Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنەگرانی

ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنەگرانی

Closed
by November 25, 2010 گشتی

“ئانارکیزمی ئه‌مڕۆ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لێک مه‌سه‌له‌ی دیکه‌ی خه‌باتی سیاسیدا هه‌ڵوێستی ره‌فزی ئێجگاره‌کی هه‌یه‌ ، له‌وانه‌ :
ره‌تکردنه‌وه‌ی کاری سیاسی توخمه‌ پێشڕه‌وه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌ دامه‌زراوه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی بۆرژوازیداو دژایه‌تیکردنی کۆمه‌ڵه‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کان و سه‌ندیکا کرێکارییه‌کانی ژێر سایه‌ی ئه‌م سیستمه‌و داواکردنی دامه‌زراوه‌ی کرێکاریی (پاک و بێگه‌رد) ی کۆمۆنیستانه‌ ! که‌چی له‌ هه‌مان کاتدا حزبی سه‌ربه‌خۆی چینایه‌تی پڕۆلیتاریا ره‌فز ده‌که‌ن و وه‌ک ده‌سه‌ڵات و ئامرازی سه‌رکوتکه‌رانه‌ی پڕۆلیتاریا وه‌سفی ده‌که‌ن ، یان بانگه‌شه‌ی حزبی کۆمۆنیستی پڕۆلیتاریی جیهانی ده‌که‌ن که‌ واقیعی خه‌باتی چینایه‌تی پڕۆلیتاریا ئیمکانی بوونی حزبێکی ئاوه‌های نییه‌ . ئه‌م حزبه‌ جیهانییه‌یان به‌ به‌دیلی ئینته‌رناسیۆنالیزمێکی کۆمۆنیستی نوێ داده‌نێن . „

نووسەر لەو پەڕی دڵنیاییدا دیسانەوە بەپێی بۆچوونی گروپێکی هاوئایدیلۆجیای خۆی، ئەنارکییەکان تۆمەتبار دەکات. بەڵێ ئەوەی کە ئەنارکییەکان سەراپای کۆمەڵگەی چینایەتی بە دەوڵەت و پەیوەندی و ڕێوشوێنی مرۆڤەکانەوە ڕەتدەکەنەوە و هەوڵی تێكشکاندنی هەر دەزگەیەکی قوچکەیی (هرمی،herarchy) دەدەن، گومانی تێدا نییە و داکۆکی لەسەر دەکەم. بەڵام دیسانەوە تێنەگەیشتن لە هزر و نەناسینی ئەنارکییەکانە، کە بە دژایەتی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان و سەندیکا کرێکارییەکان تۆمەتبارییان بکەیت[9]. چونکە هەر لە سەردەمی (پرۆدۆن)ەوە ئایدیای کۆمەڵە هەرەوەزی (الجمعیات التعاونیة) لەتەك نێوی ئەنارکییەکان گرێیخواردووە و هەرەوەزییە جوتیارییەکانی ئۆکرانیا کە دژی بۆلشەڤیکەکان بوون و هەرەوەزییە جوتیاری و کرێکارییەکانی ئیسپانیا، کە دژی فرانکۆ و ستالینیستەکان بوون، باشترین و زیندووترین نموونەن و ئەنارکۆ-سەندیکالیزمیش کە نووسەر کەمێك بە پۆزەتیڤ هەلدەسەنگێنێت، شێوەی ڕێکخستن و شێوازی خەباتی ئەنارکییە لە بواری ڕێکخستن و خەباتی جەماوەریدا. ئەنارکییەکان بەپێچەوانەی مارکسیستەکانەوە, کە پێیانوایە سەندیکاکان تەنیا ئامرازی بەدەستهێانی چەند پاروویەك نانن، لای ئەنارکییەکان ئامرازی بەدەستهێنانی نان و فێرگەی پەروەردەکردنی خەباتکاران و سەنگەری کەتواری شۆڕش و یەکەی ڕێکخستنی کۆمەلگەی داهاتووشن، ئەوەی کە لە ژێر کارایی ئایدیای ئەنارکییەکان و سۆشیالیستە شۆڕگێرەکاندا لە شۆڕشی ١٩١٧دا کرێکاران  لە ڕێی سۆڤیەتەکان و کۆمیتەکانی کارخانەوە هەم دەستییان بەسەر کارخانەکاندا گرت و هەم لە کرۆنشتات و ئۆکرانیا ویستیان دەسەڵاتی سەپاوی بۆلشەڤیکەکان وەلا بنێن و لە ڕێی خۆبەڕێوەبەرایەتی (الإدارة الذاتية ) خۆجێی کرێکاران و جوتیارانەوە دوور لە دیکتاتۆری پارتی بۆلشەڤیك، کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن، هەروەها ڕۆڵی (cnt-ait) لە ئیسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ کە بە ئایدیاکانی ئەنارکۆ-سەندیکالیزم پشتئەستوور بوو، باشترین ڕەتگەرەوەی تۆمەتە نابەجێکانی نووسەرن. ئایا مێژوو و قوربانییەکانی باشترین بەڵگە نین بۆ سەلماندنی بۆچوونەکان، لە بەرامبەردا من تەنیا داوای یەك تاکە ڕستە دەکەم، کە ئەنارکییەکان تێیدا کۆمەڵە هەرەوەزییەکان و سەندیکا شۆڕشگیرەکان ڕەت بکەنەوە! ئایا ڕەتکردنەوەی سەندیکا و یەکێتییە زەردەکانی پاشکۆی دەسەڵاتی بۆرجوازی، لای کۆمونیستەکان دەچێتە خانەی دژایەتی خەباتی جەماوەرییەوە؟ من دەزانم کە ئەو گروپە نووسەر باسی دەکات، دژایەتی خەباتی جەماوەری دەکات، بەڵام وەك وتم ئەوان نە ئەنارکیستن و نە دەتوانن دەستبەرداری دەسەڵاتخوازی و دەستەبژێری و ئایدیالیزیمە مارکسیستییەکەیان بن!

نووسەر ئەوەندە تووشی بانێکە و دوو هەوا و ناکۆکی لەتەك خۆیدا بووە، نازانێت چۆن خۆی دەرباز بکات. ئەو ڕەتکردنەوەی پارت لەلایەن ئەنارکیستەکانەوە [کە هەروا لە لایەن کۆمونیستە سۆڤییەتییەکان (Council Communists )یشەوە ڕەتکراوەتەوە]، لەتەك پارتایەتی جیهانی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست، کە لە پارتایەتییەکەی لێنین تێپەڕیانکردووە، تێکەڵ دەکات و سەر لە خوێنەری نائاشنا بە ئەنارکیزم دەشێوێنێت. بەڵێ پارت پێکهاتەیەکی قوچکەیی سەرکوتگەرانە و زەمینەسازی سەروەری دەستەیەك بەسەر دەستەیەکی تر و چینێك بەسەر چینێکی تردایە و بۆ تاکی هوشیار شەرمەزارییە مل بە فەرمانبەری دەستەبژێری سەرکردایەتی پارت بدات و ببێتە ئەندامی پارت. پارت کوتەکی سەرکوت و تۆری ڕاوی ئەو تاکانەیە، کە ئایین و خیڵ و ناسیونالیزم نەیتوانیوە دەستەمۆیان بکات و پارت ئەو ئەرکە دەکێشێت. ئیتر ئەو پارتە جیهانی بێت یا گەڕەکی، کۆمونیستی بێت یا ئیسلامی، پارت هەر پارتە و ئەندامێك کە لە دەرگەی پارتەوە دەچێتە ژوورەوە، ئەگەر گوێ لە دەنگی ئازادیخوزانەی ناخی خۆی بگرێت، ئەوا ناچار دەبێت لە پەنجەرەوە هەڵەداوان ڕابکات، بەڵام ئەگەر گوێ لە دروشمە بریقەدارەکانی دەستەبژێری سەرکرایەتی بگرێت، ئەوا پارت دەبێتە گۆڕستانی خەونەکانی و دواجار مانەوەی بە گێلبوونی تەواو دەبێت و ڕۆبۆتێکی لێ دەردەچێت!

“ره‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و هاوبه‌شیکردنی مه‌شرووع و یاسایی له‌ ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، تا له‌م رێیه‌وه سه‌کۆی په‌رله‌مانی بۆرژوازی بۆ خه‌باتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی به‌کاربهێنرێت . ئه‌وان پێیانوایه‌ که‌ پرۆلیتاریا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک و له‌ هیچ شوێنێکدا نابێت توخنی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌زگا بۆرژوازییه‌کاندا بکه‌وێت ، به‌تایبه‌تی په‌رله‌مان و ، هه‌رچی هه‌ڵبژاردنێک هه‌یه‌ پێویسته‌ موقاته‌عه‌ بکرێت . „

