Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بۆچی و لەچی نائومێدم!…2

بۆچی و لەچی نائومێدم!…2

Closed
by March 7, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

دوێنێ وەک هەموو ڕۆژەکانی تر دارکارییەکی باشی ژنەکەم کردەوەو بە پەلە بۆی دەرچوومە دەرەوە. لەو کاتەدا دەرگاکەم بە توندی لە دوای خۆمەوە دادەخست، گوێم لێبوو گوتی: دەی خوایە ئەگەر تۆ خودایت ئەم ناهەقییە قبوڵ نەکەیت و ئەو بێشەرەفە شەرواڵ پیسەی مێردم جارێکی تر قاچی نەگاتەوە ئەم ماڵە….

ڕاستە من و ئەو ژن و مێرد بووین و وەک زۆرێک لە ژن و مێردەکانی ئەم دونیا پێکەوە سزا درابووین و هەموو شتێک بەیەکەوەی دەبەستینەوە جگە لە خۆشەویستی نەبێت.

لە یەکێک لە فلکەکاندا ئۆتۆمبیلێک لە دەستی ڕاستەوە ویستی پێشم بکەوێت و خۆی دەرباز بکات، بەپەلە ڕێگام لێگرت و نەمهێشت، چونکە مافی من بوو. ئیتر من ئاوام، ڕقم لەو شۆفێرانەیە دەیانەوێت پێشم بکەون یان لە فلکەکاندا فرسەت بهێنن و پێش من دەرباز بن.

لەگەڵ خێراییەکەم زیاد کرد بۆ ئەوەی بەر بە ئۆتۆمبیلەکەی دەستە ڕاست بگرم و نەهێڵم پێش من تێپەڕ ببێت و ئەوەندە مێشکم لەلای ئەو شۆفێرە هیچ و پوچە بوو، کە دەیویست پێش من لە فلکەکە دەرباز ببێت، لەکاتێکدا مافی دەرباز بوون بۆ من بوو، ئاگام لە دەستی چەپ نەبوو، کە شۆفێرێک وەک ئاگر بەرەو ڕووم دەهات و مافی دەربازبوونیش لەلای ئەو بوو، نازانم، ئەوەندە نەبێت لە پڕ ئاگرێک لەناو چاوانمەوە بازرەی بەست، ئێستاش، کە لەگەڵ ئێوەدا قسە دەکەم ئەو ئاگرە لەبەرچاومە، کەوەک قومبەلەیەک لەناو مێشکمدا بتەقێتەوە ناڵەی کردو مێشکم بوو بە یەکپارچە ئاگر.

ڕەنگە لەلاتان سەیر بێت لەم کاتەدا قسە لەگەڵ ئێوەدا دەکەم لەیەکێک لە مەیتخانەکانی شار بە توڕەیی و نائارام لەناو یەکێک لە چەکمەجەکاندا ڕاکشاوم. ڕەنگە ئەوەشتان لەلا سەیر بێت، ئەگەرچی سەرم لە نێوان پلێت و تەنەکەی ئۆتۆمبیلەکەمدا وەک کاڵەکێکی زۆرگەیوویی دەیمی مانگی تەموز لە چەند لایەکەوە شەقی بردووە، ئەگەر شوێنەکە سارد نەبوایەت ئێستا تەنەکەیەک مێش تێیدابووم، کەچی ئەوەندە توڕەم حەزم دەکرد ئێستا بایی ئەوەندە هێزم تیابوایە ڕاست ببمەوەو هیچ نەبێت دارکارییەکی ئەو ژنە نەعلەتییەم بکردایەتەوە، کە گوێم لێیە لە دەرەوە پڕ بەم دونیا ئەقیژێنێت، لەخۆی دەدات و بە دەنگی بەرز دەڵێت؛ کەس مێردی منی نەبوو، هیچ کەسێک مێردێکی باش و دڵسۆزی وەک منی نەبوو، مێردە قارەمانە شۆڕشگێرەکەم بۆ وا بە زوویی جێتهێشتم، لەهەمووی ئازاردەرتر ئەو کفرانەیە لە نێوان هەر ستایشێکی مندا دەیانکات و دەڵێت: ئاخر خوا گیان من چ گوناهێکم کردبوو وا ئەم بەڵایەت بەسەردا هێنام، بۆ ماڵت کاول کردم….

