Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
بۆ هەردوو رۆژنامەى هەواڵ و ئاسۆ، ……ئارام پەشێو

بۆ هەردوو رۆژنامەى هەواڵ و ئاسۆ، ……ئارام پەشێو

Closed
by January 26, 2009 گشتی

 بۆ هەردوو رۆژنامەى هەواڵ و ئاسۆ، ئەوانەى كارێكى منیان ناشیرین كرد
 دەبوو رۆژنامەى هەواڵ سووژنێكى بەخۆیدا بكردایە
 ئارام پەشێو

 زۆربەى رۆژنامەو رۆژنامەنووس و میدیاكانى كوردى لەئەمڕۆدا كردوویان بەپیشەیەكى باوو هەمیشەیى خۆیان، ئەوەندەى چاوەكانیان كارو كردارى نەشازو نەشیاوو ناقوڵا دەبینن، هێندە جوانییەكان بەدى ناكەن و لەئاستیاندا بیناییان لێڵ دەبێت و ئیدى تارمایى بەسەر چاوو قەڵەمەكانیاندا زاڵ دەبێت، هەرچەندەیش هەندێكیان تەنها بازرگانى بە بووارەكەیانەوە دەكەن، ئەمەیش تەنها بۆخۆ گەورە كردن و خۆدەرخستن و پڕفرۆشیى كارەكەیانەو هیچى تر، بێگومان ئەمانە پەتایەكى سەختن تووشى میدیاى كوردى بوون و مەحاڵیشە هەندێكیان دەستبەردارى ئەم كارە قێزەونەیان بن و عاقیبەتیش هەر خۆیان تێدەچن!، وەك (كارل پۆپەر) دەڵێت : پێویستە ئێمەى رۆشنبیر بەچاوێكى كراوەوە تەماشاى حەقیقەت بكەین، نەك وەك رابردوو بەهەشت بە دۆزەخ بگۆڕینەوە!، بێگومان ئەمانەى سەرەوە پیشەى رۆژنامەنووس نین، هێندەى ئەوەى پیشەى جەللادێكن بۆ لەخاچدانى قوربانى .
 وەك ساڵم دەڵێت :
 بەحەیا بێرە حزوورو بەئەدەب سووژدە بەرە
 خەڵوەتى دوولبەرە ساڵم ئێرە مەیخانە نییە
 دواى ئەوەى لەچەند رۆژى رابردوودا كەناڵى تەلەفزیۆنى كەركوك لەشارى كەركوكدا (50)هەمین كۆڕى شیعریى بۆ سازكردم و كۆڕەكەیش لەنێو هۆڵى هیجرى دەدە-ى سەر بە دەزگاى خەنداندا بوو، ئەوا رۆژنامەى ئاسۆ ئەو هەلەى بۆخۆى قۆستەوەو لەسەر حیسابى كۆڕەكەى من، جوانترین ریكلامى بۆ دەزگاكەى خۆى ئەنجامدابوو كە لەناونیشانى بابەتەكەیدا نووسیبووى (دەزگاى خەندان 45 ەمین كۆڕ لەخۆدەگرێت)، ئەویش لەجێى ئەوەى ناوى 50 هەمین كۆڕى منیان بهێنایە، سەربارى ئەوەى دوو دێڕى یەكەمى هەواڵەكە باس لەشوێنەكە دەكات كە هەر دەزگاى خەندانە، بەهەمان شێوە لەنیوەى هەواڵەكە بەدواوە باس لەسات و كاتى دامەزراندنى ئەو دەزگایەو ژمارەى ئەو كۆڕانەى تێیدا بەئەنجام گەیشتوون و جۆرى كۆڕەكان و … تد.
 لەلایەكى ترەوە وەك بۆیان گێڕامەوە، ئەگەر هێندە باس لەو دەزگایەى خۆیان نەكرایەو لەسەر حیسابى كۆڕەكەى من ریكلامى بۆ نەكرایە، ئەوا هەواڵەكە لەو رۆژنامەیەدا بڵاو نەدەكرایەوە، ئەوە سەربارى ئەوەى چەندین هەواڵى مایەپووچ لەشوێنى كۆڕەكەى من بڵاودەكرێنەوە.
 هەروەها لەژێر وێنەى كۆڕەكەمدا، واتا لەكاپشنى وێنەكەدا نووسراوە (45)ەمین كۆڕى دەزگاى خەندان و ئەمیشیان هەڵەیەكى دیكەى رۆژنامەكەیە كە ئەسڵەن ئەوە كۆڕى ئەوان نەبوو بەڵكو كەناڵى تەلەفزیۆنى كەركوك خاوەنى ئەو كۆڕەیە نەك دەزگاكەى ئەوان، هەروەك پێشیاندەووتم: ئێمە هیچ پارەیەكمان لەتۆ وەرنەگرتووە، بەڵام لەكۆڕەكانى رابردوودا پارەیان پێداوین، ئا ئەمەیە دنیاى عەولەمەو چەرخى خزمەتكردنى رۆشنبیرو لاوى داماوو قوڕبەسەرو ماندووى ئەم ووڵاتە پڕ لە ئافاتەى ئێمە، ئەى ئافەرین بازرگانەكانى ووڵاتى ئێمە، ئەى ئافەرین خوێندەوارە قەڵەم رەنگینە داماوو گیرفان پڕەكانى جەهالەت، ئافەرین!
 لەژمارە (311)ى رۆژنامەى هەواڵیشداو لەیەكێك لەچزەكاندا نووسراوە (لەكۆڕەكەى دەزگاى خەندان، شیعرێكى ئەخۆل لەسەر مەحوى تاپۆ كرا)،
