Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
بۆ کوشتن..؟!! ….. کامەران عەزیز

بۆ کوشتن..؟!! ….. کامەران عەزیز

Closed
by May 3, 2011 گشتی

کوشتن بۆ تۆقاندنی تاکێک یان گروپی لایەنی بەرامبەری ڕاستەوخۆ و  ئامادەبوی دژ بە دەسەڵاتە ، کوشتن بۆ سەلماندنی بون و وجودی خودی دەسەڵاتە دژ بە بەرامبەری ناڕازی و قبوڵنەکەر، وە رازی کردنی ئەم دژە بەرامبەرە بە بون و وجودی دەستەڵاتی خۆیی و مانەوەی بەرامبەر بە بچوکی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دەسەڵاتداردا.. کوشتن  بۆ پاراستنی بونی هاوسەنگی  بەرز و نزمی خودی  دەستەڵاتە  بەرامبەر بە تاک و گروپی ژێر باڵی دەستەڵات، کوشتن و پیشاندانی توانای هێزی خوێن ڕشتن، بۆ سەلماندنی وەزن و هێزی دەسەڵاتە بەرامبەر بە توانای یاخیبونی دژە بەرامبەرەکانی وەک( کۆمەڵگا بە گشتی، ڕێکخراو وگروپەکان، تاکە هوشیار و بە ئیرادەکان) .
ئامانج لە خوێن ڕشتندا هەوڵێکە بۆ بە دەستهێنانی  زەمانەت و ئارامی و خۆ دەربازکردن لە بونی فۆبیایەک، کە لە دژە بەرامبەردا بونی هەیە و هەستی پێ دەکرێت، خودی کاری خوێن ڕشتن بۆ بەرامبەری بکوژ و دەستەڵاتخواز بۆ ڕێگا گرتنە لە سەلماندنی بونی بەرامبەر..خودی کوشتن دەتوانێت ترسێک بهێنێتە بون بۆ سڕینەوەی هێزی وەهمی ترسێکی  دیکە، کە لە هەمان کاتدا لە تەن و جەستەی بەرەی کوژراودا  لە بەرامبەر دەستەڵاتداراندا بونی هەیە … !! واتا کوشتن دەتوانیت لەیەک کاتدا هەم ترس لە گەڵ خۆیدا ببات و بکوژێت وە هەم ترس لەگەڵ ڕوودانیدا بهێنێتە بونەوە .
کوشتن  لە یەک کاتدا هەوێنی سڕینەوەی ترسێکی جوت جەمسەری‌یە..،وە لە هەمان کاتدا سەرچاوە و هەوێنی لەدایکبوی ترسێکی نوێ‌یە  بە تایبەت لە بەرە دژ بەیەکەکاندا .. ،کەواتە هیچ کوشتنێک نی‌یە خاوەنی وەهمی ترسێکی چەند جەمسەری نەبێت .. هیچ کوشتنێک ناتوانێت بەبێ بونی ترسێک  ڕوو بدات ، لە هەر ئاستێکدا بێت ، گەر تەنها گەرایەکیش بێت بۆ مرۆڤانی بکوژ…!!  کەواتە ترس  و کوشتن لە فەزای کوشتن و بونی دەستەڵاتێکی بکوژدا بەبێ یەکتر بونیان نی‌‌یە و بە بێ بوونی یەکتر هیچیان  ناتوانن لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە  بۆشایی‌یەک داگیر نەکەن.. ترس و کوشتن لە زەمینەیەکی دیاری کراودا لە نێو هەست و شعوری مرۆ دژ بە یەکەکاندا هاوتای یەکە و هەر یەکەیان بە دوای پلانی کوشتنی ئەوی دیدا دەگەڕێت..! واتا کوشتن لە بەرامبەر ترسی بکوژێکدا بونی هەیە .. وە ترسیش لە بەرامبەر توانای هەڕەشەی  کوشتنی بکوژێکدا دەتوانێت تارمایی دەربکەوێت و بونی تۆقێنەری خۆی بسەلمێنێت…! 
هیچ وەهمی ترسێکیش بەبێ بونی  تەنێک و جەستەیەکی مادی زیندوو و بزوێنەر ناتوانی وجودی خۆی بسەلمێنێ و ترس لە هەست و شعوری  دژە بەرامبەردا دروست بکات و گاریگەری خۆی دابنیت…!  دەسەڵات بە پیشاندانی بەندە تیرۆریستەکانی، بە هێزی چەکدار و سەربازی، بە زۆری و بەهێزی چەکەکانی وەک فرۆکە و موشەک و زرێپۆش ..هتد، ترس لە هەیکەلی دەستەڵاتیدا دروست دەکات، وە دیسان هەر دەسەڵاتیشە کە ترس لە توانا و ئیرادەی کۆمەڵگا و هاوڵاتیاندا دەبینێت، لەو کاتەی کە کۆمەڵگا بە گشتی و هاوڵاتیانی هۆوشیار بەفەردی ڕووبەڕووی دەستەڵات دەوەستنەوە و دژ بە دەستەڵات هاوار دەکەن و دەنگ بەرز دەکەنەوە. بۆیە کوشتن سەرەتا بە لە ناچون و وون کردنی ترس لەسیمای جەستەی زیندوو و ئەکتیڤی جەستەی مرۆکان و هاولاتیانی یەکگرتووی  دژە بەارمبەردا دەست پێ دەکات، بە ڕێگای جۆرا و جۆری وەک ( کوشتنی شاراوە و ئاشکرا ، زیندان کردنی شاراوە و ئاشکرا ، فڕاندن، بزرکردن..تۆقاندن..دەستەمۆکردنی ئیرادەی مرۆکان..فێڵ کردن و خڵەتاندن و بەلاڕێ بردنی مرۆکان..هتد).

 

 

 

تێبینی: ئەم  وتارە بۆ یەکەم جار لە ئاوێنەی ژمارە (٢٧١)دا  لە ڕۆژی ١٩-٤-٢٠١١  لە لاپەڕە ١٢ دا بڵاو کراوەتەوە…

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.