Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆ دوعا …  دلۆڤان عەلی

بۆ دوعا … دلۆڤان عەلی

Closed
by May 11, 2012 هۆنراوە

دوعا ئەی کچە بەردینەکە
ئەی جوانتر لە فریشتەکانی باغەکانی عەدەن
ڕوناکتر لە ڕوناکی ماڵە پیاوکوژ و جەلادەکان
ئێمە بووین بە دەستەکانمان بەرد بارانمان کردیت
خوێنەکەتمان وەکو باران پڕژاندە سەر دیوارەکانی بەعشیقەی شوم
ملوانکەکەمان لە ملتا پچراند و
دەنکەکانیمان دانە دانە لە بازاڕەکانی کوردستان دا فرۆشت
زۆربێ شەرمانە هاوارمان دەکرد کریستاڵ و زێڕ و ئەڵماس بۆ فرۆشتن
دوعا ئێمە بووین
ئاوەکانمان فێری مەعنای ملکەچی کرد
دڵی ناسکی بەیانیانمان شکاند
دەستمان کرد بە قوڕگی گوڵەکانی باخچەداو
بە دەستەکانی خۆمان خودامان لە خۆمان زویرکرد
دە پێم بڵێ دوعا
چۆن بتوانم لە وڵاتێک دا بژیم ئێستاش بۆنی خوێنی تۆی لێ بێ
ئێستاش خوێنی تۆ بە دیواری ماڵە پیاوکوژو جەلادەکانەوە دیار بێ
دە پێم بڵێ چۆن بەو کوچانەدا ڕەت بم کە کوشتنی تۆم بیربخەنەوە
دە پێم بڵێ دوعا چۆن بتوانم لە وڵاتێک دا بژیم
هەر بەرد بگیرێتە ڕوخساری ژن
دە پێم بڵێ دوعا دە پێم بڵێ
دوعا
ئێرە بازاڕی خیانەتە
لێرە ناوهێنانی ژن کوفرە
لەم وڵاتە شومەدا بەرد بارانکردنی ژن زۆر ئاسانترە لە کوشتنی باڵندەیەک
ئاسانترە لە گۆرانی گوتن لە کوچە تاریک و شومەکاندا
دوعا
ژن خودای جەنگە
پێغەمبەری جەنگەڵستانەکانە
ژن لە کوچەکانی باغەکانی عەدەندا فریشتەیەکە بە شەو و بە ڕۆژ وەسفی تاریکی بۆ ئەم کەونە ئەکات تا ڕوناکی لەم وڵاتەدا نەبڕێت
دوعا
قەت مەمان بورە
قەت لە خوا مەپاڕێوە لێمان خۆشبێت
هەر ئێمە بووین بەردمان کێشا بەسەرتا
ئێمە بووین بێ ڕەحمانە مێشکتمان پڕژاندە زەوی
هەر ئێمە بووین بە تۆمان وت ئازادی بۆتۆ کوفرە
دە پێم بڵێ دوعا دە پێم بڵێ
چۆن بتوانم لە وڵاتێک دا بژیم کە بۆنی خوێنی تۆی لێ بێ
دە پێم بڵێ دوعا دە پێم بڵێ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.