بۆت ده‌نووسم … هیوا ئه‌مانی
له كوێوه ده‌ست پێبكه‌م
تۆ بڵێی چاوه‌كانت ماندوو نه‌بن
به خوێندنه‌وه‌ی؟
له كام ژان و كامه ئازار بۆ تۆ بدوێم؟
له كڵاو ڕۆژنه‌ی كامه خه‌یاڵی سارد و سڕدا
دوكه‌ڵی سووتووی شێعرم
بۆ مه‌ینه‌تی وڵاته‌كه‌م بێته ده‌رێ؟
بۆت بنووسم له‌و ده‌ستانه‌ی
كه هه‌م نازی جگه‌رگۆشه‌ی ده‌كا و
هه‌میش قه‌ڵه‌شاوه
” بۆ كڕینی نانی سبه‌ی”؟
بۆت بنووسم له گوڵپه‌ڕی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی
كه له برێتی كرێی كاردا
هێواش هێواش هه‌ڵده‌وه‌رێ؟
ڕێم پێبده بۆت بنووسم
له باسی ئه‌و كچه‌ی مۆمی ته‌مه‌نی
نه به‌ماچ و له باوه‌شی یاردا
كه به‌ڵكو به ئازاری
بلوك و شه‌ق كوژایه‌وه…
یان بنووسم
له په‌ژاره‌ی ئه‌و مناڵه‌ی
كه ژیانی به گوڕ‌و گاڵی تێر بوون به برسیه‌تی
سڕایه‌وه؟
یان ئه‌ته‌وێ
له چاوی چاوه‌ڕوانی دایكێك
بۆت بنووسم
كه سۆماكهی
به جۆگه‌له‌ی ئه‌سرینی خه‌م و ژانی
په‌تی ملی ڕۆڵه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی
كز بووه؟
ئه‌مجاره‌یان
بۆت ئه‌نووسم
له‌و به‌ژنه‌ی
كه له قوڵایی تووڕه‌یی
خه‌م و ژاندا
به به‌رزی خه‌یاڵم ڕاساوه و
له ده‌ستیدا ئه‌ستێره‌ی هیوا
خۆی ئه‌نوێنێ…
هیوا ئه‌مانی 22/2/2012