە جیاوازی لەنێوان ئازادی و دیموکراسیدا دەکات و ئەو پانتاییە گەورەیەی نێوان خۆی و دەسەڵاتیش دەبینێ. دەسەڵات بەبەردەوامی باسی شانازییەکانی خۆیمان بۆ دەکات، باسی ساوایەتی ئەو ئەزموونە دەکات کە 20 سالی تێپەر کردووە، باسی خوێنی شەهیدان و رۆژانی شاخمان بۆ دەکات، باسی ئەوەمان بۆ دەکات گەندەلی هەیەو چارەسەری ناکەن. لەهەمووشی سەیرتر ئەوەیە ئەوان بەهەلبژاردن هاتوونەتە سەر حوکم و ئەگەر ئەم دەسەلاتە لابدەن دوژمنەکان هێرشمان دەکەنە سەرو … هتد.
من دلنیام ئەگەر واز لە دەسەڵاتی کوردی بێنیت پاش 50 سالی دیکەش ئەم شتانە دووبارە دەکەنەوە. ئەوەی جێگای دلخۆشیە ئەو نەوەیەی ئەمرۆ بروای بەم قسانەی دەسەلات نیە، چونکە ئەوانە تەنها دەمامکێکن بۆ مانەوەیان لەسەر دەسەلات. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ئەمانەش راستبن ئەوە کەمتەرخەمی دەسەلاتەو مانای وایە ئەم دەسەلاتە ئەمەی پێ چارەسەر ناکرێت. ئەم نەوەیە دەنگ بەدەسەلات دەدات بەڵام ناتوانێت چاوەروانی چوار سال بکات بۆ ئەوەی بزانێت دەسەلات راست دەکات یا نا. کاتێک دەسەلات دەست بەکوشتنی ئەم نەوەیە دەکات و لەناو شاردا خەلتانیب خوێنی دەکات ئیدی ئەم نەوەیە لەناوەراستی مەنداتی حوکمیشدا بێت ئامادەیە دەنگەکانی لەدەسەلات وەربگرێتەوە.
مرۆڤ دەتوانێت خالە خراپ و باشەکانی بەیاننامەکەی گۆران لەیەک جودا بکاتەوە، بەڵام وەلامی دەسەلات بۆ ئەو بەیاننامەیە هێندە سەرسورهێنەر بوو کەبارودۆخەکەی هێندەی دیکە ئالۆزکرد. ئێمە پێشمەرگەو دەبابە کوردییەکانمان بینی کەئامادەبوون لەسالتەوەختێکی ناعەقلانیدا بەقسەی پیاوێکی هەلەشە هەرچی مانای هاولاتیبوون هەبوو لەناوی ببەن. لەو وەلامەدا دەسەڵاتی کوردی زۆر بەروونی دەلێ تەنها خۆیان دەتوانن پارێزگاری لەنیشتیمان بکەن و ئەگەر ئەوان نەبن ئەم کوردستانە وێران دەبێت یا وێرانی دەکەن. ئەوان نەبن دوژمنەکانمان دەمانروخێنن و ئەم ئەزموونە تێکدەدەن. لەوەلامەکەی دەسەلاتەوە ئەوە روونە کەئەوان جگە لەخۆیان هیچ لایەنێک قبول ناکەن کەدەسەلات بگرێتە دەست و سامانەکەیان لەگەلدا بەش بکات. بەشێوەیەکی دیکە بروایان بەدەستاودەستکردنی دەسەلات نیە.
ئەم نەوە تازەیە رەحم بەکەس ناکات و ئامادەیە دەنگەکانی خۆی وەربگرێتەوە. ئەگەر جارێکی دیکەش دەسەلات لەرێگەی هەلبژاردنێکی نادادپەروەرانەوە بیباتەوە، ئەم نەوەیە هەمان هەرەشەی خۆی دەکات. ئەگەر ئەمرۆ بەشێکی ئەو نەوەیە لەبەر هەر هۆیەک بێت دەنگی بەهێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوە ئەوە سبەینێ هەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبنە بەشێک لەو نەوەیەو رەحم بەهیچ حیزبێکی سیاسی ناکەن. ئەم نەوەیە لەوەش تێدەگات ئەم دەسەلاتە نەک هەول بۆ سەربەخۆیی کوردستان نادات بەلکو بۆتە رێگریش لەبەردەم ئەو سەربەخۆییەدا.