هیچ لەگەڵ مردندا ناکرێت، ئەگینا دەمزانی چۆن وەڵامی دەدەمەوە، نازانم بۆ کەسێکیش نییە دەمی پێدابخات یان هیچ نەبێت دەستی بگرێت و لەم ناوەی دوور بخاتەوە.

خەریکە شێت دەبم، شەو زوو تێناپەڕێت، ڕۆژنابێتەوە ملم بشکێنن و لە چاڵێکی دوو مەتریدا بمشارنەوە، بۆ ئەوەی کەمێک لەم هەرایە دوور بکەومەوە. هەرچەند بیر لەو چاڵە نەفرەتییەش دەکەمەوە، کە هەموو ڕۆژانی هەینییەک، هێشتا من لە شیرینی خەودام دێتەوە سەرسەرم و لە گۆڕەکەشدا ناهێڵێت پشوویەک بدەم.

ئەوە ئەو هەتیوەشم بیر کەوتەوە، مەبەستم خەباتی هاوڕێمە، دوێنێ بۆ ئێرەیان ئەهێنام خۆی دەدا بەسەرمداو باوکەڕۆیەکی بوو خەریک دەبوو ورگم بتەقێت، هەرچەند دەیگوت؛ ئای براجوانەکەم بۆ وا زوو بەجێت هێشتم، قاچم دەهێنایەوە یەک دانەی باش هەڵبدەمە ناو دەمی بەڵام مردوویەک چی پێ ئەکرێت.

ڕاستە من و خەبات لە دەزگایەکدا کارمان دەکردو هەردووکمان پیاو کوژێکی باش بووین، بەڵام من لەو کارامەتر بووم، زۆرجار نەک هەستم پێدەکرد، بەڵکو بەباشی ئاگام لێبوو دەیویست لە پشتەوە زرمەیەک لە کەللە سەرم هەڵبسێنێت و شوێنەکە بۆ خۆی تەخت ببێت، کەچی ئێستا توند خۆیداوە بەسەرمدا خەریکە پەراسووەکانم لەنێو قەفەسی سنگمدا ورد بکات و زوو زووش دەڵێت براگیان، برا شیرینەکەم، برا ئازاو چاونەترسەکەم، برای تاق و تەنهام من لە دوای تۆوە ئیتر چۆن بتوانم بژیم، خەریکم لە پێستی خۆم بێمە دەرەوە، بەڵام مردوویەک دەتوانێت چی بکات، لە کاتێکدا سور دەزانم پاش چەند ڕۆژ و هەفتەیەکی تر خۆی لە ژنەکەم نزیکدەکاتەوە، بۆ ئەوەی وەفا و دڵسۆزی خۆی بۆیان نیشان بدات و خەڵکیش پێی بڵێن چەند هاوڕێیەکی بە وەفایە. 

من دەزانم ئەو کارە دەکات و پێش ئەویش زۆربرادەری ترمان هەمان کاری کردووە، لەوەش دڵنیام هەموو شەوانێکی هەینی لەو شوێنەی جاران من لێی دەنووستم لەگەڵ ژنە نەعلەتییەکەمدا دەنووێت و بۆ سبەینێش پێکەوە دێنە سەر قەبران و لەبەرچاوی ئەو هەموو خەڵکە بەجۆرێک شینم بۆ دەکەن دڵی هەموو ئەو کەسانەی لەوێن دەکەن بە ئاو.

ئەو دەزگایەی من و خەبات کارمان لێدەکردو بەردەوام لە ململانێی ئەوەدابووین زۆرترین متمانەی سەرۆک و خێزانەکەی بەدەست بهێنین ناوی جۆراوجۆری هەبوو، هەرکەسێک بۆ خۆی دەیتوانی ناوێکی لێ بنێت بۆنمونە” پاراستنی نیشتیمان، ئاساییشی نەتەوە یان پشتوێنی گەل” بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە کارگەیەکی مرۆڤ کوشتن هیچی تر نەبوو.

