Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
به‌ربه‌رییه‌تێک له‌ناو هێمنیی شاردا

به‌ربه‌رییه‌تێک له‌ناو هێمنیی شاردا

Closed
by June 30, 2013 ژنان

 

 

 

 

ڕێوان: له‌ هەرێمی کوردستاندا لەلایەکەوە بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ دۆخێکی چه‌قبه‌ستووییدایه‌ و، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه چالاکوانانی ناو ئەو بزووتنەوەیە له‌ موناقه‌شه‌یه‌کی تێۆرییدان. به‌ڕای به‌ڕیزت ئه‌و موناقه‌شه‌یه بزوتنه‌وه‌که‌ له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووییه‌ ده‌رده‌هێنێت کە تێی کەوتووە؟

ڕۆزا حسێن:  شتێک کە دەکرێت کۆک بین لەسەری ئەوەیە کە هۆکاری ئەو چەقبەستووییە هەرچییەک بێت ئەو موناقەشە تیۆرییە نییە کە لەو ناوەندەدا هەیە. من لە درێژەدا قسەیەک لەسەر ناوەڕۆکی ئەو دیبەیت و موناقەشەیە دەکەم کە لەو ناوەندەدا هەیە، بەڵام با جارێ قسەیەک لەسەر ئەو خامۆشییە ڕێژەییە بکەم کە لە ناوەندی خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە کوردستاندا هەیە.

من پێموایە ئەوەی کە دۆزی ژێردەستەیی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر لای لێ ناکرێتەوە، بەشێکە لەو واقیعییەتەی کە هەر خودی دۆزی مافەکانی مرۆڤ بەگشتیی لای ئێمە زۆر لای لێ ناکرێتەوە. بە مانایەکی تر، ئەوە لاوازیی ڕێز بۆ مرۆڤە لە کوردستاندا کە وادەکات ئەو کارەساتانەی کە لە ژیانی ژنانی کوردستاندا هەن خەڵکی ئێمە نەجوڵێنێت. ئەوە خەتای موناقەشەی چالاکوانانی ئەو بوارە نییە کە تەنها لە یەک مانگدا لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا، خوێنی ١٩٤ ئینسانی ژن دەڕژێ و خەڵکیش بۆ خۆیان هەر ژیانە ئاساییەکەی خۆیان دەژین و دنیا نادرێت بەسەر یەکدا. ئەو کارەساتانە دەبێت دۆزی هەموو کۆمەڵگا بێت نەک تەنها دۆزی ژنان یان چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان. چالاکوانانی ژنان بەشێکی زۆریان هەست بەوە دەکەن ئەوە چی بەربەرییەتێکە بەسەر ژنانی کوردستاندا دێت، بەڵام سەختییەکی زۆریان هەیە لەوەدا کە خەڵکی ئەو هەرێمە و بڕیاربەدەستان لەوە تێبگەیەنن کە بۆچی ئەوە بەربەرییەتە. به‌ربه‌رییه‌ت ڕۆژانه‌ به‌ناو شاره‌کانی ئێمه‌دا گوزه‌ر ده‌کات بێئه‌وه‌ی بۆ یه‌ک له‌حزه‌ش هێمنیی ناوشار بشوێنێت.

بیهێنە پێش چاوی خۆت لەپاڵ ئەو ژیانە دۆزەخەوە کە ژنان لە کوردستان هەیانە، هێشتا چالاکوانانی مافەکانی ژنان دەبێت ووزە بەوەوە سەرف بکەن کە بۆ خەڵکی بسەلمێنن کە دروست نییە ئینسان بکوژێت و، توانای گەورە لەپێناو ئەوەدا سەرف بکەن پیشانی بدەن کە ئەو کوشتنانە ناڕەوان. لای ئێمە تا ئاستی بێده‌ربه‌ستی، هەستی ئینسانیی و هەستی خۆشەویستیی ئینسان سڕ بووە. بۆیە کارکردن لەگەڵ واقیعێکی وادا ئاسان نییە. 