بەڵێ، هەرچەندە لێرەشدا نووسەر هەر مەبەستی ئەو گروپەیە، ئەنارکییەکان هەموو شتێکی (مەشروع و یاسایی) ڕەتدەکەنەوە، بەڵام بەبێ ئەڵتەرناتیڤ نا، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە پێیانوایە هیچ ناگۆڕێت و ئەزموونەکانی دووسەد ساڵەی رابوردووش نیشانیانداوە، کە تەنیا کۆمەك بە درێژبوونەوەی چاوەڕوانی و خۆشباوەری خەڵك بە گۆرانی دڕندەیی چینایەتی و کۆتایی هاتن بە ستەمی چینایەتی و سەروەری چینایەتی لە ڕێی بەشداری پارلەمانەوە، دەکەن و بە پێچەوانەوە ئەگەر شۆڕشگێڕترین تاك یا نوێنەری چەوساوان چووبێتە کایەکانی پارلەمانەوە، ئەوا بووەتە دەسکەلا و هاوگیرفانی سەرمایەداران و هیچی تر. ئەنارکییەکان تەنیا بە بایکۆت و دەنگنەدان کۆتایی بەکارییان نایێت، بەلکو لە بەرامبەردا بانگەواز بۆ خەباتی ڕاستەخۆ و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی هەرەوەزییە ئابوورییە سەربەخۆکان دەکەن و هەوڵی دەستبەسەرداگردنی خانووبەرە و کارگە و شەقامەکان دەدەن. ئایا ئەمانە (دەنگدان و بەشداری پارلەمان یا خۆریکخستن و سەپاندنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی) کامەیان شۆڕشگێرانە و کامەیان کارا و کامەیان هەنگاونانە بەرەو پراکتیزەکردنی ئایدیا سۆشیالیستییەکان؟ مەگەر سۆشیال-دێمۆکراتەکان و پارتە کۆمونیستەکان بەو نیازەوە نەچوونە پارلەمانەوە، کەچی ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی سەندەوەی دەستەوکەتەکانی چەند سەد ساڵەی خەباتی کۆمەلایەتی و جەماوەرین لەو کرێکارانەی کە بەنێویانەوە چوونە پارلەمان؟

بەشداری پارلەمان و دەزگەکانی تر دەتوانن سەرچاوەیەکی دارایی بن بۆ دەستەبژێری سەرکردایەتی پارتەکان، بەڵام هیچ کات ناتوانن سەنگەر بن بۆ بەدەستهێنانی داخوازی چەوساوان، تەنیا لەبەر هۆیەکی زۆر سادە، ئەویش پێناوێکە کە پارلەمان و دەزگە قوچکەییەکان بۆ مسۆگەرکردنی سەریانهەڵداوە، خۆشباوەڕکردنی خەڵك و فریودانی خەڵکە بە پەردەپۆشکردنی چەکمەی ئاسنینی سەرمایەداران لە دەسەلات و بەڕێوەبردندا. ئیتر نازانم چۆن دەکرێت پارلەمان دژی سەرمایەداران و سەندنی شت لێیان بەکار ببرێت یا بۆ ڕوخاندنی دەسەلات بەکار ببرێت. لە کاتێکدا کە یەکێك لە مەرجە سەرەکییەکانی پاپەندبوونی پارت و هێز و نوێنەرەکانە بە بەندەکانی یاسا و یاساش برتییە لە دابینکردنی سەروەری و ملکەچپێکردنی جەماوەر بۆ ئەو سەروەرییە، کە چەتری پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارانە لە ڕەوایەتیدان بە کاری کرێگرتە و خاوەندارێتی تایبەتیدا؟!

(الشرعی و القانونی) واتە هەر شتێك کە لەتەك سەروەری چینایەتی و بنەماکانیدا (خاوەندارێتی تایبەت و کاریکرێگرتە) تەبا و کۆك بێتەوە، هەر شتێكیش لەتەك ئەواندا کۆك بێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دژی داخوازی و خەونی سۆشیالیستەکانە، لە بەرامبەردا بێگومان هەر لەبەر هەمان هۆیە، کە لەتەك بەرژەوەندی پارت و دەستەبژێری سەرکردایەتی پارت و دەسەڵاتخوازان کۆك و تەبا دێتەوە!

“راست و چه‌پ هێنان به‌سه‌ر دروشمه‌ دێرین و نوێیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانیدا ، ئه‌و دروشمانه‌ی که‌ مارکسییه‌کان به‌رزیانده‌که‌نه‌وه‌ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ شیکردنه‌وه‌یه‌کی دیاریکراو بۆ هه‌ر دروشمێک بکه‌ن و دان به‌وه‌دا بنێن که‌ هه‌ر دروشمێک له‌ کات و شوێنی خۆیدا بایه‌خی تاکتیکی و ستراتیژیی له‌ خه‌باتی پڕۆلیتاریادا هه‌یه‌ . ئه‌وان به‌ توندی دژی دیموکراسی و ئازادی و یه‌کسانی و ئاشتی و هه‌موو جه‌نگێک و مه‌ده‌نییه‌ت و پێشکه‌وتنخوازی و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس بۆ گه‌لان و سۆسیالیزم و …هتد هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه‌و له‌ به‌رامبه‌ریشیاندا ئه‌ڵته‌رناتیڤی خه‌باتی سیاسیی رۆژانه‌یان نییه‌و ئاسۆی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکارانیان له‌لا روون نییه‌ .„