من وەک خەبات کەسێکی فزولی نەبووم بمەوێت زۆرترین زانیاری لەسەر قوربانییەکان کۆ بکەمەوە، قەت بەلامەوە گرنگ نەبوو بزانم گەنجە، پیرە، ژنە یان پیاوەو چ کارەیە، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو بە دڵسۆزییەوە کارەکەم ئەنجام بدەم و نەهێڵم هیچ شوێنەوارێک لە شوێنم بەجێ بمێنێت.

من ئێستا مێشکم هێندەی کێوێک ئاوساوەو خەمی سبەینێ دایگرتووم، چونکە لەکاتی گواستنەوەمدا بۆ ئێرە گوێم لێبوو، باسی ئەوەیان دەکرد، کە لە مەراسیمێکی شکۆداردا دەمنێژن. 

من ئەم فیلمەم پێشتر دیوە، دەزانم ئێستا خەڵکێکی زۆر لەمبەرو ئەوبەری شەقامەکانەوە کۆدەکەنەوەو هەموو کەناڵەکانیان بانگێشت کردووەو هەریەکە لە نووسەرو ڕۆژنامەنووسەکان ئەوانەی لە ژیانمدا حەزم بە چارەیان نەبووە، ئەگەر بۆم بکرایەت دانە بەدانەیانم وەک سەگ دەتۆپاند، ئێستا وتاری درۆزنانەی وایان لەسەرم نووسیوەو هۆندۆتەوە، ڕەنگە لەتوڕەیدا زیندوو ببمەوەو یەک بەیەکیان ڕیسوای ئەم دونیاو ئەو دونیاش بکەم.

من هەموو ئەمانە دەزانم، ئەوەش دەزانم لەمەراسیمەکەدا بە شێوەیەک بە شان و باڵمدا دەڵێن، خەڵکەکە توشی نائومێدییەکی وا دەبن، کە بە کارەساتێکی نەتەوەیی گەورە ناوزەندی بکەن. چەند ناخۆشە بەناو ئەو هەموو خەڵکە نائومێدو دڵپڕ لە گریانەدا دەمبەن، ئەگەر ئەوان وەک من مەسەلەکەیان دەبینی، باش لەوە تێدەگەیشتن ئەمە بۆ من چ سزایەکی قورسە، کاتێک چاوم بەو خەڵکە چاو بە فرمێسکە دەکەوێت، هەندێکیان دەناسمەوەو هەندێکیان ناناسمەوە، کوڕو برای زۆرێک لەو خەڵکە بەدەست و پەنجەکانی من لەناوبراون و هەرخۆیشم بۆ ڕۆژی دوایی دەڕۆشتمە تازێکەیان و کەمێک ڕووی خۆم گرژو مۆن دەکردو پێم دەگوتن هیچ خەمتان نەبێت من بە سەرۆک دەڵێم هەوڵێکی جدی بۆ دۆزینەوەی بکوژەکە بدات، بڕیارە لێژنەیەکیش بۆ دۆزینەوەی تاوانبار و بکوژەکە درووست بکرێت.

بەدرێژایی ئەمشەو لەو مەیتخانە ساردەدا من بیرم لەو مەراسیمە نەعلەتییە دەکردەوە، کە وەک شۆڕشگێڕێک یان قارەمانێکی نەتەوەیی بەناو ئەو خەڵکەدا دەمبەن و  بۆ دواجار ماڵئاواییم لێدەکەم، بەڵام من خۆم وەک تاوانبارێک دەهاتە پێشچاوو نەمدەوێرا سەیری چاوی هیچ کەسێکیان بکەم، ئاخر بە ڕاستی من جگە لە پیاوکوژێک هیچ شتێکی تر نەبووم، هەموو جارێکیش دوای ئەنجامدانی کارێک دەگەڕامەوە بۆ لای سەرۆک، دەستێکی دەدا بە پشتمداو پێی دەگوتم؛ بەڕاستی تۆ قارەمانێکی لێهاتوویت، لەناخی خۆمدا سەرێکم با دەداو دەمگوت؛ من جگە لە گەمژەیەکی پیاو کوژ هیچی تر نیم….