کاری کاریگەر لەسەر دۆخێکی وا ئەوەیە کە مافەکانی مرۆڤ و، لەوانە مافەکانی ژنان، بە دەزگای دەوڵەتیی و بە دامەزراوەی ڕەسمیی ڕەسمییەت پێ بدەیت و هەوڵ بدەیت بیکەیت بە عەقڵییەت. بەمانایەکی تر، دەبێت ئێمە کۆمەڵگایەکی دامەزراوەیی ساز بدەین کە ڕێز بۆ مرۆڤ و بۆ مافەکانی مرۆڤ پایەی بناغەیی بن تیایدا. بەڵام تەگەرەیەکی گەورەی بەردەم گەشەپێدانێکی وا بە کلتورێکی مرۆڤدۆستانە، ئەو گەندەڵییەیە کە سەرتاپای دەزگای دەوڵەتیی شەلەل کردووە و ناهێلێت هیچ کارێکی سیستەماتیک جێبگرێت. گەندەڵیی هەر ئەوە نییە کە سەروەت و سامانی وڵات بە تاڵان دەبرێت یان لەبەر نیپۆتیزم کاری ناحەقانەی زۆر دەکرێت، بەڵکو گەندەڵیی ئاوا کارکردنی جیدییانە لەسەر بێمافییەکانیش تەگەرە تێدەخات و لێدەگەرێت پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بێ سزا و بێ چارەسەر تێپەڕن. دەمەوێت بڵێـم کە ڕۆڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەختیی ژیانی ژنانی کوردستاندا هەر ئەوە نییە کاری لەسەر ناکەن، بەڵکو موساهەمەیان هەیە لە خستنەوەی ئەو دۆخەدا. ئەمەش بە دەوری خۆی ئەو کلتوری بێباکییە زیاتر لە کۆمەڵگادا جێ پێدەگرێت کە بەرامبەر بە قورسیی ژیانی ژنان هەیە. ئەو کلتورەی کە ناتوانێت ئەو ڕاستییە سادەیە دەرک پێبکات کە ناخۆشیی ژیانی ئینسانێکی ژن هیچ جیاوازییەکی نییە لە ناخۆشیی ژیانی ئینسانێکی پیاو. کلتورێک کە ئەوەندە بێهەستە کە پێیوایە ئینسان لە دوو ڕەگەز دروست کراوە و یەکێکیان زیاتر هەست بە ئازار و ناخۆشیی ژیانی خۆی دەکات لەوی تریان. ئەمە بێهەستییەکە کە توانای شۆکبوونی لای تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەی پەکخستووە و نازانن چی تراجیدییە و چەند تراجیدییە. بێهەستییەک خەتای هەر کەسێکی تیا بێت، خەتای چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنانی تیادا نییە.

هەرچی ئەو دێبات ئەو گفتوگۆ تیۆرییەیە کە لەناو ناوەندی چالاکوانانی مافەکانی ژناندا دەگوزەرێت، (بەتایبەت ئەو دێباتەی کە لەم دواییەدا ژمارەیەک لە چالاکوانانی ئەو بوارە سەبارەت بە فیمینیزم پێوەی سەرقاڵن)، ئەوا من پێموایە ئەو ڕاگۆڕینەوە و دێباتکردنە دیاردەیەکی تەندروستە. بۆی هەیە من ڕام وابێت کە ئەو دێبات و نیقاشە جار جارە لەوە دەردەچێت دێباتێکی بەبەرهەم یان بونیادنەر (Constructive) بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگیی خۆیان دەبێت بەو مەرجەی به‌ده‌وری پرسە هەنوکەییەکاندا چڕ بکرێنەوە و تاوتوێکردنی تیۆریی ئه‌و میکانیزمی کارو چالاکییانه‌ بێت که‌ له‌ڕابردوودا کاری پێکراوه‌ و، لەپێناو نەخشەسازییدا بێت بۆ کاری داهاتووی بزووتنەوەی ژنان.