لەبەرئەوەی کە ئەم پەرەگرافە شەڕی خێزانی نێوان گروپە مارکسیستەکان خۆیان دەگرێتەوە و ئەو گروپە بە خۆیان دەتوانن وەڵامی نووسەر بدەنەوە، زۆر لەسەری ناوەستم، بەڵام هێندە دەلێم ئەگەر خوێنەر و نووسەریش سەرنج بدات، ئەوا دەبینن، کە ئەنارکسیستەکان هێڵی چەپ و ڕاست بەسەر ئایدیاکانی مارکس و کۆمونیستەکانی تردا ناهێنن. هەروەها دژی ئازادی  و یەکسانی و ئاشتی و پێشکەوتن و مافی بڕیاردانی خۆبەرێوەبردنی گەلان [دەوڵەتی بۆرجوازی بەنێوی نەتەوەوە نا] و سۆشیالیزم نین، بەڵکو لە مارکسیستەکان ڕوونتر و پەیگیرانەتر و ڕاستگۆیانەتر و کردەییانەتر پێ لەسەر ئەو خواستانە دادەگرن و لە هەموو سەردەمەکاندا ئەنارکییەکان جەنگاوەری گومناوی ئەو پێناوانە بوون. بەڵام بەدڵنیاییەوە بە شێوازی دەستەبژێری و نوێنەرایەتی و خێرکردن بە خەڵك نا، بەڵکو وەك سەرەتاکانی هزری ئەنارکیستی و بە پشتبەستن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەلایەتی. بەپێچەوانەی دەرکی نووسەرەوە لە دێمۆکراسی، ئەنارکییەکان لایەنگری دێمۆکراسی ڕاستەوخۆن، دێمۆکراسییەك کە کۆتایی بە دەسەڵاتبەخشین بە دەستەبژێرێك لە سەروەریدا نا [10]

دواجار حەزدەکەم  و سوپاسگوزاریش دەبم، ئەگەر نووسەر تەنیا بەڵگەیەك بۆ ئەو تۆمەتڕیزکردنە بخاتەبەردەستمان. لە بەرامبەردا من دەتوانم دەیان پەرتووك و سەدان نامیلکە و هەزاران وتار دژی ئەو تۆمەتانە ڕیز بکەم، بەڵام بەداخەوە پەرتووکخانەی کوردی لێیان بێبەشە و تەنانەت پەرتووکخانە ئەلەکترۆنییە کوردییەکان لە بڵاوکردنەوەی دەقە وەرگێردراوە ئەنارکییەکان خۆیان دەپاریزن!****

“کۆمۆنیزمی ئانارکیسته‌کانی ئه‌مڕۆ ، کۆمۆنیزمێکی یۆتۆپییاییه‌ ، خۆشخه‌یاڵیی توخمی ورده‌بۆرژوازی پانوپلیشبووه‌وه‌ی ژێر چه‌رخی دڕندانه‌ی سیستمی هاربووی سه‌رمایه‌دارییه‌ ، چه‌واشه‌یی و رێهه‌ڵه‌کردن و نامۆبوونێکی بێ هوشیاریی کۆمۆنیستیی راسته‌قینه‌یه‌ . بۆیه‌ ده‌بێت به‌ باشی بیروبۆچوونه‌کانیان و رابردوویان و رۆڵی تێکده‌رانه‌یان له‌ بزووتنه‌وه‌که‌دا به‌ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و تێکۆشه‌رانی بزووتنه‌وه‌که‌ ئاشنا بکرێن تا لێیان به‌ ئاگابن و ده‌رگا به‌ڕووی دزه‌کردنیان بۆ نێو حزب و رێکخراوه‌ کرێکارییه‌کان دابخرێت .“

ئەمەی نووسەر لە تێکەڵکردنی کۆمونیزم و ئەنارکیزم ( کۆمونیزمی ئەنارکیستەکان) دروستیکردووە، لە هیچ قوتویەکی عەتاردا پەیدا نابێت. من دڵنیام دیسانەوە مەبەستی نووسەر لە ( کۆمونیزمی ئەنارکیستەکان)، ئەنارکۆ-کۆمونیزم (کە کرۆپۆتکین هزرڤانییەتی) نییە و مەبەستەکەی هەر لەو گومانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە گروپی لێبووەتە ئەنارکیست. بۆیە لێرەشدا زۆر لەسەری ناوەستم و تەنیا کەمێك سەرنجی دێڕەکانی پاش ئەو تێکەڵەسازییە دەدەم.