ڕەنگە ئێستا گاڵتەتان بە قسەکانم بێت و بڵێن، ئەی ئەگەر ئەوەندە شەریف بوویت و دەتزانی جگە لە پیاوکوژێک هیچی تر نەبوویت بۆ وازت لەو کارە نەهێناو کارێکی شەریفانەت نەکرد؟.

من لەو کاتەوەی، کە ڕێکخراوێکی غەدرلێکراوبووین و لە پێناو مافەکانی خۆمان و خەڵکەکەماندا دەجەنگاین تا ئەو کاتەی بووین بەدەسەڵاتدار، هەر ئەو کارەم دەکرد، هەر مرۆڤێک ماوەیەکی درێژ کارێک بکات ئیتر کارەکەی خۆی خۆشدەوێت. من کارەکەی خۆم خۆشدەویست، مەسەلەکە ئەوە نەبوو ڕقم لەو خەڵکانەیە بۆیە دەیانکوژم، بە پێچەوانەوە من لە ژیانمدا نەکەسم خۆشویستووە نە ڕقیشم لەکەس بووە، بەڵام دەبوو ئەوانە بکوژین، کە مەترسییان بۆسەر پێگەو دەسەڵاتەکەمان هەبوو، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بەمنەوە نەبوو، دەزگایەکی تر هەبوون بڕیاری کوشتنەکانیان دەردەکرد، ئێمە بەتەنها جێبەجێکار بووین. ئەوەشم دەزانی ئەگەر ڕۆژێک بیر لە وازهێنان بکەمەوە سەرۆک بە پەلە، ئەو سەرۆکەی بەردەوام دەیکێشا بە پشتمداو دەیگوت: تۆ باشترین و دڵسۆزترین کوڕی منیت، خەباتە خوێڕی یان یەکێک لە هاوڕێکانم دەنێرێتە سەرم بۆ ئەوەی بمکوژن و وەک هەموو قوربانییەکانی تر لە دۆڵ یان دەشتێکی دوورەدەستدا فڕێم دەدەن و پاشانیش مەراسیمێکیشم بۆ ڕێک دەخەن.

ئەوە ئێستا گوێم لێبوو یەکێک هات و بە ژنەکەمی دەگوت؛ تازە هیچ ناکرێت، دەبێت بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە، کەمێک پشوو بدەیت، سبەینێ مەراسیمی ناشتنەکە ماندووترت دەکات. ئەو دەنگە خەباتە خوێڕی هاوکارم بوو، هەر لە ئێستاوە دەیەوێت کار بۆ داهاتوو بکات، بەڵام تازە مردوویەک چی پێدەکرێت.

ئێستا کەمێک ئاسودەم، هیچ نەبێت دەنگە تۆقێنەرەکەی ژنەکەم نەماوە، ئەو ژنەی یەک ملیۆن خیانەتم لێکردووە، کەچی ئەو بەتەنها لە کچە هاوڕێیەکی دڵی پیس بوو، جا خیانەتم لە کێ نەکردووە، مرۆڤێک بوێرێت خیانەت لە خاک و نیشتیمانەکەی بکات، ئیتر خەڵکەکەی چ بەهایەکیان بۆی هەیە، بمبورن خیانەتم لە هەمووتان کردووە یەک بەیەکتان، تەنانەت سەرۆک تۆیش، کوڕە قارەمانە دڵسۆزەکەت چەندینجار خیانەتی لە تۆش کردووە، ئاخر سەرۆک تۆ متمانەی زۆرت پێمبوو، ئەگەر متمانە نەبێت خیانەتیش قەت نابێت….

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.