Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەوە تەقەلای مەرگە! …. کازم قادر

ئەوە تەقەلای مەرگە! …. کازم قادر

Closed
by February 18, 2011 گشتی

وا جارێکیترو وەک هەمیشە،پارتی خێڵان دەستی بە خوێنی لاوانی شاری سلێمانی سوور بوو،لە بەرامبەر هاویشتنی وردە زیخی خەڵکییدا،لولەی B K C  ئاراستەی  سنگ و مێشکی خەڵکی شۆڕشگێڕو ستەمدیدەی کوردستان کرد.خوێن ڕشتن و سەرکوتی خەڵکیی ئەم جارە لە لایێن پارتییەوە،جیاوازییەکی گەورەو بنەڕەتیی هەیە لەگەڵ سەرکوت و خوێن ڕشتن و تیرۆرەکانیتر.ئەگەر تیرۆری سۆران و سەردەشت و ئەوانیتر لە شوێنێکدا بۆ ترساندن و دەم بەستن و هاتنە گۆی ئازادانە بووبێت،ئەگەر سەرکوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕابردوو بۆ بەر گرتن لە ڕێکخراوبوون و تەقینەوە گەورەترەکان بووبێت،ئەوا سەرکوت و لە خوێن هەڵکێشانی ئەم جارەو لەم سەردەم و فەزا نوێ و شۆڕشگێڕانەدا کە سەرتاپای ناوچەکەی گرتۆتەوە،بۆ بەرگرتنە بە کورەی ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی بەشمەینەت و ئازادییخوازی کۆمەڵگەی کوردستان.ئەمجارە جەنگی خەڵک و دەسەڵات جەنگی شۆڕش و دژە شۆڕشەو دەبێت هەر سەرکوت و پەرچەکردارێکی دەسەڵاتداران لەم چوارچێەوەیەدا ببینین و وەڵامی پێبدرێتەوە.بە واتایێکیتر ئەو تەقەلایەی دەسەلات کە خۆی لە کوشتن و ترس و تۆنقاندا نماییش دەکات،دەبێت تەنها وەک تەقەلای سەرە مەرگی ئەو دەسەڵاتە چاوی لێبکەین.زەینەلعابدین لە تونس و حوسنی موبارەک لە میسرو هەروەها دەسەڵاتدارانی یەمەن و جەزائیرو لیبیاو ئەردەن هەمان تەقەلایانداو کرد،سەرکوتیان کرد و سەدان مرۆڤی ئەو ولاتانەیان لە خوێن گەوزاند، هەرچی فڕوفێڵ و درۆو چەواشەکاریی هەیە بە کاریان هێنا،بەڵام دواجار لە بەرامبەر ویستی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری شٶڕشگێڕو تینوی ئازادیی و ژیانێکی باشتر بە چٶکدا هاتن.
لەم ڕوانگەیەوە بەبۆچوونم پیویستە تاکتیک و ستراتیژی تێکۆشانی خەڵکی شۆڕشگێڕو ئۆپۆزیسێونی کوردستان  بە ئاراستەی شۆڕش و ڕاپەڕیندا ئاراستە بکرێت و بچێتە پێشەوە،نەک بۆ برێک ئاڵ وگۆڕو چاکسازیی بچوک و ڕووکەشیی.ئیتر سەردەمی بەرزکردنەوەی داخوازییەکانی وەک ئاو و کارەباو خزمەت گوزارییەکان بە سەرچووە، تەنانەت بەرزکردنەوەی ئەو داخوازیانە لەم سەردەمە شۆڕشگێڕانەدا،جۆرێکە لە چەواشەکاریی و بەلاڕێدابردنی ئیرادەی جەماوەر بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش.ئێستا کۆدەنگییەکی گەورەو ڕیشەدارو بەرینی کۆمەڵایەتی بۆ هەڵپێچان و لابردنی دەسەڵاتی خێڵەکیی و سەرکوتگەریی کوردیی لە ئارادایە.خەون و سایکۆلۆژیی کۆمەڵگە نەمانی ئەو دەسەڵاتەیە،خودی دەسەڵاتیش ئەو ڕاستییە دەزانێت،وەک پێشتر وتم،لە خوێن هەڵکێشانی خەڵکی لە لایێن پارتییەوە،ترس و تۆقاندن و ڕەشبگیریی و ئەو بەڵێنە درۆو بێناوەڕۆکانەی بە گوێی خەڵکیدا دەدەن،بۆ ڕێگە گرتنە لە لافاوی شۆڕش و ڕاپەڕینی داخ لە دڵی کوردستان.چ بێمانیە خەڵکی بەرد بهاوێت و بە ڕێژنەی گولەی بی کەی سی هەلا هەلا بکرێن،کەچی داوای ئاو و کارەباو چاکسازی درۆینە بکرێت!
ئەمڕۆ کێشەی خەڵکی کوردستان کێشەیەکی ڕیشەیی سەتاپاگیرە،کێشەی خەون و خەیاڵ و دونیابینییەکی ناکۆک و دژ بەیەکە لەگەڵ مۆدێلی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست،خوێنڕێژو دەست سوور بە خوێنی خەڵک،بەریەککەوتنی دوو خەون و عەقڵی ئازادییخوازو ژیانێکی ئارام مرۆیی،لەگەڵ خەون و عەقڵی دوو بنەماڵەو خێڵێکی دەوار نشین.بە کورتیی گەشەی سەرخان و ژێرخانی کۆمەلگە بە ئاستێک گەیشتووە،هیچ تەبایی و پێکەوەگونجانێکی لە گەڵ ئەو فەرهەنگە سیاسییە دواکەوتوو ستەمگەرە لە لایێک و ئەو تاڵان و قۆرخ کردنە ڕەهایەی ئابوریی لەلایێکیتر نییە.
ئێستا ئەم بەریەککەوتەنە لە دۆخی دەسەڵاتدا لەلایێک دەبێتە خولقاندنی فەزای ترس و سەرکوت و لایێکیش بەڵێندانی درۆزنانەی بڕێک ڕیفۆرم تا لەو ڕێگەیەوە بەر بە بڵێسەی ڕاپەڕین و شۆڕش بگرن.بەرەی خەڵکی ستەمدیدەو بەشمەینەتیش لە ئاستی گەشەکردن و پێگەییشتنێکی باڵادایە،بورکانێکە لە چەندین لاوە دووکەڵ و پریشکی ئاگرەکەی دەبیندرێت،شۆڕش دەستی پێکردووە، هەموو چالاکیی و خەونێک لە پێناوی شۆڕشدا…!

کازم قادر
18.02.2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.