“خۆشخه‌یاڵیی توخمی ورده‌بۆرژوازی پانوپلیشبووه‌وه‌ی ژێر چه‌رخی دڕندانه‌ی سیستمی هاربووی سه‌رمایه‌دارییه‌”
لەم ڕستەیە زۆر تێناگەم و هەستدەکەم بە لابردنی لە پەرەگرافەکەدا هیچ لە واتا و کڕۆکی پەرەگرافەکە و ئامانجەکەی ناگۆڕێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕوونتر و ساکارتری دەکاتەوە.

„چه‌واشه‌یی و رێهه‌ڵه‌کردن و نامۆبوونێکی بێ هوشیاریی کۆمۆنیستیی راسته‌قینه‌یه‌”

لێرەدا نووسەر ناچار دەستەوداوێنی ئایدیالیزمەکەی ناو مارکسیزم دەبێتەوە و کۆمونیزمێك کە خۆی مەبەستییەتی (ئایدیاکانی مارکس و لێنین و ئەوانی تر) ، دەکاتە چەقی ڕاستی و دروورکەوتنەوە لێی هاوتای سەرگەردانی دەکات، ئەمە بۆ خۆی پێچەوانەی هزرگەرییە و ڕووداوەکانی سەدەی ڕابوردوو ئەوەیان سەلماند، کۆمونیزمێك کە بڕیارە بە فەرمانی پارت و شەلاقی دەوڵەت دامەزرێت و بسەپێنرێت، سەرەنجامەکەی هەر بە زیاتر شەیداکردنی کرێکاران و بەشمەینەتان بە سەرمایەداری و پڵیشانەوەی سەریان لەژێر چەکمەی ئاسنینی پارلەمانەکەی کۆتایی دێت، هەر وەكو لە ڕوسیە و ولاتە پاشکۆکانیدا دیتمان چۆن هەرەسی هێنا و چۆن ئەو وڵاتانە بوونە بازارگەی بازرگانی سێکس و کۆیلەتی مناڵان و کاری هەرزان بۆ سەرمایەدارە و سەرچاوەی خێروبەرەکەت بۆ پارلەمانتارەکان!
پاشان مەگەر مەبەستی نووسەر لە کۆمونیزمی ڕاستەقینە، هەر ئەوە نییە کە مارکس و ئەنگلس، ئەنارکییەکانیان بە پیلانگێڕان لەسەری لە نێونەتەوەیی یەکەمدا کردەدەرەوە و لێنین و ترۆتسکی لەسەری فەرمانی کوشتوبڕی بە کۆمەڵی ئەنارکییەکان و ڕاپەڕیوانی کرۆنشتات و ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا دەرکرد و ستالین ناڕاستەوخۆ هانی کوشتن و تیرۆر و ڕفاندنی ئەنارکییەکان و دانانی ئابڵوقەی ڕانەگەیێنراوی لەسەر هەرەوەزییەکانی کەتەلۆنیا و بەشەکانی تری ئیسپانیای ئازاد، دا؟

بە کورتی، ئەوەی نووسەر لەمەڕ ئەنارکیزم لەو نووسینەیدا دەیداتە بەر ڕەخنە، نەك تەنیا ئەنارکیزم نییە، بەڵکو باڵێکی ئۆرتۆدۆکسی مارکسیزمە و بە ڕای من هیچ پێویستی بە تێوەگڵانی ئەنارکیستەکان  نەبوو و نووسەر دەیتوانی لەبەر ڕۆشنایی بەراوردی نووسینەکانی کارل مارکس و ئەنجلس لەتەك نووسینەکانی ئەو گروپەدا، بۆچوونەکانی بە لایەنگری لەم و دژایەتی ئەو بسەلمێنێت، نەك هەرچی خڵتەی تێڕوانینی دەسەڵاتخوازانەی هزری مارکس و ئەنگلس و پاشڕەوانیان هەیە، بیکات بەسەر ئەناکییەکاندا و هێندەی تر لەمەڕ ئەنارکیزم ناڕۆشنی لای خوێنەری بێسەرچاوەی کوردزمان دروست بکات.