 لەڕاستیدا كە پیشكەشكارى كۆڕەكە دوو دێڕە شیعرى ئەخۆلى خوێندنەوەو ووتى شیعرێكى مەحوییە، ئەمەیان نەك هەڵە نەبوو، بگرە تەنها سەهوو كردنێك بوو هیچى تر، چونكە ئەو كەسەى چزەكەى لەسەر كۆڕەكەى من نووسیوە، خۆى لەزۆر كەس باشتر دەزانێت كە من چەندە عیرفانیم و تا چ رادەیەكیش دەتوانم و دەزانم شیعرى شاعیرانى بەر لەخۆمان و بەتایبەتیش نالى و مەحوى و حەمدى و سالم و كوردى و لوتفى و زۆرێك لەوانى تر كە لووتكەى شیعرى كوردین و ئەوان هەمیشە لەڕۆحمدا لانەیان چێكردووە، لەیەكتر جووا بكەمەوەو منیش لەشیعرەكانمەوە دیارە كە وەك هەمیشە شوێنكەوتووى ئەوانم و شانازیش بەوەوە دەكەم كە تەنها شاعیرى ئەم سەردەمەم شیعرى كلاسیكیى تەسەوفیى رۆحى دەنووسم بەتایبەتى لەنێو گەنجەكانداو بەوەیشدا دیارە كە من چەندە عاشقى ئەو شاعیرانەم.
 دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە كۆڕەكە هى (ئارام پەشێو) بوو نەك دەزگاى خەندان، كۆڕەكە كەناڵى تەلەفزیۆنى كەركوك بۆى سازكردم نەك دەزگاى خەندان، ئەمەیش هەڵەیەكى زەقى نووسینەكەى ئەوانە كە بەناو چز دەنێن بەخەڵكییەوە كەچى نازانن خەڵكى وەك مەحوى هۆشیارترە لەوان و ئەگەر بێیتە بارى بىَ ئەدەبیى نوووسینیشەوە بێت، ئەوا من زۆر لەوان بىَ ئەدەبانەتر دەنووسم و ئیدى لەئاستى شتى نەشازو ناقوڵا بەكارهێنرى ئەواندا حەیا لەبیر دەكەم و شەرمم لەخۆمیش نامێنێت و شەڕى زۆر پیاوى وەك ئەوان بەناو گەورەم پێدەكرێت، بەڵام ماوەیەكە ئەدەیى خۆم پاراستووەو قەڵەمەكەم بۆكارى تر خستووەتە كارو حەزم نەدەكرد جارێكى تر بابەتى دیكەى وەها تووند دەرهەق بەوانە بنووسم، بەڵام چیبكەم وەها مرۆڤگەلێكى ناشیرین لێمناگەڕێن و ناهێڵن بۆ جارێكى تر بسرەومەوە!
 بۆ ئەوەى چیدى ئەدەبم نەڕووشێت و وەك ئەو ووتە بەنرخە بێ ئەدەب نەبم، هەروەك یەكێك لەگەورە بیرمەندانى جیهان دەڵێت: (كەسێك دەتوانێت باس لەئەدەبى باڵاى خۆى بكات كە لەڕووبەڕووبوونەوەى كەسانى بىَ ئەدەبدا بە ئەدەب بمێنێتەوە)، چیدى ئارەزوو ناكەم منیش بىَ ئەدەب بم !.
 من دەڵێم رۆژنامەى هەواڵ بۆ چاوى لەئاستى جوانییەكاندا نابینێت كە كۆڕێكى 2 سەعاتى، یەك سەعات خوێندنەوەى دەقە شیعرییەكانمى لەخۆگرتبوو، سەعاتى دووەمیش گفتوگۆى نێوان من و (100) بینەرى ئامادەبووى كۆڕەكە، جوانى و باشیى دەقە شیعرییەكان و كۆڕەكەیش بەجێدەهێڵم بۆ ئامادەبووان، هەرچەندەیش ووررژاندنێكى زۆرى جەماوەریى بەسەرجەم جۆرەكانییەوە تێدابوو، من هەردوو رۆژنامەى هەواڵ و ئاسۆ-م بەڕۆژنامەى نێو شارەكەى خۆم زانى و دەبوایە لانى كەم هەریەكەو هەواڵێكیان لەپەنجاهەمین كۆڕى لاوێكى شارەكەیان لەڕۆژناكانیان بڵاو بكردایەتەوە، بەڵام ئەوى یەكەمیان ریكلام بۆ دەزگاكەى دەكات و نازى ئەوەم بەسەردا دەكات كە پارەى لێوەرنەگرتووم و ئەوى تریان چزم پێوە دەنێت كە دەبوو نووقوورچكێك یاخود دەرزییەكیان بەخۆیاندا بكردایە، ئەمجا سووژنێك بەمن و پێشكەشكارى كۆڕەكەمدا، نەك لەبەر كەركوكى بوونم، سەربارى ئەوەى هەردوو رۆژنامەكەیشم داوەتى كۆڕەكەم كردبوو.
 یەكێك لەڕۆژنامەكانى تر (كوردستان راپۆرت)ە كە بەبىَ ئەوەى بانگهێشتى كۆڕەكەمی بكەم، ئەوان راپۆرتێكى چڕوپڕیان لەسەر پەنجاهەمین كۆڕم بڵاو كردبووەوە، لەكاتێكدا ئەم رۆژنامەیە هى دەرەوەى شارەكەمە .
 لەكۆتاییشدا ئەم دێڕەى مەحوى پێشكەش بەهەردوو ستافى ئاسۆ و هەواڵ :
 شوكوور هۆشیارە مەحوى 
 تێدەگا دنیا خەراباتە
 
 Aram_peshew@yahoo.com
 Aram_nali@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.