من ئه‌گه‌رچی گه‌شبینم به‌وه‌ی که‌ ڕێنوینییکردنی تیۆریی و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی بۆ پرسی ژنان و جێنده‌ر له‌ کوردستان له‌ داهاتوودا به‌رەو پێش ده‌ڕوات و پرسی ژنان له‌و گیرخواردوییەی ئێستای ده‌رده‌چێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رنج و تێبینیی تایبه‌تی خۆم ‌ له‌سه‌ر کورتهێنانی هه‌ندێک له‌و نیقاش و دێباتانه‌ و ناڕۆشنیه‌کانی ناویان هه‌یه و، لە داهاتوویه‌کی نزیکدا هه‌وڵده‌ده‌م بیروبۆچوونی خۆم له‌سه‌ر ئه‌و دێباته‌ و نارۆشنیه‌کانی ده‌وری لە باسێکی درێژدا بەرچاو بخەم.

 

ڕێوان: ده‌رئه‌نجامی کارکردن به‌شێوه‌یه‌کی عه‌مه‌لیی له‌ناو جه‌ماوه‌ری ژناندا و ئه‌و تیۆرانه‌ی باسده‌کرین، بۆشیاییه‌کی گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. به‌ڕێزت ئه‌م بۆشاییه‌ چۆن ده‌بینیت و چی میکانیزمێکت پێ په‌سه‌نده‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌؟

 

ڕۆزا حسێن: من وا له‌ پرسیاره‌که‌ت تێده‌گه‌م که تۆ مه‌به‌ستت ئه‌وه‌ بێت که‌ ناهاوئاهه‌نگییه‌ک له‌ نێوان تیۆری فێمینیزم و چالاکییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌بواری پراکتیکدا هه‌بێت. به‌ڵێ منیش پێموایه‌ ئه‌م بۆشاییه‌ مه‌وجوده‌. ئه‌م ناهاوئاهه‌نگییه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که پرسی ژنان ته‌نها وه‌ک کێشه‌ی ژنان و ڕێکخراوه‌کانیان چاولێده‌کرێت و، ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ ناگرنە ئەستۆ که‌ به‌رامبه‌ر بە تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا هه‌یانە و، هه‌نگاوی پراکتیکیی نانێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ‌ پرۆژه‌ و میکانیزمی کارکردنانه‌ی که‌ ڕیکخراوه‌کانی ژنان ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌ست، بخرێنه‌ بواری پراکتیکه‌وه‌. نموونه‌یه‌کی زۆر ساده‌ی ئه‌مه‌ش کارانه‌کردنی یاسای توندوتیژی ناو خێزانه‌، که‌ دوای زیاتر له‌ دوو ساڵ هێشتا له‌ڕووی پراکتیکه‌وه‌ کارێکی وای له‌سه‌ر نه‌کراوه‌. ئه‌مه‌یه‌ وا ده‌کات زۆرجار پرۆژه‌کان و ته‌نانه‌ت یاساکانی بواری جێنده‌ریش وه‌ک بڕیاری ناڕیالیستیی و وەک تیۆرییه‌کی ڕووت ده‌مێننه‌وه‌، یان تەنانەت وا باس دەکرێن و دەخرینە بەرچاو کە گوایە ئەو داواکارییانە ناڕیاڵیستیین. هەوڵدەدرێت داواکاریی فیمینستەکان بۆ نەهێشتنی هه‌ڵاواردن و جیاوازکاریی لەسەر بناغەی ڕەگەزی بایلۆجیی، وەک داواکارییەکی ئایدیالیستانەی فیمینستەکان پیشان بدرێت.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ناڕۆشنییه‌کی تیۆریی تا ڕاده‌یه‌ک به‌رچاویش له‌ ناو چالاکانی بواری مافه‌کانی ژنان خۆشیاندا هه‌یه سه‌باره‌ت به‌ فیمینزم و جێنده‌ر. تا ئەو ئاستە به‌دحاڵییبوون و گرفتی تێنەگەیشتنی قوڵ لە فیمینیزم هەیە کە جار هەیە هه‌رکه‌س له‌جێی خۆیه‌وه‌ خۆی پێناسه‌یه‌ک بە دڵی خۆی بۆ فیمینیزم دادەتاشێت و دوای ئەوە دەست دەکات بە ڕەخنەکردنی ئەو فیمینیزمەی کە خۆی پێناسەی کردووە. نموونەیەکی ئەمە دەکرێت ئەوە بێت کە کەسێک دێت پێناسەیەکی وەها بەرتەسک دادەبڕێت بەسەر فیمینزمدا کە هیچ لەو چالاکییە فیمینیستییە گرنگانە ناگرێتەوە کە زیاتر لە بیست ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا ئامادەیە و تێزێکی وا دێنێت کە گوایە فیمینیزم وجودی نەبووە و نییە لە کوردستاندا. لەبەرامبەردا پێناسەیەکی بەرتەسکی تری فیمینیزم دروست دەکرێت کە گوایە فیمینیزم ڕەخنە و ڕووبەڕوونەوەی لەبەرامبەر پیاواندا و ئەم بەهەڵەتێگەیشتنە شەعبییە لە فیمینیزم دەکاتە بناغەی قسەی خۆی لەسەر بزووتنەوەکە.