ڕەخنەی ئەنارکیستەکان لە کۆمونیزمی مارکس و پاشڕەوانی هەر لە هاوسەردەمانی خودی (مارکس و ئەنگلس)ەوە تا ئەمڕۆ زۆر ڕوون و بێپەردەیە و جیاوازییەکان ئاشکران، کە دەکرێت لەم خاڵە سەرەکییانەدا کورت بکرێنەوە: ڕۆڵی تاك[11] ، ڕۆڵی جەماوەر[12]، ڕێکخراوبوون و خەباتی جەماوەری [13]، سەندیکا کرێکارییەکان[14]، چۆنیەتی بەڕێوەبەرایەتی لە کۆمەڵگەی داهاتوودا[15]، سۆڤییەتەکان و کۆمونەکان[16]، هەرەوەزییەکان[17]، بەرنامەڕێزی و ناوەندێتی[18]، فیدرالیزم و مافی چارەنووس[19]، شەڕی داگیرگەر[20]، سۆشیالیزم[21]، نێونەتەوەیی[22]، لەیەك قسەدا ئەنارکیستەکان لەسەر بنەمایەیەك، کە سەروەری مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا بە هەموو شێوەیەك ڕەتدەکەنەوە و دژی هەر بەرتەریدانێکی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتین بە دەستەبژێر و کەسەکان، هەر بۆیە وەك درێژەی لۆجیکی ئەو تێڕوانینە بەوە دەگەن، کە هەموو پێکهاتەیەکی قوچکەیی لەوانە سەندیکا زەردەکان و پارت و دەوڵەت و ناوەندێتی ڕەت بکەنەوە و بەو جۆرە ڕێگەچارەیان بۆ هەموو پرسەکان دژی هەر ڕێگەیەچارەیەك دەوەستێتەوە، کە ویست (ارادە) لە مرۆڤەکان بسێنێتەوە و لە بەرامبەردا بە نوێنەران و میانجیگەرانی باڵادەستی بسپێرێت، چونکە ئەنارکیزم ئازادیخوازییە و سەروەری هی هەر کەس بێت، ڕەتیدەکاتەوە و بانگەواز بۆ کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لەسەر خواست و ئامادەیی تاکەکان و کۆمەڵەکان دەکات، بەم پێیە گۆڕانی هەر سیستەم و کۆمەڵگەیەكیش، بە گۆڕان لە پەیوەندییە ئابووریی و کۆمەلایەتییەکانی نێوان تاكەکان لە کۆمەڵگەدا، بە واتای شۆڕشی کۆمەلایەتی، گرێدەداتەوە. بە واتایەکی تر لە ڕوانگەی ئەنارکییەکانەوە شۆڕش پرۆسێسێکی کۆمەڵایەتییە و تەنیا لە خوارەوەرا لە دەروونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا توانای ڕوودان و سەرکەوتنی هەیە.

دوا وتە، ئەگەر نووسەر خوازیارە لەمەڕ ئەنارکیزم ڕەخنە بگرێت و بنووسێت، باشترە بەڵگەکانی لە سەرچاوەی یەکەمەوە وەرگیرابن و بۆ سەرنجدانی ئەنارکۆ-کۆمونیزم، باشترە سەرنجی ئایدیاکانی کرۆپۆتکین بدات. هەروەها من بۆ خۆم هەر ڕەخنەیەك کە بە نموونە و بەڵگەی وەرگیراو لە سەرچاوە ئەنارکییەوەکان پشتئەستوور بێت، لام جێگەی دەستخۆشییە و تەنانەت ئەگەر ڕەخنەکە نەیتوانیبێتش ڕاستی و دروستی بپێکێت، دیسانەوە هەر جێی دڵخۆشییە، چونکە بە دڵنیاییەوە مشتومڕی بەسوود لە نێوان ئەنارکیستەکان و مارکسیستەکاندا دروستدەکات، کە دواجار بۆ بزاڤی سۆشیالیستی دەتوانێت بەشێك بێت لە سەرچاوەی ڕۆشنگەریی چینایەتی.

