Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئەگەر قەرارە بمانکوژن .. مەترسن پێمان بڵێن

ئەگەر قەرارە بمانکوژن .. مەترسن پێمان بڵێن

Closed
by December 12, 2008 گشتی

 ئەگەر قەرارە بمانکوژن .. مەترسن پێمان بڵێن
عومەر سەیدە

 لە وڵاتێکدا سەراپای روداوەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و .. هتد، لە سودفەیەک زیاتر هیچی دیکە نەبێت، بۆ دەبێت کەسانێک لەبەر ئەوەی راستی بۆ خەڵکی ستەمدیدە دەگوازنەوە، لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدا بن؟.
 من تێناگەم لەم هاوکێشە ناجێگیرەی دەسەڵاتدارانی کوردستان .. ! ئاخر خۆ ئەوە نوسەر نیە گڵۆڵەی سیاسەتە فاشیلەکانی ئێوەی خستووەتە لێژی، رۆژنامەنووسەکان جاش نین وەکوو ئێوە وەسفیان دەکەن بە جاش و سیخووڕ و شتی لەو بابەتە، نا .. بەڕێزان پێویستە بە خۆتاندا بچنەوەو تەماشایەکی ئەو لێکدانەوە هەڵەیەتان بکەن، چونکە(جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت)، وابزانم ئێوە لە هەموو کەس باشتر لەو پەندە تێدەگەن، بەڵام خۆتان کردوە بە کەڕەی شەربەت و دەنگتان دەرناچێت لە ئاست ئەو هەموو گەندەڵی و نادادییەی لە سایەی فەرمانڕەوایی ئێوەدا دەکرێت، ئەوە رێ بە خەڵک بدەن تەنها ئەوەندە بزانێت کە کێ گەندەڵ و دزەو کێ خەمخۆرو دڵسۆزە؟! هەرچەندە دڵنیام کە خەمخۆرو دڵسۆزی ئەم کوردە خێر لەخۆ نەدیوە دەبێت بە زەڕەبین بۆی بگەڕێین، بەڵام ئاخر بۆ خەڵک نا .. هەر لەبەر ئەوەی روخساری خۆتان هەندێ جوان بکەن، رێبدەن کە دەنگی ئازاد هەبێت، رێبدەن کە راستییەکان بگاتە خەڵکی، رێبدەن خەڵکی بە ئازادی بیر بکاتەوە.
 من نازانم چی لەوە کارەساتترە کە نەهێڵیت خەڵکی بیر بکاتەوە!! .. هەرکەسێک چمکێکی کورسی فەرمانڕەوایی چنگ دەکەوێت وەکوو میراتی باو باپیرانی بێت هەرگیز بە ئاسانی چۆڵی ناکات، ئاخر با ئەم حکومەتە دەستکەوتی شۆڕشە سەرنەکەوتووەکانی ئێوەیش نەبێت، بەڵام خۆ رۆژێک لە رۆژان رۆڵە قارەمانەکانی ئەم میللەتە خۆیان داوە بە کوشتا لەپێناویدا، هەر بن بەردێک و هەر شاخێکی ئەم کوردستانە خوێنی شەهیدی لێڕژاوە، ئەی بۆ ئێستا کەسوکاری شەهیدان لەبیر کراون ؟ ئەی بۆ کاتێک رۆژنامەنوسێک دەیەوێت راستی ئەو کەمتەرخەمی و نادادییەی ئێوە بگوازێتەوە دەبێت بکوزرێت یان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدا بێت.
 دوا وتەم بۆتان ئەوەیە تا سەر ئێوە لەسەر حوکم نابن، تا سەر بۆتان ناگونجێ خەڵکی بچەوسێننەوە، بیر لەو رۆژە بکەنەوە ئێوە نەماون و کەسانی دیکە لەسەر حوکمن، کارێکی وا بکەن کە سبەیڕۆژێک لە پاش خۆتان کەسوکارتان رۆیشتە فەرمانگەیەک بۆ ئەوەی کارێکی بۆ رایی بکرێت با پێی نەوترێت لە بەر ئەوەی لە نەوەی ئەو دەسەڵاتەی پێشووە هیچی بۆ مەکەن، چونکە ئەو ئەلتەرناتێڤەی جێی ئێوە دەگرێتەوە وەکوو ئێوە نابێت کە خزمەتی جاش و کۆنەبەعسی و فایلدارەکانی موخابەراتی عێراق دەکەن و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانتان خستووەتە پەراوێزەوە.
 واز لە ئێمەیش بهێنن تەنها بنوسین، دەسەڵات بۆ ئێوە و قەڵەمەکانمان مەشکێنن، ئێوە رۆژتان دێت لە سەر کورسی نامێنن، بەڵام ئێمە لە نەفرەتی مێژوو دەترسین بۆیە دەبێت بنوسین، سڵ نەکەینەوە، با وەکو جاشقەڵەمەکانی ئێوە تەماشا نەکرێین، با بەر لە مردنمان رسوا نەبین، چونکە کەس هێندەی ئەو توتیە قەڵەمبەدەستانەی ئێوە شەرمەزاری مێژوو نابێت، چونکە ئێوە مافی خۆتانە هەرچی بکەن، نەک لەبەر ئەوەی ماندوون و ئەو مافەتان هەیە، نا .. لەبەر ئەوەی دەسەڵات هەمیشە زۆردارەو نوسەریش هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی دەسەڵاتداراندا بوونە، بەڵام ئەو سیاسەتەی لەبەرامبەر ئێمەدا دەیگرنە بەر، لەوپەڕی یەئستانەوەیە، ئەم راستییەیش هەموو کەسێک دەیزانێت، هەر بۆیە باشتر وایە ئەو دەستەو تاقمانەی کە بە پارە رایاندەسپێرن بۆ تۆقاندن و کوشتنی نوسەران و رۆژنامەنوسان، لە بن دیوارو نا جادەکان کۆیان بکەنەوە، چونکە سەگی هار تەمەنی درێژ نیە با نەکەونە بەردەستی کەسانی لە خۆبوردوو، ئەوکات هەرچی لەژێر بەڕەکەتانە بخرێتە دەر .. ئەگەر هەر قەرارە بمانکوژن، ئەوە با جەنگێکی شەریفانە بێت و هەر نەبێت لە راگەیاندنێکی بێ سەرچاوەوە پێمان بڵێن بۆ ئەوەی بۆتان دەربکەوێت ئیرادەی مرۆڤە پاکەکان چەند لە زوڵم و ستەمی ئێوە بەهێزترە. 
 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.