Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆرژوازی کوردی ده‌ستوور بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌نووسێته‌وه‌

بۆرژوازی کوردی ده‌ستوور بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌نووسێته‌وه‌

Closed
by July 3, 2009 گشتی

ئازاد به‌کر         
بۆرژوازی کوردی ده‌ستوور بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌نووسێته‌وه‌

ده‌ستووری ئاماده‌کراو بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و خواستی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداراه‌. به‌رهه‌می بیر و ویست و که‌لتووری ئیسلامی و ناسیۆنالیستی یه‌،‌ له‌ڕووی پراکتیک و تیۆریه‌وه‌ ده‌ستوور یاسای حوکمکردنی که‌مینه‌‌‌ ‌و ‌ به‌یاسایکردنی ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستی‌ حیزبه‌کانه به‌سه‌ر زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌وه، کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ چونکه‌ له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ناگونجێت. وه‌‌ ئه‌نجامی به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی دیاریکردنی ئایینده‌ی خه‌ڵکی کوردستانه له‌لایه‌ن ناسیونالیستی کورده‌وه، به‌هۆکاری لکاندنه‌وه‌ی کوردستان به‌عێراقه‌وه‌ و  لێکچوون و نه‌بوونی ناکۆکی له‌نێوان ده‌ستووری هه‌رێم و ده‌ستووری ئیسلامی عێراقدا‌‌‌.‌‌‌ چاوخشاندێک به‌ لاپه‌ڕه‌کانی ده‌ستووری په‌سه‌ندکراوی په‌رله‌مانی حیزبه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا، گونجاندن و یه‌کخستنی ڕوانگه‌ی زاڵی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ناسیونالیزم  و ئایینی به‌ ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێ. ده‌ستوورێک بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی یاسادانانی بێت، وه‌پێشمه‌رجی دانانی هه‌ر یه‌ک له‌و یاسایانه‌‌ ناوه‌رۆکێکی دواکه‌وتوانه‌یه‌ به‌هاتنه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حوکمه‌ نه‌گۆڕه‌کانی ئیسلامدا، ئیتر بانگه‌شه‌ی درۆینه‌ بۆ دیموکراسی و ماف و ئازادی بیروباوه‌ڕی مرۆڤه‌کان هیچ مانایه‌ک نا‌به‌‌خشێ‌. بنه‌ڕه‌تی سه‌ره‌کی دانانی ئه‌م ده‌ستووره‌ به‌ له‌  چوارچێوه‌خستن و سنوردارکردنی  ئازادی بیروڕاو چالاکی سیاسی نه‌یارانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێ به‌زۆرداری ئه‌م ده‌ستووره‌ ‌حیزبیه‌ بسه‌پێنێ، تا ڕێگری له‌ ئازادی سیاسی بیروڕا جیاوازه‌کان بکات، تا درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و تاڵانکردنی زیاتری سامان و موڵکی گشتی بدات. ‌ هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی دانانی ئه‌م ده‌ستووره‌ پارێزگاریکردنه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کۆنه‌په‌رستانه‌ی حیزبه‌ کوردیه‌ ‌ئیسلامی و ناسیۆنالیستیه‌کان له‌چوارچێوه‌ی فیدرالیزمدا‌، هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌‌ له‌سایه‌ی بارودۆخی  دواکه‌وتوانه‌ی ئایین و خو و نه‌ریته‌ سواوه‌کان. ئیتر ئه‌وه‌ ڕوونه‌ ‌ئه‌م ده‌ستووره‌ هه‌تا به‌ پێوه‌ری بۆرژوازیانه‌ش سکۆلار نی یه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ڕاستڕه‌وانه‌ی باڵی کۆنه‌په‌رستی کۆمه‌ڵگایه‌. گه‌ر ده‌ستور یاسای گشتی به‌ڕێوه‌بردن و ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگابێت، ده‌بێت زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ خۆیان بڕیار له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ده‌ستوور بده‌ن، به‌وجۆره‌ی له‌گه‌ڵ پاراستنی به‌رژوه‌ندیه‌کانی خۆیاندا بێته‌وه‌. واته‌ زۆرینه‌ی به‌شخوراوانی کۆمه‌ڵ که‌ کرێکاران و توێژه‌ بێبه‌شه‌کانن ده‌بێ خۆیان