هەر بەو مەبەستە لێرەدا بە پرسیارێك، کە بۆ کۆکردنەوەی هەموو سۆسیالیستەکان لە دەوری مێزی مشتومڕی بە سوود و نۆژەنکردنەوە و لێکۆڵینەوەی بابەتە تیئۆری و ئەزموونە کردەییەکان [لەپێناو خۆلادان لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابوردوو لە ڕووداوەکانی داهاتوودا]  سوودی هەیە، کۆتایی بە وەلامەکەم دەهێنم : ئایا ئەگەر لە ئەزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا لە بری سەرکوت و بەرگرتن بە ئاراستە سۆشیالیستەکانی تری دەرەوەی پارتی بۆلشەڤیك، بوار بە هەموو ئەڵتەرناتیڤە سۆشیالستییەکان بدرایە، لەوە باشتر نەدەبوو کە پاش (٧٠) سەرەنجام هەوڵەکان وەك پەشمەك لەبەردەم تینی نیئۆلیبرالیزمدا بتوێنەوە؛ ئایار لە بری خۆسەپاندنی یەك مۆدێلی بۆلشەڤیکەکان، باشتر نەبوو لەو شوێنانەی کە ئاراستە و ئەڵتەرناتیڤی تر پێشنیار و ئامادە بوون، ئەزموون بکرێن و دواجار سەرەنجامەکان لەیەك بدرێن و کامە پۆزەتیڤ بووایە، زیاتر پەرەی پێبدرایە و کامە نیگەتیڤ وەلابنرایە؛ ئایا بواردان بە مەلەوانانی کرۆنشات، جوتیارانی ئۆکرانیا، کرێکارانی پترۆگراد، کە خوازیاری ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادکردنی زیندانیان، سەندنەوەی دەسەڵات لە پارت و دێمۆکراسی ڕاستەخۆ و بەڕێوەبەرایەتی سۆڤیەتی و هەرەوەزییانە بوون، زیانی لەوە زیاتر دەبوو، کە لە ماوەی (٧٠) ساڵدا لە بری بنیاتنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی، خزمەت بە بە ‌هێزکردن و خوازراوکردنەوەی سەرمایەداری و دێمۆکراتییە نوێنەرایەییەکەی کرا، ئایا بە بواردان بە ئاراستە و ئەزموونکردنی ئەڵتەرناتیڤەکانیان، چانسی پاراستنی ئەو شۆڕسە لە شکستی زیاتر نەدەبوو؟

پەراوێز و سەرچاوەکان:

* ڕێکەوتی تەواوبوونی ئەم نووسینە بۆ زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام لەبەرنەبوونی کات بۆ پاکنووسکردنی، بۆیە بڵاوکردنەوەی دواکەوت، هیوادارم کارایی خۆی لەدەست نەدابێت.
** گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست (ICC)، گروپێکی ئۆرتۆدۆکسی مارکسیسته‌ و له‌ پارتایه‌تیدا واوه‌تر له‌ لێنیسته‌کان باوه‌ڕییان به‌ ڕابه‌ڕایه‌تی و پۆڵایینبوونی پارت هه‌یه‌. ئەو گروپە باوەڕی بە خەباتی جەماوەری نییە و هەموو ڕێکخراوبوونێکی جەماوەری ڕەتدەکەنەوە و تەنیا بانگەواز بۆ یەك رێکخراو دەکەن، ئەویش پارتە جیهانییەکەی خۆیانە و بەس.
*** من بە مەبەستەوە واژەی (شورا) ڕەتدەکەمەوە، چونکە یەکەم لە کوردیدا واژەی (شورە) پەرژینمان هەیە و بۆ ئەوەی تێکەڵ نەبێت، دووەم دەمەوێت لە (شورا)ی ئیسلامی جیای بکەمەوە، چونکە شورای ئیسلامی پێهاتەیەکی قوچکەییە و (سۆڤیەت) و (کۆمونە) و (ئەنجومەن) ناقوچکەیین و لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی گشتی پێکدین و بەو میکانیزمە ڕێگری لە ئۆتۆریتە و دەستبەسەرداگرتن و قۆرخکردن لە سەرەوەرا دەگرن، بەڵام شورای ئیسلامی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی پارتی خوا (حزب‌اللە) و شەریعەتەکەی لەسەر زەوی هاتووەتە بوون و پێش ئیسلامیش وەها شورایەك لە هەڵبژاردەی پیاوانی ناودار و دەولەمەند بۆ کاروبار بەکار براوە و خەڵکی هەژار و بێدەسەڵات مافی گەیشتنی بە بڕیاردان لە شورادا نەبووە و لە هەموو سەردەمەکاندا ڕێکخستنێکی قوچکەیی بووە و ئەوەی کە کۆمونیستەکانی ئێران و عیراق هیچ هەستیارییەکیان بەو ناوە نییە، بۆ قوچکەخوازی و دەسەلاتخوازییان دەگەرێتەوە، بەڵام ئەوەی لە کۆمونەی پاریس و لە شۆڕشی١٩١٧ و دواتردا پێكدێن، کۆمونە و سۆڤیەتەکان بوون، کە  [ (Soviet (council]، هەمان واتای کۆمونە دەگەیێنێت و ئەگەر کۆمونە بە واتای وشە لێکی بدەینەوە لە ئێستادا هیچ ناگەیێنێت و دەبێتە شارەوانی، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشینەیەکی ڕامیاریی هەیە و چەمکێکی بەرێوەبردن وەك ئەڵتەرناتیڤ دەخاتەڕوو، لە ئێستادا دەکرێت ئەنجومەن لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی گشتی و بڕیاردانی گشتی، بگەییێنێت. بۆیە بەڕای من یا (ئەنجومەن)ی کوردی یا (سۆڤیێت)ی ڕوسی یا ( کۆمونە)ی فەرەنسی دروستترە بەکار ببرێت.
**** چەند جارێك نامیلکە وەرگێڕدراوەکانی (خەباتی ڕاستەخۆ، ئێمیل پۆژێ) ، (مارکسیزم و ئەنارکیزم، دانیێڵ گرین) ، (گفتوگۆی خەیاڵکردی مارکس و باکونین، ماوریۆس کرانستۆن) ، (بەرەو ئەنارکیزم، ئێریکۆ مالاتێستا)م بۆ پەرتووکخانەی ئەلەکترۆنی کوردی (
http://www.pertwk.com/ktebxane/) ڕەوانەکردن، بەڵام بەداخەوە نە وەڵامیان دامەوە و نە نامیلکەکانیشیان بڵاوکردنەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لەوەتەی ئەو پەرتووکخانەیە سەریهەڵداوە، یەکێك بووم لەو کەسانەی کە بە هەموو جۆرێك هەوڵم داوە بە خەڵکی بناسێنم، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە پێموابووە پڕۆژەیەکی کراوە و خۆرایی و گشتی و چاکە و بەربەستەکانی خوێندنەوە (دەسترانەگەیشتن و نەبوونی توانانی کڕین و کەمی سەرچاوە و زۆرێکی تر)ی شکاندوون و جێگەی دڵخۆشییە. بەڵام کاتێك کە ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی هەندێك بڵاوکراوە بگرێت و هێندیکی تر بڵاوبکاتەوە، دەچێتە ژێڕ پرسیار و ئیتر ڕاستگۆیی خۆی لەدەست دەدات و پێویستە نێوی (پەرتووکخانەی کوردی) لەسەر خۆی لابدات و بیگۆڕێت بە (پەرتووکخانەی بژارکردنی پەرتووکی کوردی)، چونکە پێویستە پەرتووکخانەی کوردی هەموو چاپکراو و بڵاوکراوەیەکی کوردی بگرێتە خۆی و سانسوور لەسەر هیچ هزر و ئاراستەیەکی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیری دانەنێت.