ئه‌مه‌ درێژه‌ی ئه‌و به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنه‌یه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بۆ فیمینیزم هه‌یه‌. بەڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت که‌ ئێمه‌ پێمانوابێت بزووتنه‌وه‌ی فێمنیستیی له‌ کوردستاندا هیچی نه‌کردووه‌ یان نائومێدیی پیشان بده‌ین. به‌ڵکو به‌ڕای من ئه‌گه‌رچی دۆخی بزوتنەوەی ژنان له‌ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئێمه‌دا نییه‌، به‌ڵام هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌ کە ژمارەیەک لە چالاکوان هەن لەم دوو دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵی گەورەیان تیا بینیوە و تەواو حەقی خۆیانە شانازیی بەو کارانەیانەوە بکەن. ئێمه‌ی چالاکانی ئه‌و بواره‌ ده‌بێت ئه‌و هه‌وڵه‌ باشانه وه‌ک چه‌کێک بۆ به‌رده‌وامبوون به‌کاربهێنین و، کورتهێنانه‌کانیش ته‌نها و ته‌نها به‌و مه‌به‌ستە لێیان بکۆڵینەوە کە چاره‌سه‌ریان بکەین، نه‌ک بۆ شکاندن و کەمنرخکردنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ له‌م ڕاستایه‌دا دراون. به‌م شێوه‌یه‌یە ده‌توانین بواری پراکتیک و تیۆریی لێکهه‌ڵپێکین و هاوئاهه‌نگییان لەنێواندا دروست بکه‌ین.

 

ڕێوان: وه‌ک ده‌زانن کارکردنی ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا له‌باره‌ و ئه‌و ڕه‌وتانه له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی کارکردنه‌وه هه‌وڵی به‌رده‌وام هێشتنه‌وه‌ی ژنان ده‌ده‌ن له‌بازنه‌ی ئایدۆلۆجیای خۆیاندا. به‌ڕای به‌ڕیزت چه‌قبه‌ستوویی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌به‌رامبه‌ر به‌رفراوانیی ئه‌واندا چی ده‌رئه‌نجامێکی لێده‌که‌وێته‌وه‌؟‌

 

