بۆ كۆتربازانی نیشتمان ….سیروان ره‌حیم
ساڵانێكه بڕوایه‌كی ته‌واوم هه‌یه به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی خۆش نه‌وێت ناتوانێت ژیانی خۆشبوێت.
زستانی ساڵی 1996 له شاری زویرخ-سویسرا پیاسه‌مان ده‌كرد. له رۆخی زه‌ریاچه‌ی شاره‌كه. له پڕ ئامبولانسێكمان بینی وه‌ستا. دوو كه‌س له‌و ئۆتۆمۆبیله فریادڕه‌سه دابه‌زین و “قو”یه‌كی نه‌خۆش كه له په‌ل و پۆ كه‌وتبوو ههڵگیان گرت و رۆیشتن. دیار بوو خێرخوازێكی شاره‌كه ته‌له‌فۆنی بۆیان كردووه و ره‌وشی ئه‌و باڵداره‌ی تێ‌یان گه‌یاندبوو.
سێ كه‌س بووین پیاسه‌مان ده‌كرد، دوو كورد و ژنێكی سویسری. هاوڕێ كوردهكهمان به خاتوونه سویسرییه‌كه‌ی گوت: ئێوه‌یش له هه‌ندێ شت‌دا زیاده‌ڕه‌ویی ده‌كه‌ن، ئاخر “قو”یه‌ك ئه‌و هه‌موو ئه‌ركه‌ی ده‌وێت؟ خاتوونی هاوڕێمان كه زۆر باش “گه‌لی كورد” ده‌ناسێت، گوتی: به‌ڵێ ده‌یه‌وێت. به‌ڵام بۆ ئێوه كه یه‌كتر ده‌كوژن ده‌زانم تێگه‌یشتن له‌و كاره ئاسان نییه. ئه‌و ده‌مه كورد له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی خۆكوژیدا بوو، ئه‌و خاتوونه‌یش هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا چه‌ند جارێك هاتبووه كوردستان و ره‌وشه‌كه‌ی به چاوی خۆی بینی بوو كه كورد چۆن ماڵی خۆیان وێران ده‌كرد.
ئه‌مجاره كه له رۆژی شه‌ممه 14.1.2012له پێشانگای كۆتربازان بووین له شاری دۆرتمۆندی ئه‌ڵه‌مانیا ئه‌و پیاسهیهی شاری زیوریخ هاته‌وه بیرم. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی غه‌مگینانه تر.
ئه‌رێ ئێمه بۆ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌مان خۆشناوێت؟
چه‌ند كه‌س له ئێمه له خۆی پرسیوه بۆ پشیله و سه‌گ و ئاسك و چۆله‌كه و كۆترمان خۆشناوێت.
بۆچ كۆترباز له ناو ئێمه‌دا كه‌سێكه بێزراو یان مایه‌ی گاڵته پێكردن؟
پاش بینینی گه‌وره پێشانگای كۆتربازانی شاری دۆرتمۆند، ده‌كرێت مرۆڤ كتێبێك له‌سه‌ر كۆتر و دنیای باڵنده بنووسێت، نه‌ك له گۆشه‌یه‌كی وه‌ها تهنهگبهردا تیژتێپه‌ڕانه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.
ئه‌و رۆژه‌ی كه كۆتربازێك به شانازیی و شكۆوه كۆتره‌كه‌ی به من پێشان ده‌دا و ده‌یگوت:”دوو جار له شاری به‌رشه‌لۆنه‌وه به‌ره‌و ماڵ، به‌ره‌و شاری دۆرتمۆند-ئه‌ڵه‌مانیا فڕیوه، واته ئه‌و كۆتره 1200 كیلۆمه‌تر فڕیوه، چۆن ئه‌م كۆتره ده‌فرۆشم؟ ئه‌مه كۆتری فرۆشتن نییه”. ئه‌و رۆژه ئه‌و كۆتربازهی گه‌ڕه‌كی خۆمانم بیركه‌وته‌وه كاتێك هاته‌وه برا گه‌وره‌كه‌ی هه‌موو كۆتره‌كانی له ناودا بوو. ئێستا له كۆژانی ئه‌و كۆتربازه حاڵی ده‌بم بۆ ئه‌و رۆژه كه‌لله‌یی و شێتگیر ببوو، به‌ڵام ده‌وروبه‌ر به “سه‌رلێشێوا و فاشیل” ناویان ده‌هێنا.
به راستی “قیمه‌تی ئه‌شیا به جێگه‌یه”.. له ئه‌وروپا كۆترباز له سایه‌ی كۆتردا له چ “نیعمه‌تێك” دایه و له كن ئێمه‌یش چۆن “سووك” ده‌كرێت.
میشائێل فانلینت كۆتربازێكی به‌نێوبانگی ئه‌وروپایه. به‌لجیكاییه. ئه‌و رۆژه ئاماده‌ی گه‌وره پێشانگای كۆتربازانی شاری دۆرتمۆند ببوو. ته‌مه‌نی 75 ساڵه. پێگه‌ی ئینته‌رنێتی ئه‌و پیاوه نێوی “له ژێر ئاسمانی شین‌دا”یه، ده‌یان جار كۆتره‌كانی له پێشبڕكێ گه‌وره‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی كۆتربازاندا یه‌كه‌میان وه‌ده‌ست هێناوه. میشائێل فانلینت ده‌یگوت:”هه‌موو ژیانم له نێوان كۆتر و ژن‌دا گوزه‌راندووه و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یش به‌رده‌وام ده‌بم.”..
كاتێك میشائێل فانلینت-ی گه‌وره كۆتربازی به نێوبانگ قسه‌ی ده‌كرد، هه‌موو ئه‌وانی تر به سه‌رسامییه‌وه ته‌ماشایان ده‌كرد. خۆشبه‌ختی ئه‌و پیاوه له سێبه‌ری كۆتردا، بێبه‌ختی كۆتربازانی نیشتمانی وه‌بیری من ده‌هێنایه‌وه. ئه‌و كۆتربازهی هاوسێمانی ده‌خسته‌وه بیرم. چاره‌نووسی كۆتره‌كانی گهڕهكهكهمانی وهبیردههێنامهوه، ئه‌و رۆژه‌ی كه ده‌ركران و ئیتر ئێمه له گمه‌یان بێ به‌ش كراین.
نازانم ئێمه له چی تێده‌گه‌ین؟ شتێك، بوارێكی ژیان هه‌یه باش لێی حاڵی ببین؟
ئایا ئێمه بۆ ناتوانین ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كانمان خۆشبوێت؟ بۆ ناتوانین لێیان تێبگه‌ین؟
بێگومان له جڤاتێكدا كه مرۆڤه‌كان له یه‌كتر تێنه‌گه‌ن، تێگه‌یشتن له ئاژه‌ڵ ده‌چێته خانه‌ی كاری نه‌كرده‌وه.
كه‌سێك كۆتری خۆشنه‌وێت، له ئاستێكدا نییهبتوانێت ژنی خۆشبوێت، یاخود بتوانێ مرۆڤ و سروشتدۆست بێت.