[1] Rudolph Rocker, Anarchism and Anarcho-Syndicalism, History of Anarchist Philosophy from Lao-Tse to Kropotkin
[2] Anarchism: From Anarchy to Anarchism (300CE to 1939) v. 1 & 2 : A Documentary History of Libertarian Ideas
[3] دەقی نامەکە بەرێز (قەرەنی قادری) وەریگیڕاوەتە سەر کوردی و لە (کوردستان پرێس) وەرگیراوە.
دەقە عەرەبییەکەی 
http://www.anarkismo.net/article/12187
http://www.marxists.org/reference/subject/economics/proudhon/letters/46_05_17.htm
[4] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / قواعد التبادل ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٩
[5]
http://anarkistan.issuu.com/sakurdistan/docs/marksizm_u_anarkizm
[6] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ المسائل اللغویة المتعلقة بکلیمة تحرریة، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٨
[7] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ کرە الدولة (٢)، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT-AIT ، ص٥
[8] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / کلمة تشکل کلمة خصام “الدولة”  ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٢١
[9] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / النقابیة العمالیة ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص١٧
[10] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ الهجوم علی الدیمقراطیة البورجوزیة، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٨
[11] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ مصادر الطاقة: الفرد، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص١٩
[12] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ مصادر الطاقة: الجماهیر، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT، ص٢٧
[13] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / ضرورة التنظیم ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٢
[14] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / النقابیة العمالیة ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص١٧
[15] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / الادارة الذاتیة ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٣
[16] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / البلدات ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص١٨
[17] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / تشریك کامل (١) ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص١٦
[18] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / وحدة وتخطیط ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص١٥
[19] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / الفدرالیة ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٢٤
[20] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / ازالة الاستعمار ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٢٨
[21] التحرریة/ الافکار المحوریة للتحرریة/ نقد الاشتراکیة “التسلطیة”، دانییل گرین، ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT، ص١٢
[22] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / الاممیة ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٢٧

بۆ خوێندنەوەی دەقی نووسینی ڕەخنەلێگیراو، کلیك لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکەن:
ئەنارکیزم، نووسینی فوئاد قەرەداغی            
http://varseen.kurdblogger.com/29027/

هەژێن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.