Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئەوان دەڵێن وڵاتێك نیە بەناوى كوردستان

ئەوان دەڵێن وڵاتێك نیە بەناوى كوردستان

Closed
by October 24, 2008 گشتی

 ئەوان دەڵێن وڵاتێك نیە بەناوى كوردستان
 
 ئەنوەر . س . مەسیفى

 دواى شەڕى چاڵدێران كە كوردستانى وڵاتى كوردان دابەشكرا بەشى میللەتى كورد هەر نەهامەتى و ژێر دەستەیى بو و گەلى كوردستانیش بۆ پارێزگارى لە خاك و نیشتمانەكەى چەندین شۆڕشى بەرپاكردوە و هەزاران ڕۆڵەى قارەمانى ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە بونەتە قوربانى لەپێناو ئازادى،وڵاتە داگیر كەرەكانى كە كوردستانیان بەسەردابەش كراوە ئەوەى پێیان كرابێت و لەدەستیان هاتبێت كردویانە لە دژى گەلى كورد هەر لە قەدەغەكردنى زمانى كوردى و شێواندنى فەرهەنگ و مێژوو و كوشتن و كیمیابارانكردن و جینۆسایدكردن.بەڵام نەیانتوانى گەلى كورد لەناوببەن هەرچەندە وەك گوتمان هەموو شێوازێكى كوشتن و بڕینیان بەكارهێنا.ئەو وڵاتانەى كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە هەردەم پڕوپاگەندەى نابەجێیان لەدژى كورد و شۆڕشى كورد بڵاوكردۆتەوە زۆربەى هەرە زۆرى خەڵكى ئەم وڵاتانەش هیچ ڕێزێكیان بۆ گەلى كورد دانەناوە،جا تورك بێت یان عەرەب یان فارس خۆ ئەگەر ئەوانە لە وڵاتانى ڕۆژئاواش ژیان بەسەر ببەن كە لەوىَ ڕێز لە مرۆڤ و مافى مرۆڤ دەگیرێت و جیاوازى ڕەگەزى زۆر دەگمەنە بەڵام توركەكان و عەرەبەكان و فارسەكان ئەگەر بەئاشكراش نەبێت ئەوە بەنهێنى دژى زمانى كوردى و وشەى كوردستانن.لەسەرەتاى ساڵانى نەوەدەكان كەمن چوم بۆ ئەوڕوپا هێشتا لە كەمپى پەنابەران بوم و مۆبایل زۆر بەدەگمەن بەكاردەهات ئەگەر بانگى یەكێكیان بكردبایە یان تەلەفۆنى بۆ بهاتبایە ئەوە لە ڕێگاى بڵندگۆ بانگیان دەكرد فڵانەكەس خەڵكى فڵانەوڵاتە بێتە پرسگە ئێمەى كوردیش خەڵكى هەرچوار پارچەكەى كوردستان دەمان گوت ئێمە خەڵكى كوردستانین كەواتە كەبانگى ئێمەیان دەكرد دەیان گوت فڵانەكەس خەڵكى كوردستانە تەلەفۆنى بۆ هاتوە زۆر بەدەگمەن ناوى عێراق و ئێران و توركیا دەهات تورك و عەرەبەكان و فارسەكان زۆر پێى سەرگران دەبون و داخیان دخوارد بەڵام هیچیان پىَ نەدەكرا چونكە ئەوانیش لەوىَ پەنابەر بون،جارجار لاى هەندىَ كەس گلەییان دەكرد گوایە هەمومان عێراقین یان توركیایین یان ئێرانین بەڵام ئێمە هەر دەمانگوت خۆكوردستان وڵاتى ئێمەیە داگیركاران وایان لىَ كردوین ببین بە بەشێك لە عێراق یان بەشێك لە ئێران ئینجا ئەم مشتومڕە هەر هەبوو لە قوتابخانەى زمان و فەرمانگەكان بەتایبەتى ئەو فەرمانگایانەى خەڵكى ئەو وڵاتانەى  لێبو كە كوردستانیان بەسەردابەش كراوە.