ڕۆزا حسێن: ئەو شەڕەی ئیسلامییەکان دەیکەن بۆ ڕێگرتن لە هاتنی ژنان بۆ ناو کۆمەڵگا، ڕەگی مێژوویی خۆی هەیە کە هەر پەیوەنددار نییە بە ئاین و کلتوری ئیسلامییەوە. بە گەیشتنی مرۆڤایەتیی بە ڕێنیسانس و سەردەمی ڕۆشنگەریی، ئیتر مه‌سه‌له‌ی باسکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و مافی هاوڵاتیبوون هاته‌ پێشه‌وه. بزووتنه‌وه‌ی ژنانیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا به ‌ئیلهاموه‌رگرتن له‌و بزووتنه‌وه‌ و لەو تیۆرانه‌ی که‌ دواتر بوونه‌ بناغه‌ی جاڕنامه‌ی گەردونیی مافه‌کانی مرۆڤ، لە شەپۆلی یەکەمی داخوازییە فیمینیستەییەکاندا هه‌وڵیاندا داوای مافی ده‌نگدان و به‌شداریی سیاسیی بۆ خۆیان بکه‌ن. ئا لێره‌‌وه‌یە کە خەباتی ژنان و خۆسه‌لماندیان وه‌ک هاوڵاتی خاوه‌ن ماف له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌رهه‌ڵئه‌دات. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ئایدۆلۆجیایانه‌ی که کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ڕووی ژناندا بۆیان قابیلی قبوڵ نییه‌ و ئایدۆلۆجیایه‌کی کۆنسه‌رڤاتیڤی پارتریارکییان هه‌یه‌، لەبەرامبەر ئەم خۆسەلماندنەی ژناندا کەوتنە سەنگەرەوە و، هەردەم لە هەوڵدا بوون بۆ رێگریی لە بەشداریی کۆمەڵایەتیی ژنان و بوونیان بە هاوڵاتیی یەکسان.

پیاوانی ئاینیی و ئیسلامی سیاسییش لە کوردستان دروستبووی ناو کلتورێکی کۆنسه‌رڤاتیڤیی پاتریارکیین. بۆیە ئاساییە وەستانەوە لە بەرامبەر ڕۆڵی کۆمەڵاتیی نوێی ژنان لە کۆمەڵگای مۆدێرندا و هەوڵی فەرزکردنەوەی ڕۆڵە کۆنەکە بەسەریاندا، بەشێکی سروشتیی کارو چالاکییان بێت.

ئه‌مه‌یه‌ که‌ واده‌کات پاسیڤبوون و نه‌بوونی کاردانه‌وه‌‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئایدۆلۆجیایه‌کدا که‌ کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و کۆنه‌پارێزیی زیاتر پاڵده‌نێت ده‌رئه‌نجامی باشی لێناکه‌وێته‌وه‌ له ‌په‌یوه‌ند به‌ پرسی ژنان و مه‌سه‌له‌ جێنده‌رییه‌کان و، ئه‌وه‌نده‌ی تر بێمافیی زیاتر بۆ ژنان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.‌

ئاشکراشه‌ که‌ ئایدۆلۆجیای ڕه‌وته‌ ئیسلامییه‌کان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ ترادیشۆناڵه‌که‌یه‌ بۆ ژنان که‌ خۆی له‌ کاری ناو چواردیواری ماڵ و به‌خێوکردنی مێرد و منداڵدا ده‌بینێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌پێی ئه‌و ئایدۆلۆجیایه‌ی ئه‌وان ئه‌گه‌ر ژنێک بیه‌وێت وه‌ک کائینیکی سه‌ربه‌خۆ خۆی لەناو کۆمەڵگادا ئامادە بکات، ئه‌وا لە زیهنی ئەواندا ئه‌و ژنه‌ له‌ ڕۆڵی ژنانه‌ی خۆی لایداوه‌. بۆیە بە ناشیرینکردن و بە گوشاربۆهێنان تا ئاستی کوشتن ڕێی پێدەگرن. ئەمەیە کە وادەخوازێت ئێمەومانان جیاوازییەکی ڕیشەیی لەنێوان فیمینزمی لیبڕال و فیمینیزمی کۆنسەرڤاتیڤ ببینین. ئەم جیاوازییە مومکینە ئەوەندە زیاد بکات تا ئەو شوێنەی، وەک ئەم چەند ساڵە بینیمان، ”فیمینیزمی ئیسلامییش” سەرهەڵبدات.