دانه‌ری یاساو ڕێسای مسۆگه‌رکه‌ر بۆ داکۆکی له‌ ژیان و ماف و ئازادیه‌کانیان بن. ده‌کرێ دانیشتوانی کوردستان ئازادانه‌ نوێنه‌ری خۆیان له‌ شوێنی کار و کارگه‌و دامه‌زراوه‌کاندا هه‌ڵبژێرن بێ جیاوازی، نه‌ک به‌ ئاره‌زووی حیزبه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و نه‌ته‌وه‌ و تایه‌فه‌ و خێڵ و بنه‌ماڵه‌ دیاریبکرێت، وه‌ بێئاگاداری زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ یاساکانی چه‌وساندنه‌وه‌ له‌ ده‌ستوورێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامیدا به‌سه‌ردا بسه‌پێنن. له‌م ده‌ستووره‌دا ئایینده‌ی کوردستان سپێراوه‌ به‌فیدراڵی و ‌ مادده‌ی 140، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی مافی بڕیاردان لای خه‌ڵک بێت، حیزبه‌کانی کوردی خۆیان بڕیارده‌ده‌ن و ده‌ستوور به‌ ئه‌قڵی شاخ و شێخ و بنه‌ماڵه‌ و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیسلامی کۆنه‌په‌رستانه‌ ده‌نووسنه‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی 18 ساڵه‌ به‌ ئاره‌زوو و ویستی خۆیان کوردستان ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌‌، 18 ساڵه‌ بره‌و به‌ بیروباوه‌ڕه‌ و خونه‌ریتی کۆنه‌په‌رستانه‌ ده‌ده‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو کایه‌کانی ژیانی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و قه‌زایی کۆمه‌ڵگه‌دا گرتووه‌، وا ئێستاکه‌ش تێریان نه‌خواردووه‌ و ده‌یانه‌وێ مسۆگه‌رکردنی مانه‌وه‌یان بخه‌نه‌ چوارچێوه‌یه‌کی یاساییه‌وه و درێژه‌ به‌و حوکمه‌ نامرۆڤانه‌یه‌یان بده‌ن که‌ 18 ساڵه‌ دانیشتوانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌. وا جارێکی تر ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به‌ره‌ودوا ده‌سوڕێنن و دیکتاتۆری پیرۆز ده‌که‌ن و سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌نه‌ سومبولی دیکتاتۆرێکی تر و هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی گرنگ و هه‌ستیار هه‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ خزمه‌تیه‌وه.‌ به‌ڕووکه‌شیش باس له‌ هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانه‌وه‌ی په‌رله‌مانێکی کارتۆنی بێده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن. گه‌ر ووردتر بڕوانینه‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی کوردستان ده‌بینین ده‌ستوور ناتوانێ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی کێشه‌ و گرفته‌‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بێت، چونکه‌ کوردستان به‌زۆری ئه‌حزابی کوردی ‌ به‌عێراقه‌وه لکێنرا‌وه‌. له‌و دۆخه‌ی ئه‌مڕۆدا که‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆنه‌په‌رستی ناسیونالیست و مه‌زهه‌بیه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی عیراقدا سه‌پاوه‌، مانه‌وه‌ و لكاندنی کوردستان پێیه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا نیه‌و بگره‌ 6 ساڵ تاقیکردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌غدادا سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه. واته‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ی ئێستا نووسراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی کوردستاندا ناکۆکه‌ و دژی بڕیاری ئازادانه‌ی خه‌ڵکه‌ له‌ جیاکردنه‌وه‌ی کوردستان و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلاردا. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ به‌ند به‌ به‌ندی مادده‌کانی باسێک له‌ ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی ژن و پیا و له‌ هه‌مووڕوویه‌که‌وه نیه‌. کاتێک ئایین سه‌رچاوه‌ی دانانی ده‌ستوور بێت، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتر بکه‌ین، له‌سه‌ر ژنان و ئازادی ئینسانه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و دوا‌، هه‌میشه‌ ڕوودانی شه‌ڕی تایفی ودینی، خنکاندنی بیروڕای ئازاد و مراندن و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌موو سیمایه‌کی مۆدێرن و پێشکه‌وتنخوازنه‌ و ئازادیخوازی. ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ناسیونالست و ئیسلامیه‌کانی کوردستان و هاوکارانیان له‌ حکومه‌تی به‌غدا و له‌ژێرچاودێری ئاغای گه‌وره‌یان ئه‌مریکا و دڵنه‌شکاندنی ووڵاتانی ناوچه‌که‌دا نووسراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌ پێش دانانی ده‌ستوور مه‌سه‌له‌ی گرنگ و پڕبایه‌خ ڕزگارکردنی کوردستانه‌ له‌ هه‌ڵواسروی و گرێدراوی به‌ حکومه‌تی ئیسلامی و ناسیونالیستی به‌غدا و دیاریکردنی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ تاپێکهێنانی ووڵاتێکی سکولار دوور له‌ شه‌ڕو خوێنڕشتن. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان وه‌ک چۆن فیدرالیزمی سه‌پاندووه‌ و کوردستانی لکاندووه‌ به‌عێراقه‌وه،‌ هه‌رواش ده‌ستووری هه‌رێمی نووسیوه‌ته‌وه‌ و خۆی بۆ خۆی چۆنی ویستووه‌ چۆن له‌به‌رژوه‌ندیدا بووه‌ هه‌روایکردووه‌، ئه‌گینا واژووی دووملیۆنی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ڕیفراندۆم له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی کوردستان یان مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقدا خۆی نیشانه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی دانیشتوان و ملهوڕی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رو خه‌ڵکه‌. ئه‌گینا فیدرالیزم و ‌ده‌ستووری کۆنه‌په‌رستانه‌ش ده‌ربڕی ئاوات و ئامانج و مافه‌کانی خه‌ڵکی‌‌ کوردستان نیه‌. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک چه‌ند ساڵه‌ به‌یاسای میلیشیا به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی بنه‌ماڵه‌یی حوکم بکات، مرۆڤه‌کانی بێبه‌شبن له‌ ماف و ئازادی و سه‌رچاوه‌ ماددی و ئابووریه‌کان، یاسایه‌کی مۆدێرن له‌ئارادا نه‌بێت، یه‌کسانی له‌ هیچ بوارێکدا به‌رجه‌سته‌ نه‌بووبێت، چه‌وسانه‌وه‌ له‌وپه‌ڕیدا بێت، ئیتر نه‌ هه‌ڵبژاردنی پاکوبێگه‌رد ده‌بێت نه‌ده‌ستوریشی تینوێتی ویست و ئاره‌زووه‌کانی دانیشتوان تێرده‌کات. گه‌ر له‌هه‌ر ناوچه‌و جێگایه‌کی ئه‌م دنیایه‌دا حکومه‌ته‌کان خۆیان پابه‌ندی یاسا نه‌بن، ئه‌وسا ئه‌گه‌ر ده‌ستووریش هه‌بێت هیچ نرخێکی نیه‌. ده‌ستورێک بێئاگاداری و به‌شداری زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان که‌ کرێکارانن بنوسرێته‌وه‌و یاساکانی ئیسلام بنچینه‌یی دانانی بێت که‌ به‌ند به‌ندی له‌ دژی ئازادی و یه‌کسانی ژنان بێت له‌گه‌ڵ پیاودا، به‌پێیی یاساکانی ده‌ستوور ده‌بێت سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌بێت، ئیتر ئه‌وه‌ دیاره‌ که‌ئه‌مه‌ نه‌ده‌ستووری خه‌ڵکی کوردستانه‌ و نه‌به‌رژه‌وه‌ندی زۆرێنه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌داری له‌ حزب و ملیشیاکاندا بۆ هێشتنه‌وه‌ی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی سه‌رمایه‌کانیان بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتری کرێکاران و بێبه‌شانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌یانه‌وێ هاوڵاتیانی کوردستان بخه‌نه‌ قه‌فه‌سی ده‌ستووره‌وه‌ و کۆتوبه‌ندی زیاتریان بکه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگ به‌و ده‌ستووره‌ کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ نه‌ده‌ن و ڕه‌تیبکه‌نه‌وه‌. 

2 ی ته‌موز 2009

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.