ئەوەى بەتایبەتی منى هاندا بۆ نووسینی ئەم بابەتە چەند ساڵێك پێش ئێستا كاتێ هێشتا لە هۆڵەندا بوم ڕۆژێك كچە گەورەكەم كە ئەوكات تەمەنى (7) ساڵان بوو ڕۆژێك هاتەوە ماڵەوە زۆر دڵتەنگ بو و وتى بابە خۆ كوردستان وڵاتى ئێمەیە و من كوردستانم بینیوە ئەى ئەوە نیە داپیرەكانم و مامە و خاڵ و هەموو خزم و كەسى ئێمەى لێیە گوتم بەڵى ڕاستە خۆ پرسیاركردنى ناوێت گوتى ئەى بۆچى ئەو كچە توركەى لە قوتابخانە لەگەلمَاندایە دەڵێت هیچ وڵاتێك نیە بەناوى كوردستان ئێوە یان عەرەبن یان تورك ئێوەش خەڵكى عێراقن دیارە بۆ یەكەمجار بوو پێى بڵێن تۆ عێراقى نەوەكو كوردستانى ، بەڕاستى زۆر زۆر توڕە بووم چونكە دایكى ئەو كچە توركە خوێندنى لە هوڵەندا تەواوكردبوو هەر لەوێش گەورە ببوو ، ماموَستاى باخچەى ساوایان بوو كە كچە بچوكەكەى ترم لەوێبوو ، سەرەتا دڵى كچەكەم و كچێكى ترى كوردم دایەوە كە لەگەڵ كچەكەم لەیەك پۆل بوون و پاشان چووم بۆ باخچەى ساوایان و سەیرى فۆڕمى وەرگرتنى كچەكانم و كچى ماڵە كوردەكەى ترم كرد دیاربوو لە هەموو فۆڕمەكان ناوى كوردستان هێڵى بەسەردا هاتبوو لە شوێنى ئەو نووسرابوو عێراق كەبینیم زۆر توڕە بووم  بەڕێوەبەرەكە پێى وتم زۆر تووڕە دیارى منیش گووتم من وامزانى لە وڵاتێكى ئەوڕوپا دەژیم كە ڕێز لە مافى مرۆڤ دەنىَ و دژى ڕەگەزپەرستیە بەڵام وادیارە وانیە ، گوتى نەخێر وایە بزانم چى بووە ، گوتم فەرموو سەیركە بۆ كوردستانتان سڕیوەتەوە ، تۆ وات كردووە كە بینى زۆرى پێناخۆش بوو گوتى دانیشە توڕە مەبە من بەدواداچونى بۆ دەكەم ئەو كەسەى ئەو شتەى كردبێت لێپێچینەوەى لەگەڵ دەكەم تازە ئەوە لەگەڵ تۆ نەكراوە لەگەڵ ئێمە كراوە من لەوىَ چوم بۆ لاى بەڕێوەبەرى قوتابخانەى كچە گەورەكەم و كچە كوردەكەى تر باسەكەم گێڕایەوە لەگەڵ باوكى كچە كوردەكەى تر بەڕێوەبەر گوتى ئێوە هیچ مەكەن من بەدواى دایك و باوكى كچە توركەكە دەنێرم بزانم بۆچى منداڵەكەیان وافێركردوە دەبێت خۆیان و كچەكەیان داواى لێبوردن لە كچەكانتان بكەن ، ئەوەبوو هەریەكسەر لە باخچەى ساوایان دایكى كچە توركەكەیان دەركرد لەسەركار و پێیان گوتبوو ئێرە جێگاى فێركردنى منداڵە بە ڕەوشتى بەرز و مافى مرۆڤ و لێبوردەیى نەك جێگاى ڕەگەزپەرستى و دایك وباوكى كچە توركەكە لەگەڵ كچەكەیان چووبوون لە قوتابخانە داواى لێبوردنیان لە منداڵەكان كردبوو گوتبوویان ئێمە فێرمان نەكردووە دەبێت بمانبورن ، جابۆ دڵنەوایی منداڵەكانمان كە زانیان هەستیان بریندار بووە لەكاتى چاڵاكى دەیان گوت ئەمانە دایك و باوكیان لە بنەڕەتدا خەڵكى كوردستانە ، ئەوە ئێمە لەوێ پێمان زانى و بەدوای چووین و لە وڵاتێكى ڕۆژئاوایى بوو ئاخۆ دەبێت ڕۆژانە هەستى چەندان هەزار كوڕو كچى كورد بریندار بكەن بە وشە ڕەگەزپەرست و شۆڤینیەكانى خۆیان ، با ئێمە منداڵەكانمان فێری لێبوردەیی و نیشتیمان پەروەرى و ڕێزگرتن لە گەلانى تر بكەین ، بەڵام پشتیوانبن لەكاتى پێویست پارێزگارى لەخۆیان و خاك و وڵاتى خۆیان بكەن.
 
 Masifi_77@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.