 

ڕێوان: ماوه‌یه‌ک چه‌ند حاڵه‌تێکی فره‌ژنیی له‌نێو که‌سایه‌تییه‌ دیاره‌کانی پارته‌ ئیسلامییه‌کاندا ڕاگه‌یه‌نراوه‌ و ژنانی ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ خۆیان سه‌ربه‌ هه‌مان ڕه‌وتن ئه‌وه‌یان قبوڵنه‌کردووه‌ و په‌نایان بۆ یاسا بردووه‌. تێڕوانینی به‌ڕێزت بۆ ئه‌مه‌ چییه‌؟

ڕۆزا حسێن: شکاتکردنی ئەو ژنانە ئەگەر مانایەکی هەبێت تەنها مانای ئەوەیە کە ئەو ئایدۆلۆجیایەی کە پێداگریی لەسەر ئاساییبوونی فرەژنیی دەکات، ئایدۆلۆجیایەکی ناکۆکە لەگەڵ هەست و سروشتی عاتیفیی ئینساندا. ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەو ئایدۆلۆجیایە تەنها لەکاتێکدا مومکینە جێبەجێ بکرێت ئەگەر کائینی ژن وەک کائینێکی ”کەمهەستتر” لە پیاو سەیر بکەین.

ئەوەی کە ژنانێک، باوەڕیان بە هەر ئاین و ئایدۆلۆجیایەک بێت، ناتوانن لەگەڵ هاوسەرێکدا هەڵبکەن کە هاوسەری تریش لە ژیانیدا هەبێت، ئەوە دەردەخات کە فرەژنیی کارێکە ڕەگەزی ئینسان ناتوانێت بیکات، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە پیاوەکە ئینسانی ژنی بەلاوە تەنها وەسیلەی دامرکاندنەوەی حەزی سێکسیی بێت و بە مرۆڤێکی کامڵی خاوەن هەست و عاتیفەی ئینسانیی نەزانێت. بۆیە جێگەی دڵخۆشیی و دەستخۆشانەیە کە ئەو ژنانە لەو عەقڵییەتە یاخیی بوون و پێداگرییان لەسەر ئینسابوونی خۆیان کردووە.

ئەو دیاردەیە ئه‌و‌ ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ ئایدۆلۆجیای ئیسلامیزم و داکۆکیی کلتوری ئیسلامیی لەسەر فرەژنیی، ئایدۆلۆجیایەکی بەرتەسکە و، بەتەواویی جێگەی ئینسانییەتی ژنی تیا نابێتەوە.

بیرمان نەچێت ژمارەیەک لەوانەی لە پەرلەماندا دەستیان بۆ پەسەندکردنی یاسای فرەژنیی بەرز کردەوە ژنبوون. بۆیە شکاتکردنی ژنانی ناو ئایدۆلۆجیای ئیسلامیی لە فرەژنیی ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆی هەیە تەنانەت ژنانیش بچنە ناو ئایدۆلۆجیایەکی دژەژنەوە و ماوەیەکی زۆر داکۆکیی لێ بکەن. بەڵام لەهەمانکاتدا ئەوەش پیشان دەدات کە چەندە گرنگە یاسای مەدەنیی و ئینساندۆستانە لە وڵاتدا هەبێت و، یاسای مەدەنیی چۆن دەبێتە زەمینەسازییەک بۆ جێگرتنی کلتورێکی مەدەنیی کە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمی تازەدا بگونجێت.

هیوادارم ئه‌و په‌نابردنه‌ی ئەو کەسانە بۆ یاسا له‌سه‌ر فره‌ژنی سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ هێنانەوەی باسی فرەژنیی بۆ سەر ئەجێندای ڕۆژ و، زەمینەسازییەک بکات بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ژن و پیاوانەی که‌ لە ڕابردوودا بەناوی ئاینەوە داکۆکییان لە فرەژنیی ده‌کرد‌.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.