ئەو دەسەلاتەی دەستی بەکوشتنی ئێمە کردووە دەلێ بەلگەمان لەسەر گەندەلی بدەنێ بەڵام کاتێک میدیای ئازاد گەندەلی بەرپرسەکان ئاشکرا دەکات یا ئەوەتا خۆی بێدەنگ دەکات یا ئەوەتا چەندین رۆژنامەو بلاوکراوەی ئازاد دەداتە دادگاو دەیەوێ چۆکیان پێدادەن. ئاخر ئەو بلاوکراوە ئازادانە هەناسەی ئەو نەوە تازەیەن و بەنەمانی ئەوان هەموومان دەخنکێین. 
هەرگیز مەبەستم نیەو نامەوێت دەسەلاتی کوردی بەرژێمە تۆتالیتارەکان بشوبهێنم و سەرکردە کوردەکانیش بەدیکتاتۆرەکان بچۆێنم، بەڵام بەهانەی ئەوەی ئەوان خەباتی شاخیان کردووە بۆ رزگاری کوردستان نابێت ببێتە پاساو بۆ گەندەلی و خراپ بەکارهێنانی دەسەلات و فەرامۆشکردنی کوردستانێکی ئازاد. هەموو سەرکردەی ولاتە سۆسیالیستەکان وەکو ئێوە خەباتی شاخیان کردو زۆر خۆشەویست بوون لەناو میلەتەکەی خۆیاندا، بەڵام هەموویان لەرێگەی دەسەلاتەوە بوون بەدیکتاتۆر. بۆیە نەوەی نوێ هەندێکیانی کوشت و هەندێکیانی راوناو هەندێکیانی دایە دادگا. دەبێ ئەوەش یاداشت بکەین ئەوانیش وەکو دەسەلاتی کوردی شۆرشگێرو خەباتگێرو خۆشەویست بوون. ئەوانیش بەرێژەی 99% هەلبژێردران.
  من هەرگیز ئاواتی ئەوە ناخوازم داهاتووی سەرکردەکانی کورد وەکو دیکتاتۆرە هاوچەرخەکان بێت، بستێک زەوی نەبێت تیایدا بحەوێنەوە. بەڵام ئاوت بەوە دەخوازم ئەوان نەوەی نوێ رازی بکەن بۆ ئەوەی لەهەلبژاردنێکی بێگەردا چەندین جار هەلیانبژێرنەوە. قەناعەت بەو نەوەیە بکەن کەهەرچی سامانی ئەم ولاتە هەیە بۆ خۆشگوزەرانی خەلکی خەرج دەکەن. ئاواتی ئەوەم هەیە دەسەلات  بۆ ئەم نەوەیەی بسەلمێنن کەلەسەرەتای راپەرینەوە تاوەکو روخانی موبارەک یەک دۆلاریان بەنارەوا نەخستۆتە گیرفانی خۆیانەوە!!  ئا بەم شێویە دەسەلات ئەزموونی کوردستانی ناشیرین کردووەو ولاتی خستۆتە بەر مەترسی و رەخنەی هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە. ئێمە خۆمان دەسەلاتێکمان هەلبژارد کەتەحەمولی بەردتێگرتنی مندالەکان ناکات. خۆمان رەوایەتیمان دایە ئەو دەسەلاتە بۆ ئەوەی مندالەکانمان بکوژێت. ئێمە دەسەلاتێکمان هەلبژارد کەسەرکردەکانی بەرگری لەدیکتاتۆرەکان دەکەن و بەو پەری نەرمی لەگەل هێرشە سەربازییەکانی دوژمنەکانماندا قسە دەکەن بەڵام بەگوللە قسە لەگەل مندالەکانماندا دەکەن. ئێمە خەتای خۆمان بوو 
ئەوەی دەسەلاتی کوردی ویستی لە 17/2 دا پێمان بلێت ئەوەبوو دوای خۆیان کەسی دیکە نابێت فەرمانرەوایی ئەم ولاتە بکات. ئەگەر پێویست بکات تەنانەت مندالەکانیش دەکوژرێن بەبێ ئەوەی کەسیش لەسەر ئەو تاوانە دادگایی بکرێت. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئو نەوە نوێیەی بەرێوەیە  نەوەیەکە دەیەوێت دەسەلات بگۆرێت و 17/2 دەکاتە سەرەتا.

فایەق سەعید

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.