بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان له ئاست به‌رپرسیارییه‌تیدا بین ، كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌گه‌ری پێویسته
ده‌مێكه هه‌ست به‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه ده‌كرێ كه خه‌ریكه رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك ده‌بردرێ ، ئه‌گه‌ر پێشی لێنه‌گیرێ و رۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران به جدی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ن ئاكامێكی زۆر خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان . دوور نییه ببێته هۆی به‌رته‌سككردنه‌وه‌و راگرتنی ئه‌و ئازادیی راده‌ربڕینه‌ی ماوه‌یه‌كه له كوردستان چه‌كه‌ره‌ی كردوه و هه‌موومان تا راده‌یه‌كی باش هه‌م پێی دڵخۆشین هه‌م پێمان وایه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌سه‌ڵات تا راده‌یه‌كی باش كه‌وتۆته ژێر میكڕۆسكۆبی میدیا و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باشیش كاریگه‌رییه‌كانی به سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیستمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ركه‌وتوون ، بۆیه ناكرێ هیچ رۆژنامه‌نووسیك له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دا بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێ و رێگه‌بدرێ كه‌سانێك له ژێر ئه‌و چه‌تری ئازادی راده‌ربڕینه‌دا سووكایه‌تی به پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسییه‌وه بكه‌ن ، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی به هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك به‌دی هاتوه هه‌روا به ئاسانی به فیكه‌یه‌ك به‌ره‌و كه‌نده‌لانی به‌رن .
ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه به شێوه‌یه‌كی زه‌قتر له میدیای كوردیدا ده‌بینرێ هه‌مان ئه‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌ییه‌یه كه ده‌مێكه ئاماژه‌كانی ده‌ركه‌وتوون و پێشتریش قسه‌مان لێكردوه ، كه دوور نییه به‌شێكی ئه‌و هه‌وڵانه گه‌مه‌یه‌ك بێت بۆ سووككردن و بێ بایه‌خكردنی پڕۆسه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری و ئه‌زموونه‌كه .
به شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له میدیای كوردیدا ده‌بینرێ جۆرێكه له فه‌وزاو پاشاگه‌ردانی ، ئه‌وه‌شی له‌م چه‌ند هه‌فته‌یدا بینیمان به ئه‌ندازه‌یه‌ك جێی شه‌رمه‌زارییه كه ناكرێ هیچ لایه‌ك شانازی پێوه بكات ، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه به هه‌ر هۆیه‌ك و شێوه‌یه‌ك بێت پێیان وایه ئه‌مه‌شیان ره‌نگدانه‌وه‌ی قۆناغه سیاسییه‌كه‌یه و ده‌كرێ به قۆناغی راگوزاری وه‌سفی بكه‌ین ، تێنه‌گه‌یشتنه له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه ره‌نگه به‌و هۆیه‌وه رووبه‌ڕووی میدیای كوردی ببێته‌وه ، هه‌روه‌ها خۆ دزینه‌وه‌شه له به‌رپرسیاریتییه‌كی گه‌وره ، كه به پله‌ی یه‌ك ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی خودی رۆژنامه‌نووسان خۆیان و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان .چونكه وه‌ك چۆن پێمان وایه ناكرێ به بیانوی قۆناغی راگوزاریی چاو له هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕیانه بپۆشین كه له حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه ، به هه‌مان شێوه‌ش ناكرێ چاو له‌و هه‌موو زێده‌ڕۆیه بپۆشین كه ماوه‌یكه میدیای كوردی گرتۆته‌وه ، به شێوه‌یه‌ك گه‌یشتۆته ئاستی به‌زاندنی پڕنسیپه ئه‌خلاقییه‌كان .
ئاستی به شێكی زۆری ئه‌و نووسیانانه گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی په‌لاماری كه‌سایه‌تی و حورمه‌تی یه‌كدی بده‌ن و شه‌ڕه‌ف و ناموسی یه‌كتر بكه‌نه ئامانج .
ره‌نگه بیده‌نگ بوونی ئێمه له ئاست ئه‌و مه‌ترسسیانه ئاینده‌یه‌كی پڕ مه‌ترسیتر به‌رهه‌م بێنێ ، بۆیه به باشی ده‌زانم هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان به خه‌مخۆری ئه‌زموونی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌زانن بێنه ده‌نگ و رێگه نه‌ده‌ن كه‌سانێك بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و خۆده‌رخستن و به‌جێگه‌یاندن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی له پشتی په‌رده‌وه ئاماده ده‌كرێن رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌كدار بكه‌ن و ببنه هۆی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان .
له‌مڕۆش زووتر نییه بۆ ئه‌وه‌ی كۆنفڕانسێكی فراوان بۆ لێكۆلینه‌وه و به‌دواداچونی پرسی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان رێكبخرێ و به وردی قسه له‌سه‌ر پێشوه‌چوونی رۆژنامه‌گه‌ری و هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ش بكرێن كه له ئێستا و داهاتوودا رووبه‌ڕووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌بنه‌وه ، چونكه ئه‌گه‌ر له ئێستادا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ و هه‌وڵی ئه‌وه نه‌درێ ئه‌و سیناریۆیانه‌ی له پشتی په‌رده‌وه ئاماده ده‌كرێن كه‌شفبكرێن ، دوور نییه ئه‌زموونی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان ببێته قوربانی مه‌رامی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ده‌یانه‌وێ به‌سه‌ر شانی میدیادا گوزه‌ر بكه‌ن بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات .